close-icon

چوونەژوورەوە

دۆکیۆمێنتاری و سوریالیزم لە فیلمی (کردەی کوشتن)ـدا

1066 جار بینراوە

نووسینی: ژیر دانا

 

لە ساڵی ١٩٦٥ کوداتەیەکی سەربازی بەسەر حکومەتی ئەو کاتی وڵاتی ئەندەنوسیادا دەکرێت، سوپا دەسەڵات دەگرێتە دەست و وڵاتەکە لەژێر دەستی حکومەتە کۆمۆنیستەکە دەسێنێت، دواتر ئەوەی دەمێنێتەوە خەڵکەکە دەبێت، کە بەشێکی زۆریان پشتگیری حکومەتەکەی پێشوو دەبن و سوپاش ئەمە بە مەترسیەکی گەورە دادەنێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەمەیش داوا لە باند و گروپە تیرۆرستیەکان دەکات بەناوی یاساوە، هەموو ئەوانە بکوژن کە کۆمۆنیستن.
جۆشوا ئۆپنهایمەر وەک دەرهێنەرێکی فیلمی دۆکیومێنتاری، دوای ٤٥ ساڵ سەردانی ئەندەنوسیا دەکات تا فیلمێک لەسەر ژیانی کۆمۆنیستەکان دروست بکات، هەر کە دەست دەکات بە کارکردن حکومەت ڕێگەی لێدەگرێت، پێی دەڵێت: کە تۆ تەنها دەتوانیت فیلم لەسەر لایەنی براوە دروست بکەیت، واتە سوپا یان گروپە چەکداریە لۆکالیەکان. هەر بۆیە جۆشوا بە ناچاری دەست دەکات بە گەڕان بەدوای لایەنی براوەدا و هەوڵ دەدات قسەیان لەگەڵدا بکات، کە ئەمە دەکات شتێکی سەیری بۆ دەردەکەوێت، ئەوەندە سەیر کە دواتر یەکێک لە گرینگترین فیلمە دۆکیومێنتاریەکانی ئەم سەدەیەی لێوە دروست دەبێت؛ ئەویش ئەوەی کە بکوژی کۆمۆنیستەکان بە جۆرێک باسی کوشتنەکانیان دەکەن, وەک بڵێیت کە لە مانای کوشتن تێنەگەیشتبێتن.


