close-icon

چوونەژوورەوە

مەراسیمێکی تایبەت بە ڕۆژی جیهانی سینەما بەڕێوەچوو

1019 جار بینراوە

     بە ئامادەبوونی سینەماکاران و فیلمدۆستان لە ڕۆژی ٢٠٢٠/١٢/٢٨  لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای سلێمانی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی سینەماوە مەراسیمێکی دوو ڕۆژی ڕێکخست.
     سەرەتای مەراسیمەکە چەند گۆرانیەک لە لایەن هونەرمەند (بێژەن جەزا) پێشکەش کرا، پاشان (مەریوان ئیبراهیم) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای سلێمانی وتەیەکی پێشکەش کرد و پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی سەرجەم سینەماکاران کرد، هەروەها لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە گرنگی و کاریگەری سینەما و هۆڵەکانی سینەما کرد و وتی "سینەما ئامرازێکە بۆ گەشەکردنی سەرجەم سێکتەرەکانی ژیان و سینەما بووەتە هۆی ناسینەوەی سیمبولی گەلان"، هەروەها بەرهەمهێنانی فیلمی درێژی (ماڵی دالیا)ی ڕاگەیاند لە سیناریۆ و دەرهێنانی (دانا کریم) کە بڕیارە بەمنزیکانە لە سینەماکان پەخش بکرێت، وە هەروەها ڕایگەیاند بڕیارە لە بەهاری ساڵی داهاتوو فیلمی (٠٩) لە دەرهێنانی (بەختیار فەتاح)، لە سینەماکان نمایش بکرێت، دواتر وتاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان خوێندرایەوە.
     پاشان خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە بنەماڵەی هەردوو هونەرمەند و ئەکتەرانی کۆچکردوو (پشتیوان نوری بەدەوی و ئاسۆ عومەر سوارە) وە بنەماڵەکەشیان سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمایان کرد بۆ بەخشینی خەڵاتەکە.
     لە دواتردا دەرهێنەر (دانا کریم) وتەیەکی پێشکەش کرد و ڕۆڵ و کاریگەری سینەمای دووپات کردەوە و ڕەخنەی ئاڕاستەی حکومەت و وەزارەتی ڕۆشنبیری کرد کە کاری جددیان لەسەر سینەما نەکردووە و وتی "سینەما نەبووەتە کلتور، بەڵام لە ئێستادا گەنجانی زۆر خەریکی کاری فیلم و فیلمسازین کە ئەمەش جێگای دڵخۆشی و پاڵپشتی کردنە"، وە دابەشکردنی خەڵاتی (خۆر)ی ڕاگەیاند کە ساڵانە دەبەخشرێتە سێ کەسایەتی کە بە هەوڵ و ماندو بوونی خۆیان فیلمسازی ئەکەن و لە لایەن وەرگرتنی بیروڕای خەڵک و هونەرمەندانەوە کەسایەتیەکان دیاری دەکرێن و بۆ ئەمساڵ هەریەک لە هونەرمەندان (عبدالڕحمان محمد و ڕۆژان حەمەجەزا و کاروخ تەها) خەڵاتیان پێبەخشرا.
     هەر بۆ ئەم مەراسیمە دوانزە کورتە فیلمی نوێ لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای سلێمانی بەرهەمهێنرا بوو کە لە دوو ڕۆژی مەراسیمەکەدا نمایش کران.

     پۆستەری فیلمەکان: