close-icon

چوونەژوورەوە

"بە جۆرێکی تر سەیر بکەین"

820 جار بینراوە

     نوسینی: پاڵەوان ساڵح

     ئەسغەری فەرهادی، دەرهێنەری زۆر زیرەکی فارسی، خاوەن دوو خەڵاتی ئۆسکار، لە وۆرکشۆپێکی سینەماییدا کە بەدەنگ گوێم لێگرتبوو، وتی: " بۆ نووسینی سیناریۆی بەهێز پێویستە عەتفی مرۆڤی نووسەر زۆر بەهێزبێت و عادەتەن خۆمان وەک خەڵکی ئێران چونکە وڵاتمان پڕە لە ڕوودوی هەژێنەر،ناخۆش و خۆش، عەتفمان بەهێزترە لە وڵاتانی تر و زیاتر دەتوانین چیرۆکی هەستبزوێن و عاتفی بکەین، واتە ئێمە وەک تاکێکی ئێرانی زۆر ڕووداومان بینیوە کە ناخی هەژاندووین، ئەمەش گەورەترین یارمەتییە بۆ کەسێک بکات بە هونەرمەندێکی خاوەن قەڵەمی بەهێز.

     بەڵام کاتێک ڕۆشتمە ئیمارات، خەڵکەکەی ئەوانەی خولیای سیناریۆنووسینیان هەبوو دەهاتنە لام و دەیانوت کاکە ئێمە هەموو شتێکمان هەیە و پارەی زۆرمان هەیە و کێشەی بەرهەمهێنانی فیلممان نیە بەڵام هەرچی ئەکەین نازانین چی بنووسین و چی بکەین بەفیلم تاکو بەهێز دەرچێت.

     هۆکارەکەش ئەوەبوو ئەو کەسانە ژیانێکی خۆش و یەکڕە و خۆشگوزەران و دوور لە ساتی هەژێنەریان هەبوو. ئیمارات وڵاتێک نەبوو ڕووداوی هەژێنەر و کاریگەری هەبێت وەک ئێران. بۆیە نەیاندەتوانی سوود لە بانکی عاتفی خۆیان وەربگرن بۆ داڕشتنەوەی سیناریۆیەک کە وەک دەرهێنەرە ئێرانییەکان کاریگەری بخاتە سەر بینەر..."

     بۆیە ئەم قسانەی ئەسغەر فەرهادیم وت،تاکو بڵێم ئەگەر ئێمەی کورد سەیری مێژوو و ژیانی ڕۆژانەی کورد بکەین دەزانین یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین ڕووداوی هێژێنەری مێژوویی و هەنوکەیی هەیە و لە ڕووداوی هەژێنەر واتە لە شتانێک کە عەتفی ئینسان دەجووڵێنن ناکەوێت.

     بەڵام بۆچی تا ئێستا فیلمی بەهێزی عاتفی دروست ناکرێت؟ ئەوە عەجیبە! کێ هەیە وەک کورد عەتفی پڕ نەبێت، بەهۆی بینینی هەزاران مرۆڤی زەلیلکراو و هەژار و گریان و شین و ڕۆڕۆ و کوشتن و بڕین و تیرۆر و ئازایەتی و بەرەنگاری و چی و چی....

     دەرهێنەری کورد زۆرجار لە دۆڵێکی زۆر دوورە، بەتایبەت بەشێکی زۆر لە گەنجەکان کە تازە دەبنە دەرهێنەر ، چیرۆک و بیرۆکەکانیان نەک هی خاکی کورد، بەڵکو وەک ئەوەیە پەیوەندی بە هەسارەیەکی ترەوە هەبێت، لە دۆڵێکی زۆر دوورن. تازە سینەما لەوە دەرچوو تەنها هونەرێکی باڵا بێت بۆ کۆمەڵێک نوخبە و بەس، ئێستە چەکی نەتەوەیی و زۆر شتی ترە.

     شتێکی تر هەیە لەسەر کورد ،لە کەسی ئاسایی تاکو نوخبە سینەمایی و غیرەسینەماییش، کە ئەوەیە لە ناخیدا شتێک داچەقیوە کە نازانێت چەند مەترسیدارە.

     لای کورد وا ڕاهاتووە کە پاڵەوان ئەوەیە زیاتر بەرگەی نەگبەتییەکانی ژیانی بگرێت، نەک پاڵەوان ئەوەبێت کە هەڵسێتەوە لە نەگبەتییەکان، پاڵەوان خۆڕزگارکەر نیە لە نەهامەتییەکان ، پاڵەوان خۆگونجێنەرە لەگەڵ نەهامەتییەکان.

