close-icon

چوونەژوورەوە

گەیم ئۆف ثرۆنز : ئەزۆر ئەهای کێیە ؟

5002 جار بینراوە

دوای دڵنیابوونەوەمان لە خێزانی جۆن سنۆو ، ئێستا دوو نهێنی گەورەتر ماونەتەوە کە بینەر دەیەوێت بزانێت ئەوانیش بریتین لەوەی کەوا کێ تەختی پاشایەتی دەباتەوە و هەروەها ئەزۆر ئەهای کە ناسراوە بەو  (شاژن/شازادەیەی کەوا هاتنی مسۆگەرە/بەڵێندراوە) کێیە؟

ئەزۆر ئەهای کەسێکی ئەفسانەییە کەوا دوای زستانە درێژەکەی یەکەم کە ڕوویداوە ، ئەو پاڵەوانە بووە کە دژی واکەرەکان وەستاوەتەوە  و دووبارە لەدایکدەبێتەوە و ئەو کەسە دەبێت کەوا واکەرەکان دەبەزێنێت بەهۆی شمشێرەکەی بەناوی "لایت برینگەر – هێنەری ڕووناکی"ەوە. لایت برینگەر شمشێرێکە کەوا لە ئاگر درووستکراوە و هەروەها ناسراوە بەشمشێری سووری پاڵەوانان.

کاتێک سەرەتا شەوە درێژەکە باڵی بەسەر وێسترۆسدا گرت ، ئەزۆر ئەهای پێویستی بەدرووستکردنی شمشێرێکی تایبەت بوو بۆ بەزاندنی دوژمنەکانی ، بۆ ئەم مەبەستەش هەڵسا بەماوەی سی شەو و سی ڕۆژ ئەم کارەی ئەنجامدا ، سەرئەنجام شمشێرەکەی کەوتە نێو ئاو و شکا ، بەڵام خۆی بەدەستەوە نەدا.
ئەمجارە بۆ ماوەی ٥٠ ڕۆژ بۆ دووەمجار شمشێرەکەی درووستکرد ، بەشێوەیەک باشتر لەجاری یەکەم.
ئەزۆر ئەهای بەمەبەستی تاقیکردنەوە شمشێرەکەی لەگەڵ شێرێک شەڕی کرد و شمشێرەکەی لەدڵی دا،بەڵام دووبارە شمشێرەکە تێکشکا.ئەزۆر ئەهای ئەمجارەش کۆڵی نەدا ، هەڵسا بۆ جاری سێیەم کاری لەسەر شمشێرەکەی کرد ، بەڵام ئەمجارە ١٠٠ ڕۆژ و شەوی خایاند ، ئەمجارەیان شمشێرەکە بەنێو سینگی خێزانەکەیدا دەبات و شمشێرەکە تەواو تۆکمە دەبێت.ئەزۆر ئەهای هەڵسا گشت واکەرەکانی بردە لای باکوور بەهۆی شمشێرەکەیەوە و وێسترۆسی ڕزگارکرد.

لە زنجیرەکەشدا ئەم شمشێرە دوایین جار لەدەستی ستانیس بینرا لەجەنگی وینتەرفێڵ کە مێلیساندرێ پێیوابوو کە ستانیس ئەزۆر ئەهایە ، و دیارنەبوو شمشێرەکە چی بەسەرهات (هەرچەندە لە کتێبەکە ئاماژە بەوەدەدات کە ڕامزی بۆڵتن بردبووی). لەئێستادا دووبارە شمشێرەکە بینراوە لەلای بێریک دۆنداریەن ، هەرچەندە بێریک زۆر دوورە لەوەی کە ئەزۆر ئەهای بێت، لەکتێبەکانیشدا بێریک شمشێرەکەی بۆ زیندووکردنەوەی کەیتلین ستاڕک بەکاردەهێنێت و خۆی دەمرێت .ئەگەریش هەیە لە زنجیرەکەدا بێریک بمرێت و جۆن شمشێرەکەی هەڵگرێتەوە. هەندێک بیردۆزی فانەکان دەڵێن کە ئەزۆر ئەهای ڕەیگار تاڕگێریەن بوو ، کە ئەویش دەمێکە مردووە ، بۆیە بینینەوەی ئەزۆر ئەهای قوڕسە لەزنجیرەکەدا.،هەر لە کتێبەکەشدا بوونی شمشێرەکە بەتەواوی پشتڕاست نەکراوەتەوە و هەندێک دەڵێن لەوانەیە شمشێرەکەی ستانیسیش ڕاست نەبووبێت تەنها ناویان لێنابێت "لایتبرینگەر" و چەندین بیردۆزی تریش , ئێستا با بزانین کاندیدەکان کێن بۆ ئەمە:

١.دەنێریس تاڕگێریەن:
Rebin

بۆچی دەشێ؟
دانی بەهێزترین پاڵێوراوە.لە ئەفسانەکەدا هاتووە ، ئەزۆر ئەهای کەسێک دەبێت کەوا "لەنێو ئاگر و خوێدا لەدایک دەبێتەوە".دانی ئەو کەسەیە لەکۆتایی وەرزی یەکەم لە پرسەکەی کاڵ درۆگۆ لەدایک بوویەوە و ئەژدیهاکانیشی لەدایکبوون.شوێنی ئەسڵی لەدایکبوونیشی لە دراگنستۆن بووە ، کەوا دوورگەیەکی بوڕکانیە و ئاوەکەی خوێییە ، هەندێک پێیانوایە مەبەست لە ئاگر و خوێ ئەوەیە "کە ئەزۆر ئەهای کەسێکی تاڕگێریەن دەبێت" ، جگە لەمانەش دانی بەرگەی ئاگر دەگرێت ، پێویستە ئەوەش بگوترێ کە ئەزۆر ئەهای سەرەتا شمشێرەکەی لەنێو ئاونا و شمشێرەکەی تێکشکا(وەک چۆن دانی کەشتیەکانی لە جەنگەکەی دژی یوڕۆن گرەیجۆی تێکشکان) ، دواتر هەوڵیدا بیباتە نێو سینگی شێرەکە (وەک دانی لە قەڵای ڕەش "کاسڵ بلاک" کە بە وێنای شێر ناسراوە) ، بەڵام کێشەی بیردۆزەکە لەوەیە کە دانی هیچ پەیوەندی بە خاڵی سێیەمی ئەفسانەکە نییە کە دەڵێت شمشێرەکە بەنێو سینگی هاوسەرەکەیدا دەبات.

