close-icon

چوونەژوورەوە

زنجیرەی مستەر ڕۆبۆت

1062 جار بینراوە

زنجیرەی بەڕێز ڕۆبۆت
لەنێوان فەلسەفەی نیچە و کامۆ دا

نووسینی: محمد الشافعي
وەرگێڕانی: کاردۆس مشیر

بەچاوی سەر و ڕووکەشانە، سەیرکردنی بەڕێز ڕۆبۆت دوور لە ڕەخنەیەکی قووڵ و بەپێز بۆی، بە بێهیوابوونێکی گەورە بەکۆتا دێت کە ئەمەش حەقیقەتی ئەم زنجیرە تەلەفزیۆنیە ئەمریکییە نییە بەهیچ جۆرێک، تەنانەت دەکرێت وات لێبکات دەرهێنەر و بەرهەمهێنەرانی بە ساویلکە ناو بەریت! ئەمەش لە ڕق و کینە زیاتر هیچی تر نییە و ئەم کارە لە زۆر ڕوو و بە قووڵی چەندین بابەتی گرنگ و باش دەخاتە ڕوو.

زنجیرەکە باس لە کوڕێکی هاککەر و بەئەزموون دەکات بەناوی ئیڵیەت، تارمایی باوکە مردووەکەی بە شوێنیەوەیەتی کە لە کۆمپانیای "ئیڤڵ کۆڕپ" کاری کردووە، ئیڵیەت ژیانی لە تاوانبارکردنی کۆمپانیای ئیڤڵ کۆرپ بەسەر دەبات لەوەی بە هۆکاری مردنی باوکی دادەنێت، هەروەها هەڵگیرسانی شۆڕشێکیش تا ئەم کۆمپانیا دیکتاتۆر و زۆردارە لەناوببات، شۆڕشێکی ئەلیکتڕۆنی و بە بەکارهێنانی هاککردن، کە بە شێوەیەکی بێهاوتا و پڕۆفێشناڵانە جێبەجێی دەکات، لێرەوە ناچمە سەر شیکردنەوەی ڕووداوەکانی زنجیرەکە، بەڵکو لە دووری و فەلسەفەکانی دەدوێم
یان بە دەربڕینێکی تر گرێ (نەکراوە) و مێتافیزیکای دەکەمەوە.

زنجیرەکە دابەش دەبێت بۆ دوو بەشی سەرەکی، تێیدا ئیڵیەت دوو کارەکتەر لەخۆیدا هەڵدەگرێت، بەجۆرێک ئەو تووشی شیزۆفرینیک(مرۆڤی جووت سرووشت)ـیەکی زۆر تووند دەبێت، کارەکتەری یەکەمی هیچ گرنگیەک بە بوونی خۆی نادات، بە دەربڕینێکی تر خودانی کەسێتیەکی نیچەیی و ئایدیەڵیە تا ڕادەیەکی زۆر، ئەو لەم کەسێتیەیاندا "نەبووە" و نە لای کەس گرنگە و نە کەسیشی لا گرنگە، هەروەها لە کەسێتی دووهەمینیدا کە لە زنجیرەکەدا دەیبینین (بەڕێز ڕۆبۆت)ـە باوکی ئیڵیەت کە چاکەتێکی لەبەردایە و لەسەری نووسراوە (Mr robot)
ئەویش کەسێتیەکی یاخیە و کۆمەڵەی (ئێف.سۆسایتی) دادەمەزرێنێت لە پێناو شۆڕشەکەی، سرووشتی ڕەتکردنەوە و یاخیبوون و ڕەخنە و قبووڵ نەکردنی کۆمەڵگەی بەسەردا زاڵە هەر وەکو چۆن لە فەلسەفەی نیچەدا هەیە، بەڵام شتانێکی هاوبەش هەن لە نێوان ئەم دوو کەسایەتییەدا، تەنانەت لەنێوان فەلسەفەی نیچە و کامۆشدا، ژیان بێهوودە و بێسوودە و  بە ڕوواڵەت نەبووە، هەرچەندە کامۆ یاخیتر بوو و زیاتر دەوروبەری ڕەتدەکردەوە، بەڵام وێنا و خەیاڵکردنەکەی هەمان شتە.

