close-icon

چوونەژوورەوە

عەباس کیاڕۆستەمی؛ فیلمسازی ئازار و ئاریشە مرۆییەکان

1596 جار بینراوە

کوردسینەما- عەباس کیاڕۆستەمی، چیرۆک-بێژێکبوو کە لەگەڵ حیکایەتی مرۆڤ و پەیوەندییە مرۆییەکان سەروکاری ھەبوو. دەشێت تێگەشتن لە بەرھەمەکانی کیاڕۆستەمی لە یەکەمین نیگادا ئاسان نەبێت بەو ھۆکارەی بەرھەمگەلێکن سەرشارن لە ھێواشیی و ئارامیی لە کارکردندا و خەم و بەرخوردی عاتفی«سۆزداریی» تا ئاستێک تەنزئامێزی ژیرانە. کیاڕۆستەمی بەشێکی زۆر لە بەرھەمەکانی لە ناو دونیای پاک و بێگەردی منداڵاندا بەرھەم ھێناوە، ھەڵبەتە ئەمە بۆ ئەو ڕێگایەک یان مێتۆدێکی ژیرانەبوو تاکو خۆی لە سانسۆر و ئەو چاوانەی پێچەوانە یاخود جیاواز لە ڕوانینی ئەو دەڕوانن پارێزیی بکات و بەم مێتۆدە بتوانێت لە ھەمان کاتدا لە ئێران بمێنێتەوە و دووچاری کێشەگەلێک نەبێت کە پێشتر بۆ ھەندێک لە فیلمسازانی وەک جەعفەر پەناھی و محەمەد ڕەسوڵ ھاتبووە پێش. بەڵام ئەمە ھەرگیز بەو مانایە نایەت کەوا کیاڕۆستەمی بە یەکجاری پەیوەندی بە دونیای سیاسەتەوە پچڕاندبێت. بۆ نموونە لە فیلمی «دە»دا کە بە وێنەگرێکی چاسپێنراو لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە، ژنێک دەبینین کە لە شاردا شۆفێری دەکات و لەگەڵ کەسانێک بە دونیابینی جیاوازەوە قسەوباس دەکات. ژنان بە ھۆی پیاوانەوە وەک بەدڕەفتار و بێ مۆراڵ تەماشادەکرێن بەڵام بە ھۆی بارودۆخی نالەبارەوە ناتوانن ھیچ بکەن. گرتەی ئەو ژنەی کە کیاڕۆستەمی ھێناویەتە ناو نمایشەکەوە زۆر ھاوشێوەی ئەو بۆچون و تیۆرانەیە کە مافی ژنان لە دونیای سیاسەتدا پەیگیری دەکەن. تەماشاکردنی بەرھەمەکانی کیاڕۆستەمی زۆر ئازار ھێنەرە. بە بۆچونی من، شاکاری کیاڕۆستەمی فیلمی «تامی گێلاس»ە. فیلمێک کە شێوە بە لایەنی جوانیناسی و مۆراڵی و ویژدانی ئەو دەبەخشێت لە کارکردندا، و چیرۆکی پیاوێکی تەمەن مامناوەند دەگێڕێتەوە کە دەیەوێت خۆی بکوژێت و بە دوای کەسێکدا دەگەڕێت کە پاش مردن، خاکپۆشی بکات. فیلمی «تامی گێلاس» نمونەیەکی کامڵ و ئایدیاڵی شێواز و ستایلی کارکردنی سنەمایی عەباس کیاڕۆستەمییە. کیاڕۆستەمی ھەمیشە شەیدای دایالۆگی درێژبوو لە ناو ئۆتۆمبێلدا. دایالۆگی وەھا کە لە فەزایەکدا ڕوویدەدا نە بەتەواوی تایبەتی و شەخسی بوون نە فەزایەکی گشتی، و زانیاری زۆری لە بارەی کەسیەتی بۆ ناو گفتوگۆکە زیاد دەکرد. بە ھەمان شێوە لە فیلمی «دە»دا، کیاڕۆستەمی زۆر بە باشی کەڵکی لە گفتوگۆی ناو ئۆتۆمبێل وەرگرت و جۆرێک لە وێنەگرتنبوو کە لە ناو شار و شەقامگەلی واقعیدا بەرجەستەبووبوو و ھاوکات شاراوە لە چاوی کەسانی خاوەن دەسەڵات کە مەیل و خواستێکی ئەوتۆیان بۆ بینین و بیستنی ئەم جۆرە گفتوگۆیانە نەبوو. یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی بەرھەمەکانی کیاڕۆستەمی، وێنەگرتنە لە یەک گۆشەوە. تەکنیکێک کە بۆ گوێگر و لێڕوانەر کەمێک وەڕسکەرە بەڵام بۆ زۆرێک لە دەرھێنەر و فیلمسازە بەنێوبانگەکان، بەم خاسیەتە