close-icon

چوونەژوورەوە

شەن و کەوێک دەربارەی سینەما - بەشی یەکەم

865 جار بینراوە

...زۆرجار ئاگایی ئێمە، لەو کاتەدا دەست پێدەکات کە بە پڕۆسێسێکدا تێدەپەڕین و لەو بەردەوامبوونی پڕۆسەیەدا، پرسیار لە خودی پڕۆسەکە دەکەین. بێگومان زۆرجار ئێمەی بینەری سینەما، پرسیار دەکەین کە ئایا بۆچی من تەماشای فیلم دەکەم؟ سینەما چییە؟
لەڕاستیدا من لەم نوسراوەدا، نامەوێ وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، کە ئایا سینەما چییە، وە باسی مێژووی دروستبوون و ژانرەکانی نێوی بکەم. بەڵکو لەم نوسراوەدا، هەوڵدەدەم ئەو پرسیارە بورژێنم، کە ئایا بۆچی من تەماشای فیلمەکان دەکەم و بینەری سینەمام؟! 
زۆرجاران ئەم پرسیارانە وەڵام دراونەتەوە لەم ڕەهەندانەوە; بۆ چێژ، بۆ کات بەسەر بردن، بۆ سوود بینین، بۆ پێکەنین، بۆ فێربوونی زمان، بۆ ئاشنابوون بە کلتوری زمان.. هتد.. لە ڕاستیدا هەموو لەمانە دەتوانین بڵێین دروستن، لێ من لەم وتارەدا، دەمەوێت لە ڕەهەندێکی دیکەوە جوابی ئەوە بدەمەوە، کە ئایا بۆچی من تەماشای فیلم دەکەم؟! 

هەمیشە سینەمام بە ئەفسانەو ئەدەبی سەردەمی مۆدێرنە داناوە، چونکە سینەما خۆی لە خۆیدا بەرهەمی مۆدێرنەیە، بەرهەمی ئەو هەموو قوتابخانە ئەدەبی و فەلسەفییانەن، کە لە دوای ڕێنیسانسەوە دروست بوون. ئەوەی هەمیشە لە ناوماندا زیندووە، بەخشینی مانایە بە ژیان، بەخشینی مانایە بە ڕووداوەکان، بە شتەکان و بابەتەکان.. 
لەم مابەینەدا، بینەربوونی ئێمە بە سینەما و گرنگی پێدانی، خۆی جۆرێکە لە بەخشینی هەموو ئەو مانایانەی لە سەرەوە ناومان هێنان. جۆرێکە لەو تەحەدایەی ئێمە، کە بڕیارمان داوە بژین. 
کەوایە پڕۆسەی بینەر بوونمان بە سینەما، گرنگییەکەی لەم ڕەهەندەوەیە. 
ئێمە کە تەماشای فیلمێک دەکەین، واقعێک لە نێو فیلمەکەدا دەخولقێت کە ئێمە وابەستە دەکات بە خۆیەوە. بۆ وێنە; کارەکتەری فیلمێک، دەیەوێت بگات بە خۆشەویستەکەی، ئێمەی بینەر، ئارەزوو دەکەین بگات، لەگەڵیدا دەگرین و بێزار دەبین، دڵخۆش دەبین و هیوا دەخوازین.. ئارەزوو دەکەین و لەگەڵ ئەو واقعەدا مامەڵە دەکەین. ئەمە جۆرێکە لە خولقاندنی، مانا لە نێو واقعی سینەمادا. وە دووبارە بەکاربردنەوەی لە واقعی نێو ژیانی خۆماندا. 
گرنگی سینەما لەوەدایە کە دروست کردنی واقعە، واقعێک کە دەرچەیە لە واقعی ژیانی هەموومانەوە، لە واقعیش بەرزتر بڕوانێت و دەست بخاتە دیوە چەپێنراوەکانی مرۆڤەوە، ڕەنگە هەر خۆی لە خۆیدا فیلمەکان دیوە چەپێنراوەکەی ئێمە بن. 

زۆرجار جەخت لەوە دەکەمەوە، کە سینەما بەرهەمی مۆدێرنیتەیە! ڕاستەوانە پەیوەندی بە کایەکانی نێو مۆدێرنەوە هەیە. کەوایە سینەما، دووبارە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ژیان و مانا، چونکە خۆی لە خۆیدا بەرهەمی سەردەم و ژیان و مێژووی مرۆڤە، شتێک نییە سروشت بەرهەمی هێنابێت، بەڵکو بەرهەمی مرۆڤە. شتێکی ئیلاهی نییە کە جەوهەرییەتێکی ڕەهاو حەقیقی هەبێت، بەڵکو دروستکراوە. ئەمە خاڵێکی ئێجگار گرنگە، کە تێبگەین پەیوەندی ماناو سینەما چۆن دەخولقێت و دروست بووە. 

وە سینەما لە مەجالێکدا گرنگییەکەی زۆر لە ماناکەی زیاد دەکات; لەو وەختەی سینەما لە خودی ماناوە، دەپەڕێتەوە بۆ مانایەکی دیکە و ئارگۆمێنتی جیاواز، بەچەشنێک لە تێگەیشتن لە خودی پەیام و مانای فیلمەکەوە، بپەڕێتەوە بۆ ماناو ئارگۆمێنتی جودا. دروست وەک ئەوەی پۆڵ ڕیکۆری فەیلەسووف ناوی دەنێت لە هێرمۆنۆتیکدا: زێدە مانایی... 
گەر کەمێک لە سینەما دوربکەوینەوە;  هێرمنیۆتیکا کارکردنە لەسەر زێدەمانایی گوتار، نەک تێگەیشتن لەمەبەستی نووسەر و گفتوگۆکردن. 
بەم شێوەیەش، هێرمنیۆتیکاو تێگەیشتن دوومانای سەربەخۆن و ناکرێت لەبری یەک بەکاربهێنرێن.
پۆل ڕیکۆر لەم بارەیەوە ڕەخنە لە شلایر ماخەر دەگرێت و پێی وایە کە ئەو دەتوانێت لە تەواوی مەبەستی نووسەر تێبگات، نەک کاری هێرمۆنتیکی بکا.)
دروست ئەم بابەتە بۆ سینەمایش گونجاوە. ئێمە دەتوانین لە فیلم تێبگەین، وە لەو تێگەیشتنەوە، بپەڕینەوە بۆ تێگەیشتن و دیدگای جیاوازتر  و ئارگۆمێنتی زیاتر. ئێجگار پڕ مەعریفی دەبێت، گەر لە باسی فیلمێکەوە، بپەڕینەوە بۆ بابەتی دیکە. ئەمەیش دووبارە دەگەڕێتەوە سەر زێدە مانایی.. 
بۆ وێنە; وەختێک ئێمە تەماشای فیلمێک دەکەین، دەتوانین تەنها لە پەیامی فیلمەکە تێبگەین، بەڵام ئایا گرنگتر نییە کە لەو پەیامەوە، بتوانین دیدگا و بۆچوونی دیکەیش بهێنینە نێو ئارگۆمێنتەکانمانەوە؟! 
لە تاوانەوە، بگەڕێینەوە بۆ پەروەردە، لە خۆشەویستییەوە بۆ ژیان... لە هەر فیلمێکدا، خستنە ڕووی ڕەهەندە سیاسی و کۆمەڵناسی و فەلسەفی و سایکۆلۆژییەکەی.. ئەمە دەمانگەیەنێت بە تێگەیشتنی زێدەتر...