close-icon

چوونەژوورەوە

وتەی نوسەر (توانا ئەمین) دەربارەی فیلمی ٠٩

1513 جار بینراوە

فیلمی (٠٩)م چۆن بینی..؟
     توانایەکی تەکنیکی بەرز لە سینەماتۆگرافی، لایتین، هەڵبژاردنی لۆکەیشن، وێنەگرتن و مونتاژ و دەنگ، هەم موزیک، هەم دەنگە دراماتیکییەکان لەم فیلمەدا بەکاربراوە. ئیشەکە بە سەلیقەی وردی دەرهێنەرەکەی خاوەنی ڕیتم و فەزاسازییەکی گونجاوە، تەواوی کارەکە لە تابلۆیەکی جوان دەچێت کە بینەر ماندوو ناکات.
     نواندن لە ئاستێکی سەرسوڕهێنەردا بەرزە، بە تایبەت هونەرمەند ماهیر حەسەن بەو ڕۆڵە سەرەکییەی لە فیلمەکەدا هەیەتی هەژموون دەکات بەسەر هەموو کارەکەدا، لێرەدا ماهیر جیاواز لە هەموو ئەو ڕۆڵانە دەردەکەوێ کە تا ئێستا بینیووتانە، هەروەها توانای باڵای نواندنی هەردوو هونەرمەند شوان عەتوف و مامۆستا سیروان جەمال، بەدوای ئەواندا چریکە و بێساران و ژاڵە تانوپۆی چیرۆکەکە دەنەخشێنن.
     خاڵی لاوازی فیلمەکە دیالۆگی ئاسایی و ڕۆژانەیە، فیلمەک تەواو دەبێت و یەک دێڕ لە لای تۆ وەک بینەرێک بەجێناهێڵێت! بەڵام لەوە پڕکێشەتر پڵۆتی فیلمەکەیە، کە بریتییە لە مافیایی و خەڵک فڕاندن و گورچیلە دەرهێنان و فرۆشتنی، کە تۆزێک دوورە لە دونیای کوردییەوە، واتە واقعی سیاسی و ئابوریی و کۆمەڵایەتی ئێمە نەک خاڵییە لەم دیاردەیە، تەنانەت وەک حاڵەتیش ونە...
     چ باش دەبوو بەختیار فەتاحی دەرهێنەر ئەم توانا خۆماڵییەی بەم کاستە بەهێزەوە لە خزمەتی چیرۆکێکی کوردیدا بەکارببردایە، بۆ نمونە ڕێی تێناچێت ئەم فیلمە ئەکشنە کوردییە چانسی خەڵاتی لە دەرەوەی دونیای کوردی و فێستیڤاڵەکانی جیهاندا هەبێت، خۆرئاوا توانا و ئەزموونی زۆر زۆر بڵندتری لە تەکنیکدا هەیە بۆ بەرهەم هێنانی فیلمێکی ئەکشنی هاوشێوە، بەڵام کۆمپانیایەکی زەبەلاحی فیلیمسازی توانای ئیشکردنی نییە بە خەیاڵێکی کوردی ئەگەر ڕۆحێکی کوردی لەگەڵیان کارنەکات، دواجار سینەما جگە لە چێژ و هونەر و بزنس، مەسجی هەیە...
     بڕوانە بەهمەنی قوبادی بە چیرۆکی کۆڵبەری سەرسنوور، یان تیپێکی گەڕۆکی میللی لە کوێرەدێیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چ شاکارێک دروست دەکات و چ پەیامێک دەدات بە جیهان!
     سەرەنجام وێڕای هەموو شتێک، ئەمە هەوڵی کاستێکی خۆماڵی کوردییە و جێی دەستخۆشییە و شایانی ئەوەیە هەمووتان بیبین وەک سەپۆرتێک بۆ ماندووبوونی ئەم بەڕێزانە و هیوای کاری داهێنەرانە و جوانتر.