close-icon

چوونەژوورەوە

دووشه‌مه‌ 10/9/2018 "دیداری سلێمانی بۆ فیلم" ده‌ستیپێكرد

1223 جار بینراوە

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە " دیداری سلێمانی بۆ فیلم" دەستی بە کارەکانی کرد و تا رۆژی هەینی ١٤ ی ئەم مانگە لە چالاکیەکانی بەردەوام دەبێت. 

دیدارەکە بۆ ساڵی یەکەمە بەڕێوەدەچێت وەک رێکخەرانیشی دەڵێن، بڕیار وایە ساڵانی دیکەش بەردەوامی پێبدرێت. 

راسان موختار، وتەبێژی دیداری سلێمانی بۆ فیلم، بە بەشی کلتوری خەندان-ی راگەیاند، بۆ ماوەی شەش رۆژو کاتژمێر ٠٦:٠٠ ی هەموو ئێوارەیەک دیدارەکە لە چالاکیەکانی بەردەوام دەبێت، ئامانجیش لێی نیشاندانی فیلم و ڤێستیڤاڵی فیلم نیە بەڵکو قسەکردنە لەسەر دروستکردنی پیشەسازی بەرهەمهێنانی فیلمە لە کوردستان. 

وتیشی، مەبەستی دیدارەکە وەستانە لەسەر قەیرانەکانی سینەمای کوردی و هۆکارەکانی دروستنەبوونی سینەمایەکی کوردی دروست و رەسەن. 

چالاکیەکانی یەکەم ئێوارەی دیدارەکە پێکهاتبوو لە وتاری دەستپێکی دیدارەکە و پێشکەشکردنی چەند وتارێکی دیکە هاوکات هەر لە یەکەم ئێوارەدا خەڵاتی رێزلێنان بە چەند دەرهێنەر و فیلمسازێکی چوار پارچەی کوردستان بەخشرا. 

دوا چالاکی ئێوارەی یەکەم نمایشکردنی فیلمێکی دیکیۆمێنتاری بوو لەسەر ژیان و کارەکانی سینەماکاری کوردی باکوری کوردستان یەڵماز گیونەی بە ناوی "ئەفسانەی پادشا ناشرینەکە" لە دەرهێنانی عەلی تەباخ و ماوەی فیلمەکە ١٢١ خولەک بوو. 

لە درێژەی چالاکیەکانی دیداری سلێمانی بۆ فیلم لە ماوەی پێنج رۆژەکەی دیکەدا چوار فیلمی کوردی نمایش دەکرێن، لە کۆتا رۆژی دیدارەکەشدا ژمارەیەک ئایکۆنی سینەمای کوردی لەبارەی ئاستەنگە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و زانستی و یاساییەکانی بەردەم پیشەسازی فیلم لە کوردستان گفتوگۆ دەکەن.