نادرانە بەرھەمەکانیان دەناسینەوە. ھەڵبەت دەشێت لە چیرۆکی دەرھێنەرێکی کەم ئەزمووندا بە ھەڵە و شکستێکی کەم وێنە کۆتایی بێت، بەڵام لە چیرۆکی فیلمسازێکی وەک «یاسوجیرۆ ئۆزو» - وەک کەڵکوەرگرتن لە ڕووناکی و تیشکی ڕۆژ لە بەرھەمەکانیدا- کارکردنێکی جوانی لێھاتووانە و سینەمایی دەخولقاند. سوودوەرگرتن لە تەکنیکی نائاشناکردن، بێگانەسازیی«defamiliarization»، یەکێکە لەو تەکنیکە نادرانەی کیاڕۆستەمی کە لە فیلمێکی وەک «ئەفریقا ABC» - فیلمەکە دەربارەی کۆمەڵێک منداڵە دایک و باوکیان بەھۆی نەخۆشی ئایدزەوە لەدەست داوە - زۆر بە باشی سوود لەم تەکنیکە وەرگیراوە. دەرھێنەر لە بەردەم کامێرادا دەردەکەوێت و ھەندێک پرسیار ئاڕاستەی ئەو کەسە سپی پێستە ڕۆژئاوایی و ئاسیاییانە دەکات کە گەرەکیانە ئەرکی سەرپەرشتی کردنی ئەو منداڵانە بگرنە ئەستۆ. لە فیلمی «تامی گێلاس»دا ئێمە«لێڕوانەر» نازانین بۆچی ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە دەیەوێت کۆتایی بە ژیانی خۆی بھێنێت. فیلمیش تەماشاکەر بانگێشتی ھاودەردی یان ناڕەحەتی سیاقی فیلمگەلی سادە و ساکار ناکات. کارەکتەری فیلمەکە نایەوێت کەس درک بەوە بکات کە ئەو خۆی کوشتووە. تەنھا دەیەوێت جەستەی خاکپۆش بکرێت و بەشێوەیەکی دراژیدی-کۆمیدی عەوداڵی دۆزینەوەی کەسێکە سەرەڕای ناعەقڵانی و نالۆژیکی بوونی ئەم کارە، خاکپۆشی بکات. کیاڕۆستەمی زۆرێک لە بەرھەمەکانی کۆتایی خۆی لە دەرەوەی ئێران بەرھەمھێنا و کەمتر سەرنجڕاکێش و دڵخوازبوون. لە فیلمی «کۆپی لە ھەمبەر ڕەسەن» ساڵی ٢٠١٠ کە لە ئیتاڵیا کاری دەرھێنانی بۆ کرا و « ولیام شیمیل» و «جولێت بینۆچی» ڕۆڵی سەرەکیان نمایندە کرد. ولیام شیمیل دەوری نووسەرێکی بەنێوبانگ نمایندە دەکات و جولێت بینۆچی ئەو بۆ شوێنی جیا جیا دەبات و لەم نێوەندەدا پەیوەندییەکی سەیری لە نێوان ئەم دوانەدا چەکەرەدەکات و بەرقەراردەبێت. ھەر یەک لەوان لە قاڵبی جۆرێک پەیماندا، ڕۆڵی دوو ھاوسەر بەرجەستە دەکەن کە پەیوەستن بە یەکدیەوە و لە دەمەقاڵێدان. ڕۆڵبینینێک کە خۆشیان تیایدا دەگۆڕێن بۆ کەسانی واقعی. لە بەرھەمەکانی کیاڕۆستەمیدا، بەرخوردگەلی فرەچەشن لە جیاوازی نێوان چیرۆک و واقعیەت بوونی ھەیە. لە سەرەتادا «با ئێمە دەبات» بەرھەمھێنەری فیلمەکە دەبینین کە خەریکی شۆفێری کردنە لە جادەیەکی تولانی و پێچاوپێچ و خوار لەگەڵ درەختێک لە دیمەنێکی کورتدا کە ھەمووی سەرنج ڕاکێشە. شانۆیەک لە جنسی شانۆنامەکانی «ساموێل بیکێت» کە پێش ئەمە لە فیلمی «تامی گێلاس»دا بینیبوومان. ئەوان ڕێگای گوندەکەیان بزرکردووە، وا بیردەکەنەوە کە دەبێت لە نزیک درەختێک بن. فیلمساز لەناکاو کۆپلەیەک لە شیعری «ناونیشان»ی «سۆھراب سپھێری» دەخوێنێتەوە: نرسیده به درخت/کوچه باغی است که از خواب خدا سبزتر است /… و لە زڤرینێکی لەناکاوی ھێماییی، چرکەساتێکی ئیحساسی و ڕۆحی لە فیلمەکەدا دەخولقێنێت. ھەمان ئەو چرکەساتەی کە پێی دەڵێن سینەمای شیعریی کیاڕۆستەمی.