close-icon

چوونەژوورەوە

سەرنجێک لەبارەی فیلمی " A Clockwork Orange "

1241 جار بینراوە

کوردسینەما- پرتەقاڵێکی ئامێری، فیلمێکی ژانری درامی و نهێنی ئامێزە و بەرهەمی ساڵی ١٩٧١ە، لە ڕۆمانێکی "ئێنسنەنی بورجس"، بە هەمان ناوەوە وەرگیراوە و لەلایەن دەرهێنەری بەتوانا "ستانلی کوبرک"ەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە. سەبارەت بە ناوەکەی مەبەست لێی، مرۆڤێکی ئامێری یان ڕۆبۆتییە، پرتەقاڵ وەک نیشانەیەکی ئۆرگانی، ماددەیەکی زیندوو بۆ مرۆڤ بەکارهاتووە. مرۆڤێکی ئامێری واتە بونەوەرێکی بە ڕووکەش مرۆڤ، بەڵام پڕۆگرامکراو. مرۆڤێک توانای بڕیاردان و هەڵبژاردنی نەبێ و بەویستی ئەوانی دیکە بێت و بکا. فیلمەکە دەیەوێ بڵێ مرۆڤ بەبێ ئازادی لە هەڵبژاردن و ویست و حەزەکانی، لە ئامێرێک زیاتر نییە. بە گشتی فیلمەکە چەندین بابەتی جیاجیا لەخۆ دەگرێ، لەوانە فەلسەفی و دەروونناسی، هونەر، سیاسەت.. وە دوو هێمای زۆر تایبەتیشی تێدا بوونی هەیە؛ شیر و بیتهۆڤن. ئەلێکس وەک کارەکتەری سەرەکی، خۆشەویستییەکی لە ڕادەبەدەری بۆ بیتهۆڤن و بەتایبەتیش بۆ "سیمفۆنیای نۆ" و بەتایبەتتریش بۆ جوڵەی "دوو و چوار" هەیە، تا ئاستی بە پیرۆز زانینی. لەسەروەختی چارەسەرکردنی ئەلێکسدا و سڕینەوەی بەشە شەیتانی و خراپییەکەیدا لەلایەن دەسەڵاتەوە، بە بەکارهێنانی "تەکنیکی لودۆڤیکۆ"، ناچارن دەبێ ئەو حەزەی ئەلێکس بۆ سیمفۆنیای نۆی هەیە، ئەویش بسڕنەوە و بە کارێکی پێویستی دەزانن. واتە مرۆڤ لەگەڵ سڕینەوە و نەهێشتنی هەر بەشێکی خراپی ناخی، ئەوا مەترسی دەخاتە سەر بەشە باشەکەش و بەرەو گۆڕانی دەبات. چونکە هەردووک بەشەکە، تەواوکەری یەکترین و لەگەڵ گۆڕانی یەکێکیان، ئەوی دیکەش تووشی گۆڕان دەبێ. گروپەکەی ئەلێکس لە چوار کەس پێکهاتوون؛ ئەلێکس کە سەرکردەیانە، پیت و جۆرجی و دیم. ئەو گروپە شەڕانگێزە ڕاهاتوون بە خواردنەوەی شیر، لەسەروەختی کۆبونەوەکانیان و دانانی پلان، وە پێش ئەنجامدانی هەر خراپەکارییەکیش بەهەمان شێوە. گەر کحول نیشانەیەک بێت بۆ بێهۆشی و لاوازی لە بیرکردنەوە و بڕیاردان، وە لە ئەنجامدا کردەوەی نەویستی لەدواوە بێ. ئەوا شیر وەک هێمایەکی دژە کحول، بە واتای ئاوەز و ئاگایی و ژیری بەکارهاتووە. واتە، ئەوان پێش هەر کردارێکی شەڕانگێزی بەوپەڕی ژیری و بە ویست و ئیرادەی خۆیانەوە، دەچن ئەنجامی دەدەن. دواجار ئەوە دەکەن کە ناخیان دەیخوازێ، ئەوەی کە بیلفەعل دەیانەوێت. لێرەشەوە پرسیارێکی جەوهەری دێتە پێشمان؛ ئاخۆ کامیان چاکترە؟ کەسێتییەکی سەربەخۆ و ئازاد، خاوەن کردار و ویستی خۆی، بەڵام لە بەرامبەردا دڕندە و خراپکار بۆ دەورووبەر؟ یان کەسێک تەنیا لەبەرگیراوی ئەوانی دیکەیە و ڕۆبۆتێک زیاتر نییە، بەڵام لە ئەنجامدا سوودبەخش بۆ دەورووبەر و کۆمەڵگە؟