close-icon

چوونەژوورەوە

خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی ( Gone Girl )

2953 جار بینراوە

كوردسینه‌ما-فیلمی ( Gone Girl ) چوارەم فیلمی تەحقیقاتی دەرھێنەر ( دەیڤد فینچەرە ) لە نێو کۆی کارەکانی ،
فیلمەکانی ( دەیڤد فینچەر ) ھەمیشە چێژ بەخش و بیرۆکەی قول و جوانی تێدایە بە نەکھەی کلاسیکی لەم سەردەمەدا
دەرھێنەرێکی تر نادۆزیتەوە بەئەندازەی ( دەیڤد فینچەر ) لەوانەیە جگە لە ( تارانتینۆ ) کە کارەکانی ھاوشانی کاری ( دەیڤد فینچەر )
بێت لەتەکنیک و دەرخستنی کەسایەتی یە شەڕانگێزەکان و تیشک خستنە سەر دیاردەکان و تەرح کردنی فکرە جیاوازەکان.

فیلمی ( Gone Girl ) چیرۆکێکی سادەی ھەیە بەڵام ھەڵگری گوتاری جوان و شاراوەیە ئەم فیلمە باسی ژنێک بەناوی ( ئیمی )
و پیاوێک بەناوی ( نیک ) دەکات کە ھاوسەری یەکترن بەھۆی ئەوەی دایکی ( نیک ) توشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبێت بڕیار دەدەن
لە نیۆڕکەوە بڕۆن بۆ میزۆری و لە یادی پێنجەمی ھاوسەرگیریاندا ھاوسەرەکەی ( نیک ) دیارنامێنێت بەمەش نیک بەھۆی دەنگۆکانی
میدیاوە گومانی دەکەوێتە سەر کە گوایا دەسی ھەیە لە دیارنەمانی ھاوسەرەکەی .

لەم فیلمە دا ( دەیڤد فینچەر ) بەھۆی پەیامە جوداکان و تەرح کردنی فکرەیەکی جیاوزا و باس کردنی دیاردە کۆمەڵایەتیەکان وای کردووە
بینەر بە تامەزرۆییەوە سەیری ڕوداوەکانی نێو ئەم فیلمە بکات ئەوەی ئاشکرایە لە ھەموو سەردەمەکاند لە پەیوەنی نێوان ژن و پیاودا ھەموکات
ئەوەی باس دەکرێت و ئەوەی دیارە لەبەر چاوی خەڵک پیاو باڵادەستە بەسەر ژندا ئەوەی توندوتیژی بەکار دەھێنێت پیاوە ئەوەی جڵەوی خێزانی
بەدەستە پیاوە ئەوەی لەیاریەکاندا براوەیە پیاوە ئەوەی لایەنە بەھێزەکەیە پیاوە ..ھتد)
بەڵام ( دەیڤد فینچەر ) لەڕێی ئەم فیلمەوە حاڵەتێکی سەیر و نامۆ بۆ بینەر باس دەکات کە بەپێچەوانەی ھەموو ئەو حاڵەتانەیە لەبەر چاومانە
بەوەی ئەم جارە ژنێک دێنێتە نێو کێبڕکێی ململانێی خێزانەوە لە بەرامبەر پیاوەکەی ، ( دەیڤد فینچەر ) دەیەوێت بڵێت ئەگار ھاتو جارێک لە جارەکان
ژنێک بیەوێت بێتە نێو کێبڕکێی یاریەکی لەو جۆرە لەگەڵ پیاوەکەیدا دەشێت چ کارەساتێک بخوڵقێنێت و چۆن بە پلانەکانی چۆک بە بەرانبەرەکەی
دابدات ،لە ڕێی ئەم فیلمەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە لەیاریەکی لەو جۆرەی نێو خێزانێکدا ھەمیشە پیاو سەرکەوتن بەدەس ناھێنێت بەڵکو ھەندێک
جار ژنەکە بەجۆرێک ھەنگاو دەنێت پیاوەکە جگە لەوەی دەتوانێ وەک تەماشاکەرێک بێت ھیچی تری لەدەس نێت ، ئەم فیلمە پەیامێکە بۆ ئەو پیاوانەی توندوتیژی بەکار دێنن ، پێیان دەڵێت چیتر بەر لەوەی خراپەکاری و خیانەت لە ھاوسەرەکەت بکەیت بەر لەوەی توڕەی و ڕقی ژنەکەت ھەڵسێنی جارێکی
تر بیر بکەوە گەر ژنەکەت بێتە نێو ئەو ململانێیەوە ھیچ گرێنتیەک نیە بۆ ئەوەی ھەمیشە تۆ براوە بیت ،