کردەی کوشتن, فیلمێکە کە تیایدا کۆمەڵێک کەس باسی ئەوە دەکەن کە چۆن سەرەتا بە فەرمانی حکومەت و دواتر هەر بۆ کات بەسەربردن خەڵکیان کوشتووە، ئەکتەرانی فیلمەکە بکوژی ڕاستەقینەن و هەموو چیرۆکەکانیش بە تەواوی وردەکاریەکانەوە ڕاستین و پێشتر ڕوویانداوە، تەنانەت گێڕانەوەکانیش فۆڕمێکی ناڕاستی و سەریان پێوە دیارە بەڵام ئەوانیش هەر ڕاستین ئەو جۆرە کەسانە بەو جۆرە تایبەتە باسی ئەو کوشتنانە دەکەن کە خۆیان ئەنجامیانداوە، لە هەمووشی گرینگتر ئەو داوا سەیرەیە کە جۆشوا لە بکوژەکانی دەکات لە نیوەی فیلمەکە، ئەویش ئەوەی کە خۆیان فیلمێک دروست بکەن لەسەر کوشتنەکان و جۆشواش وێنەیان بگرێت کە چۆن بکوژەکان خۆیان فیلم لەسەر کوشتنەکانی خۆیان دروست دەکەن.
هەموو ئەم شتانە وا دەکەن کە کردەی کوشتن فیلمێک بێت لە دەرەوەی ژانرای دۆکیۆمێنتاری و شێوازێکی تەواو جیاوازی هەبێت، شێوازێک کە دواتر لەلایەن زۆرینەی کەسەوە بە سوریاڵ وەسف بکرێت، لە کاتێکدا کە پێشتر مەحاڵ بووە لەناو دۆکیومێنتاریدا سوریاڵ جێی ببێتەوە؛ بەڵام جۆشوا ئەم کارەی کردووە و بە درێژایی فیلمەکە بینەر لەنێوان دووڕیانی ڕاستی و خەیاڵدایە، سەرەڕای ئەوەشی کە دەزانێت هەموو شتەکان ڕاستەقینەن، بەڵام زۆر بە قورسی ئەو ڕاستیە ڕەتدەکاتەوە و ناتوانێت ئەو شتانە قبوڵ بکات کە دەیانبینێت، ئەمەش لەپاڵ هەموو ئەو دیمەنە سەیرانەی کە جۆشوا دروستیکردوون بە جۆرێک کە لە دوای قسەکردنێکی جددی یان گاڵتە ئامێزەوە تۆ دیمەنی سەما و ئاکت و گێڕانەوەی سوریاڵ دەبینیت.
ڕووداوەکە کە باس دەکرێت، هیچ شتێکی سەیری تێدا نییە و ئەندەنووسیاش یەکەم شوێن نییە کە لە ڕێگای چینێکی تایبەتی کۆمەڵگاکەیەوە چینێکی تری لەناوبردبێت، بەڵام سەیریەکە لەوەدایە کە ئەو گروپە مافیایانە لە سەرەتادا چۆن لەو کوشتنانە تێگەیشتوون و ئێستایش دوای تێپەڕبوونی ئەم هەموو ساڵە چۆن لەلایان ماوەتەوە. سەرەتا وەک ئەنجامدانی داوایەکی سیستەم و گەیشتن بە ئامانجێکی تایبەت، بەڵام دواتر دەرچوون لە کۆی سیستەم و ونبوونی هەموو ئامانجێک، بە جۆرێک کە تەنها کوشتن ڕاستەقینە بێت بەبێ ئەوەی هیچ هۆکار و بیانوویەکی هەبێت، وە تەواوی ئەو مانا نێگەتیڤانەی کە لە کوشتندا هەن ونببن و ئەوەی بمێنتەوە تەنها چێژێک بێت کە کەس نازانێت چییە و بۆچی هەیە.
بکوژەکان بە شانازیەوە باسی کوشتنەکان دەکەن، هەندێکجار دەیکەن بە گاڵتەوگەپ و وەکو یاری کۆمەڵێک منداڵ کردەی کوشتنەکەمان پیشان دەدەن، ئێستایش کە جۆشوا لێیان دەپرسێت هەستتان چۆنە بۆ کوژراوەکان بە سەرسوڕمانەوە دەڵێن هیچ هەستێکمان نییە، وە ناشزانین بۆچی هەستمان نییە، لەوە ناترسین کە شەوانە خەوی ناخۆشیان پێوە ببینین، بەڵکو لەوە دەترسین کە شەوانە بۆچی خەوی ناخۆشیان پێوە نابینین. ئێستاش ئەو بکوژانە پاڵەوانن، سەرمایەدارن، دڵخۆشن بەبێ ئەوەی هەست بە هیچ تاوانێک بکەن، ئامادەن لەبەر کامێرای دەرهێنەرێکی گەنجدا باسی هەموو ڕابردووی خۆیان بکەن بەبێ ئەوەی بترسن، یان دوودڵ بن، یان پێیان ناخۆش بێت، یان تەنانەت پێشیان خۆش بێت، بە کورتی ئەوان نازانن کردەی کوشتن چ واتەیەکی هەیە.


