close-icon

چوونەژوورەوە

ئاوڕێک لە سێرجیۆ لیۆن

1485 جار بینراوە

ئاوڕێک لە سێرجیۆ لیۆن
نووسینی: ڕەها ئەبوبەکر



بەرایی
سێرجيۆ ليۆن، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر و سیناریۆنووسی ئيتاڵی، لە ساڵی ١٩٢٩ لە ڕۆما لەدایکبووە و هەر لەوێش لە ساڵی ١٩٨٩ مردووە. بە یەکێک لە دەرهێنەرە هەرە گەورە و گرنگەکان دادەنرێ لە تەواوی مێژووی سینەمادا بەگشتی و لە ژانێری ڕۆژئاواییدا بەتایبەتی. کە دواتر لەژێر چەتری ئەم ژانێرەدا و لە نێوان سەرەتای ساڵانی شەست و کۆتایی حەفتای سەدەی ڕابردوودا، ژانێرێکی نوێی بە ناوی ڕۆژئاوایی سپاگێتی چێ کرد.
ڕۆژئاوایی سپاگێتی، بە کۆی ئەو فیلمە ڕۆژئاواییانە دەگوترێ کە لە لایەن بەرهەمهێنەر و دەرهێنەری ئیتاڵی و زۆرجاریش لە خاکی ئیتاڵیا، کاری بەرهەمهێنان و دەرهێنانیان بۆ کراوە. لە بنەڕەتدا، چەمکێکی ڕەخنەیی بوو و وەک سووکایەتییەک لە لایەن ڕۆژنامەنووسێکی ئیسپانییەوە بە ناوی ئەلفۆنسۆ سانچێزەوە، داڕێژرا و دواتریش لە لایەن ڕەخنەگرە ئەمەریکی و وڵاتانی دیکەی ئەوروپییەوە بەکاردەهێنرا. بەگشتی هۆکاری ئەم ناووناتۆرەیەش ئەوە بوو کە ڕەخنەگران پێیان وابوو فیلمەکانی ئەم ژانێرە، بە بەراورد بە فیلمەکانی ژانێری ڕۆژئاوایی ئەمەریکی، لە ئاستێکی نزمی هونەریدان.


یەکەم سێیینەی سێرجیۆ لیۆن، کە بە یەکەم ئیش و دامەزرێنەری ڕۆژئاوایی سپاگێتی ناودەبرێ، بریتییە لە سێیینەی دۆلار، کە پێکهاتووە لە: "چنگێکی پڕ دۆلار ١٩٦٤، بۆ چەند دۆلارێک زیاتر ١٩٦٥، باشەکە و خەراپەکە و ناشیرینەکە ١٩٦٦."
سێیینەی دووەمیشی بریتییە لە سێیینەی سەردەمانێک، کە پێکهاتووە لە: "سەردەمانێک لە ڕۆژئاوا ١٩٦٨، سەردەمانێکی شۆڕش ١٩٧١، سەردەمانێک لە ئەمەریکا ١٩٨٤." دەتوانین بڵێین سێیینەی سەردەمانێک، لەبەر نەبوونی کاستێکی هاوبەش لەنێوان هەر سێ فیلمەکەدا و بە پێچەوانەی سێیینەی دۆلار کە کلینت ئیستوود لە هەموویان ئەکتەری سەرەکی بوو، کەمتر وەک سێیینەیەک و پڕۆجێکتێک سەیر دەکرێ و لە کاتی خۆشیدا بە بەراورد بە سێێنەی دۆلار، کەمتر دەنگی دایەوە.


"هەمیشە پێم وابووە مۆسیقا کاریگەری زیاترە لە دایەلۆگ. هەمیشەش گوتومە کە باشترین دایەلۆگ و سیناریۆنووس لای من، ئینیۆ مۆریکۆنە. لەبەرئەوەی زۆر کات گرنگی نۆتەیەک یان پارچەئاوازێک، چەندان قات زیاترە لە گرنگی گوتەیەک." سێرجیۆ لیۆن

