close-icon

چوونەژوورەوە

ژان لوک گۆدار

639 جار بینراوە

ژان لوک گۆدار و سینەمای پۆستمۆدێرنە

نووسینی: امیر العمري
وەرگێڕانی: کاردۆس مشیر


بەڕای زۆرێک لە ڕەخنەگرانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، فیلمسازی سویسری-فەڕەنسی ژان لوک گۆدار نموونەیەکی ڕوونی سینەمای پۆستمۆدێرنەیە.

ئەوان لەم گوفتارەیاندا پشت بە فیلمە- نوێیەکان بە ڕووکەشێکی تایبەت- دەبەستن کە بە ڕێژەیەکی زۆر پشت دەبەستێتە سەر زیادەڕەوییکردن لە بەکارهێنانی پێکدادان و بەیەکداچوونی وێنەی سینەمایی کە زۆرینەی جار یان دژیەک و ناسازن یاخود نەشاز،
هەروەها یاریکردن لە بەکارهێنانی دەنگ و بڕینی دیمەن"کەت"ە خێراکانی لە کاتی مۆنتاژ کە وا لە بینەر دەکات لە وێنەیەکەوە بچێتە سەر وێنەیەک کە هیچ پەیوەست نین بە یەکترەوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بیناییانە.

هەروەها گۆدار جاروبار مەیل بە بینەرانی دەدات بەلای فیلمە کۆنەکان، بەجۆرێک دیمەنی فیلمە ئەمریکییەکان وەردەگرێت بەشێوەیەکی تایبەت، لەو فیلمە نەتەوەییانەی هۆڵیود لە سەردەمی ڕابوردوو و زێڕینی بەرهەمی دەهێنا و بەدیاریکراوی ئەو فیلمانەی
بە "بی فیلم یاخود ب مۆڤیس" ناسرابوون کە تێچوویەکی کەمیان دەویست.
ئەو ڕەخنەگرانەش پشت بەو گرنگیپێدانەی گۆدار دەبەستن لە نووسینەکانیدا لە - ئەو کاتەی کاری ڕەخنەگری دەکرد پێش سەرهەڵدانی شەپۆلی نوێ فەڕەنسی لە شەستەکانی ڕابوردوو لە فەڕەنسا- سینەمای نەتەوەیی ئەمریکی.

هەروەها زۆرێک لە ڕەخنەگران وای دەبینن کە گۆدار هەر لەسەرەتای کاری فیلمسازیدا مەیلی بەلای سینەمای پۆستمۆدێرنەدا هەبووە، بە تایبەتی لە فیلمەکانی "چینیەکە" و "ژن ژنە" و "بانکی بیانیەکان"، دوا بە دوای ئەوەش پلە بە پلە بینین و ڕوئیای بۆ پۆستمۆدێرنە فراوان بووە و تا دەگات بە لوتکە تێیدا ئەویش لە دوو نوێترین فیلمیدا "ماڵئاوایی بۆ زمان" و "فیلمی سۆشیالیزم".

 یاخیبوون بەسەر مۆدێرنەدا

سەرەتا دەبێت بڵێم پۆستمۆدێرنە واتای ڕەتکردنەوەی تەواوەتی مۆدێرنە ناگەیەنێت و دژی ئەویش نییە، بەڵکو مەیلی پۆستمۆدێرنە فراوانکردنی بینیایی و ڕوئیای مۆدێرنەیە، لەهەمان کاتدا یاخیبوونێکیش بەسەر شێواز و بیرۆکەکانیدا، تایبەتتر لەو چاوتێبڕینە دڵنیایی و عەقڵانیەدا کە لە واقیع ڕوودەدات، یاخود ئەو ئەو سەرەنجە ڕەخنەئامێزە دژ بە واقیع کە لەگەڵ لایەنی سیاسی بە پێویست دادەنرێت.
وە ئەگەر ئەم شتە بەم جۆرە بێت، چۆن دەکرێت گۆدار -کە بە یەکێک لەو سینەماکارانە دادەنرێت ڕەخنەی لە واقعی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕۆژئاوا گرتووە هەر لەو کاتەوەی دەستی بەکاری دەرهێنان کردووە لە پەنجاکانی سەدەی پێشوو- دەرهێنەرێک بێت هیچ نرخ و بەهایەک بۆ ڕەخنەی سیاسی دانەنێت، ئەو هەر خۆی لە فیلمەکانی گرنگیەکی گەورەی بە دۆسیەی فەلەستین داوە و ڕەخنەی لە ئیسڕائیل گرتووە، وە بەشێکیشی لە  فیلمی "فیلمی سۆشیاڵیزم" تەرخان کردووە بۆ هەڵگرتنی ئەو تاوانەی پێی دەگووترێت "هۆڵۆکۆست"ـی جوولەکەکان لە ئۆباڵی دەوڵەتە خۆرئاواییە داگیرکارەکان، دواتر دێت و ئەمەش دەچوێنێت بە هۆڵۆکۆستی فەلەستینی!