کۆمەڵگاکان بە گشتی لەو زانستەووتار و تیۆرانە دەترسن کە لێی تێناگەن، هەروەها ترسێکی زۆر و ڕوونیشیان بۆ درووست دەکات، بەڕێز ڕۆبۆتیش یەکێکە لە شتە درک
پێنەکراوەکان، هەرچەندە ڕووکەشانە ئاماژە لە شۆرش و هاوچەشنەکانی دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا زۆر لەمەوە دوورترە، گەر وەکو پێشەکی نیچەیی زنجیرەکە بەکاربهێنین، ئەوا دەبینین (پووچێتی) دەستی بەسەر ئیڵیەتدا گرتووە لە ڕێگەی ئەو تریاکانەی دەیانکێشێت تاکو ئازاری واقع نەچێژێت و واتا و مانای ژیان لای کۆچ بکەن، بەوپەڕی تواناشیەوە لە هەوڵی هەڵهاتندایە لێی، هەروەها هەڵهاتن لە تارمایی باوکی!
فەلسەفەی نیچە لە زۆرێک لە کارەکاندا تێبینی دەکرێت، پێشووتریش لە زنجیرە تەلەفزیۆنی لێکۆڵەری ڕاستەقینە بینیمان بەڵام بەجۆرێک و بە مەفهوومێکی جیاوازتر بۆ نیچە، تێیدا وەحشیگەری مرۆڤی لەخۆ دەگرت.

سەرەڕای ئەو وێرانکاریە خودیەی لە کەسێتی ئیڵیەت دا تووشی بووە بەڵام هێشتا فەزڵی دەکات بەسەر کەسێتی بەڕێز ڕۆبۆت، چونکە نیچەیی بە نسبەت ئەوەوە تێڕوانینێکی ئاشتیانەیە بۆ ژیان، دوور لە توندوتیژی و شۆڕشی کامۆئاسا، وە تاکو تووشی هەڵەتێگەشتنتان نەکەم لێرە، ئەوەیە دەمەوێت خوێندنەوەیەکی جیاوازی نیچە بۆ کارەکتەری ئیڵیەت بکەم کە کورت دەبێتەوە لەسەر پووچێتی و تەنیای و دابڕان، كە ئیڵیەت گورزی خۆی تێدا ناوەشێنێت و نە ئەمە پۆلێن دەکات و نە ئەوەش، چونکە نیچەییەکە لە کۆتایی نیچەدا خۆی دەبینێتەوە، هەروەها ڕوانەریش درک بەمە دەکات چونکە سەرەڕای ئەمەش نیچە مرۆڤ و مرۆڤدۆستە، وەکو چۆن خامۆشی و غەمگینی باڵی بەسەردا دەگرێت کاتێک عارەبانەوانێک لە ئەسپێک دەدات لە گۆڕەپانێکی تۆرینۆی ئیتاڵیا (فیلمی ئەسپی تورینی بێلا تار)ـ


نەبوونی هیچ واتایەک بۆ ژیان لە لای ئیڵیەت و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ئەم واتایە لە ڕێگەی ئەو شۆڕشەی بەرپای دەکات کە دژبەری دوو کەسێتیەکەین، لەسەر شێوەی شۆڕشێکی داستانانە لە نێو ئەم دوو کەسێتیەدا، ئەم شتەی وای کرد وەکو شێت بەرامبەر خەڵک دەربکەوێت، شێتیش لێرەدا شتێکی ڕێژەییە و باو و زاڵێتی (اغلبیة) زۆر جار دیاری دەکات، وە ئەگەر دەستوورە ئاینیەکان وەلا بنێین، ئەوسا ئەم ڕێژەییە دەبێت بە دەستوور، بەمەش شتێک نامێنێت بەناوی ڕاست و هەڵە بەڵکو دەبێت بە (بیروڕای دەستوور)، چونکە شێت لە کۆمەڵگایەکی دیاریکراودا، دەکرێت کەسێکی ژیر بێت لە کۆمەڵگەیەکی تر، بەم جۆرەش ناسنامە لەم ڕاڕەو و داڵانە ڕێژەییەدا ون دەبێت! هەروەها دیاریکردنی ناسنامەیەکی ئەخلاقی دەبێت بە شتێکی ئەستەم و شکستێکی سەخت دەچێژێت.

ئەوەی جێی سەرەنجە لە ئیڵیەت لەدەستدانی جڵەوە بەسەر خودی خۆیدا، گەر میشێل فۆکۆ وەک مێتافۆڕ وەربگرین، کە دەڵێت : من پادشای ئەو شتانەم کە گووتوومن و دەسەڵاتێکی مەزنم بەسەریاندا هەیە.
گەر ئەمەش بەسەر ئیڵیەتدا داببارێنین دەبینین بەزەیی باڵ بەسەرماندا دەکێشێت بەرامبەری، چونکە ئەو ئەو پیاوەیە کەمترین پلەکانی جڵەوکردنیشی بەسەر خۆیدا نەماوە و دەسەڵاتیشی بەسەر هیچ شتێکدا نییە، دوودڵ و ڕاڕایە لەنێو ئەم دوو کەسێتییە، لە ونبوونێکی تەواوەتیدایە، و هەر کاتێک هەستی بکردایە ئەو خاوەن بڕیارە دووبارە دەکەوتەوە گێژاوی ئەم ڕاڕاییە و ئەم هەستەی نەدەما، چونکە لە فەرهەنگی ئەودا جڵەوگرتنە دەست وەهم و خەیاڵە، هەروەها شۆڕشە کامۆییە یاخییەکەی نابێت ون بێت بە دەرکەوتنی کەسێتی ئیڵیەت و ستەمکردنی بەسەر بەڕێز ڕۆبۆتدا.