میوزیک و بێدەنگی
هەردوو سێیینەکە، هەم سێیینەی دۆلار و هەم سێیینەی سەردەمانێک، لە لایەن ئینیۆ مۆریکۆنی ئاوازدانەر و ڕابەر و ترەمپێتژەنی ئیتاڵییەوە، کاری ئاوازدانانیان بۆ کراوە. کە هەروەک  تێڕوانین و تازەگەری لیۆن سەبارەت بە کاری دەرهێنان، بە هەمان شێوە ئەویش ئاوازدانانەکانی بۆ فیلم لەو سەردەمە، لە ڕووی ئۆرکێسترالییەوە ئیشگەلێکی تاکوتەرا و دەگمەن بوون. بەوەی لەگەڵ بەکارهێنانی ئامێری میوزیکی، سوودیشی لە کۆمەڵە ئامرازێکی دیکەی وەکو فیکە و دەنگی تۆپ و قامچی و شتی لەو بابەتە وەردەگرت.
ئینیۆ مۆریکۆن، کاری بۆ زیاتر لە ٣٠ فیلمی ڕۆژئاوایی ئیتاڵی کردووە و بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی ژانێرەکە دادەنرێ. لە پاش چەندین جاریش پاڵێوراوبوون بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار، لە کۆتاییدا و لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا، بۆ فیلمی هەشت ڕقەبەرایەتییەکە (٢٠١٥)ی کوێنتین تارانتینۆ بەدەستی هێنا.
لە کاتی سەیرکردنی کارەکانی سێرجیۆ لیۆندا، بەدرێژایی فیلمەکان، هەست بە جۆرە ترسێک، یان خۆبەدوورگرتنێک دەکرێ بەرانبەر بە خامۆشی، خامۆشییەکیی ڕەها؛ بەرانبەر بە واڵابوونی زەینی بینەر لە بێدەنگییەکی تەواودا. بەو مانایەی، هەمیشە ئاوازێک هەیە بە لای خۆیتدا رابکێشێ و هەمیشە، تەنانەت لەو جێگایانەش کە پێویست نییە، دەنگەدەنگێک هەیە، بە خۆیەوە مژووڵت بکات. بە شێوەیەک، کۆی فیلمەکان تەژین لە میوزیک و لێوانلێون لە دەنگەدەنگی جۆراوجۆری سادە و لاوەکی؛ لە حیلەحیل، خشەخشی پێڵاو، ملچەمڵچ و گڤەی با. تا ئەوەی بە بەردەوامی پەیوەستبوونێک هەبێ لەنێوان فیلم و بینەردا و هەموو تەرکیز و ئەندێشەی بینەر، تا کۆتایی لە لای فیلمەکە بێت و خەیاڵی نەڕوا. هەر ئەوەشە وای کردووە هونەری دەنگ و میوزیک بەتایبەتی، فەزایەکی فراوان لە کۆی گشتی فیلمەکان داگیر بکەن و ئینیۆ مۆریکۆن هاوشانی سێرجیۆ لیۆن، گرنگی هەبێت و سەیر بکرێ.
میوزیکی ئینیۆ مۆریکۆن، بە هەمان کاریگەری وێنە، بۆنی کولتووری هیندییەسوورەکان و سرووشت و ژینگەی ناوچەکەی لێ دێت و هەرگیز بەشێکی جودا نەبووە لە باکگراوندی فیلم. بەو مانایەی ئەوەی کە سێرجیۆ لیۆن لە ڕێگەی کامێراوە پێشانی دەدات، هاوکات ئینیۆ مۆریکۆن لە ڕێگەی میوزیکەوە دەری دەبڕێ. هەروەک ئاشکرایە، هەر کایەیەکی مرۆیی، هەر لە سیاسەت و ئایینەوە بگرە تا هونەر و وێژە، ڕۆڵەی ئەو خاکەیە کە تێیدا لەدایک دەبێت، هەموویان لە منداڵدانی ژینگەوە دێنە بوون و چاو بە دنیا هەڵدێنن. بۆیە هەر کایەیەک، لە ژینگەیەکەوە بۆ ژینگەیەکی کە، لە کولتوورێک بۆ کولتوورێکی کە، لە ناوچەیەک و کەشوهەوایەکەوە بۆ یەکێکی دی، دەگۆڕێت و زۆر جار جیاوازییان ئاسمان و ڕێسمانە. بە پێچەوانەشەوە هەر ڕاستە. جا لەبەرئەوە گرنگە ئاوازدانەری فیلم، بەتایبەتیش هی فیلمی لۆکاڵی، لەپێناو فیلمێکی واقعی و شایستە، لەپێناو کاریگەری و وێنایەکی باشتر، بە گرنگییەوە ڕەچاوی ئەم بابەتە بکات.


"لەگەڵ کامێرا، پێشاندانی دیوی ئەرێنیی هەر شتێک، کارێکی تەواو سانایە." سێرجیۆ لیۆن

چاوی بینەر و چاوی کارئەکتەر
کامێرا لە فیلمەکانی سێرجیۆ لیۆندا، هەر تەنیا نێوەندێکی گوێزەرەوە و بە تەنێ گەیەنەرێک نییە لە نێوان دیمەن و بینەردا، بەڵکو زۆر جار وەک ڕێنیشاندەر و هاوکارێکی بینەر، بۆ تێگەیشتن لە بابەت و بارودۆخێکی تایبەت، ڕۆڵ دەگێڕێ. بەو مانایەی ڕووداوەکان و دیمەنەکان بەگشتی، سادە و بێ گرێوگۆڵەن، ناگرنگ و لە دەرەوەی سەرنجن؛ بەڵام بە یاریدەی کامێرا، چاوی بینەر دەچێتە ناواخنی دیمەن و ڕووداوە سادەکان و بە ڕەهەندێکی دی ئاشنا دەبێ، گرنگی و دیوی ئەرێنییانی بۆ دەردەکەوێ. هەر ئەوەیشە وا دەکات، پەیوەندی کارئەکتەر و بینەر، پەیوەندییەکی جودا و دابڕاو بن لە یەکتری و لە زۆر دۆخدا بەسەر دوو دنیای ئاگا و نائاگادا دابەش ببن. بەوەی زۆر کات ئەوەی بینەر بە کۆمەگی کامێرا دەیبینێ و دەرکی پێ دەکا، کارئەکتەر تەواو بێئاگایە لێی.