ئەم فیلمە جگە لەم گوتارە سەیر و نامۆیە چەندین گوتاری جودا جودای تر لەخۆ دەگرێ دەتوانرێ ھەر یەک لەو بابەتانە
وەک کورتە چیرۆکێکی بچوک سەیر بکرێت .

(دەیڤد فینچەر ) لە ڕێی ئەم فیلمەوە زۆر شتی تر بۆ بینەر بەیان دەکات لەسەر ژیانی ھاوسەرەکان و کاریگەریە دەرەکیەکان لەسەریان
ئەوەی جێی سەرنجە و بەڕونی ( فینچەر ) دەیەوێت لە ڕێی ئەم فیلمەوە باسی بکات دوو دەستەواژەن یەکێکیان لەژێر ناونیشانی ( ساختەکاری)
ئەوی تر لە ژێر ناونیشانی ( دروست کردنی وەھم ) کە ھەر یەک لە کارەکتەرەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان پەنا بۆ دەستەواژەی ( ساختەکاری )
دەبەن لە کاتی ھاتنە پێشی کێشەیەک نە پیاو و نە ژن ئامادەی ئەوەیان تێدا نیە ڕاستیەکان بڵێن بەڵکو لە ڕێی ھەڵبەستنی چیرۆکێکی درۆی
ساختەکاریدا خۆیان لەبەرپرسیارەتیەکان دەدزنەوە.

ئەم حاڵەتی ساختەکاریە بەڕونی لە زۆربەی پیوەندیە خێزانیەکاندا دەبینرێت لە کاتێکدا کێشەیەک بێتە پێشەوە ھەر یەک لە ژن یان پیاوەکە
بۆ ئەوەی لە بەر چاوی خەڵک ئەستۆ پاکی خۆی بسەلمێنێ ھەڵدەستێت بە دروست کردنی چیرۆکی ساختەکاری وەک بینیمان کە چۆن
( نیک ) و ( ئیمی ) ھەر یەکەو بەجۆرێک پەنا بۆ چیرۆکی سختەکاری دەبەن تەنھا لەبەر بەدەس ھێنانی ئەستۆپاکی لەبەر ڕەئی خەڵک ،
و ( دەیڤد فینچەر ) لەم فیلمە دا وەک پیشەی ھەمیشەی دەرخستنی دیاردە خراپەکانی تری پشت گوێ نەخستوە ئەوەتا لە ڕێی ئەم
فیلمەوە چۆن باسی پارێزەران .. میدیاکان .. پیاوانی پۆلیس دەکات بەوەی ئەمانیش بۆ بەدەس ھێنانی بەرژەوەندیەک چۆن پەنا بۆ
چیرۆکێکی ( ساختەکاری ) دەبەن لە ڕێی دروست کردنی وەھم لەلای خەڵک بە مەبەستی پشاندانی ئەو چیرۆکە بە شێوەیەکی واقعی
وەک بینیمان لە نێو فیلمەکەدا کاتێک پارێزەرەکە چاوی بە نیک دەکەوێت پێش ھەموو شتێک دەڵێت ئێمە دەبێت بۆچونی خەڵک لەسەر
تۆ بگۆڕین ، پێی ناڵی حەقیقەتەکە چیە یان بەڵگەکانم بۆ باس بکە بەڵکو ئەو پارێزەرە لە ڕێی دەستەواژەی ( ساختەکاریەوە ) دەیەوێت
دۆسیەکە لەبەرژەوەندی خۆی یەک لای بکاتەوە و ( فینچەر ) لە ڕێی ئەم فیلمەوە لایەنە سلبیەکانی میدیکان باس دەکات کە چۆن بەدروست
کردنی چیرۆکی وەھمی و درۆ ڕاستیەکان دەشڵەقێنن بەجۆرێک وا لە خەڵک دەکەن نەتوانێ ڕاستی چیرۆکەکەی بۆ بدۆزرێتەوە .

