close-icon

چوونەژوورەوە

شوناسی نەویستراو

1552 جار بینراوە

نووسینی: ژیر دانا

 

هەر یەکێک لە ئێمە ئەگەر دووبارە سەرنجێکی هەموو شتەکانی ژیانمان بدەینەوە، ئەوا بەڕاست و بە چەپ ئەو شتانە ئەبینین کە نامانەوێن، ئەو شتانەی کە ڕۆژانە لەگەڵمان ئەژین و کاریگەرییان بەسەرمانەوە هەیە بەڵام ئێمە هیچیانمان ناوێت، نەویستن تاڕادەی ڕقلێبوونیان، واتە ڕق لە ژیانی خۆمان. ئەی مرۆڤەکانی تر؟ هەموو ئەو مرۆڤانەی کە ڕۆژانە بەریان ئەکەوین و ئەوانیش بە هەمان شێوەی خۆمان کاریگەرییان بەسەر ژیانمانەوە هەیە، ژیانی ئەوانیش بە هەمان جۆر پڕ نییە لەو شتانەی کە ئێمە نامانەوێت؟ هەر ئەمەش نامانگەیەنێت بە ڕقلێبوون لەوانی تر؟ یاخود ئەمە هەر ئەو هۆکارەیە کە هانمان ئەدات بۆ ڕۆیشتن بەرەو زیاتر، واتە زیادکردنی شتەکانی ناو ژیانت و زیادکردنی ڕەفتارەکان و تێڕوانینەکانت و تا ئەگاتەوە بە زیادکردنی کەسەکانیش. ئەگەر بەم جۆرە سەیری بکەین پێویست ناکات ناوی بنێین ڕق، بەڵکو پێویستە ناوی بنێین هۆکاری بەردەوامی، بەڵام هەموو شتەکان بەم ئاسانییە زیاتربوون و یاخود گۆڕان قبووڵناکەن، هەندێک لەو شتانە هەمیشە وەک خۆیان ئەمێننەوە، هەر ئەم شتانەن کە دووبارە ڕقەکە دروست ئەکەنەوە و هەمان هۆکاری بەردەوامی ئەکەن بەو کابووسەی کە ژیان لە شوێنی خۆی ڕادەوەستێنێت بەبێ گوێدان بە تێپەڕبوونی کات.

لە فیلمی کاتی کیم کی دووکدا، جیاواز لە هەموو ئەو شتانەی کە دەرفەتی گۆڕان و بردنی ئێمەیان هەیە بەرەو زیاتر، شووناس ئەبێت بەو شتە نەویستراوە، ئەو شووناسەی کە وەڵامی پرسیاری من کێمی لە خۆدا هەڵگرتووە. کارەکتەرەکان زۆر بە سادەیی ئەگەن بەو ڕاستییەی کە ئەوەی ئەوان نایانەوێت شووناسەکەیانە؛ واتە هەموو بوونیان و هەموو ڕابردوویان، هەموو ئەو شتانەی کە لە سەرەتای سەرەتاوە بەشێک بوون لە ژیانیان، بەڵام بۆچی لەناو هەموو شتەکاندا ڕقبوون لە شووناس؟ شوناسێک کە هەڵبژاردنی خۆت نەبووە و توانای گۆڕینیشیت نییە، شووناسێک کە لەناو خۆیدا چەندەها شتی تری تێدایە و هەموو پێکەوە تا ئەبەد لەگەڵتدان بەبێ ئەوەی لە سەرەتاوە هیچ ویستێکی تۆی تێدا بووبێت. کەواتە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەر پەڕەگرافەکەی یەکەم و شووناس بکەین بە یەکێک لەو شتانەی کە لە ژیانماندایە و نامانەوێت، ئەوا ئەتوانین بڵێین کە ئەکرێت مرۆڤێک ڕقی لە ژیان بێت لەبەر ئەوەی کە خۆیەتی و کەسێکی تر یان شتێکی تر نییە، ڕەتکردنەوەیەک کە لە ڕووکەشدا ڕەتکردنەوەیەکی سادە و باوی مرۆڤەکانە بۆ خۆیان، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ڕەتکردنەوەی تەواوی ئەو واقعەیە کە مرۆڤ و ژیانی مرۆڤی دروستکردووە.
 