زۆرێک لە دەرهێنەرە گەورەکانی سینەما، خاوەنی خاسییەت و تایبەتمەندی خۆیانن لە فیلمەکانیاندا، کە وایان لێ دەکات جیاواز بن و کارەکانیان بناسرێتەوە. بە نموونە تارانتینۆ و هەبوونی حاڵەتی "پۆدۆفیلیا"، کە وای کردووە لە زۆرینەی فیلمەکانیدا، بە لایەنی کەمەوە دیمەنێک تەرخان بکات بۆ پێشاندانی پێی یەکێک لە کارئەکتەرەکان. سێرجیۆ لیۆنیش لەگەڵ ئەوەی خاوەن چەندان خاسییەتی تایبەتە، لەوانە گرتەی گۆشەفراوان و گرنگیپێدانی تایبەت بە دایەلۆگ و مۆسیقا؛ بەڵام دەکرێ بگوترێ، وێنەگرتن لە نێزیکەوە و پێشاندانی ڕووخسار و چاو، یەکێکە لە خاسییەتە هەر دیارەکانی و لە چەندان دیمەن دووبارە و دووبارە دەبێتەوە، بەتایبەتیش لە فیلمی سەردەمانێک لە ڕۆژئاوا (١٩٦٨)دا بە ڕێژەیەکی بەرچاو هەستی پێ دەکرێ. هەروەک سێرجیۆ لیۆن خۆشی لە شوێنێکدا دەڵێ: "چاوەکان، گرنگترین ئەندامی جەستەن بە لای منەوە. بەو پێیەی، دەکرێ هەمووشتێک لە ناویاندا بخوێنرێتەوە."


سێرجیۆ لیۆن و پەرەسەندنی کۆمەڵگەی ئەمەریکی
بە وردبوونەوەی مارکس و ئەنگڵس لە بارودۆخی هێزەکانی بەرهەمهێنەر و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان لە مێژوودا و لە ڕوانگەی ماتریالیزمی مێژووییەوە، هەموو نەتەوانی دنیا بە شێوەیەکی گشتی تاکە یەک ڕێگەی پەرەسەندنی سرووشتی دەگرنە بەر و بەرەبەرە و بەدوای یەکدا بە قۆناغەکانی کۆمۆنی سەرەتایی، کۆیلایەتی، فیودالیزم، سەرمایەداری و کۆمۆنیزمدا تێپەڕ دەبن. بەڵام لەبەرئەوەی گشت گەلان، بە دیاركەوتنیان هاوكات نەبووە و لە ماوەیەکی یەکساندا نەژیاون، هەر بۆیە ڕووی داوە هەموویان وەکو یەکدی بە تەواوی قۆناغەکاندا تێپەڕ نەبن. بە نموونە هۆزەکانی ئەڵمانی و سلاڤی، لە ڕژێمی کۆمۆنی سەرەتاییەوە چوون بەرەو فیودالیزم و ڕژێمی کۆیلایەتییان بازداوە. ئەمەریکاش، لەوانەیە کە ئێکسەری بە دەنگی شەمەندەفەر و بازرگانیی سەرمایەداری خەبەریان بۆتەوە، واتە هەرگیز کۆیلایەتی و فیودالیزمی نەبینیوە. بۆیە لەو ڕوانگەیەوە و بە شێوەیەکی گشتی، کۆی فیلمەکان گوزارشتن لە مێژوویەک؛ ئەویش مێژووی پەرەسەندنی کۆمەڵگەی ئەمەریکی و گەیشتن بە ڕژێمی سەرمایەدارییە. هەروەکو لە کۆتا فیلمی دەرهێنەر، فیلمی سەردەمانێک لە ئەمەریکا (١٩٨٤)دا دەردەکەوێ؛ کە سەردەمانی کۆتا لەقەی گەنسلینگە، پەیتاپەیتا لەبارچوونی هێزی چەک و لەدایکبوونی ئەمەریکای نێوەندی سەرمایەداری دەگێڕێتەوە. گرنگی ئەم گێڕانەوەیەش لەوەدایە، ئەگەر بۆ هەنووکە وا پێویست بکات هەموو کارێکی ئەدەبی و هونەری، لە ئاکامدا کاریگەرییەکی سیاسی بەجێ بهێڵێت؛ ئەوا نیشاندانی قۆناغێکی مێژوویی لە ڕێگەی سینەماوە، تا ڕادەیەکی زۆر دەتوانێ ئەو کاریگەرییە دەستەبەر بکات. هەروەک ئیبراهیم العریس، ڕەخنەگری بە ڕەگەز لوبنانی دەڵێت: "ئەو فیلمەی مێژوو دەگێڕێتەوە، نزیکترین هونەرە لە سیاسەتەوە."