close-icon

چوونەژوورەوە

ژیان و بەرهەمی سیڵڤستەر ستالۆن

1084 جار بینراوە

وەرگێڕان و ئامادەکردنی: شڤان نەوزاد

 

 

ناو: مایکڵ سیلڤستەر گاردینزیۆ ستالۆن.
لەدایکبوی: (٦ ــ ۷ ــ ۱۹٤٦).
شوێنی لەدایکبون: ئەمریکا/ نیویۆرک/ هێڵس کیچن
دایک: جاکوالین (جاکی) فرانسیس لابۆفیش (۱۹۲۱ ــ ) سەماکەر و بازرگان و پاڵەوانبازی ئافرەتان (مصارعة الحرة), بەڕەچەڵەک فەرەنسی-ئۆکرانی.
باوک: فرانسیسکۆ (فرانک) ستالۆن ئێس.ئاڕ (۱۹۱۹ ــ ۲۰۱۱) سەرتاش و بەڕەچەڵەک ئیتاڵی.
پیشه: ئەکتەر، دەرهێنەر، سیناریست، بەرهەمهێنەر.
ئایین: مەسیحی کاسۆلێک.

سیلڤستەر ستالۆن: سیناریست, ئەکتەر, دەرهێنەر, بەرهەمهێنەر و ئەفسانەی سینەمایی، خاوەنی کاروانێکی پڕ بەرهەمی قەشەنگ و سەرنجڕاکێشی سینەمایی ئەمریکا و دونیا، یەکێکه لە ئەکتەرە لێهاتوەکانی ژانری فیلمی ئاکشن، خاوەنی سێ زنجیرە فیلمی بەناوبانگی مێژویی هۆلیود (Rocky)،(Rambo)،(The Expendables).

 

لەدایکبونێکی پڕ مەترسی:
لە ساتەوەختی هاتنە دونیای ستالۆندا, دایکی توشی درژانگ (مضاعفات)ی زۆر کوشندە دەبێت و پزیشکەکان بەهەڵە هەندێک کەرەستەی پزیشیکی بەکاردەهێنن, هەستە دەماری مێشکی منداڵەکە دەبڕن؛ ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی شەلەل بونی بەشی خوارەوەی ڕوخساری و بەتایبەت لای چەپی و لێوی و ئەمەش گاریکەری لەسەر ڕوخسار و شێوازی قسەکردنی ستالۆن دادەنێت.

 

سەرەتاکانی ژیانی سیلڤستەر ستالۆن:
لەساڵی (۱۹۳۰) ئەم خێزانە ئیتالییه وەک کوچبەرەکانی دیکەی ئەوکاتی ئیتاڵیا کۆچ دەکەن بۆ ئەمریکا،  لەدەوروبەری ساڵی (۱۹٥۰) لە شاری واشنگتن نیشتەجێ دەبن. سەرەتا ستالۆن دەچێتە ئەکادیمیای نۆتەردام ناوەندی لینکۆڵن لە فلادلفیا، پاشان دەچێتە ئەکادیمیای (شارلۆت هۆڵ)ـی سەربازی، پاشان دەچێتە زانکۆی (میامی). سەرەتاکانی ژیانی ستالۆن زۆر بەسەختی تێدەپەڕێت و بەهۆی ناهەمواری ژیانی خێزانییەوە (٥) ساڵی یەکەمی تەمەنی لە داینگە بەسەردەبات.  پاشان دوای جیابونەوەی دایک و باوکی لەساڵی (۱۹٥۷) ستالۆن لەگەڵ دایکیدا دەمێنێتەوە، بەهۆی بوونی بۆشایی پەروەردەیی و ئەخلاقی لەژیان ستالۆندا، هەرلەسەرەتای منداڵییەوە کەسایەتییەکی شەڕخوازی و پڕکێشەی لێهەڵدەکەوێت و لەدەرەنجامدا لە (۱٤) قوتابخانە دەردەکرێت. لەتەمەنی نەوجەوانیدا چۆتە نێو کۆمەڵێک بوارەوە لەوانە (بەرزکردنەوەی قورسایی،یاریزانی تۆپی پێ، شمشێربازی). لەتەمەنی (۲٥) ساڵی شەیدای سینەما و نواندن دەبێت.