لە سەرەرتای فیلمەکەدا وتەیەکی ڤۆڵتیر پیشان دەدرێت، کە تیایدا باسی کردەی کوشتن دەکات، ڤۆڵتێر دەڵێت: "کردەی کوشتن تاوانە و پێویستە تاوانباری لەسەر سزا بدرێت، بەڵام کاتێک کوژراوەکان کۆمەڵێک کەسی زۆربوون و لەگەڵ ئەنجامدانی کردەکەدا مۆسیقا و سەما هەبوو ئەوا ئەو کردەیە کردەی کوشتن نییە"، لێرەوە ئەگەر ئێمە دووبارە پێناسەی چەمکە گەورەکانی تری وەک مرۆڤ و ژیان و ماف و ئازادی بۆ خۆمان بکەین، ئەوا پێناسەکەمان هەر جۆرێک بوو پێویستە بۆ خەڵکی ئەندەنووسیا ئەو پێناسەیە بگۆڕین، تەنانەت ئەوەیشی کە پێی دەڵێین ئەخلاق لای ئەوان شتێکی تر و جۆرێکی ترە، بە گشتی بە درێژایی ئەم ٤٥ ساڵە لە سەرەتای کودەتاکەوە تا دروستکردنی فیلمەکەی جۆشوا تەواوی ماناکان لە ئەندەنووسیا لەبەریەک هەڵوەشاونەتەوە و خەڵکەکەشی کەوتوونەتە نێو فەراغێکی ئێجگار ترسناکەوە، کە ئامادە نین دووبارە بیر لە مانای شتەکان بکەنەوە و بەسەر ڕابردووی خۆیاندا بچنەوە، ئەم ئامادەنەبوونەش وایکردووە کە سەرەڕای کەمبوونەوەی کوشتنەکان بەڵام هێشتا شتەکان بەرەو خراپتر بچن تا ئەو ڕادەیەی کە بکوژەکان زیاتر لە کۆمۆنیستەکان ڕووداوەکانیان لەبیربێت و باسی بکەن، هەر بۆیە لە کۆتایی فیلمەکەدا جۆشوا دەڵێت کە کردەی کوشتن بەردەوامە، هەموو شتەکانی ناو فیلمەکە باسکردنێکن لە ئێستا نەک ڕابردوو.
لە سەرەتادا ئەوەی وای لەمن کرد سەیری فیلمەکە بکەم، بوونی ڤێرنەر هیرزۆگ بوو وەک بەرهەمهێنی جێبەجێکاری فیلمەکە، بە تایبەتیش ئەو باسکردنەی هیرزۆگ بۆ فیلمەکە کە باسکردنەکە لە وەسفێکی سادە دەرچوو و وا دەردەکەوت کە هیرزۆگ بە جددی لە خەڵک بپاڕێتەوە کە سەیری فیلمەکە بکەن و ئەرکە لەسەریان کە سەیری بکەن، بێگومان هیرزۆگ یەکێکە لەو دەرهێنەرانەی کە لە باسکردنی فیلمی دۆکویمێنتاری و فیلمی فیکیشنی سوریالیشدا باسبکرێت، چونکە کاری لەسەر هەردوو جۆرە فیلمەکە کردووە و بووە بە یەکێک لە دیارترین ناوەکانی ناو سینەما، هەر لەبەر ئەمەیشە کە هیرزۆگ زۆر جەخت لەسەر گرینگی و گەورەیی فیلمەکەی جۆشوا دەکاتەوە و بە فیلمێکی دادەنێت کە شتێکی تەواو نوێی دروست کردووە لە تێکەڵکردنی فاکتە ڕووتەکانی ناو واقع لەگەڵ سوریالێکی دەستکرد کە بینەر خۆی دروستکەریەتی. لەدوای ئەم فیلمەی جۆشواوە بینەر دەگات بەو ڕاستیەی کە هەموو ئەو فاکتە ڕووتانەی کە ئێمە ڕۆژانە بەریان دەکەوین و کاردانەوەیەکی ئێجگار کەممان بۆیان دەبێت، دەکرێت جووڵەیەک لە هزردا دروست بکەن کە پرسیار لە ڕاستی نەبوونی ڕاستیترین شتەکان لەخۆمان بکەین.
کردەی کوشتن فیلمێکی لە ڕادە بەدەر قێزەون و بێزارکەرە، قێزەون بەو مانەیەی کە لەناو ناخی ژیانێکی ئاساییەوە نائاسییترین شتت پیشان دەدات کە ونبوونی مانای گەورەترین شتەکانی ژیانە، وە بێزارکەریش بەو مانایەی کە ناتوانیت باوەڕ بەوە بکەیت کە دەیبینیت و بەوپەڕی هێزی خۆتەوە هەوڵی خۆدزینەوە دەدەیت، خۆدزینەوە لەو ڕاستیە ترسناکانەی کە لەناو ناخی هەموو مرۆڤێکدا بوونیان هەیە و بەردەوامیش کار دەکەن و شتی قێزەون دروست دەکەن، بەڵام ئێمە سەرکەوتووانە خۆمانیان لێ دەدزینەوە وەک ئەوەی کە هەر نەبن. ئەم فیلمە دەتهێنێتەوە ناو ئەو گێژاوەی کە هەمیشە تیایدا بوویت و واتزانیوە تیایدا نیت، وە ناچارت دەکات ئەو پرسیارە لە خۆت بکەیتەوە کە لە دەرەوەی هەموو ڕایەکی پێشوەختەت بپرسی: "مرۆڤ چییە؟".