هەروەها لە گرنگترین ڕەگەزەکانی پۆستمۆدێرنە "مردنی بەرهەمهێنەرە"، واتا خاوەنکار خۆی بە دوور دەگرێت لە کارەکەی و جێی دەهێڵێت بۆ بینەر تاکو ڕای خۆیانی لەسەر بڵێن بەبێ ئەوەی ئەو هیچ شتێک بڵێت، یاخود بەبێ ئەوەی کارە هونەریەکەی هیچ پاڵنەر و مۆرکێکی هەست و سۆزەکی تایبەت بەخۆی پێوە بێت.
 سەرەڕای ئەوەی ئەم بیرۆکەیە لە کێشکردنێکی تیۆریەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام ئایا گۆدار -دەرهێنەرە بەرهەمهێن و بیریارەکە- ئامادە نابێت لە بوار و چوارچێوەی فیلمەکانی، یاخود لە ڕاستیدا ئەو ئاماژە لە بیر و هزرە ڕەخنەئامێز و گاڵتەئامێزە تووندەکانی دەکات بە بەکارهێنانی ئامرازە مۆدێرنەکانی سینەما لە نێویاندا وێنە و هەمەجۆری شاشەکان و دیمەنی فیلمە کلاسیکیەکان، وەکو بە نموونە دەبینین لە فیلمێکی نوێیدا "ماڵئاوا زمان"، بە تایبەتی و بەو بۆنەیەوە گۆدار بە پەرۆش و بەخولیا بووە بۆ بیرۆکەی پەککەوتن و چووستی زمان و قووڵی زمان لەگەڵ ئاڵۆزبوونی جیهانی مۆدێرنی سەردەم هەر لە فیلمی "ژن ژنە ١٩٦٠"ـەوە ؟

تێکەڵکردنی شێوازە هەمەچەشنەکان هەمیشە یەکێک بووە لە پایەکانی سینەمای پۆستمۆدێرنە وەکو چۆن لە فیلمەکانی فیلمسازی ئەمریکی "کوینتن تارانتینۆ" دەیبینین بە نموونە، بە جۆرێک جۆرە گواستنەوە و ڕۆشتنێک دەبینین لە فیلمە خۆرئاوایی و جەنگی و کۆمێدیەکانەوە بە ڕێگەی "بەستەر کیتن" و "میڵ بڕۆکس"، ئەمەش لەگەڵ کاریگەر بوون بە فیلمە کلاسیکیە دیارەکان وەکو " سەردەمانێک لە خۆرئاوا" و " "چنگێکی پڕ دۆلار" و "دەستەی قێزەوون".

کەواتە دەپرسین ئایا گۆدار گرنگی بەم تەکنیکەی سینەما
"بڕین و لکاندنی لەم چەشنە" دەدات تاکو فیلمەکانی نزیکبخاتەوە لە خەڵک و کۆمەڵگا وەکو چۆن پۆستمۆدێرنیزمەکان دەیکەن، یاخود سەرەڕای ئەوەش  فیلمەکانی هێشتا بە نوخبەیەک دادەنرێن کە پاڵەوانێتی و لێهاتوویی بەرهەمهێنەکەی نیشان دەدات و ئاماژە لە هزری ئەو دەکات؟

دژواری فیلمەکانی گۆدار

بەلای زۆرێک لە ڕەخنەگرانی خۆرئاواش فیلمەکانی گۆدار لە قورسترین فیلمەکانن بۆ تێگەشتن لێیان و هەرسکردنی ڕووداوەکانیان لەلایەن بینەرەوە، ئەمەش بەپێی ئەو گواستنەوە لەناکاو و تیژ و ماندووکەرانەی لە فیلمەکانیدا بەدی دەکرێت، بەتایبەتی شریتی دەنگ لە تایبەتمەندی خۆیەوە درووست دەبێت و دادەڕێژرێت جودا لە شریتی وێنەکان، ئەمەش خوازەی ئاگاهیەکی زۆر دەکات لە بینەر تا پەیامی بیرۆکەکەی پێ بگات لە ڕێگەی دووبارە داڕژاندنی پەیوەندیەک لە نێوان وێنە و دەنگ، ئەمەش کارێکی ئاسان نییە بەهۆی بەدواییەکداهاتنی خێرای وێنە و دەنگەکان.
گۆدار لە فیلمەکانیدا بیرۆکەی "نیگارکردنی سێکس و مانەوە تێیدا" بەکارناهێنێت کە بە پایەیەکی تایبەتی فیلمە پۆستمۆدێرنیزمیەکان دادەنرێت.