 

ژیانی خێزانی سیلڤستەر ستالۆن:
ستالۆن سێ جار هاوسەرگێری کردوە لەماوەی تەمەنیدا، یەکەمین خێزانی خانمێک بوو بەناوی (ساشا کزاک)و لەساڵی (۱۹۷٤)  بوونە خاوەنی دوو کوڕ؛ بەناوەکانی(سەیج/ ۱۹۷٦ ــ ۲۰۱۲ کۆچی دوایی دەکات) و (سێرجیۆــ ۱۹۷۹)،  لەساڵی(۱۹٨٥)لێکجودا دەبنەوە. پاشان بۆ دووەمین جار لەگەڵ خانمێک بەناوی (بریگت نیڵسین) ساڵی (۱۹٨٥) بەڵام خۆری ئەم پەیوەندییە زو ئاوادەبێت، دوو ساڵ دەخایەنێت، ساڵی (۱۹٨۷) کۆتایی پێدێت. پاشان بۆ جاری سێیەم و لەگەڵ خانمە مۆدێل (جەنیفەر فلاڤین) ساڵی (۱۹۹۷) ژیانی هاوبەش پێکدەهێنیت و دەبنە خاوەنی سێ کچ بەناوەکانی (سۆفیا ڕۆزـــ ۱۹۹٦)، (سیستین ڕۆز ــ ۱۹۹٨)، (سکارلێت ڕۆز ـــ ۲۰۰۲).