، ئەوەی ( فینچەر ) مەبەستیەتی بیڵێت ئەو ھەمووە ھەواڵە درۆیە یە کە میدیاکاران ھەمیشە لەڕێی شاشەکانەوە بۆ خەڵک بڵاوی دەکەنەوە
تەنھا بۆ بەدەست ھێنانی بینەرێکی زیاتر بەبێ ئەوەی گوێ بەوە بدەن کە دەشێت ئەو ھەواڵە درۆیانە شیرازەی خێزانێک لە ڕەگەوە
ھەڵکێشێت و تێکیی بدات ،لەکاتێکدا ئەو کێشانە بەو ئاندازەیە لە ڕێی میدیاکانەوە گەورە دەبێت و لەنێو خەڵکدا بڵاو دەبێتەوە پیاوانی پۆلیس و
دەزگاکانی ئەمنی ناچار دەبن دەس بگرن بەھەر شتێکەوە ھەرچەند باش بزانن کە ئەو شتە درۆیە ساختەیە چیرۆکێکی وەھمیە گوێی پێ نادەن
گرنگ خەڵک باوڕی پێ یەتی گرن خەڵک ئەو چیرۆکە خەیاڵیەی پێ قبوڵە بۆیە ئامادەن دەس ھەڵگرن لەسەر تەواوی ڕاستیەکان بۆ بەدەس ھێنانی
کەشێکی ئارام ، ئەگەر نا گەڕانەوەی ئیمی دوای کوشتنی خۆشەویستە کۆنەکەی و دروست کردنی چیرۆکێکی ساختەکاری تر بۆ پیاوانی پۆلیس
زۆر گوماناوی و ناڕونە بەڵام بەھۆی میدیاکان و پارێزەر و ھاوسەرەکەی لە گێڕانەوەی ڕاستی چیرۆکەکە ئەوەندە چیرۆکی درۆ و سەختەکاری بەکار
ھاتبوو پیاوانی پۆلیسی زۆر لەوە بێ دەسەڵات تر کردبوو دەرەقەتی ئەوە بێن ڕاستی چیرۆکەکە بدۆزنەوە و بۆ ڕای گشتی بڵاوی بکەنەوە. 

بەگشتی ئەم فیلمە زۆر بەجوانی تیشک دەخاتە سەر ئەو دیاردەنەی لە کاتی ھەبوونی کێشەیەکی خێزانیدا ڕودەدەن ( دەیڤد فینچەر) بەجۆرێک
دەرھێنانی بۆ ئەم فیلمە کردووە جگە لەوەی بینەر تاکو کۆتای توشی بێ تاقەتی نابێت لەسەیر کردنی و دەتوانێت وەک شەش کورتە فیلم
سەیری چیرۆکەکانی نێو ئەم فیلمە بکات لەوانەش چیرۆکی ( یادگاریەکانی ھاوسەرگیری ) و ( کاریگەری میدیا بەسەر خێزانەکانەوە) و
( چیرۆکی ھاوسەرێکی تاوان بار ) و ( چیرۆکی لێکۆڵینەوە لە ڕوداوێک ) و ( چیرۆکی ھاوسەرێک ) و ( بەردەوامی دان بەژیان ) بەگشتی ئەم
فیلمە یەکێکی ترە لە کارە ھەرە سەر کەوتوەکانی ( دەیڤد فینچەر )

نوسه‌ری بابه‌ت محمد حاجی