بۆچی ناشێ؟
مێلیساندرێ لەسەرەتای وەرزی حەوتەم گوتی کە دانی ئەزۆر ئەهای نییە.

٢.جۆن سنۆو:
Rebin

بۆچی دەشێ؟
جۆن یەکێکە لەو کەسانەی کە مێلیساندرێ پێیوایە ئەزۆر ئەهایە کە ئەمەش بەڵگەیەکی بەهێزە ، هەروەها دوای مردنی ، دووبارە لەدایکبوویەوە وەک پاشای باکوور.جەنگاوەرێکی ئازایە و بەنهێنی تاڕگێریەنە ، و هەروەها چەندین جار ڕووبەرووی واکەرەکان بۆتەوە.
تەنانەت لەکتێبەکەدا ، مێلیساندرێ دەڵێت " چەندین جار داوای لە خواوەندی ئاگر "ڕالۆر" کردووە کە ئەزۆر ئەهایم نیشاندا ، بەڵام هەر جۆنم نیشاندەدا".

بۆچی ناشێ؟
لەبەرئەوەی هیچ کام لەسێ مەرجەکەی لەسەر جێبەجێ نابێت .


٣. بێریک دۆندرایەن:
Rebin
بۆچی دەشێ؟
باشە خۆ بینیمان بێریک شمشێرە ئاگرینەکەی لەلایە و هەروەها شەش جار لەدایکبووەتەوە ، وەک خۆشی بە جۆنی گوت "ڕلۆر بۆ کارێک ئەوی بەزیندووی هێشتۆتەوە".

بۆچی ناشێت؟
لەبەرئەوەی هیچ لەگەڵی ناگونجێ بەتایبەت ئەم وەشانەی کەسایەتیەکەی کە لە زنجیرەکەیا ئەیبینین.
هەروەها لە کتێبەکەدا دەمێکە مردووە وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا.

٤.ذە هاوند:
Rebin
بۆچی دەشێ؟
ئەو تووشی ئاگر و دووکەڵ بۆتەوە بە منداڵی ، هەروەها ئاوی خوێی لە جەنگی بلاک واتەر و دووبارە لەدایکبوویەوە کاتێک بڕیانی تارث کوشتی و زیندوو کرایەوە.

بۆچی ناشێت؟
زۆربەی خاڵەکانی لەگەڵ ئەفسانەکە یەکناگرنەوە.

٥.تیڕیۆن لانیستەر:
Rebin
بۆچی دەشێ؟
تیڕیۆن لەجەنگی بلاکواتەر کەوتە نێو ئاو وەک ئاماژەیەک بۆ خوێکە ، و شێرێکی کوشت کە باوکی بوو و خۆشەویستەکەشی کوشت کە شەی بوو ، کەواتە  هەرسێ مەرجی هەیە ، و هەروەها لەگەڵ ئەژدیهاکان زۆر بە هێمنی مامەڵە دەکات کە دەشێ تیریەنیش بەنهێنی تارگێریەن بێت.

بۆچی ناشێت؟
چونکە تیڕیۆن لەدایک نەبۆتەوە و هەروەها جەنگاوەر نییە ، سەرەڕای ئەمانەش پاڵێوراوێکی بەهێزە.

٦.جەیمی لانیستەر:
Rebin هەرچەندە جەیمیش یەکێکە لە پاڵێوراوەکان کاتێ لە ئاوەکە ڕزگاری بوو لەنێو دووکەڵ و ئاگری جەنگەکە ،بەڵام قورسە تارگێڕیەن بێت و هەروەها سێ مەرجەکەی بەلاوازی لەسەر پەیڕەو دەبێت.

٧. هیچ کەسێک ئەزۆر ئەهای نییە:
فانەکانی گۆت هەمیشە بەدوای دۆزینەوەی وەڵامێکن بۆ ئەم پرسیارە و چەندین کاندیدی تر هەن وەک سێر جۆرا مۆڕمۆنت ، بڕان ستارک ، سێر داڤۆس ،ڕەیگار تارگێڕیەن و تەنانەت هۆت پای!
لە کتێبەکاندا مەیستەر ئەیمن ، پێیوابووە کە ڕەیگار تارگێریەن ئەزۆر ئەهای بووە و مێلیساندرێش چەندین کەسی کاندید کردووە ، کەواتە ئەزۆر ئەهایەکی دیاریکراو چەندین جار بەر لە سەردەمی سەرەتای زنجیرەکە گومان لەبوونی کراوە ، بۆیە دەکرێت بڵێین وەک خۆی بەئەفسانەیی دەمێنێتەوە ، کێ دەزانێت ؟ لەوانەیە جۆرج ئاڕ.ئاڕ ماڕتن شتێکی تری بۆمان هەڵگرتبێت و جارێ نیشانی نەدابین.

ئامادەکردنی : ڕێبین کامەران