دەتوانین سەرنجی ئەم شتەش بە ڕوونی بدەین لە فیلمێکی ئیسڕائیلی بەناوبانگ "سەردانیکردنی باندێکی میوزیکی" کە هەوڵیدەدا وێنەیەکی پۆستمۆدێرنانە بخاتە ڕوو لە پەیوەندی نێوان میسڕییەکان(لە سەردەمی دوای جەنگ) و ئیسڕائیلییە ئیهمال و قەبڵێنراوەکان لە ڕێگەی وێنەگرتنی پەیوەندیەکی هەستەکی ڕاستەوخۆ، هەروەها بەکارهێنانی ژمارەگەلێک لە هێما و خوازەکان، ئەمە لەگەڵ ڕەگەزێکی تری گرنگ لە سینەمای پۆستمۆدێرنەدا ئەویش ڕەگەزی "گاڵتەکردن بە مێژوو"، وەکو ئەوەی چارەنووسێکی دڕندە بێت و پێویست بکات پێی پێبکەنین و ڕەتی بکەینەوە و لە گرنگی کەم بکەینەوە.

دووبارە دەپرسینەوە، ئایا گۆدار گاڵتە بە مێژوو دەکات، یاخود لە فیلمە نوێیەکانیدا لەبەردەم جیاوازی و ڕووداوە تووندوتیژەکانیدا دەوەستێتەوە، تاوەکو ئەو ستەم و ڕەگەزپەرەستی و نامرۆیی و قۆستنەوەی مرۆڤ و جۆرەکانی لەکارخستن بداتەوە بەڕووی ئەو گۆمەڵگا خۆرئاواییانەی کە تێرنابن..
هەموو ئەمانەش شتانێکن مرۆڤ درووستیکردوون و دایمەزراندوون و وەکو گریمانەیەک نەیسەپاندووە؟

گۆدار لە چیرۆکبێژیدا شێوازی جۆربەجۆر بەکاردێنێت کە ناگونجێن لەگەڵ شێوازە تەقلیدیە باوەکان وەکو لەو ڕۆمانانەی بە ڕێڕەوێکی دیاریکرداو و پێشبینیکراو و پێشوەختە دیاریکراو دا دەڕۆن، یاخود بەپێی ئەو وەسفە باوە "لۆژیکیە" لەسەر شاشە، بەڵکو داهێنان دەکات لە شێوەکانی چێرۆکبێژی گەر بەدرێژایی فیلمەکەش بەیەک جۆرەوە پەیوەست بێت، ئەوا نە تێکدەشکێت و نە لەناو دەچێت، بەڵکو داهێنان دەکات لە چوارچێوەی پاراستنی بیرۆکەی چیرۆک و چیرۆکبێژیەکە خۆی.
لە کۆتاییدا و بەبێ دوودڵی دەتوانین بڵێین گۆدار یەکێکە لە مەزنترین سینەماکارە "ئەزموونکار-تاقیکار-تەجریبی"ـەکانی سەردەمی ئێمە، واتا ئەو تاقیکردنەوە دەکات لە شکڵ و شێوەدا، بەڵام بەبێ ئەوەی دەست هەڵبگرێت لە ناوەڕۆک و مەفهوومی فیلمەکانی بەهیچ شێوەیەک.
ئەو داڕشتنێکی نوێ دەداتەوە بە ناوەڕۆک کە پشت دەبەستێت بە ڕەتکردنەوەی زمانی باو کە وردە وردە و پێکهاتەییانە ناتوانێت وێنەیەکی حەقیقی ڕاستگۆ بەبەر ڕووداوەکان دا بکات، بەجۆرێکی تر و واتا ئەوەی لای گۆدار گرنگە واقیعە: واقیعی مێژووی مرۆیی، واقیعی سینەما. ئەویش بەم واتایە، سینەما بە سینەما دەگۆڕێت، دوای ئەوەی شکستی هێنا واقیع بە سیاسەت بگۆڕێت!.