close-icon

چوونەژوورەوە

لارس ڤۆن ترێیە

569 جار بینراوە

یەکێک لە جێ مشتومڕترین دەرهێنەرانی سەردەم

نووسینی: کاردۆس مشیر

"لارس ڤۆن ترێیە"ی دانیمارکی سەرەتا فیلمسازێکی ئایدۆلۆژیا چەپگەری بەهرەمەند و ئاواتخواز بوو، یاخیبوون بەسەر یاسا و کۆتە سەپێنراوەکانی سینەما و بە تایبەتیش هۆڵیوود لە هەرە گرنگترین ویستەکانی ئەوبوو، بەم جۆرە بوو خۆی و هاوکار و هاوڕێکانی بەیانێکیان دەرکرد لە ئازاری ساڵی ١٩٩٥ و ناویان نا "دۆگما ٩٥" کە ماوەیەکی زۆری نەخایاند، چونکە ئامانجی ئەوان بەردەوامی نەبوو بەڵکو وەکو هاوار و دەنگێکی کاتی بوو بەڕووی ئەوانەی بووبووبنە هۆی ئەتڕۆفی و بڵاوبوونەوەی سوودوەرگری  واقع بینی "بەتێڕوانینی خۆیان".
بەڵگەنامەی واژووکراوی دۆگما ٩٥
ئەم بەیانە هەوڵێک بوو بۆ گێڕانەوەی سینەما بۆ ئەسڵ و بنەچەی خۆی، دوورخستنەوەی لە ساختەیی، ئازادکردنی مێشکی داهێنەران و پاڵپشتیکردنی سەربەخۆییان. لە گرنگترین یاساکانی بەیانەکە وێنەگرتن بوو لە شوێنە سرووشتیەکان، بەکارنەهێنانی ئێفێکت و کاریگەریە تەکنەلۆژیەکان(ڕووناکی دەستکرد-گرافیک-ماکیاژ-ئامرازی کوشتن و دیمەنی توندوتیژ) هەروەها بەکارنەهێنانی ئێفێکتە دەنگیەکان، بەڵکو لە سێت و شوێنی وێنەگرتن میوزیک دابگیرسێنرێت، ڤۆن ترێە لە سێ فیلمیدا پابەندی ئەم قوتابخانەیە بوو کە بە سێینەی دڵی زێڕین ناسراون (شکانی شەپۆلەکان- گەمژەکان- سەماکاری ناو تاریکی).

مەیلی چەپگەرایی و لایەنگری هەژار و پەراوێزخراوان لە زۆرینەی زۆری کارەکانی ترێە دەردەکەوێت، زۆرینەی پاڵەوانەکانی گەر هەموویان نەبێت، هەژار و پشتگوێخراون، بەتایبەتیش لە سێینەی دڵی زێڕین کە خاڵی هاوبەشی نێوانیان ژن بوون و هەژاری بوو. ڤۆن هەوڵدەدات سەرنجێکی دڵڕەقانەی جیهان نیشان بدات، فیلمەکانی بە نیشاندانی باشی و سەرچاوەی کێشە کەسیەکانی ئافرەت دەست پێدەکات، پاشان کێشەکە ئاڵۆز دەبێت بۆ پاڵەوانەکە، بەڵام لە بەشی کۆتاییدا ڤۆن لەسەر ڕێچکەی هاوپیشەکانی ناڕوات، بەڵکو ڕێگە و دەرچەیەک دەدات بە پاڵەوانەکە، یاخود لانی کەم کۆتاییەکی غەمگینی فرمێسکڕێژ بۆ بینەر.

ئەمە ڤۆن ترێر نییە کە بەرزترین پلەکانی سادیزمی بەسەر دیمەنەکانی دەسازێنێت بە کۆتاییەکی خەفەتبار تەنانەت ڕەشبینترین بینەری فیلمەکەش چاوەڕوانی ناکات، بەم جۆرە فیلمەکە لە تەنیا فیلمێکی کەساس و ڕەشبین دەگۆڕێ بۆ برینێکی قووڵ لە دڵی بینەردا. بەم شێوەیەش ڕای ئارەزووانی سینەما دابەش دەبێت بەسەر سێ بەرەدا، یەکەم: پیرۆزی دەکەن و بە یەکێک لە مەزنترین فیلمسازەکانی دادەنێن، دووەم: کە زۆرینەن، پێگە و شوێنی لە سینەمادا بەرز دەنرخێنن بەڵام سیفاتی نەخۆشێکی دەروونی لێ وەلا نانێن، سێیەم: بە نەخۆشێکی دەروونی و دەرهێنەرێکی قێزەوون و وڕێنەکەر ناوی دەبەن.