     بۆیە کاتێک فیلمی " ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان"ی بەهمەن قوبادی دەبینی، پاڵەوان ئەوەیە بەرگەی زۆرترین نەهامەتی گرتووە، پاڵەوانێک نابینی نەهامەتییەکان بکوژێت. بۆ ئەوەی ئەسپەکان بەرگەی سەختی کێو و زستان و بارەکان بگرن، پێش گەشتەکانیان ویسکی و مەشروب بە هێستر و ئەسپەکان دەدەن تاکو بەرگەی زیاتر بگرن.

     هەڵەکە ئەوەیە، لای خۆمان پاڵەوان ئەو کچە نیە کە بە ئار بی جی فڕۆکەی تورکیا فڕێدەداتە خوارەوە، پاڵەوان ئەو کچەیە بەرگەی زۆرترین دەستدرێژی پیاوانی داعشی گرتووە، بەجیهانی دەناسێنن و دەیخەنە سەر سەر و خەڵاتی دەدەنێ. ئەوەیە ئەو پاڵەوانەی جیهان دەیەوێت کورد پیشانی بدات.

     نموونەی دیکەش‌ کۆڵبەرییە. لە کاتێکدا کۆڵبەری نەک کارێکی پیرۆز بەڵکە گەورەترین شەرم و شکستی تاکی ئێمەی کوردە و لەئەنجامی داگیرکردن و بەڕێوەبردنی خاکەکەمانە لەلایەن حکومەتی فارسەوە، کە دەبێت شەرم لە بوونی بکەین، کەچی پاڵەوانیان لێ دروست دەکەین. پاڵەوان لە چی؟ لە کەسێک بەرگەی زۆرترین نەگبەتی و قوڕبەسەری بگرێت.

     هەتا لەو مەترسییە ئاگادارنەبینەوە، لەو تێگەیشتنە هەڵەی بۆ پاڵەوان هەیە ئاگادار نەبینەوە، خۆمان بەدەستی خۆمان میلەتی کورد وەک میلەتێک دەردەخەین کە بەرگەی زۆرترین شەق خواردن دەگرێت و ئەوە ئەوپەڕی هێزمانە، نەک میلەتێک بین شەقهەڵدەینە ئەوەی بیەوێت شەقمان تێهەڵدات.

     نموونەی بەسیت لەناوخۆ، لە بری گریان بۆ مامۆستا شەقلێداوەکە و کردنی بە پاڵەوان، ئەبوو پەیکەرمان بۆ ئەو گەنجە شەقوەشێنە بکردایە کە هەڵیدایە یەکێک لە سەمبولەکاتی دەسەڵاتێکی کاولکەر.

     لەم ماوەی دواییدا کچە پێشکەشکارێکی جوانی یەکێکە لە کەناڵە پەڕپووتە تەرفیهییەکانی باشوورم بینی لە کاردانەوەی ئەوەی گەنجێک باسی نەگبەتی و داماوی و کاسبی خۆی دەکرد لەئەنجامی سەقەتیی حکومەتەوە، نووسیبووی: "هیچم بۆ ئەم گەنجە جوانە نیە، تەنیا گریان و خەفە نەبێت."

     ئەم کچە جوانانەی ئێستا، درێژەپێدەری ژنانی پێشووی خۆمانن، وەک چۆن لە کارەساتی ئەنفال لەبری خولقاندنی ڕق و تۆڵەسەندنەوە و دروستکردنی پاڵەوان تێیدا، ژنانی هەڵەبجە و گەرمیان و هەموو کورد، تەنیا شتێک لەدەستیان هات گریان و شیوەن بوو، بێ دەسەڵات و دەسەوستان بەرامبەر زوڵم و نەهامەتی، تەنیا کاریان گریانە و شیوەنە، ئێستا ئەم کچە جوانکیلانەی ئێستاش هەمان ناخ و بینینان هەیە و کەسانی پاسڤ و بێکەڵک و گرینۆک و گریان زیاتر هیچیان پێ نیە و ناتوانن ببنە پاڵەوان و بوەستنەوە دەرهەق بە زوڵم و نادادی. وەک چۆن دەرهێنەرانیش خەریکن دەبن بە ژنێکی بێ دەسەڵاتی گرینۆک کە لە کارەساتەکان تەنیا ئەوانە دەکەن بە پاڵەوان کە بەرگەی ئەنفال و و نەگبەتی دەگرن و لە گریان و شیوەن زیاتر هیچی دیکەیان لەدەست نایەت.

     ڕۆحی هەموو شەهیدان شاد، دەستی هەموو دایکێکی ئەنفال ماچ دەکەین، خەتا لەوان نیە، لە شوێنێکی ترە کە ئێمەی وا بەرهەمهێناوە.

     بەقەولی سوهراب سپهری: دەبێت چاوەکانمان بشۆینەوە، بەجۆرێکی تر بڕوانین...