پرسیارەکە لێرەدا ئەمەیە، ئایا ئەمە ڕێگەیەکی سەرکەوتووانەیە بۆ وەستانەوە لە دژی ئەم دیکتاتۆریەتیە؟ یان بە واتایەکی تر،
ئایا ئەمە ئازادبوون لەم هەژموونی کاپیتاڵیزمە فەراهەم دەکات؟ هەروەها ئایا سام ئیمساعیلی دەرهێنەر و خاوەن بەرهەم وێناکردنێکی پایەدار و بەنرخی وێنا کردووە؟
پێموابێت وەڵامەکە وەکو هەویرێکە ئاو زۆر بکێشێت، وە بە جۆرێکیش وەڵامی جۆربەجۆری دەبێت، بێگومان بەهیچ جۆرێکیش ئەم ئایدۆلۆژیایە لە دەربڕینی ڕقلێبوون لەم واقیعە ناپەسەندە ڕەتناکەمەوە.

ئەمە بەرگەگرتنی شتێکە لە حەقیقەت لە چەندین بابەتدا، بەڵام کێشەکە لێرەدا لە دەرەنجامدایە، چونکە ئەوەی تێبینی دەکەیت لە وەرزی سێهەمی زنجیرەکە ئەوەیە شۆڕش بەردەوام دەبێت لەسەر ڕێبازی خۆی لەسەر حسێبی لاشەی کەسانی بێتاوان، بە بیانووی ڕووخاندنی گرنگترین باڵەخانەکانی کۆمپانیای ئیڤڵ کۆڕپ، بەمەش دەبێت بە شۆڕێک ڕۆحی مرۆڤی بە خەیاڵدا نایەت، وەکو چۆن لە ڕێبازی مێکیاڤیلی گەورە فەیلەسووفی ئیتاڵیدا هەیە کە دەڵێت: ئامانج پاساوهێنەری هۆ و وەسیلەیە
بە واتای هەر کە ئامانجێکت هەبوو ڕاستەوخۆ دەکەوێتە پاساو و بیانوو هێنانەوە بۆ هۆکاری گەشتن بە ئامانجەکە. ئەمەش ئەو شتەیە بە تەواوی ڕەتی دەکەینەوە، چونکە یاخیبوون دژی ستەمکار و گووتنی "نەخێر" بەڕوویدا جا هەر ستەمکار و زۆردارێک بێت، واتای ئەوە ناگەیەنێت زیانە لاوەکیەکانی وەلا بنێین و بیدەن بە ڕۆحی مرۆڤە بێتاوانەکان، ئەوانەی هیچ پەیوەندیەکیان بەو شتەوە نییە کە ڕوودەدات.

ئەگەر دەرهێنەر وێنەی ئەمەی نیشاندابێتین کە ئیڵیەت کردنی ئەم کارە ڕەتدەکاتەوە، بەڵام ئەوەی پێیگەیشتم لەم زنجیرەیەدا ئەوەیە سام ئیسماعیل دەیەوێت پێچەوانەی ئەمە بە ئێمە بگەیەنێت، بەوەی تاکە ڕێگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم ستەم و زۆرداریە، قوربانیدانە،، یاخود وەکو چۆن دەڵێن "لە پێناو باشتر لە باش".
هەروەها ئەوەی جێی سەرنجە لەم بابەتەدا ئەوەیە ئەم شۆڕشە دارێکی بێبەر بوو، دوژمنیش بەڕووی هەوای خۆیدا جووڵاندی!

یاری بە ئیڵیەت کرا، خاڵی لاوازیان قۆستەوە، وە دڵنیاییان دا لەوەی ئیڵیەت سەردار و بە دەسەڵاتی بارودۆخەکەیە، وە یاخیبووێکی شۆڕشگێر پیاوێکی خواستراوە، هەروەها پڕاوپڕیش لە ڕەتکردنەوە و بێهوودەیی، هەروەها تێربوو بە پووچێتی کامۆیی، بەڵام ئیڵیەتی نیچەیی -بەپێی شیکاری من بۆی- هیچ شوێنێکی نییە لێرە و بزماری ژیانەوەی ئەم شۆڕشە دادەکووتێت. پێموابێت ئەمە دەرەنجامێکی ئاساییە چونکە گەر ویستت لەسەر گەشتن بێت بە ئامانجەکەت بەهەر هۆکار و وەسیلەیەکی بەردەست، ئەوسا لە ڕێگەتدا تووشی کەسانێک دەبیتەوە کە ڕێگەت لێدەگرن و دەبنە بەربەست بۆت، یان کەسانێک دەتقۆزنەوە و بەکارت دەهێنن، وە بێگومان ئەوەی باوە سەرکەوتنە سەر کەشتیەکە و خۆدانە دەست شەپۆلەکەیە یان وەکو کوردەواری خۆمان دەڵێت :لەگەڵ عامێ بەرەو شامێ!".

فەلسەفەی نیچە لە گەلێک بەرهەم و کاردا تێبینی دەکرێت، لە پێش بەڕێز ڕۆبۆتیش، لە زنجیرەی لێکۆڵەڕی ڕاستەقینە بینیوومانە بەڵام بە تێگەیشتن و مەفهوومێکی دیکە بۆ نیچە، کە وەحشیگەری مرۆڤ لەخۆ دەگرێت، هەروەها بابەتگەلی کات و خستنەڕووی وەکو بازنەیەکی تەخت، یاخود هەروەکو چۆن وەسف دەکرێت بە "داری هەتاهەتایی نیچەیی".

ئەوەی بەڕێز ڕۆبۆت جیادەکاتەوە کۆکردنەوەی دوو ڕێبازی فەلسەفەیە لە چوارچێوەیەکدا، هەروەها لە کەسێتیەکیشدا، ئەمە لەگەڵ زیاتر جەخت کردنەسەر کامۆ وەک لە نیچە، هەروەها سەرت نەسوڕمێنێت گەر تێگەیشتنێکی جیاواز بەدی بکەیت بۆ نیچە چونکە زۆر لەخۆ دەگرێت و ئەقڵ و سەرەکان لەنێویدا وون دەبن و فەلسەفەیەکی ئاسان نیە بۆ تێگەیشتن، خۆ دەکرێت ئەوەی من لێرە شیمکردەوە کەسێکی تر بێت و کت و مت پێچەوانە باسی کات!

هەمیشە کێشەی کاپیتاڵیزم و سەرمایەداری و سیستەمی ژیان کە بەسەر کۆمەڵگەکاندا سەپێندراوە بابەتی ڕەخنە و شیکاری و ڕۆتێچوونی زۆرێک لە بیریاران بووە، بەڵام هیچ چارەسەرێکی کاریگەریان بۆی نەبووە، هەروەها شیکاریەکان بۆ ئەم باسە کورت بوونە لە وەسفکردنی و خستنەڕووی لاوازیەکانی، بە ڕێگای سام ئیسماعیلی بەهرەمەند و خودانی ئەم کارە، و لە خاڵێکی دیاریکراودا ئیلهام بە بینەر دەدات بەوەی چارەسەر لەڕێگەی شۆڕشی جەردەیی دەبێت کە وردە وردە دەبن بە ناو لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، هەروەها من لە خوازیارانی یاخیبوونی کامۆییانە و شۆڕشەکەیم، بەڵام شکستپێهێنانی کارەکە لە وێناکردنی زیانەکان بوو کە هەردەبوو وابێت!

وە شکستپێهێنانی شۆڕشەکەش لەوەوە دەستی پێکرد کە ئیڵیەت درکی بەوە کرد بووکەڵەیەکە و بەدەستی کەسێکی ترە، ئەوەی کردووتی بە ویستی کەسێکی تر بووە، وە لەنێو ئەو وەهمە دەژیت کە دەڵێت ئەو تاکە ڕابەری ئەم شۆڕشەیە، لە کۆتاییدا دەڵێم: شۆڕش دەبێت هاوشان بێت لەگەڵ ڕەوشت و ئەخلاق، نەوەکو پووچێتیەک و سادیگەراییەک کە گرنگی بەهیچ شتێک نەدات، وە بەتەواوی ئەوە ڕەتدەکەمەوە کە دەڵێت شۆڕش تەڕ و وشک بەیەکەوە دەسووتێنێت، ئەمەش یەکێکە لە زیانەکانی، چونکە شۆڕشی تەندرووست و بە حەق شۆڕشێکە لە ناخیدا هەڵگری واتایە بۆ ژیان بەڕووی هەر زۆردارێکی ستەمکار، کاریگەری بەرژەوەندیەکانی بەسەر گەلاندا، هەروەها لاوازیانی قۆستووتەوە تا ئەوپەڕی.