با بێین بۆ ساتێک وێنای ژیانێک بکەین کە ژیانێکی ئاسایی بێت و شتی ویستراو و نەویستراویشی تێدا بێت، بەڵام لە نەویستراوەکاندا شووناس هەبێت، ئەم ژیانە چی لێدێت؟ شووناس کە هەمیشە خۆی دەربخاتەوە و هەمیشە کاریگەری هەبێت بەسەرمانەوە چۆن هەموو شتەکانی تر ناخاتە ژێر سێبەری خۆیەوە؟ بەیانیان سەیری ئاوێنە بکەیت و خۆت وەک ئەو کەسە ببینیت کە ناتەوێت بیبینیت، بڕۆیتە دەرەوە و ئەوانی تر بەو ناوەوە بانگت بکەین کە ناتەوێت پێی بانگ بکرێیت، لە سەروو هەمووشیەوە لە خاک و وڵاتێکدا و لەژێر ناوی نیشتیمانێکدا بژی کە بە هیچ جۆرێک ناتەوێت، شووناس هەموو ئەم شتانە لەخۆی ئەگرێت، وە هەر مرۆڤێک کە بوێری ئەوە بکات شووناسی خۆی ڕەتبکاتەوە ئەوا ئەبێت ئەم شتانە و چەنەها شتی تریشی لەگەڵدا ڕەتبکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدا کە مرۆڤەکە هەمیشە ئەزانێت کە شووناس و مانای شووناس گەورەترە لە ئەمێکی تاک و تەنها، دەسەڵاتیشی بێ ئەنداز زیاترە، واتە مرۆڤەکە ئەزانێت کە ڕەتکردنەوەی شووناس جەنگێکی بێ مانایە چەندێکیش نەبڕاوە و بەردەوام بێت، بەڵام ئەی ئەگەر سەرەڕای زانینی ئەوانەش هەر بەردەوام بوو لەو جەنگە؟

کارەکتەرەکان لە فیلمەکەدا هەوڵ ئەدەن کە تەواوی ئەو شتانە بگۆڕن کە شووناسی ئەمانی  دروستکردووە، ناویان، ناونیشیانیان، ڕابردوویان، یادەوەرییان، تەنانەت شێوە و ڕووخساریشیان، ئەوان ئەزانن کە ناتوانن واقع ببەزێنن، هەر بۆیە لە جیاتی ئەوەی وەک خۆیان هەوڵی بەزاندنی بدەن دێن و وەک کەسێکی تر ئەم کارە ئەکەن، بەو هیوایەی کە ئەگەر واقع توانی سەربکەوێت بەسەریاندا بەسەر شووناسە کۆنەکایندا سەرکەوتبێت نەک شووناسە نوێکەیان، بە مانایەکی تر ئەمان لە ساتی شکستهێنان بەرامبەر بە واقع ڕائەکەن، لە شوێنێکی تر و کاتێکی تر و بە شووناسێکی ترەوە بەردەوام ئەبن، هەر کاتێکیش واقع نزیک بێتەوە لە دووبارە ناسینەوەیان ئەوا هەمان کار ئەکەن و دووبارە خۆیان ئەگۆڕنەوە، ئەمە پێش ئەوەی هەر شتێک بێت ڕەتکردنەوەی سروشتی مرۆڤە و بوون بە خوودی سروشتە، واتە بوون بە ناکۆتا و چوونە ناو ئەبەدیەتە، ئەمەش لە کاتێکدا کە هێشتا هەر مرۆڤن، بوون بە مرۆڤێکی تر بەس نییە تا تۆ بتوانیت ئەم واقعە ببەزێنیت بەڵکو پێویستە بە تەواوەتی لە مرۆڤایەتی دەربچیت، مرۆڤ چەندێک هەوڵی دەرچوون و ڕۆیشتن بەرەو ناکۆتا بدات هێشتا هەر ئەو مرۆڤەیە کە تەواوی بوون و بیرکردنەوەی سنوودارە، سنووردار لە چوارچێوەیەکی بچووکی ئەو واقعەی کە ئەیەوێت بیبەزێنێت، لێرەوە ئەو دیمەنەی سێ ئاسنمان بیر ئەکەوێتەوە کە کارەکتەرەکان لەپێناو گەیشتن بەوەی کە ئەیانەوێت و دوورکەوتنەوە لە واقع نەبوونی خۆیان قبووڵ کرد، بێدەنگ بوون و قسەیان نەکرد، وەک ئەوەی کە نەبن، لەم فیلمەشدا بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەگەرێینەوە سەر هەمان شت، هەمان ئەو دیمەنە ئەبینینەوە کە مرۆڤ هەتا لە واقعدا بێت ئەبێت هەڵگری هەموو نەویستراوەکانی ناو ژیانی بێت، جا ئەگەر ئەو نەویستراوەش شووناس بێت.