close-icon

چوونەژوورەوە

ژیاننامەی ئاسۆ عومەر سوارە

1287 جار بینراوە

     ئەکتەر و شانۆکار و پێشکەشکار (ئاسۆ عومەر محمد) لە ڕۆژى (١٩٦٤/٢/١٨) لە شارى سلێمانی لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندى و ئامادەیی لە شارى سلێمانی تەواو کردووە و لە ساڵى (١٩٨٣) بەشی گەنجینەکانی لە پەیمانگاى کارگێڕى شاری بەغداد تەواو کردووە، بنەماڵەکەشی لە دوای بومەلەرزەکەی ساڵی (١٩٤٦) لە شارۆچکەی پێنجوێنەوە هاتوونەتە سلێمانی.
      ئاسۆ عومەر لە ساڵی (١٩٧٢) کاتێک خوێندکارى پۆلی سێیەمی سەرەتایی بووە، بەهرەى هونەرى تێدا بەدیکراوە و لە لایەن سێ مامۆستاى شانۆکار بەشداریان لە چالاکی خوێندنگاکەى پێکردووە، لە ساڵی (١٩٧٩) لە تەمەنی (١٥) ساڵیدا ئەو کاتەى خوێندکارى ناوەندى بووە چووەتە تیپی هونەرى لاوانی سلێمانی و هەر لەو ساڵەدا لە فێستیڤاڵێک لە شارى هەولێر بە شانۆگەرى (دڵدارانی باران) بەشدارى لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە و تیایدا (ئاسۆ عومەر) ڕۆڵی ئەکتەری سەرەکی شانۆگەریەکەی بە ناوی (سوارە) گێڕاوە و  ئەو ناوەش بوو بە نازناوی.
     ئاسۆ لە سەر هەڵوێستەکانی چەندین جار ڕووبەڕوى زیندان و ئەشکەنجەدان بووەتەوە و فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە تا لە ساڵی (١٩٨٨) بەرلێبوردنی گشتی کەوتووە و لە زیندان ئازاد کراوە.
     لە ڕۆژى (١٩٩٠/٣/١٨) لەگەڵ خاتوو (بەیان یوسف) هاوسەرگیرى کردووە خاوەنی کوڕ و کچێکن بە ناوەکانی (کاژین و سۆلین).

     ئەو کارانەی لە ماوەی ژیانیدا کردوویەتی:
     - لە ساڵی (١٩٩٤) وەک فەرمانبەر لە ڕادیۆى دەنگی زانکۆى سلێمانی دامەزراوە.
     - لە ساڵی (١٩٩٦) وەکو لێپرسراوى ڕاگەیاندن لە وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار دەستبەکاربووە.
     - لە ساڵی (٢٠٠٠ - ٢٠٠١) لە مەکتەبی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە سوریا کارى کردووە.
     - لە ساڵی (٢٠٠١ - ٢٠٠٣) لە نوسینگەى سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارى کردووە.
     - لە ساڵی (٢٠٠٣ - ٢٠٠٥) لە ڕێکخراوى باواجی بۆ هەڵگرتنەوەى مین وەک لێپرسراوى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان کارى کردووە.
     - لە ساڵی (٢٠٠٥) لە بەڕێوەبەرایەتی سینەما کارى کردووە.
     - لە ساڵی (٢٠٠٧) بووەتە بەڕێوەبەرى کارگێڕى بنکەى ڕوناکبیرى گەلاوێژ.
     - لە ساڵی (٢٠١١) بووەتە ئەندامی دەستەى باڵاى بنکەى ڕوناکبیرى گەلاوێژ.
     - لە ساڵی (٢٠١٢)وە تا کۆتایی تەمەنی، لە کەناڵی میدیایی کوردسات ئامادەکار و پێشکەشاکار بووە.
     هەر زوو تێکەڵ بە نووسین دەبێت و خاوەنی دوو کتێبە، (پێنجوێن مەملەکەتی گوڵە زەردە)، لە ساڵی (٢٠١٥) چاپی کردووە و (سلێمانی و خاکی) کە (٨٣٠) لاپەڕەى ڕەنگاو ڕەنگە، بەڵام مەرگ ڕێگەى نەدا بەچاپکراوى ئەو بەرهەمەى ببینێ و دوای مەرگی چاپکرا، هەروەها چەندین وتاری نوسیووە و ئەمە بەدەر لەوەی شانۆگەریەکی بەناوی (شکۆ) نوسیووە و چەندین چیرۆکی لە گۆڤارەکاندا بڵاوکردووەتەوە، لەوانە:
     - ساڵی (١٩٨٣) سەرزەنشت 
     - ساڵی (١٩٨٤) چەند تابلۆیەکی جیاواز
     - ساڵی (١٩٨٥) ئیشارەت 
     - ساڵی (١٩٨٦ - ١٩٨٧) گەڵا گوێزەر

      ئەو کارە هونەریانەی تیایدا بەشداربووە:
     چپەی ڕابردوو، گەردەلوول (١ - ٢)، گەرمیان و کوێستان، ڕەباب، وەسێتنامە، خانەکەی حاجی ئاغا، ژانی گەل، باڵندەی باشور، دیوەخانی وەیس، ماڵێکی هەژار، زەرفی شین، دایکی فەڵەستین، وەرزی سەرهەڵدانی فەرهاد، تەنيا کەوش لەپێکردنەوە حساب نيیە، هاوڕێیان، دڵدارانی باران، ڕەشبەڵەک لەسەر ئاوازی مەرگ، پێکەنینی ژووری دادگه، بەرگە ئەفسووناویەکەی پاشا، ڕووبار، شەرەفی شارێ، بەنديی و شێتخانە، تەنەکە، بایتی بابا، ئەو پیاوەی دووجار مرد، فەرهاد بەدوای جەژنا وێڵە و چەندینی دیکە.
     لە (١٩٩٥/٧/١٩) بە بۆنەی یادی ڕاپەڕینی پێنجوێنەوە ڤێستیڤاڵێکی هونەری سازکردووە کە ماوەی سێ ڕۆژی خایاندوو و هەر خۆشی سەرپەرشتی کردووە.

 

     ئەو بەرنامانەی پێشکەشی کردوون:
     - ساڵی (١٩٩٧ - ١٩٩٨) وەک ئامادەکار و پێشکەشکار لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بەرنامەیەکی لە جۆری پێشبڕکێی و گاڵتەگەپ پێشکەشکردووە. 
     - بەرنامەی (شارەوانی) پێشکەش کردووە لە تەلەفزیۆنی (گەلی کوردستان).
     - ساڵی ٢٠١٣  بەرنامەی (زۆران زۆنگ)ی پێشکەش کردووە بەرنامەکە لە جۆری پێشبڕکێ و گاڵتەوگەپ بووە.
     - بەرنامەى (وێنەکانی دوێنی)ی پێشکەش کردووە لە کەناڵی کوردسات.

     ئەو بەرهەمانەی مەرگ ڕێگای نەدا تەواوی بکات:
     - سیناریۆى دراماى تەلەفزیۆنی (سنور).
     - (ڕەبەن) کارێکی هونەرى بوو، وەکو بیرۆکە و نوسینیش، بەشێکی لەبارەوە نوسی بوو.

     (ئاسۆ عومەر) لە کاتژمێر (١١)ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی (٢٠١٩/١٢/٣٠) لە تەمەنی (٥٥) ساڵیدا لە شارى سلێمانی بە جەڵتەى دڵ کۆچی دوایی کرد.