close-icon

چوونەژوورەوە

کـــورد لە سینەمای سیاسی ئێراندا

2319 جار بینراوە

نوسینی: پاڵەوان ساڵح

حکومەتی ئێران لەڕێی سینەماوە چی لەکورد دەوێت؟

بەهۆی ئەوەی ڕۆژبەڕۆژ کورد تامەزرۆی دراما و فیلمە سینەماییەکانی ئێران دەبێت، و زۆرێک جار زێدەڕەوییەک دەبینرێت لە بەرانبەر بە هونەری ئێرانی و سینەمای ئێران، زۆرپێویستە ئەم بابەتە باس بکرێت تاوەکو تامەزۆریی بۆ سینەمای ئێران نەگاتە ڕادەیەک کە لەسنوور دەرچێت. بەتایبەت بابەتەکە زیاتر لەسەر سینەمای سیاسی ئێرانە.

بەسەیرکردنی فیلم و دراما فارسییەکان، نابینیت سووکایەتی بەکورد بکرێت،ناشرین پیشان بدرێن، دژایەتییان بکرێت، بەڵکو بەکەسانی چاک و دڵسۆز و خۆشەویستی نیشتیمان(ئێران!) پیشان دەدرێن.

پرسیار ئەوەیە ئایا کورد چۆن لەلایەن حکومەت و گەلێکەوە بەمجۆرە بەباشی پیشان دەدرێت لەکاتێکدا ئەو حکومەتەلای ئێمە بەدژی کورد دادەنرێت؟ چ هۆکارێک وای کردووە بەپێچەوانەی تورکەوە، کوردەکان جوان و پاڵەوان دەربخەن؟ زۆرجار پاڵەوانی فیلمەکە کوردە و بەکوردی قسەدەکات(فیلمی تووڕەنیم، گەرچی ئەم فیلمەیان سیاسی نیە و کۆمەڵایەتیە، یان درامای نون خ کە زۆرینەی ئەکتەرەکان کوردن و دراماکە لەناوچەکانی ڕۆژهەڵاتە و باسی کورد دەکات، هەڵبەت بەزمانی فارسی قسەدەکەن!). زۆرجار ڕۆڵی ئازا و قارەمان دەگێڕن(درامای نابردەرنج) ، زۆرجاریش لەسەر مەینەتی و ئازارەکانیان فیلمی تایبەتیان بۆ دەکەن( فیلمی درخت گردو، واتە دارگوێز).تەنانەت فیلمیان هەیە بەناوی کوردییەوە، وەک فیلمی ( ئەڤیندار)، یان فیلمی (کانی مانگا) یان فیلمی (ئۆپەراسیۆنی کەرکوک)!
ئایا بەمانە کەیفخۆش بین؟ دڵمان خۆشبێت و تامەزرۆیان بین؟ ئەگەرنا ،بۆچی؟

 لێرە دەمەوێت ئەوە بخەمە ڕوو کە بۆچی وایە و ئایا کورد و کوردستان لەناو سینەمای سیاسی ئێراندا ڕۆڵی چۆنە و چۆن پیشاندەدرێت و لەهەمووی گرنگتر ئایا ئامانج و مەبەستی  نهێنی پشتەوەی ئەم کارە چیە؟

بۆ دەستکەوتنی وەڵامی ئەوەی ئایا کورد لەسینەمای ئێراندا چۆن پیشان دەدرێت، دەبێت بوترێت که: سیاسەتی سینەمای ئێران، دەقاودەق هەمان سیاسەتە کە حکومەت و سیاسییەکانی ئێران بۆ کورد هەیانە.
زۆربەکورتی ئەوە وەڵامەکەیە...بەڵام ئایا سیاسەتی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئێران بەرانبەر بە کورد چیە و چۆنە ؟

