close-icon

چوونەژوورەوە

وتەی هونەرمەند (حەمید بانەیی) دەربارەی فیلمی ٠٩

952 جار بینراوە

     بڵێێ ئێمە میللەتێک بین توانای ئەوەمان هەبێت بگۆڕێین یان پێش بکەوین و تۆزێک دوور بکەوینەوە لە شانازیکردن بە دەسەڵاتداران و پیاوکوژان و سەرمایەدارەکان و ڕووی خۆشەویستیمان بکەینە داهێنەران و خەڵکە بەهرەمەند و دانا و خاوەن تواناکانی خۆمان و کاتێک کەسێکمان کارێک دەکات بتوانین هەر وەک چۆن ڕەخنە لە لایەنە لاوازەکانی دەگرین چاوێکمان لە لایەنە جوانەکەشی بێت.
     لە قۆناغێکی پێشوی مرۆڤایەتیدا قوتابخانەیەکی ڕەخنەیی هەبوو کە دەیگوت: دەبێ داهێنەر وەک کەسێتی لە ئاستی کارەکەی خۆیدا بێت و ئێستا لە جیهاندا ئەو قوتابخانەیە پوکاوەتەوە و قوتابخانەیەکی تر هاتوەتە ئاراوە کە دەڵێت: کارمان بەوەوە نیە ئەو کەسەی کارێک دەکات کێیە و چیە؟ گرنگ ئەوەیە بزانین کارەکەی چەند جوانە و چەند خزمەت بە عەقڵ و هۆشی ئێمە دەکات و چەند بەرەو پێشەوەمان دەبات؟ ئێستا دەمەوێت بچمە سەر ئەسڵی مەسەلەکە.
     کۆمەڵێک مرۆڤی بەهرەمەند و لێهاتوی کوڕی ئەم خاک و ئاوە لە هەوڵێکی زۆر ناوازەدا و دوای ماندوو بونێکی بێ هاوتا توانیان فلیمێکی کوردی بە ناسنامەیەکی باشوری کوردستانەوە بەرهەم بهێنن و توانیان هەروەک پاڵەوانێک بڵێن ئێمەش دەتوانین ببینە سەرەتایەکی جوان بۆ دروستکردنی سینەمایەک بۆ ئەم هەرێمە کڵۆڵە، کەچی سەیر لەوەدا بوو کاردانەوەیەکی زۆر نامۆ ڕوویدا کە هەرگیز لە مرۆڤ ناوەشیتەوە بەرامبەر ئەم فلیمە هەرچی عەقڵی بۆگەن و سەلەفی و بەداخەوە هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و کەناڵە پوچەڵەکان سەگ ئاسا کەوتنە حەپاندن و ڕشانەوە بەرامبەر فلیمەکە بێ ئەوەی فلیمەکەیان بینیبێت و تەنها لەبەر ئەوەی کچێک حەزیکردوە بێتە یەکەمین نمایشی فلیمەکە بە جلوبەرگێکی نیمچە ڕوتەوە کە ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە فلیمەکەوە نیە و کار گەیشتە ئەوەی جنێوی ناشیرین بە هەموو ئەو هونەرمەندانەش بدرێ کە ئامادەی نمایشی فلیمەکە بوون و گاڵتە بە هەست و نەستی ئامادەبوان بکەن و گاڵتە بە فرمێسکی خۆشیی ئامادەبوان بکەن، من لەوێ بوم و دیفاع لە هیچ کەس و حیزب و لایەنێک ناکەم و بەڵام هەڤاڵ ئەبو بەکری پارێزگاری سلێمانی کە من هیچ پەیوەندیەکم نیە بە پلەوپایە و مەنصەبەکەیەوە بەڕاستی گریا و ئەو فرمێسکانەشی ڕێز و جوانی بوو بۆ کارەکە.
     پێدەچێت ئێمە میللەتێک بین هەر حەزمان بە دیمەنی خوێن و پیاوکوژ و سەلەفی و بۆگەنەکان خۆش بێت و ڕێ لە هەموو کەسێک بگرین پڕ بە دڵی خۆی گۆرانی بڵێت یان داوای ئاشتی و ئارامی بکات و یان فرمێسک و گریان بۆ خەمێک بێت یان خۆشیەک لامان ناشیرین و گاڵتەجاڕ بێت و ڕقمان لە هەموو هونەر و جوانیەک بێت.
     کۆماری ئیسلامی ئێران کە بووەتە کۆماری پەت و سێدارە بەو هەموو عەمامەو شیعەگەراییەوە نەیتوانیوە ڕێگە لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و ئەدیبانی ئەو وڵاتە بگرێت داهێنانی خۆیان بکەن و ئێستا هەزاران بیرمەند و هونەرمەندی گەورە و بەتوانایان تیا هەڵکەوتوە لە ئاستێکی جیهانیدا، کە هیچیان بە دڵی سیستەمی سیاسی ئێران نین و بەڵام چونکە خاوەنی عەقڵ و شارستانییەکی دێرین و یاخین هیچ دەسەڵاتێک نەیتوانیوە ڕێگەی داهێنانیان لێ بگرێت. با ئێمەش ڕێز لە نوێگەری و کاری جوان بگرین و ڕۆحێکی یاخی ببەخشین بە خاک و وڵاتەکەمان و بزانین وڵات عەقڵە داهێنەرەکانی تیا جێدەمێنێت نەک حکومەت و دەسەڵات.
     هیوادرم ئەوانەی ئەو هەموو ناهەقیەیان دەرهەق بەو فلیمە کرد بچن فلیمەکە ببینن و پاشان چی دەڵێن بیڵێن؟