close-icon

چوونەژوورەوە

پێداچوونەوەی فیلمی "بیر لە کۆتایی هێنان بە شتەکان دەکەمەوە"

842 جار بینراوە

پێداچوونەوە و ڕوونکردنەوەی ڕووداوەکانی فیلمی ناوازەی 
"بیر لە کۆتاییپێهێنان بە شتەکان دەکەمەوە"

نووسینی: ئاراس ڕەشید

 

فیلمێکی درامی و هەستبزوێنە لە دەرهێنانی فیلمساز (چارلی کافمان)

کورتە/ کچێکی گەنج لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا گەشت دەکات بۆ کێڵگە داخراوەکەی باوانی، کە دەگەنە ئەوێ کچەکە دەست بە پرس دەکات دەربارەی هەموو ئەو شتانەی کە دەیزانێت و لێی تێدەگات دەربارەی خۆشەویستەکەی و خودی خۆی و جیهان.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ڕوونکردنەوەی ڕووداوەکانی فیلمەکە
سپۆیل :::

فیلمەکە لە لیستی فیلمەکانی (چارلی کافمان)دایە کەوا مێشکی ناوەوەی مرۆڤ پیشاندەدات، بۆیە دەبینین کە یاری بەمێشک دەکات و چەندین هەڵگەڕانەوە و لادانی تێدایە کە چەندەها پرسیار لەدوای خۆی بەجێدەهێڵێت.

لەدیمەنی سەرەتادا ژنێک یاوەری (جەیک)ی خۆشەویستی دەکات بۆ ئەو ماڵەی بە منداڵی تێیدا ژیاوە بۆ دیداری دایبابی (جەیک)، ژنەکە بیری دیکەی هەبوو دەربارەی پەیوەندییەکەیان، "کە لێرەوە ناوی فیلمەکە هاتووە"، بەڵام بەهەرحاڵ بەردەوام دەبێت لەیاوەریی.
هەر کە گەشتنە ماڵەکە ژنەکە دەست بە گومان لە پەیوەندییەکەیان دەکات.

هەموو ڕووداوەکانی فیلمەکە لە مێشکی ناوەوەی (جەیک) ڕوودەدات، چونکە هەرگیز چاوی بەو کچە نەکەوتووە، تەنها لە ماوەیەکی دیاریکراوی ژیانیدا سەرسامی بووە، بۆیە فیلمەکە ژیانی جەیکمان پیشان دەدات کە هەست بە تەنهایی و پەشیمانی دەکات.

(جەیک) پیره دەرکەوانێکی خوێندنگەی دواناوەندیە، پڕ لە خەم و تەنهایی، بۆیە کاتەکەی لەبیرکردنەوە لە ژیانی لەگەڵ ئەو کچەدا بەسەر دەبات، بۆیە دەبینین ئەندێشەکانی تێکەڵێکە لە نێوان ئێستا و ڕابردوودا، وەکو گازندە لە دایبابی و کچە فەرمانبەرە دۆندرمەفرۆشەکان کە وادیارە هی ساڵانی شەستەکانە هەروەها وێنەی سەگە ڕەش و سپییەکەی کە لە ماڵی دایبابی پیشانی کچەکەی دا

دایبابی (جەیک) گرنگ نەبینران لەسەرەتادا، چونکە جەیک لە سەردەمی جیاوازی ژیانیاندا ئەندێشەیان دەکات هەمووی لەیەک کاتدا، ناوەڕاستی تەمەن، دوو پێگەشتووی تەمەن بچووکتر، پاشان نزیکی کۆتاییی تەمەنیان

باوکی (جەیک) نەخۆش دەردەکەوێت لە ڕووی جەستەیییەوە، دایکیشی لەڕووی هزرییەوه نەخۆشە.
کۆتا دیمەنی دایبابی ئەوکاتەیە کە چیتر ناتوانن خۆیان بەخێوبکەن.

کچەکە خۆشەویستی (جەیک) نییە، بەڵکو کچێکە ساڵانێکی زوو سەرسامی بووە، کە جەیک بە ناوی جیاواز جیاواز ئاماژەی بۆ دەکات، و چیرۆکی یەکتربینینیان دەگۆڕێت، پیشەشیان دەگۆڕێت، تەنانەت منداڵیشیان کەمێک دەگۆڕێت، چونکە لە ڕووی هونەرییەوە بەرهەمی هزری خۆیەتی.
هەروەها لەکۆتاییدا ئاشکراکرا، چەندین ساڵ لەوەوبەر لە مەیخانەیەکدا بینیویەتی، بەڵام هێندە ئازایەتی تیانەبوو هەتاوەکو بیدوێنێت.

جەیک بەداخە چونکە هیچکات قسەی لەگەڵ کچەکەدا نەکردووە، بۆیە ئەندێشەی ئەوە دەکات کە دەکرێت ژیان چۆن بێت لەگەڵیدا.
زۆر بیر لەم کچەدا دەکاتەوە بەڕادەیەک کە ساتەکانی ژیانی ڕۆژانەی کاریگەری لەسەر ئەو چیرۆکە دەکات کە دەیئافرێنێت.
بۆ نموونە، (جەیک) لەپشووی نانخواردندا فیلمێکی کۆمیدی ڕۆمانسی دەبینێت کە ڕۆڵگێڕی سەرەکی ڕۆڵی گەرسۆنێک دەبینێت، بۆیە بڕیار دەدات کە خۆشەویستە ئەندێشەکراوەکەشی گەرسۆنێک بێت.

(جەیک) بەڕادەیەک تەنهایە کە تاکە ڕێگا بۆ دۆزینەوەی کەمێک بەختەوەری ئەندێشەکردنی ئەوەیە کە دەکرا ڕووبدات ئەگەر لەکچێکی جوانکیلەدا بووبا کە لە مەیخانەیەک بینیوویەتی.
ئاشکرایە کە ئەوە یەکێکە لە گەورەترین پەشیمانییەکانی (جەیک)، بۆیە ئەوە بەشێکی جەوهەری جیهانە خەیاڵییەکەیەتی.
(جەیک) لە کۆتادا بووبە پیرەمێردێکی تەنهای پڕ لە حەسرەت. ژیان بەو شێوەیە نەبوو کە ئەو دەیویست