....لەڕاستیدا وڵاتی ئێران بەهۆی ئەوەی لەچەندین نەتەوەی جیاواز پێکهاتووە و ئەگەر تەنها حسابی فارسنەژادەکان بکەین ئەوە شتێکی وای بۆ نامێنێتەوە!ٚ تورک و کورد و بەلووچ و ئەمانە نەتەوە پێکهێنەرەکانی ئێران. بەپێچەوانەی تورکیای داگیرکەرەوە، ئێران ناتوانێت ڕاستەوخۆ دوژمنایەتی و دژایەتی نەتەوەکانی ناوخۆی بکات، چونکە کە یەکێکیان لێی هەڵسایەوە، ئیتر ئەوانی دیکەش لێی هەڵدەسنەوە و کۆنتڕۆڵ ناکرێت و ئێران تیادەچێت، وەک چۆن لە۱۹٤٦ بەسەرۆکایەتی قازی محمد کۆماری کوردستان دروستبوو، بەهەمان شێوە تورکەکانی ئێرانیش حکومەتی خۆیان پێکهێنابوو. ئێران پەرتەوازە و ڕوولە داڕمان و بچووکبوونەوە بوو. هەرکە ئێران کارێکی وای کرد کە نەتەوەکانی تر بەخراپ دەبینرێن و هەوڵی لەناوبردنیان دەدەن، ئەوە هەموویان لێیان هەڵدەسنەوە و ئەمەش مانای لەناوچوونیانە.
بۆیە تا بتوانن کارلەسەرئەوە دەکەن واپیشان بدەن هەموو نەتەوەکان لەیەک ئاستدان و کەس لەکەس زیاتر نیە! لەکاتێکدا لە واقعدا زمانی فارسی بەسەر هەموو نەتەوەکانی دیکەدا سەپاندووە و کەس ناتوانێت بەکوردی یان تورکی بخوێنێت.
بەهۆی نزیکی نێشتەجێیی و زمان و کەلتووری نەتەوەکانی فارس و کورد و بەلووچ، واتە بەپشت بەستن بەم هۆکارەیە کە نەتەوەکان دەگەڕێننەوە بۆ سەر یەک بنەڕەت کە ئارییاییە و لەم ڕێگەوە کورد فریودەدەن. لەکاتێکدا بەوجۆرە نیە و کوردەکان نیشتەجێی زاگرۆسن و ناگەڕێنەوە بۆ سەر ڕەچەڵەکی فارسەکان.
((چەند ساڵێکیش دەبێت کەناڵێکی بۆ عەرەبەکان دامەزراندووە بەناوی ifilm و هەموو فیلم و درامایەکیان بەعەرەبی دۆبلاژ دەکەن و لەمڕێگەوە سینەما وەک ئامرازێکی ڕاگەیاندن و جەنگی نەرم بەکاردەهێنن، چونکە ئاشکرایە ئێران زۆر بۆی گرنگە هەستی عەرەبەکان بەدەست بهێنێت، بەتایبەت عێراق و سوریا و یەمەن و...))

زۆر گرنگە بزانین کە ئێرا نییەکان قسەیەکیان هەیە هەمیشە دەڵێن "هرجا که کرد باشە، اونجا ایرانە"
واتە"هەرشوێنێک کوردی لێبێت، ئەوێ ئێرانە"ٚ
کە لەڕاستیدا هەرکوێ کوردی لێبێت کوردستانە، نەک ئێران.
بەڵام ئەمە تێڕوانینی سیاسییەکانە و کەوتۆتە سەرزاری هەموو خەڵکەکەشیان، تەنانەت کەم نین ئەو کوردانەشی کەوتوونەتە سەرئەم باوەڕە!
ئێران دەیەوێت پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات بە جوداییخوازو دژەوڵات پیشان بدات و هاوکات لەترسدا دووهێندە کوردەکان بەباشی و میوانۆستی و مرۆڤدۆستی و وڵاتپەرەست دادەنێن، بۆئەوەی بڵێن هەموومان ئێرانین بێ جیاوازی و تەنها ڕقمان لەو پێشمەرگانەیەکە دژی ئێرانن، واتە دەیانەوێت خواست و داواکاری وباوەڕی حیزبەکان و پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات جیابکەنەوە لەخەڵکی ڕۆژهەڵات و بڵێن ئەم پێشمەرگانە بەفیتی ئیسرائیل ئیش دەکەن و خەڵکی بەشەرەفی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێرانیان خۆشدەوێت و دژی دەوڵەت یا حکومەتێکی کوردین! بۆ ئەم نموونە فیلمی (چ وەک چەمران)هەیە کە کار لەسەر ئەم سیاسەتە دەکات. یان فیلمی (کانی مانگا)، ئەم فیلمەیان پانزە ساڵ لە سینەماکانی ئێراندا بەتایبەت لەشارەکانی ڕۆژهەڵاتدا نمایش کرد، بەڵێ پانزە ساڵی بەردەوام!، ئەمەش لەبەرئەوەی سوپای پاسداران لەمێشکی خەڵکدا بکەن بەقارەمان و خۆشەویست و پێشمەرگەش بە چەتە و ڕێگر پیشان بدەن، بۆئەوەی زەینی کوردەکانی ڕۆژهەڵات بگۆڕن، تەنانەت خوێندکاریان کۆدەکردەوە و بەکۆمەڵ دەیانبردن بۆ بینی ئەو فیلمە، (بەڵام کوردەکان بەپێچەوانەوە هەرکات لەفیلمەکەدا پێشمەرگەیەک بکوژرایە خەمبار دەبوونو هەرکات پاسدارێک بکوژرایە چەپڵە و خۆشیان دەردەبڕی.)
ئەگەر هاتوو بەم شێوەیە ئێران لەڕێگەی سینەماوە وەکو ئامرازێکی ڕاگەیاندن، کار لەسەر دروستکردنی هەستی ئێرانچێتی بکات لەتاکی کورددا، ئەوا بەمانەوەی کورد لە ئێران و تورکیاشدا، زمان و کەلتووری کوردی هەتا دێت دەتوێتەوەو لەناودەچێت، دەزانن چەنەها کورد هەیە ئێستا لە ئێراندا کە ناتوانێت بەکوردی قسەبکات؟ بەتێپەڕبوونی پەنجا ساڵی دیکە چی بەسەر زمان و کلتووری کوردی دێت؟ ئەگەر زمان نەمێنێت ئیتر نەتەوەیەک بەناوی کورد دەمێنێتەوە؟ نەتەوەیەک کە هەزاران هەزار ساڵە ڕەگی لەم سەرزەمینە هەیە.
بۆیە باشترە هەم وەرگێڕە فارسییەکان دەست لە وەرگێڕانی فیلمە سیاسییەکان نەدەن کە لەسەر کوردە، هەم بینەرانی کورد لەوە ئاگاداربن نغرۆی هەستی ئێرانچێتی نەبن و فریوی نەرم و نیانی ئێران نەخۆن لەسینەمادا، گەرنا دەبنە تۆمەیەکی دەستی سیاسەتی توێنەرەوەی ئێران. باشتر وایە خەڵک خۆی بناسێت و نەتەوە  مێژووی بناسێت، تاوەکو نەکەوێتە داوی ئێرانی داگیرکەر. ئەمە بۆ تورکیاش دروستە و هەمان شتە،
تاکە جیاوازییان ئەوەیە ئێران سیاسەتی نەرم و نیانە و دەیەوێت بەنەرمی کورد بتوێنێتەوە لەناو ئێراندا. 

