close-icon

چوونەژوورەوە

کتێبی کڵاسەکانی عەباس کیا ڕۆستەمی

666 جار بینراوە

عەباس کیاڕۆستەمی 
و. ئاڵا هۆشیار 

ئەوەی ڕاستی بێت، هیچم نییە پێتان بڵێم. من بەم جۆرە دانیشتنە ناڵێم ( ڕاهێنان ) ڕقم لە وشەی ڕاهێنانە. رەنگە زۆر بن ئەوانەی کە ''یاساکان''ی چۆنیتی فیلم دروست کردن بە باشی بزانن، بەڵام فیلمی باش ناخرێتە نیو بازنە و چوار چێوە، لە سەر ئەم یاسایەی خۆم، دەتوانم بڵێیم: فیلم دروست کردن بە دەرس ناگوترێتەوە. دەمەوێ ئەوەندە بزانن، ئەوەی من لەم کلاسە دەیڵێم ئایەتی قورئان نییە، ئەگەرچی تەمەنێکم هەیە و لە هەمووتان گەورەترم، بەڵام هیچ کات حەزم لە ئامۆژگاری نەبووە، بە بڕوای من ئەو جۆرە ئامۆژگاری و قسانە سوودی نییە، ئەوەی کە ئەمەوێ پێتانی بەخشم ئەزموونی هەموو ئەو ساڵانەیە کە خەریکی فیلم دروست کردن بووم، بە بۆچوونی خۆم و بە تێڕوانین و ڕیگای تایبەتی خۆم و ئەم ریگای منیش یەکێک لەو هەزاران ڕیگای کە فیلمی پێ دروست دەکرێت.

ئەگەر لە حەفتەکانی داهاتوو ئێوە لە منەوە شتێک فێر بن، بە دڵنیاییەوە منیش لە ئێوە ئەوەندە وەردەگرم و فێر دەبم.  ئەم جۆرە رۆژانە بۆ من پڕە لە ئەزموونی تازە، باری قورسی مانا و تێگەیشتنەکانم دەتوانم بەتاڵ بکەمەوە و وەک قوتابیەکی تازەکار فێر ببم. کاتێک خەریکی دروست کردنی فیلمی سینەماییم، بەردەوام هەست دەکەم سێبەری پرۆدیسەر بە سەرمەوەیە، کەرەستە قورس و گرانەکانی فیلم سازی ڕێگای ڕیسک و خەتەر کردن لە من دەگرێ، ناتوانی ملی پێیوە بنێی! بەڵام لێرە و لە کۆڕ و کۆبوونەوەی ئەم پۆلە و لە ماوەی ئەو کاتەی پێکەوەین هەلێک ئەدۆزمەوە کە بیرۆکە تازەکانم لە مێشکمدا ببزوێنم و بێ پێچ و پەنا هەستەکانم دەربڕم.

زۆر کلاسی هاوشێوەم داناوە و کاتێک گوێم لە قسەکانی بەشدار بووەکان گرتووە یان لە کاتی کار کردن سەیرم کردوون، لەو کاتەدا بیرم لە دروست کردنی فیلمەکانی خۆم دەکەمەوە و بێز دەکەمەوە لە کاتی سەیری کردنی فیلمی ئێوە، بە قوتابی بانگتان بکەم. لە دوای کلاسێکم لە ئیتاڵیا کە گەڕامەوە بۆ تاران کۆتایی یەکێک لەو فیلمانەی کە خەریکی بووم گۆڕیم، وانە وتنەوەی من لە ئەزموون و دونیا بینی ئێوە کە لێرە باسی دەکەن گرنگتر نییە، ئێمە لێرە نین بۆ بڕیاردان، یان سەپاندنی زەوقی تاک، دەمانەوێ بە هەموو کەموکورتی و بێ ئیمکانی خۆمانەوە کار بکەین، هیوادارم ئەم دانیشتنە پڕ بێت لە دیالۆگی بە سوود، هەر کام لە ئێمە ئەڵقەیەکی ناو زنجیرە درێژەکەین، هیوادارام هاودڵ و هاواڵی یەک بین، لەم کلاسە شتێک نییە بە ناوی پێشبڕکێ...