بەڵام کۆتا سێینەی کە دەتوانین پێی بڵێین سێینەی غەم، ترێە تێیدا هەندێک لە ڕێساکانی کارکردنی دەگۆڕێت، مێ هێشتا پاڵەوانە بەڵام چیتر هەژار‌ نییە بەڵکو لە چینی دەوڵەمەند یان ناوەڕاست دایە، ئەم سێینەیە ترێە لە دەرهێنەرێکەوە کە هەڕەشەی دیمەنی سۆزداری دەکات بە کۆتایی تووندوتیژەوە، دەکات بە کەسێک کە شمشێرێکی هەڵگرتووە و دەیەوێت بجەنگێت لەگەڵ بینەر و فیلمساز و ڕەخنەگران، تێیدا نەفرەت لە هزر و کار و بەهایان دەکات.

 

 

فیلمی Antichrist 2009

 

یەکێک لە دیمەنە سەرەکییەکانی فیلمەکە، دیمەنی سێکسکردنە لەسەر ڕەگی دارێک، کاتێک کامێراکە دەگەڕێتەوە دواوە و دیمەنەکە لە واقیعەوە دەگۆڕێت بۆ خەیاڵ، دەستی چەندین ژن دەبینین لەنێو ڕەگەکان دێنە دەرەوە، کاتێک سیناریۆی فیلمەکە دەخوێنیتەوە و بینەری فیلمەکە دەبیت بەبێ گرنگی پێدان، پێتوایە فیلمەکە باس لە ژنێک دەکات کە مێشکی لەدەستداوە پاش مردنی منداڵەکەی و هەوڵدەدات تۆڵە لەخۆی و مێردەکەی بکاتەوە، چونکە لە مێشکیدا دیمەنی مردنی منداڵەکەی بە دیمەنی سێکسکردنەکەوە بەستووتەوە، بەمجۆرە هەوڵدەدات هاوسەرەکەی بخاسێنێت و خۆی ئازار بدات. لە کۆتاییشدا هەوڵدەدات هاوسەرەکەی بکوژێت، ئەویش بۆ پارێزگاریکردن لەخۆی دەیکوژێت.

بەڵام سەرەتای دیمەنی ڕەگی دارەکە، باسی چیرۆکی سەرەکی فیلمەکە دەکات، ئەویش هەوڵدان و تێکۆشانی مێژوویی ئافرەتە، یاخود ئافرەت واکو ئامێرێکی سێکسی، هەرچەندا هاوسەری نەخۆشەکە کەسێکی مردووە بەڵام وێنەی فیلمەکە دەکات بە ڕەمزی پیاو بۆ هەموو سەردەمەکان، چونکە مێژووی توندوتیژی دژی ژنان هێشتا تەواو نەبووە و بەرپرسیارێتی هەموو پیاوێکە لە هەموو جیهاندا.

لەبەر ئەوەشە ناوی دوو هاوسەرەکە ناهێندرێت لە فیلمەکە، ئەو نوێنەری ژنانە و ئەویش نوێنەری پیاوان، هەروەها فیلمەکە دیمەنی مێتافیزیکی تێدایە و دار بەڕووەکە وەکو داری مێینەیە لە بەهەشتی عەدەن، بەڵام لە فیلمەکە ئاماژەیە بۆ جەستەی زۆرێک لە ژنان کە لەسەدەکانی ناوەڕاست سووتێنراون و کوژراون، بەم جۆرە لارس دوو چیرۆک دەگێڕێتەوە، لەئاستێکی بچووکدا پیاوەکە هاوخەمی ژنەکەیەتی و بە پەرۆشە بۆی، لەسەر ئاستێکی گشتگیریش پاڵپشتی ژنان دەکات دژ بە پیاوان.