close-icon

چوونەژوورەوە

کتێبی کڵاسەکانی عەباس کیا ڕۆستەمی

983 جار بینراوە

     گوێ گرتن لە چیرۆک بۆ من زۆر چێژ بەخشە، هیوادارم لە رۆژانی داهاتوو من کەمتر قسە بکەم و زیاتر گوێ بگرم، چیرۆک گێڕانەوە بۆ گوێگری باش وزە و هێز بە چیرۆکخوان دەدات، چیرۆکەکە هەرچی بێت، چیرۆکی بەزم و ڕەزمی شەوی ڕابردوو، یان خواردنی نانی بەیانی، یان دەنگە دەنگی نێوان خۆتان و هاوسەرەکەتان یان رووداوێک لە شوێنی کار کردنت، ڕەنگە پێتان وا بێت ئەم ڕووداوانە شتێکی ئەوتۆی تیا نییە، بەڵام پێکەوە دەتوانین لە نیو ئەم ڕووداوە بچووکانە شتێکی بەسوود بدۆزینەوە کە هیچ کات بیرمان لێ نەکردوەتەوە. لەمەودوا بە وردی گوێ لە چیرۆکەکان بگرن، باشترین فیلمەکان دەتوانێ لە رووداوە سادەکانەوە دروست بێت، بە زەڕەبینەوە سەیری ژیانی رۆژانە و  دەوروبەرتان بکەن، ئەگەر بە وردی سەیرتان کرد هەستی پێ دەکەن چەن جوان چیرۆکە سادەکان لە مێشکتاندا دەنەخشێ و گیان دەگرێ. کاری فیلمساز هەر ئەوەیە بە وردی سەیر بکات و ئەوەی لە مێشکیدا هەڵیگرتوە بە بیری خۆی بێنێتەوە و جاڕێکی تر لە سەر پەردەی سینەما نیشانی بینەری بداتەوە، هەرچەن باشتر و وردتر سەیری دونیا بکەن زیاتر رووداوە وردەکان دەبینن و هەتا دێت کارەکانتان بەرەو پێش دەچێ، چوونکە سینەما پەیوەندی بە چاوی ئێوەوە هەیە، ئەگەر چیرۆکێک لە هزرتا دەخرۆشێ لە گەڵ کەسانی تر باسی بکە. 
بنەمای ئەو فیلمانەی لە داهاتوو دروستی دەکەن، وێنەکان، بیرۆکەکان، کەسایتیەکان، سناریۆ گەلێکە کە پێشتر لە خەیاڵتان فۆرمی گرتوە. کاری من – کاری هەر کام لە ئێمە- دەربڕین و نیشاندانی ئەو بیرۆکانەیە، هەندێک لەو دیمەن و یادەوەریانەی نێو خەیاڵدانی ئێوە، دەتوانێ بێت بە چیرۆکێکی درێژ، دەسپێکی هەموو فیلمەکانی من ئەو چرکەیە کە لە بارەیەوە، لە کەسێکم بیستووە یان بە چاوی خۆم بینیوومە و لە مێشکمدا هەڵگرتوە، هەتا ئەو کاتەی کە بتوانم لە شوێنێک کەڵکی لێ وەربگرم.
خەیاڵدانی من پڕە لەو چیرۆکانەی کە مەجالم نەبووە لە شوێنێک دایان بنێم یان لە ناو فیلمێک جێیان بکەمەوە، کە کات و ساتی خۆی هات،  هەر یەک لەم چیرۆکانە فۆرم دەگرێ و گرنگی خۆی پەیدا دەکات و بە دڵنیاییەوە یەکێک لەوانە دەبێت بە بابەتی فیلمێک. 
ساڵانێکە لە تاران کلاسم هەیە، لە کاتی هەڵبژاردنی بەشدار بووەکان، لێیان ناپرسم چی لە سینەما دەزانن، تەنانەت فیلمیان دروست کردوە یان نە. تەنیا داوایان لێ دەکەم چیرۆکێکم بۆ بگێڕنەوە، ئەو کاتەی چیرۆکم بۆ دەگێڕنەوە، چۆنیەتی گێڕانەوە- لە کام خاڵدا دەوەستن- لە کوێدا بێدەنگ دەبن، کام بەشی چیرۆکەکە زەق دەکەنەوە و کام بەشی چیرۆکەکە دەسڕنەوە- ئەمە باشترین رێگایە بۆ ناسینی ئەو کەسانەی کە رەنگە لە داهاتوودا بن بە فیلمسازێکی شایستە، لە یەک گەیشتنی نیوان چیرۆکخوان و بیسەر گرنگە، مۆلانا جەلالدینی رۆمی لە چیرۆکێکیدا دەڵێ: ئەگەر ڕەوانبێژی لە چیرۆکێکدا هەبێت ئەوە پەیوەندی بە حەز و تامەزرۆی گوێگرەوە هەیە. ئەوەی منی زیاتر و زیاتر هاندا بۆ دروستکردنی فیلمی کۆپی بەرانبەر بە ئەسڵ شەوق و زەوقی ژوولیا بینۆتش بوو، کاتێک چیرۆکی فیلمەکەم بۆ گێڕایەوە، بریسکەی چاو و جووڵەکانی هاندەرم بوون، دڵنیام ئەگەر بۆ کەسێکی تر ئەم چیرۆکەم باس بکردایە، فیلمی کۆپی بەرانبەر بە ئەسڵ دروست نەدەکرا، چیرۆکەکانی خۆتان بگێڕنەوە و تێ ڕامێنن بزانن کاردانەوەی گوێگرەکان چۆنە، کاردانەوەی ئێمە بەرانبەر بە چیرۆکەکانتان، پێت ئەڵێ کە چیرۆکەکە چەن بەهێزە و چەن دەتوانێ گوێگر، گوێ ڕادێرێ.

وەرگێڕانی: ئاڵا هۆشیار