close-icon

چوونەژوورەوە

وتەی (ئارام سەعید) دەربارەی فیلمی ٠٩

1272 جار بینراوە

     ٠٩ سەرەتایەکی گرنگ بوو، بەرهەمێکی جوان کە شایەنی ئەوەیە کاتی پێبدرێ لە سەرجەم لایەنەکان، نواندن، وێنەگرتن، مۆنتاژ، بەرهەمهێنان، موزیک، جلوبەرگ... لەسەرو هەموشیانەوە دەرهێنان... ساڵانێکە لە باشور زۆر فیلم بەرهەم هاتون بەڵام ٠٩ پێی وتین چیتر سیناریۆ و چیرۆکەکانتان خەسار نابن لەسەر شاشەی سینەما...
لە سەرەتای فیلمەکەوە بیرم لەو ڕۆژانە دەکردەوە کە ئەم ئازیزانە لە ڕۆژانی کامێرای VHSەوە کاردەکەن و ماندوو دەبن، ئیتر کاتی ئەوەیە بڵێین ماندووبونیان بە خەسار نەچووە تەنها ئەوە نەبێت بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە ئەرکی دەرهێنەر و هاوکارەکانی قورستر کردووە کە دەبێت چیتر بەرهەمی باشتر و باشترمان پێشکەش بکەن.
     ٠٩ هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بەرزکردنەوەی ئاستی فیلمسازی لە کوردستاندا، بۆیە من ئەمڕۆ شانازی دەکەم بەوەی کە زۆربەی ستافی ئازیزی ئەم فیلمە ڕۆژگارێک یان کاری پێکەوییمان کردووە یان لە دامەزراوەیەک بووین.. لە ماندووبون بەم فیلمەوە تێ ئەگەم، دەزانم شەونخونیی زۆری بۆ کراوە بەڵام دەرئەنجام بینەریان ئاشتکردەوە بە سینەما و چێژبینین لە چیرۆکێک کە سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی فیلمەکە جوان چنرابوو... دیمەنی سەرنجراکێش و چێژبەخشی تێدا بوو لە گەڕان بەدوای تاوانباراندا...
     ڕووداوەکانی ئەم فیلمە کە باس لە تاوانێکی گەورە دەکات کە لە ناو کۆمەڵگە هەیە و بە هێمنی دەڕواتە پێشەوە و پەلەی پێوە دیارنیە، تاوانێکە کە زنجیرەیەک تاوانباری گەورەی لە پشتەوەیە و لەم فیلمەدا شانەی یەکەمی تاوانەکە ئاشکرابووە و ئەم چیرۆکەش کۆمەڵێک ئەکتەری بەناوبانگی کۆکردۆتەوە و بایەخی فیلمەکەی زیاتر کردووە کە بینەر بەردەوام بەتاسەوە سەیری فیلمەکە بکات چونکە کارەکتەرەکان بە جوانی دەستنیشانکراون بۆ ڕۆڵەکانیان.

     دەرهێنەر دەیەویت پێمان بڵێت هێشتا تاوانبارە گەورەکان ماون و بەردەوامن کە دەکرێت تۆڕێکی ئاڵۆزتربن لە داهاتودا، بۆیە ئەکرێت بیر لە بەشی دووەمی فیلمەکە بکەینەوە.
     هەموو لایەنە هونەریەکانی ئەم فیلمە قابیلی نوسین و قسە لەسەر کردنن دەکرێت ڕۆژانی داهاتوو ڕاڤەی زیاتری بۆ بکرێت.