close-icon

چوونەژوورەوە

یادی ڕۆژی جیهانی سینەما کرایەوە

2160 جار بینراوە

   لە ئێوارەی ٢٠١٩/١٢/٢٨ لە شاری سلێمانی لە ڕۆژی جیهانی سینەمادا بەشی هونەری سینەما لە تەلاری هونەر مەراسیمێکی ڕێکخست.

     مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی و سینەماکاران و هونەرمەندان بەڕێوەچوو، سەرەتای مەراسیمەکە بە پێشکەش کردنی تیزەرێک لەبارەی ئەو فیلم و چالاکیانەی بەشی هونەری سینەمای سلێمانی کردوویەتی نمایشکرا، پاشان (مەریوان ئیبراهیم) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەما وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی کاریگەری بەڕێوەبەرایەتیەکەیانی کرد لەسەر سینەما و دواتر (محمد کوردۆ) جێگری بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەر وتەی خۆی پێشکەش کرد، لە پاشاندا (دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر) پارێزگاری سلێمانی وتەیەکی پێشکەش کرد و ئامادەیی خۆیی دەربڕی بۆ هەر کارێکی هونەری.

     دوابەدوای وتەکان خەڵات بەسەر چەند هونەرمەند و سینەماکارێکدا دابەشکرا، لەوانە هونەرمەند (ئازاد ئەکرەم) کە خاوەنی سێ کتێبی هونەریە، هونەرمەند (ڕۆژان حەمەجەزا) کە ڕۆڵی لە پێنج فیلمی درێژ و نۆ کورتە فیلمدا بینیوە، هونەرمەند (شەونم محمد) خاوەنی ٤١ بەرهەمە، هونەرمەند (ناز صاڵح) ڕۆڵی لە شەش کورتە فیلمدا بینیوە و وەک یاریدەدەری دەرهێنەر لە چەندین فیلمدا کاری کردووە، هونەرمەند (کرمانج فەرەج) وەک ئەکتەر لە چەندین فیلم و شانۆگەریدا ڕۆڵی گێڕاوە.

     لە پاشاندا فیلمی کوردی (زاگرۆس) نمایش کرا، کە کاری دەرهێنانی لە لایەن (سەهیم عمر خەلیفە) بۆ کراوە و فیلمەکە ١٥ خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناوە.