close-icon

چوونەژوورەوە

سینەمای ڕاستەقینەخواز: گەشتێک بۆ نێو جیهانی کەنارگیری لەگەڵ سێینەکەی فیللینی

406 جار بینراوە

لە کاتێکدا کە هۆڵیوود - وەک زۆربەی کات- سەرقاڵ بوو بە پێشکەشکردنی سینەمایەک کە پشتی دەبەست بە مەست کردن و بێ هۆشکردنی چاوی بینەر، لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو وردە وردە لە ئیتاڵیا سینەما ئاڕاستەی ڕیالیزمی نوێی گرت کە وێنەدانەوەی واقیع بوو بێ فێڵ و جوانکاری، بەڵکو بۆ چینی هەژار و ستەملێکراوان جێبەجێ دەکرا بۆ چارەسەری کێشەی سەر شەقام و دەرەوەی کۆشکە گەورەکان و دوور لە وێنەی ژیانێکی نموونەیی و ڕۆمانسیەتی جادووگەر ئاسا.. فیدریکۆ فیللینی کە بە قوتابیەکی لێهاتووی قوتابخانەی ڕیالیزمی نوێ دادەنرێت کە لە چل و پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو سەری هەڵدا، لەو ماوەیەدا سێینە مەزنەکەی پێشکەش کرد کە باسی لە واقیعی ژیانی ئایەخ و چینی دووەمی کۆمەڵگەی ئیتاڵی دەکرد، سێینەیەکی درامی لە بارەی دڵڕەقی ژیان و تەنهایی و ئازار چەشتن.. ئەم سێ فیلمە بەرهەمی هاوکاری نێوان فیللینی و جۆلیتا ماسینای هاوسەری بوو، ئەو دوو هاوسەرەی کە پێکەوە چەند فیلمێکیان بەرهەم هێنا و بە نەمری لە مێژوودا مانەوە، جۆلیتا کە فیللینی لە یادەوەریەکانی بە ئیلهامبەخشە تایبەتیەکەی وەسفی کردووە، ڕۆڵی درشت و بە پێزی گێڕاوە لە ئاستێکی بەرز، ئەو توانی لە ڕێگەی سانایی ئاماژەکانی ڕووخساری کە خاڵی نەبوون لە نیگای ماتی و پەستی و خەفەت وە جووڵە ساویلکەکانی، کاریگەری بەسەر بینەرەوە هەبێت و سەرنجیان ڕابکێشێت، سەرەڕای ئەوەی ئەو کات جیهان سەرقاڵ بوو بە ماریلین مۆنرۆی شۆخ و شەنگ کە بەرهەمی هۆڵیوود بوو، ئەو کات سینەمای ئیتاڵیا خەریکی بنیاتنانی جیهانی تایبەت بە خۆی بوو بە تاکی واقیعی نوێ کە ئاڕاستەی بەرگریکردن لە ئاکتەرە خاوەن سیفاتە جۆر بەجۆرەکانی گرت، کە بێ ئەزموون بوون و بۆ ڕۆڵی سەرەکی هەڵیاندەبژاردن و بە زۆری پشتی بەو ڤیژوەڵ ئێفێکتە نایابە دەبەست کە ئەو کات سینەمای ئیتاڵیای پێ بەناوبانگ بوو... فیللینی وێنەی سێ تابلۆی سەرواداری کێشا کە کەشێکی هێمن و غەمگینانە باڵی بەسەردا کێشابوو، هەڵگری سرووشتی هاوبەشی مرۆڤایەتی بوو و لەڕێگەی کەسانێک سێینەکەی پەخش کرد کە خۆیان ئەو ئەزموونەیان پڕاکتیزە دەکرد و تووشی بێ هیوایی و ڕەنگمردوویی ببوون نەک سپیەتیێکی خاوێن یان ڕەشیێتیەکی لێڵ، ئەمەش بووە هۆی درووستبوونی پێکهاتەیەکی ئاڵۆز بۆ خودی مرۆڤایەتی بە وردەکاری ئێش و ئازار، خەون و شکست، چاکە و خراپە.. La Strada – 1954 لەم فیلمەدا هەموو توخم و بنچینەکان بچووک دەبنەوە تا دەبن بە مرۆڤێک لە ناوەندی فیلمەکە وەک ئەوەی فیللینی ویستبێتی گێلسۆمینا و زۆمپانۆ "دوو کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە" لە واقیعی ژیانەوە ببات و بیاننەخشێنێتە سەر تابلۆ هونەرییەکەی کە بە بەردەوامی ستایش دەکرێ، بە شایستەیش خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین فیلمی بیانی برد لە ساڵی 1957 زۆمپانۆ پیاوێکە نمایشی سێرک دەکات لەم شوێن و ئەو شوێن لەبەر ئەوە ژیانێکی جێگیری نییە و هەردەم لەم شار دەڕوات بۆ ئەو شار، لە کاتێکدا نمایشەکانی پشت دەبەستێتە سەر هێز تێبینی ئەوە دەکەین کە ئەو تووشی کێشە و ناخۆشی دەبێتەوە بەهۆی تەنهایی و بۆشاییەکەوە و ژیانی بێ نرخ دەکات، ئەنتۆنی کوین توانی ڕۆڵێکی جوان بگێڕێت بۆ ئەم پێکهاتەیەی زۆمپانۆ کە بە پێچەوانەوە لە ڕووکەشدا جەستەیەکی بەهێز و سەرنجی پچڕ پچڕ و قسە ڕەقی دەخواست، بەڵام لە ناخیدا هەڵگری هەست و نەستێکی چاک و باش بوو تا ئەو قورساییەی ژیانی لەسەر لابچێت و ڕۆحیەت و مانای پێ ببەخشێت.. تووشی کێشە دەبێتەوە لەگەڵ گێلسۆمینا کە لە خێزانێکی هەژار بەکرێی دەگرێت تا وەک یاریدەدەری کاری بۆ بکات، کەسایەتی گێلسۆمینا سادەیی و دڵتەنگی و گاڵتە و گەپ لە سەرنجەکانی بەدی دەکرێت و هەڵگری شێوە خاوێنەکەی سرووشتی مرۆڤە کە ژیان قێزەوونی نەکردووە. جۆلیتا ماسینا لە ڕێگەی ئەو کارەکتەرەوە پردێک بنیات دەنێت بۆ بینەر کە لە ڕێگەیەوە پێی ئاشنا دەبن و ئەوپەڕی بەزەیی بەرامبەر ئەو کچە ساویلکەیە دەنوێنن کە سەرەڕای ئەو خراپ مامەڵەکردنەی لەگەڵیدا دەکرێت ئەو هەر لەسەر سرووشتە بە وەفا و دڵسۆزانەکەی خۆی بەردەوام دەبێ و ڕەتی دەکاتەوە زۆمپانۆ جێبهێڵێت کە هەموو ئەوەی دەیزانێت لەبارەی ژیانەوە بەهۆی ئەوەوەیە تاکو تووشی تەنهایی نەبێت.. لە نێو خەونبینین بە ژیانێکی باشتر و هەوڵدان و ململانێکردن لە پێناو مانەوە لە ژیان، گێلسۆمینا دونیا جێدەهێڵێت و کۆچ دەکات بە بێدەنگی وەک شەبەنگێکی خامۆش بێ ئەوەی شوێنەوار جێبهێڵێت کچێکیش کۆچکردنەکەی وەسف دەکات و دەڵێت : "لە بەرەبەیانی ڕۆژێکدا گێلسۆمینا لە خەو هەڵنەستا." فیلمەکە کۆتایی دێت بەڵام بێگومان ڕووخسارە فریشتەییەکەی گێلسۆمینا کە خاڵی نەبوو لە نیگای غەمگینانە لە نێو مێشکتدا دەمێنێتەوە.. Il Bidone – 1955 فیللینی بەرەو لادێیەکانی ئیتاڵیا هەنگاو دەنێت و لایەنێکی تری ژینکردنی کۆمەڵگە بە جۆرێک چەند کۆمەڵەیەکی بچووک لە فێڵباز و تەڵەکەچی ژیان بە فێڵکردن لە کەسە سادە و ساکارەکان دەبەنە سەر، ئۆگەستۆ پیاوێکە لە کۆتایی ڕێککەوتنی پێنجەمیەتی ڕێبەری کۆمەڵێک گەنج دەکات بۆ فێڵکردن لە جووتیاران، لە کاتێکدا هاوڕێکانی ئاواتی ژیانێکی تریان هەیە، ڕۆبەرتۆ خەون بەوەوە دەبینێت کە هەندێک پارە پاشەکەوت بکات و ببێت بە گۆرانی بێژ و پیکاسۆش بڕیار دەدات کە بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی هونەرەکەی ئەویش وێنەکێشانە تا بژێوی ژیانی خێزانەکەی دابین بکات کە لە هاوسەر و کوڕەکەی پێک هاتووە، ئۆگەستۆ کە بە تەنها دەژیت کەسێک شک نابات تا لە پێناویدا بژیت تەنها ئەو فێڵبازیانە نەبێت کە ڕاهاتووە لەسەری.. لێرەدا جۆلیتا ماسینا پێشەنگی بۆ برۆدریک کراوفۆرد چۆڵ دەکات کە لە ڕێگەی کارەکتەرەکەیەوە ئۆگەستۆ تێکەڵەیەک لە چاکە و خراپەی پێشکەش کرد


ململانێیەک لە ناخیدا دوودڵی دەکرد لە نێوان قەناعەتکردن بە ڕێچکە هەڵەکەی ژیانی کە بەهۆیەوە هەموو شتێکی لەدەست دا و تەنهای کرد دوور لە هاوسەر و کچەکەی و دەسپێشخەری لە گۆڕینی پاش ڕاهاتن لەسەر ئەم جۆرە لە ژیانکردن کە خەریکە بەرەو کۆتایی دەچێت. لەوانەیە وای ببینیت کە ئۆگەستۆ شایەنی ئەو بەزەییە نەبوو کە گێلسۆمینا بۆی هەبوو، بەڵام هەڵسەنگاندنی ئەخلاقی لانەبردرابوو لە لای فیللینی کە تەرکیزی دەخستە سەر لایەنی مرۆڤایەتی لە کارەکتەرەکانیدا. سەر لەنوێ کچەکەی ئۆگەستۆ دەردەکەوێتەوە ئەمەش دەبێتە دەرفەتێک تا ئۆگەستۆ ژیانی بگۆڕێت بەڵام لە کۆتا هەوڵیدا شکست دەهێنێت لە یارمەتیدانی کچەکەی، گەشتەکە دوور لە ئایدیەڵی "کۆتاییە دڵخۆشەکان" بەردەوام دەبێت، دیمەنی کۆتایی دێت و ئۆگەستۆ تەنها دەمێنێتەوە و دەیەوێت هاوار بکات لە کاتێکدا دونیا لەسەر ڕێڕەوی خۆی بەردەوام دەبێ بێ ئەوەی بایەخ بە ئەو بدات. Le notti di Cabiria – 1957 فیللینی کە بە پێچەوانەی هەموو پێشبینییەکان زنجیرەیەکی نایابی لە کارەکتەری گێڵسۆمینا درووستکرد کە سەرنجی زۆرێکی بۆ خۆی ڕاکێشا هەتا گەشتە ئەوەی "واڵت دیزنی" ویستی بیکات بە کارەکتەرێکی کارتۆنی لە فیلمەکانی، گەڕایەوە تا سەر لەنوێ بیهێنێتەوە سەر شاشە بە کارەکتەری کابیریا کە لە نێو کۆمەڵگەو ناوچەیەکی هەژار نشین دەژیت لە ڕۆما بەڵام ئەو وەک ئەوانی تر نا بەڵکو ئەو خاوەنی ماڵێکی بچووک و بڕێک پارەیە و بەهۆیەوە شتێک لە بەهێزی و تایبەتمەندی بۆ خۆی بنیات ناوە. جۆلیتا لە ڕێی کابیریا وە کەسایەتییەکی زۆر جیاواز لە گێڵسۆمینا پێشکەش دەکات، لە