close-icon

چوونەژوورەوە

کۆمیدیا و تراژیدیای مشەخۆرەکان

2018 جار بینراوە

نووسینی: ئەحمەد عزت 

وەرگێڕانی: کاردۆس مشیر

 

"بۆنگ جون هو"ـی دەرهێنەر دەڵێت: ئەو کاتەی خوێندکاری زانکۆ بووە هانای بردووە بۆ کوڕی یەکێک لە دەوڵەمەندەکان، تا بۆ خوێندنەکەی پارەی پێ بدات، وە هێشتا ئەوەی لەیادە، کە ئەو کوڕی چینی ناوەڕاست و هەژارەکانە. ئەو هەستە نامۆ و ترسناکەی کە هەیەتی لە کاتی بینینی ماڵێکی ڕازاوەی دەوڵەمەند بۆ یەکەمجار، لەم ئەزموونە کەسییەوە و بەدیاریکراوی لەم هەستەوە تۆوی فیلمەکەی چێنرا، کە بەهەموو پێوەرێکی سینەمایی باشترین فیلمی ساڵی 2019 بوو، گەر باشترینی سەدەی بیستویەک نەبێت... چیرۆکی فیلمەکە کە بۆنگ جون هو لەگەڵ جین ون هان نووسیویەتی، باس لە دوو خێزان دەکات، هەر یەکێکیان لە چوار ئەندام پێکهاتوون، دایک و باوک و کوڕێک و کچێک، یەکەمین جار بڕیار بوو دەستەواژەی Decalcomania بۆ ناوی فیلمەکە دابندرێت، ئەوەش دەستەواژەیەکی هونەری و تەکنیکیە و واتای بەرهەمهێنانی وێنەیەکە و گوستنەوەی لە ڕووکەشێکەوە بۆ یەکێکی تر، باشترین نموونە بۆی کێشانی وێنەیەکە لەسەر لایەکی کاغەزێکی سپی کە کراوە بەدوو بەشەوە بە یەکسانی، دواتر هەڵدانەوەی ئەو لایەی وێنەکەی لەسەر کێشکراوە بەسەر لایەکەی تردا تاکو وێنەدانەوەیەک درووست ببێت... ناونیشانی پێشنیازکراو گاڵتەئامێز بوو، لە فیلمەکە دوو خێزانی هاوشێوە هەن، بەڵام ئەو ژیانەی هەر یەکێکیان تێیدا دەژین بەتەواوەتی جیاواز بوو لەوی تریان، مەودا زۆرەکەی نێوان دوو وێنەی هەردوو خێزان ئەو خولگەیە بوو بۆنگ جون هو تێیدا دەسوڕایەوە، خێزانی "کیم کی تیک" مایەپووچ و هەژار هەن، هەر چوار ئەندامی خێزان بێ کارن، چەند سەنتێکی پاکەتی پیتزا بۆ یەکێک لە چێشتخانەکان نەبێت، وە لە ژێرزەمینێکدا دەژین لە تاکە پەنجەرەیەکەوە نەبێت ناگات بە زەوی، هەروەها خێزانی بەڕێز پاڕک ـی دەوڵەمەند کە لە خانووێکی نایاب و شاهانە دەژین... کوڕی خێزانە هەژارەکە بەیارمەتی یەکێک لەهاوڕێکانی کارێک دەدۆزێتەوە، کارەکەش بوون بە مامۆستای کچی ماڵە دەوڵەمەندەکەیە، دواتر بەهەندێک فێڵ و تەڵەکە تەواوی خێزانە هەژارەکە، کاریان دەست دەکەوێت لە ماڵە دەوڵەمەندەکە، چارەنووسی ئەو دوو خێزانە چی دەبێت ئەگەر لەژێر یەک سەقف و لەناو یەک ماڵدا کۆببنەوە؟ ئەنجامی بەیەکداچوونی دوو قوت و بژێوی چی دەبێت لەسەر ئەم بڕە جەمسەردارییە؟ وەک مشەخۆرێک بژی، وەک تارماییەک بژی.

 

  زانستی زیندەوەرزانی پێناسەی مشەخۆرمان بۆ دەکات بەوەی زیندەوەرێکە و لەسەر زیندەوەرێکی تر دەژی، کە پێی دەڵێن خانەخوێ. ئاشکراشە مشەخۆری شێوازی ئەو ژیانەیە کە بۆنگ جون هو نیشانمانی دەدات و هەر لەسەرەتای فیلمەکەیدا و دەرکەوتنی خێزانی کیم کی تیک، یەکەم ڕستە کە دەیبیستین لەسەر زمانی کوڕەکەیانە "ئێمە تیاچووین، چیتر wifiـی فریمان نییە" ئەمەش دوای ئەوەی خانمی نهۆمی سەرو ئەوان تێپەڕەوشەکەی گۆڕی، دواتر بێزاربوونی هەموو خێزانەکە دەبینین بەرامبەر ئەم ڕووداوە، چوونکە ئینتەرنێت تاکە ئامرازی ئەوانە بۆ گەیشتن بە جیهانی دەرەوە. دوای نەمای ئینتەرنێت لەناو مۆبایلەکانیان، کوڕەکە دەست دەکات بە گەڕان بەشوێن wifiیەکی تری خۆڕایی، لەنێو گەرماوەکەدا وای فایەکی تر دەدۆزێتەوە و لە شوێنێکی گەرماوەکە کە دەبێت قاچ لەسەر قاچ دابنیشن تاکو ئینتەرنێتیان دەست بکەوێت، کچەکە و کوڕەکە زۆر بە ئاسوودەیی لەنزیک توالێتەکەوە دادەنیشن، بەرزترین شوێن لەو ژێرزەمینەی تێیدا دەژین تاکو ئینتەرنێتیان دەست بکەوێت، ئەم ڕەفتارکردنەیان ئەوە دووپات دەکاتەوە ماوەیەکی زۆرە بەو جۆرە ژیان دەکەن، وە ئەم مشەخۆریەش شێوازی ئەو ژیانەیە کە لێی ڕاهاتوون... ئەم شێوازەش زیاتر هاندەدرێت لایان و چەکەرە دەسێنێت کاتێک دەگوازنەوە بۆ ماڵێکی زۆر دەوڵەمەند، ماڵی بەڕێز پاڕک، بەڵام کە ئەوە ئاشکرا دەکەن هاوسەری خزمەتکاری پێشووی ماڵەکە وەک تارماییەک لەژێرزەمینی ماڵەکە دەژیت، کارەکە دەگۆڕێت بۆ ململانێیەکی توند و خوێناوی لەپێناو مانەوە لە ژیان بەدەرکەوتنی ئەو پیاوە/تارماییە ڕوون دەبێتەوە کە لەوە کەساستر نییە وەک مشەخۆرێک بژیت، خاتوو پاڕک دەڵێت کە کوڕەکەیان تووشی پەرکەم بووە، چونکە تارماییەکی بینیوە لە ماڵەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هاوسەری خزمەتکارەکەیانی بینیوە لەشەودا کە بۆ خواردن هاتۆتە سەرەوە، بەخزمەتکارە نوێیەکەی دەڵێت بوونی تارمایی لە ماڵدا سەروەت و سامان زیاد دەکات، وە هەر بەڕاستیش دوای دەرکەوتنی ئەو تارماییە باروودۆخی داراییان زۆر باشتر بووە.. ئەم قسانەی کۆتایی تانەدانە لە سیستەمی ئابووری لەسەردەمی سەرمایەداریدا، بەجۆرێک هەژاران تا دێت هەژارتر دەبن و دەوڵەمەندەکانیش دەوڵەمەندتر وەک ئەوەی لەبەرامبەر ئابووریەکی کانیباڵی بین و ژیانی مرۆڤ بخوات، وەک ئەوەی بوونی مرۆڤانێک کە وەک تارمایی دەژین ئەوەیە دەوڵەمەندی دەوڵەمەندەکان زیاد دەکات، وێنەی کۆتایی فیلمەکە بەجۆرێک نادیارە سەبارەت بەوەی کێ مشەخۆرە، ئەی ئێستا کێ لەسەر کێ دەژیت؟ چینە وێران و وردبووەکانن لەسەر چینی باڵا دەژین یان پێچەوانەکەی؟

چیرۆکێکی باش/ چیرۆکبێژێکی باشتر

دەکرێت زیرەکی و بینایی "بودا"ت هەبێت، بەڵام گەر" نەتوانیت چیرۆکێک بگێڕیتەوە، بیرۆکەکانت وەک تەباشیر وشک دەبنەوە" ڕۆبێرت مەکی، کتێبی "چیڕۆک"