لەسەر وەرگێڕەکان پێویستە ئەو فیلمانەی ئیش لەسەر زاڵکردنی هەستی ئێرانچێتی دەکەن وەرنەگێڕن، زیاتر بەلای ئەو وەرگێڕانانەدا بچن کە دوورە لەو بابەتەوە، هەرچەنە بەگشتی زۆر فیلم هەیە کە هەر وەسف و سەنای حکومەتی تێدابێت و ئەمەش تاڕادەیەک ئاساییە، بەڵام نەک فیلمێک کە تایبەت بەو بابەتە بێت.
چونکە  بەشێکی زۆری بینەری کوردی لە باشوور لەسنوور دەردەچن و زیادەڕەوی دەکەن لە دەربڕینی بۆچوون و هەستیان بۆ تەواوی فیلمە ئێرانییەکان. ئەمەش لەبەر نەبوونی ئاگاییە لە سیاسەتی ئێران و نەناسینی مێژووی خۆیان.

چەند تێبێنییەک:
٭سینەمای ئێران یەکێکە لە جوانترینەکان و پڕە لە فیلمی جوان و بەهێز، زۆر حەیفە مرۆڤ دەست لە سینەمای جوانی ئێرانی هەڵگرێت و تەماشای فیلمە جوانەکانیان نەکات، بەتایبەت فیلمی دەرهێنەرانی ئەسخەر فەرهادی و زۆری دیکە، ئەم وتارە مانای وانیە کە سینەمای ئێران بەتەواوەتی سەیرنەکرێت، بەڵکو بۆئەوەیە: "بینەری کورد خۆی بناسێت و"
" سیاسەتی ئێران بزانێت و"
" هیچ فیلمێکی سیاسییان کاریگەری لەسەر دەروونیان دروستنەکات و"
" خەڵک زیادەڕەوی نەکات بەرانبەر بەسینەمای ئێران و تەماشای هەموو فیلمێکیان بکاتو وەرگێڕ و کەناڵەکان 
هەموو فیلمێک وەرگێڕن."

٭٭ (محمدحسێن مەهدەوییان) و (ئیبراهیمی حاتەمی کیا)، ئەم دوودەرهێنەرە زیاتر کارلەسەر دەرهێنانی ئەو فیلمانە دەکەن، ڕاستەوخۆ لەبەرژەوەندی ڕژێمی ئێرانە. 
٭٭٭ ئەو فیلمانە ئەگەر ببینرێن لەڕووی هونەرییەوە زۆجوانو ورد کاری بۆکراوە بێگومان وەک زۆرینەی فیلمەکانی تری ئێران، دیارە نابێت مەبەست لێرە ئەوەنیە بڵێین خراپن لەڕووی دەرهێنان و سیناریۆ و نواندنەوە.