کارەکتەری کابیریا کەسێکی خاوەن خەون و هیوا و گەشبین دەبینین کە سوورە لەسەر باشترکردنی ژیانی و ڕەتی دەکاتەوە تەنها پەڕەموچێکی سووک بێت و با بە ئارەزووی خۆی ئەم شوێن و ئەو شوێنی پێ بکات بەڵکو ئامانج و حەزێکی زۆری هەیە لە درووستکردنی واقعێکی جیاواز بەهۆیەوە سەربکەوێت بەسەر ئەو بارودۆخە ناهەموارەی کە خۆی تێدا دەبینێتەوە. کابیریا ململانێکەی لەگەڵ ژیان بە دڵێکەوە ئەنجام دەدات کە بە شوێن خۆشەویستی ڕاستەقینەوەیە لەم دەریاچەیە کە هەمیشە پێی وا بووە بۆ ئەو گونجاو نییە. وە کاتێک لەگەڵ شەوانی کابیریا دەژین دەبینین کە بە بێ هیوابوون لە ژیان دەورەدراوە، لە دیمەنی دەستپێک لە کەنار دەریاچەکە کە خۆشەویستەکەی پارەکانی لێ دەدزێت و فڕێی دەداتە ناو دەریاکەوە تاکو بخنکێت تا ئەو کاتەی خەڵکی ناوچەکە ڕزگاری دەکەن. وە دیمەنی کۆتایی فێڵکردنی خۆشەویستەکەی دووبارە دەبێتەوە کە پێی وابوو لە کۆتاییدا دۆزیوەتیەوە و هەموو شتێکی لە پێناویدا جێهێشتووە، لە کاتێکدا کە ژیان ڕەتی دەکاتەوە تاقە شەوێکیش بێت خۆشبەختییەکی کاتی بەسەر ببات تا ئەو کاتەی چاوی بە ئاکتەرێکی بەناو بانگ دەکەوێت جێی دەهێڵێت کاتێک خۆشەویستەکەی دەگەڕێتەوە لای. کابیریا ئەو کارەکتەرە گەشبینە ڕۆمانسییەیە کە هەوڵ دەدات سەرەڕای هەموو بارودۆخ و توانجی هاوڕێکانی سووربێت لەسەر ڕوودانی مووعجیزەیەک، فیلمەکە بە دیمەنێکی بلیمەتانە کۆتایی دێت کە لە سەرنجەکانی ڕووخساری کۆدەبێتەوە، هەموو هەستە تێکەڵبووەکان بەهۆیەوە تێکەڵەیەک لە دەرەوەیەکی دڵڕەش و کەسێکی خەونبین نیشان دەدات. لە پەراوێزی ژیاندا ئەوانەی هیچ دەنگ و ڕەنگ و هات و هاوارێک درووست ناکەن لە ژیانیاندا لە کاتی ڕۆشتنیان هیچ ئاسەوارێک جێناهێڵن. هەر لەو پەراوێزەدا گەشتەکە لەگەڵ کامێراکەی فیللینی کە نەیبردین بۆ شوێنی دانیشتنی بینەرێکی سێرک کە سەیری جیهانێکی دڵڕفێن و سەرنجڕاکێش دەکات و خۆشییەکی تێدا دەبینێت کە لە ژیانە هێمن و جێگیرەکەی نایبینێت، هەروەها ناشمان بات بۆ شوێنی دانیشتنی دادوەرێک کە حوکم و بڕیاری ئەخلاقی دەردەکات وە لە دەستیشی چەکوچێک هەیە ناوی لێناوە دادپەروەری ژیان یان شتێک تێیدا ئۆگەستۆ و کابیریا دەنێرێت بۆ ئەڵقەی هەشتەم لە دۆزەخی دانتی، بەڵکو کردمانی بە بەشێک لەم دونیایە و وای کرد ئەو خۆدەرخستنە نموونەییە بەلاوە بنێین کە پێوەری درۆینە بۆ پۆلێنکردنی مرۆڤ دادەنێت تاکو بڕێک لە مرۆڤایەتی بدۆزینەوە لە بەرامبەر ئێش و ئازار.
نووسینی: احمد محمد عبدالله
وەرگێڕانی: کاردۆس مشیر