close-icon

چوونەژوورەوە

وتەی شانۆکار (دێرین حامید) دەربارەی فیلمی ٠٩

2239 جار بینراوە

09 وەک سەرەتای سەردەمێکی نوێ
     باوەڕی تەواوم بەو تیۆرە کۆمەڵناسیانە هەیە کە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە هەر بەرهەمێکی هونەری وابەستە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە سەردەم و شوێن و سەرجەم کایە سیاسی و هونەری و کۆمەڵایەتی و ئابوریانە هەیە کە تێیدا ئەو بەرهەمە دێتە بوون، هەریەک لە لوسین گوڵدمان و پیر بۆردیۆ لە کۆمەڵناسی ئەدەبی و هونەریدا زۆر بە چڕی کاریان لە سەر ئەم بابەتە کردووە، لە فەلسەفەی زمان و ڕەخنەی هونەری و ئەدەبدا کەسانی وەک کریستۆفا و باختینیش لەنێو بەرهەمی ئەدەبی و هونەریدا جەخت لەسەر هەمان مەسەلە دەکەنەوە.
     ئەمەوێ بڵێم لە نێو چوار چێوەی ئەو تێزانەدا من سەیری فیلمی سفر نۆ دەکەم لە نێو کۆمەڵگەی کوردی، بە تەواوی ئەو ژێرخان و سەرخانانەی بۆ بەرهەم هێنانی بەرهەمێکی هونەری هەیە، لە نێویشیاندا بەرهەم هێنانی فیلمی سینەمایی. مێژووی هونەری فیلمسازی لای ئێمە مێژوویەکی پڕ بەرهەمە لە ئاستی فێستیڤاڵەکانی دنیادا، ئەم مێژووە بە یڵماز گونەی دەست پێدەکات بە قوبادی دەگاتە لوتکەی خۆی. ئێمە وەک فیلمی کوردی هیچ کێشەیەکی مێژوویمان نییە خاوەن زۆربەی هەرە زۆری خەڵاتە گرنگەکانی فێستیڤاڵەکانی دنیاین. ئەوەی تا ئێستا کێشە بووە لە نێو فیلمسازی کوردیدا کێشەی فیلمە بۆ نێو هۆڵەکانی سینەما، ئێمە توانیومانە سەرنجی ڕەخنەگرەکانی سینەمای دنیا بۆ خۆمان ڕاکێشین وا لە لیژنەکانی فێستیڤاڵەکانی دنیا بکەین خەڵاتمان پێشکەش بکات، بەڵام نەمانتوانیوە فیلم وەک پێویست بۆ هۆڵەکانی سینەما بەرهەمبهێنین. هەر بۆیە کاتێک لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکان لە خراپترین کوالێتیدا فیلم دروست دەکرێت بۆ سەر شاشەی سینەماکان بینەران بە تامەزرۆییەوە ڕووی لێدەکەن. ئەم تامەزرۆییە فرسەتێکی زێڕین بوو لە بەردەم فیلمسازاندا هەتا وەکو بتوانن پاشخانێکی هونەری لە ڕێگەی ئەزمونکردنەوە بۆ خۆیان دروست بکەن و ژمارەی بینەران زۆر لەوەی زیاتر کە هەبوو زیاد بکەن.
     پاش چەندین ساڵ پاش دابڕانێکی زۆر فیلمی سفر نۆ بە کوالێتیەکی زۆر بەرز و جیاوازتر لە هەموو ئەو فیلمانەی کە دروست کرابوون بۆ هۆڵەکانی سینەما لە نمایشدایە. ئەم فیلمە خاڵی وەرچەرخانە بۆ بەدەست هێنانی ڕەزامەندی بینەرانی فیلم لە هەرێم کە بە ئاسانی دەستیان بە هەموو فیلمەکانی دونیا دەگات.
     ئەم فیلمە وەک چۆن بۆ بینەران سەرەتایەکی دڵخۆشە و هەنگاوێکی گەورەیە ئاوا بەو جۆرەش لە هەناوی خۆیدا هەڵگری چەندین مژدەی گەورەیە، لە دروست بوونی کۆمپانیا و ستافی وەبەرهەمهێنەری نوێ لە نێو دنیای فیلمسازیدا.
     ئەم فیلمه مژدەی دروست بوونی دەرهێنەری فیلمە کە دەتوانێت پاش چەند ئەزمونێک کاری زۆر گەورەتر و بەچێژتر بکات. لەپاڵ ئەوەشدا دەرخەری وزە و هێزی نوێیە لە نێو فیلمی کوردیدا، لەم فیلمە ئێمە ڕووبەڕوی دوو نەوەی نواندنین لە مێژوی هونەریماندا، نەوەی یەکەم هەریە لە (شوان عەتوف و ماهیر حەسەن و سیروان جەمال)ە، ئەمانە بۆ ئێمە مێژویەکی پرشنگدارن کە چەندین ساڵە چێژ لە نواندنەکانیان دەبینین. بەڵام لە ئاستی ئەماندا ڕووبەڕووی نەوەی دووەمین کە هەر یەک لە (بێساران جاسم و چریکە عەبە ڕەش و ژاڵە)ن، بۆ من دەرکەوتنی ئەم نەوەیە جێگەی پێزانین و مژدەیەکی گەورەیە، کە ئێمە خاوەن نەوەیەکین لەگەڵ ئەوەی ئەزمونێکی کەمیان هەیە لە نواندندا بەڵام خاوەن تواناو هێزێکی گەورەن وەک ئەکتەر و دەتوانن مێژویەکی نوێ بخوقێنن.

     من وەک دەرهێنەر لە شانۆدا بەر هەریەک لە ئەکتەران (بێساران و چریکە) کەوتووم و کارم لەگەڵ کردوون و شایەتی ئەو وزە پڕ لە داهێنانەم کە لەم ئەکتەرانەدا لە شانۆ هەیانە، خۆشبەختانە ئەوان ئەم هێزە گەورەیەی شانۆیان هێناوەتە بەردەم کامێرا و بە نواندنیان سەرسامییەکی گەورەیان بۆ بینەرانیان دروست کردووە، ئەم نەوەیە لە بوونیاندا هەست بەو ئاگاییە زۆرە دەکەیت کە بەرامبەر بە ساتەوەخت و کارەکتەر و دیالۆگ و کەشی ساتەوەخت هەیانە.
     لە سینەماتۆگرافی و موزیک و مۆنتاژشیدا هەمان هێز و مژدەی دەرکەوتنی نوێ دەبینین.