یەکەم شت کە هەستی پێ دەکەیت دوای بینینی ئەم فیلمە، زانینی ئەو ڕاستیەیە کە بۆنگ جون هو چیرۆکبێژێکی لێهاتووە، زۆر باش دەزانێت چۆن چیرۆکەکەی بگێڕێتەوە بێ ئەوەی تۆی بینەر تامەزرۆییت لەدەست بدەیت بەرامبەر چیرۆکەکە، یان سەرنج و وردبینیت بۆ وردترین وردەکاری چیرۆکەکە، یەکێک لە باشترین تایبەتمەندییەکانی بۆنگ جون هو وەک چیرۆکبێژێکی سینەمایی، جێهێشتنی شوێن پەنجەی خۆیەتی وەکو دەرهێنەرێک، جگە لەو توانا بێهاوتایەی هەیەتی بەسەر ژانەرە تایبەتەکان، سەرەڕای ئەوەی لەسنووری سینەمادا کار دەکات، تێکەڵکردنی جۆرەها ژانەر لەنێو یەک فیلمدا. ئەو لە جۆرێک لە فیلمەوە دەڕوات بۆ جۆرێکی تر، بێ ئەوەی هاڕمۆنیەتی تایبەتی وێنەی کۆتایی کارەکەی بپچڕێت، بەڕیزبەندیەکی نامۆ دەڕوات لە نێوان کۆمێدیا و دوودڵی، ترس و تاوانکاری، کۆمێدیا و تراژیدیا 

لەنێو فیلمەکەی دەست لەناو دەست دێن و دەچن، لەگەڵ تۆنێکی گاڵتەئامێزی تاڵ لەسەرەتا تا کۆتا لێی جوودا نابنەوە... هیچ شتێک زیاد نییە و هیچیش کەم لەم سیناریۆ ژیرانەیە، هەموو شتێک بەتەواوی لەشوێنی خۆیدایە، چەند وردەکارییەک کە لەسەرەتادا پێتوایە تێدەپەڕین و بێ ئەرزشن، بەڵام بە دووبارەبوونەوەیان سیناریۆکە دەیانکات بە ئامرازی چیرۆک گێڕانەوە، سرووشتی کەسێتییەکانی دەردەخات یان چیرۆکەکە بەرەو پێش دەبات. بۆ نموونە ئەو سەرخۆشەی میز بە پەنجەرەی ژێرزەمینی ماڵە هەژارەکەدا دەکات، لەیەکەم جار کە دەیبینین کەسیان هەڵناستن ڕێگەی لێبگرن و بیوستێنن سەرەڕای ئەوەی پێی بێزار دەبن، ئەوەی ڕێگەی لێ دەگرێت و دەیوەستێنێت هاوڕێی کوڕەکەیانە کە لەچینێکی کۆمەڵایەتی بەرزتر دەژیت و جۆرە دەسەڵاتێکی هەیە بەسەر ئەم خراپەیەدا، بەڵام لە جاری دووەم کە سەرخۆشەکە دەبینین، خێزانەکە کاریان دەست کەوتووە لەلای ماڵە دەوڵەمەندەکە و وەک ئەوەی جۆرێک دەسەڵاتیان پەیداکردبێت، هەر کە سەرخۆشەکە دێت کوڕ و باوکەکە بەپەلە دووری دەخەنەوە و ئاوی پێدا دەکەن، کچەکەش ئەوە بەڤیدیۆیەکی هێواش و خاو تۆماردەکات.. ئەمەش قوڵپی ئەو دەسەڵاتەیە لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری هەڵقوڵاوە کە وردە وردە لەگەڵ بەرەو پێشچوونی چیرۆکەکە، هەمووان بەجۆرێک دەسەڵات بەکاردێنن بەرامبەر ئەوانەی لەخوار خۆیانن... چیرۆکەکە بیرۆکەی بۆنیش وەک ئامرازێکی چیرۆک گێڕانەوە بەکاردێنێت، بەجۆرێک کوڕی خێزانە دەوڵەمەندەکە درک بەوە دەکات کە هەموو ئەندامانی خێزانە بچووکەکە هەمان بۆنیان لێدێت، لە دیمەنی دواتردا کچەکە پێیان دەڵێت: دەبێت ئەم ژێرزەمینە جێبهێڵن گەر دەتانەوێت لە ئەم بۆنە ڕزگارتان بێت... ئەوەش بۆنی هەژاریە بیگومان، بۆنی چینە کۆمەڵایەتییەکەیان، ئەو بۆنەی بە نیگەرانی و تووڕەبوون لە نێوان دوو لایەنەکە دەگات بەوپەڕی خوێناوی بوون و کارەساتباری... گرنگترین جیاکەرەوەی ئەم چیرۆکە تێپەڕاندنی کلێشیێتی و لاساییی کردنەوەی پەیوەست بە هەژار و دەوڵەمەندەکانە لەو فیلمانە ناوەڕۆکیان باس لە هەژار و دەوڵەمەندان دەکات، چیرۆکەکە هەستی دژ بەیەکمان تێدا دەچێنێت بەرامبەر هەردوو لایەن، هەژارەکان پەنا دەبنە بەر فێڵ و داگیرکاری و تووندوتیژی لەپێناو مانەوەیان گەر پێویست بکات، دەوڵەمەندەکانیش کەسانی باش و ساویلکەن، بەڵام جاروباریش دووژمنایەتیەک و ڕقلێبوونەوە لێیان دەبینرێت بەرامبەر چینە نزمەکان وەک چۆن بەڕێز پاڕک دەڵێت: "حەز بەو کەسانە ناکەم کە سنوری خۆیان دەبەزێنن" لەکاتی قسەکردن لەسەر شۆفێری پێشووی یان بێزاربوونی لە بۆنی شۆفێرەکەی ئێستای، ئەو بوارە ئاڵۆزە و ئەو دۆخە هەڵکەوتوە ئابوری و کۆمەڵایەتییە، هەردوو لایەن دەخاتە بەر هەمان کابووس....

