close-icon

چوونەژوورەوە

جێگری دەمیرتاش گەیشتە سلێمانی ‌و ده‌شڵێت:"سیاسەت پێویستی بەهونەرە"

1925 جار بینراوە

جێگری دەمیرتاش گەیشتە سلێمانی ‌و ده‌شڵێت:"سیاسەت پێویستی بەهونەرە"
ئا/ شەهێن سابیر
كاره‌كتەرە سیاسییەكانی باكوری كوردستان جەختدەكەنەوە لەسەرئەوەی، هونەرو سیاسەت دوانەیەكی لەیەك دانەبڕاون، جەختیشدەكەنەوە لەسەرئەوەی، بۆ گەلی كوردو سیاسییەكان زۆر پێویستە پەرە بەهونەر بدەن. 
جێگری (سەڵاحەدین دەمیرتاش) هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بۆ بەشداریی لەدوەم فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی گه‌یشته‌ باشوری كوردستان‌و ڕایدەگەیەنێت، "سیاسەت هونەرەو بەبێ‌ هونەر سەركەوتوو نابێت"
(نادر یەڵدرم) نوێنەری شاری وان لەپەرلەمانی توركیا‌و جێگری هاوسەرۆكانی گشتیی پارتی دیموكراتیی گەلان (هەدەپە)یەو بەرپرسی كاروباری ڕێكخستنەكانی ئەو حزبەشە، ئێستا لەشاری سلێمانیە بۆ بەشداریكردن لەدووەم فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سلێمانی، كە بڕیاروایە ڕۆژی یەكی ئۆكتۆبه‌ر، كاتژمێر شەشی ئێوارە لەهۆڵی فیلمی (تەلاری هونەر ) بەڕێوەبچێت و بۆ ماوەی حەوت ڕۆژیش بەردەوامبێت
له‌ لێدوانێكیدا بۆ راگه‌یاندنی دووه‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وله‌تی سلێمانی (نادر یەڵدرم) ئاماژەی بەوەدا، "سیاسەت و هونەر گرێدراوی یەك ئاراستەن و لەیەك جودا نین، لەبنەڕەتدا سیاسەت هونەرە ئەگەر بەشێوەیەكی باش‌و ڕاست بەكاربهێندرێت و بەرجەستە بكرێت، ئەم زانستە سیاسییەش پێویستی بەهونەرە، كەوابوو هونەر پێكهاتەی هەموو ژیانەو سەرچاوەی هەموو هزرو ڕامانێكه‌.
جێگرەكەی دەمیرتاش لەباكوری كوردستان وتیشی، "سیاسەت‌و هونەر لەیەك دورنین و سەر بەیەك ڕەگەزن بەتایبەت لەكوردستان، چونكە لەدوای داگیركاریی 100 ساڵە، بۆ پێشكەوتنی ڕامان و فەلسەفەی سیاسەت، كاری هەرە پێویست ‌و گرنگی ئێمەی سیاسیی ئەوەیە، هونەر پێشبخەین جا هەر شێوازێكی هونەربێت". بەبڕوای ئەو كاراكتەرە سیاسییەی باكوری كوردستان، "بۆ گەلی كورد هونەر یەكێكە لەپێویستیە هەر گرنگ و لەپێشینەكان، هەر لەو ڕوەشەوە ئێمەی سیاسییەكان هاتوینەتە باشور بۆ فێستیڤاڵێكی گەورەی هونەریی، ئەمەش ئێمەی زۆر دڵخۆش كردوە، بۆیە بەناوی گەلی باكوری كوردستانەوە زۆر سوپاسگوزاریی ئێوەی ئامادەكارانی فێستیڤاڵم".
هاوكات (فوئاد جه‌لال)به‌رێوه‌به‌ری فێستیڤاڵه‌كه‌ش ده‌ڵێت:" ئێمه‌ به‌فه‌رمی بانگهێتمان كردووه‌، هاتنی یه‌ڵدرم بۆ پایته‌ختی ڕۆشنبیری‌و به‌شدارییان له‌ فێستیڤاله‌كه‌ماندا، سه‌ره‌رای بارودۆخه‌ سیاسیه‌كان جێگه‌ی ستایشكردن‌و دڵخۆشیمانه".
خولی دووه‌می فێستیڤاڵی فیلمی نێوده‌وله‌تی سلێمانی، له‌ژێر دروشمی (كولتورێك بۆ پێكه‌وه‌ ژیان)، ماوه‌ی حه‌وت ڕۆژ نمایشه‌كانی به‌رێوه‌ده‌بات‌و چه‌ندین چالاكی جۆراو جۆر ئه‌نجام ده‌دات.