وەزیفەی شوێن

وەزیفەی شوێن تەنها چوارچێوەیەک و وێنەیەکی پشت ڕووداوەکان نییە، بەڵکو لە بەرهەمهێنانی Parasite دا شوێنیش بەشدارە و ڕۆڵی هەیە، دراما و واتای فیلمەکە تەواو دەکات، زۆربەی ڕووداوەکانی فیلەکە لە ژێرزەمینی ماڵە هەژارەکە و خانووی ماڵە دەوڵەمەندەکە ڕوودەدەن... بیردۆزەکانی زانستی کۆمەڵایەتی مۆدێرن شوێن وەکو کیانێکی زیندوو دەبینن، وەک دڵی جەستەیەکی کۆمەڵایەتی کە ململانێی چینایەتی بەرهەمی هێناوە، شوێنی ژیانی هەردوو خێزان ئەو جیاوازیە زۆرەی نێوان هەردوو چین دەردەخات بەجۆرێکی ترسناک لە بۆشایی و گۆڕەپانی شوێنەکەیان و بەرکەوتنی تیشکی خۆر بە جەستەیان ک ئەوەی شتێکی یەکسان بۆ هەموو کەس، کوڕی خێزانە هەژارەکە دەڵێت گەر ئەو ماڵی خێزانە دەوڵەمەندەکە هی ئەو بوایە ئەوا لە باخچەکە دادەنیشت چونکە تیشکی خۆر لەوێ دەرکەوتێکی دڵڕفێنی هەیە، ئەمەش بەڵگەنەویستە بۆ ئەوانەی لەژێر زەمین دەژین بەجۆرێک تەنها لەڕێی پەنجەرەیەکەوە تیشکی خۆریان لێدەدات، جیاوازی نێوان هەردوو چین بەجۆرێکی زۆر دیار و گەورە دەردەکەوێت لەکاتی ڕاکردنی ماڵە هەژارەکە لە ماڵی دەوڵەمەندەکە دوای ئەوەی لەناکاو دەگەڕێنەوە، لە چەند دیمەنێکی گشتی دا چەندین پەیژە دەبڕن لە ڕێگەیان بەرەو ژێرزەمینەکەیان وەک ئەوەی مەودای نێوان هەردوو چین هاتنە خوارەوەیەکی بێ کۆتایی بێت... لە هەندێ دیمەنیشدا فیلمەکە پشتی بەستووتە سەر شتێک کە پێی دەڵێن "کۆدی مۆرس" کە ئامرازێکی سەرەتایی بۆ پەیوەندی کردن کە لە ئێستادا بەکار نایەت تەنها لە کاتی ڕزگارکردن و فریاکەوتندا لە ئەگەری وەستانی ئامرازە پەیوەندییەکانی سەردەم، ئەوەش پاڵپشتی ئەو دۆخە ئابووری و کۆمەڵایەتیە دەکاتەوە کە فیلمەکە نیشانی دەدات و بە ترسناک نیشانی دەدات کە پێویست بە دەست تێخستنی بەپەلە دەکات تا ڕزگار بکرێت پێش ئەوەی کارەسات ڕووبدات. فیلمەکە بەهەمان دیمەنی ژێرزەمینی خێزانەکە دەست پێدەکات و کۆتاییش دێتو، کە ئاماژە دەدات بە هێشتنەوەی دۆخەکە وەک خۆی ، وە ئەگەر دیمەنی سەرەتا لە ڕۆژێکی ڕووناکدا بێت و کەمێک ئومێد هەڵبگرێت لەڕێی ئەو تیشکەی لە پەنجەرەکەوە دێتەوە ژوورەوە، ئەوا دیمەنی کۆتایی نقووم بووە لە تاریکی...