ژیانی هونەری سیلڤستەر ستالۆن:
ژیانی نێوجەوانی و گەنجی ستالۆن، بەقۆناغێکی سەختی کێشەی ئابوریدا تێدەپەڕێت؛ بێ پارەیی، بێ حاڵیی، دەرکردنی لە شوقەکەی و خەوتن لەسەر شەقام و ویستگە شەمەندەفەرییەکانی شاری نیویۆڕک ستالۆن دەخاتە بەردەم دوو بژاردە؛ یان دزیکردن، یاخود بەشداریکردنی کردن لەفیلمێکی نیمچە ڕوت و وروژێنەردا بە بڕی (۲۰۰) دۆلار، ئەویش بژاردەی دووەم قبوڵ دەکات و لەساڵی (۱۹۷۰) ڕۆڵدەگێڕیت لە فیلمی (The Party at Kitty and Stud's). بەڵام سەرەتاکانی کاری هونەری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (۱۹٦۹) کە یەکەمین فیلمی ستالۆنە بەناوی (The Square Root)، پاشان زنجیرە دەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی لەساڵانی حەفتادا بە ڕۆڵی مامناوەند لەفیلمەکانی (Pigeons ــ ۱۹۷۰) فیلمی کۆمیدی (Bananas ــ۱۹۷۱)، پاشان زیاتر چووەپێشەوە و لە هەردوو فیلمی (No place to Hide ــ ۱۹۷۳)، (The Lords of Flatbush ــ ۱۹۷٤) بە ڕۆڵی سەرەکی بەژداری کردوە. بۆ فیلمی دووەم بەشداری نوسینی سیناریۆکەشی کردوە، بەڵام ئەوەی ستالۆنی کردە ئەکتەر و ئایکۆنێکی سنەمایی گەورە لەساڵانی حەفتادا نوسین و نواندن بوو بۆ فیلمی(Rocky ــ ۱۹۷٦)، هەڵبەت چیرۆکی ڕاستەقینەی زنجیرە فیلمی رۆکی لە یارییەکی مشتەوانی (Boxing) لەساڵی (۱۹۷٥) نێوان هەردوو پاڵەوان (محەمەد عەلی کلای) و (جاک وینر) دەبێت و ستالۆنیش بەچێژەوە تەماشای ئەم یارییە دەکات و بەجۆرێک کاری لێدەکات لە دوای یارییەکە هەڵدەستی بەنوسینی سیناریۆی فیلمی رۆکی لەماوەی (۲۰) کاتژمێردا و لەماوەی سێ ڕۆژدا ئامادەی دەکات بۆ فیلمێکی سینەمایی، پاشان دەرهێنەرەکانی هولیود بڕی (۱۲٥) هەزار دۆلار خستە بەردەمی ستالۆن بۆ فرۆشتنی سیناریۆکە بەڵام ئەو ڕازی نەبووە، چونکە مەرجی ستالۆن ئەوەبوو کە خۆی پاڵەوانی فیلمەکەبێت و دەرهێنەرەکانی بەو مەرجە ڕازی نەدەبوون بۆیە نرخی سیناریۆکەیان بەرزکردەوە بۆ (٥۰۰۰۰۰) دۆلار واتە نیو میلۆن دۆلار بەڵام دوبارە ستالۆن ڕەتی کردوە و چونکە دەیویست خەونی بوون بە پاڵەوان لەدەست نەدات، دواجار ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی ستالۆن ڕۆڵی سەرەکی بگڕێت لەبەرامبەر تەنها (۳٥۰۰۰) دۆلار، سەرکەوتنی گەورەی بەشی یەکەمی فیلمی رۆکی کاریگەرییەکی زۆر خەیاڵی کردە سەر ستالۆن هەم لەڕوی ناوبانگەوە هەم لەڕوی داهاتەوە، بۆیە بڕیاریدا فیلمی ڕۆکی بکاتە زنجیرە فیلم و ساڵی (۱۹۷۹) هەستا بە نواندن و دەرهێنانی بەشی دووەمی فیلمەکە (Rocky 2) ببێتە یەکێکە لە پڕداهاتترین فیلمەکانی ئەوکات بەکۆکردنەوەی(۲۰۰)ملیۆن دۆلار، پاشای دەستی کرد بەنوسینی بەشی سێیەمی رۆکی و لەساڵی (۱۹٨۲) (Rocky 3) بە نوسین، نواندن و دەرهێنان بەژداری لەم بەشەشدا کرد، بەشی چوارەم لەساڵی (۱۹٨٥) (Rocky 4)و بەشی پێنجەم لەساڵی (۱۹۹۰) لەگەڵ دەرهێنەر (جۆرن جی.ئەڤیڵدسین) (Rocky 5) درووست بکەن، پاشان ستالۆن بۆ بەشی شەشەمی ئەم فیلمە لەساڵی (۲۰۰٦) هەستا بەنوسین و نواندن و دەرهێنانی (Rocky 6). هەڵبەت ستالۆن بە زنجیرەی(رۆکی)وە نەوەستا بەڵکو هاوشان لەگەڵی هەستا بەبەژداری کردن لە زنجیرە فیلمی (Rambo)، دوای مشومڕێکی زۆر ستالۆن رۆڵی ڕامبۆی وەرگرت و لەساڵی (۱۹٨۲) بەژداری یەکەمین فیلمی کرد بەناوی (Rambo: First Blood)، سەرکەوتن و ناوبانگێکی گەورەی بەدەستخست پاشان وەک ڕۆکی درێژەی دا بە فیلمەکەو ئەم زنجیرەیش (٥) فیلمی ئاکشی ناوازەی لێکەوتەوە و زۆرترین چاوی بینەری ڕاکێشا و دوابەشی ساڵی (۲۰۱۹) پەخشکرا بەناوی (Rambo:Last Blood)، ئەگەرچی فیلمەکانی ستالۆن واناسراون کە پڕجوڵەو ئاکشن و هەستبزوێنن، بەڵام چەندین جار بەژداری لە فیلمە کۆمیدییەکاندا کردوە لەوانە (Rhinestone ــ ۱۹٨٤)، (Stop:or my Mom Shoot ــ ۱۹۹۲)، کورتە فیلمی کۆمیدی(Your Studio and You ـــ ۱۹۹٦)، بەڵام سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستنەهێنا. کاروانی سینەمایی ستالۆن بەردەوام دەبێت و تا دەگاتە ساڵی (۲۰۱۰) بەنوسین و رۆڵی سەرەکی و بەشداری لە دەرهێنان بۆ فیلمی (The Expendables) کە ئەم فیلمەش بریتییە لە (٤) زنجیرە فیلمی ئاکشن بە بەژداری دەیان ئەستێرەی بەناوبانگ و مێژوییەکانی ئاکشنی سینەمای ئەمریکا لەوانە (ئەرنۆڵد شوارزینگەر، جەیسن ستاتام،دۆڵف لاندگرین،میڵ گیبسن،جیت لی، جۆن کلود ڤاندام،هاریسن فۆرد، ئەنتۆنیۆ باندێراس ...)هتد، کە دوا بەشی لەساڵی (۲۰۲۰)دروستکراوە. خەونی ڕۆکی کۆتایی نەهات و دووبارە زنجیرەی ڕۆکی دوای نۆ ساڵ وەستان بە دورستکردنی (۲)ی دیکە دەستپێکردوە و لەژێر ناوی (Creed)و ساڵی(۲۰۱٥)بەشی یەکەمی ئەم فیلمە پەخشکراو بەناوی (Creed) و ناوبانگێکی خەیاڵی بەدەست هێنا، بەشی دووەمی ساڵی (۲۰۱٨) بەناوی (Creed ll)، هەڵبەت بەشی یەکەمی (Creedــ ۲۰۱٥) سەرکەوتنێکی بێوێنەی دەستخست، بووە پاڵیوراوی دەیان خەڵات بەتایبەت بۆ کەسایەتی ستالۆن لەژێر ناوی (Rocky Balbo) بۆ ڕۆڵی باشترین ئەکتەری پاڵپشت و ساڵی(۲۰۱٦) خەڵاتی گۆڵدن گلۆبی بۆ باشترین ئەکتەری پاڵپشت وەرگرت بۆ هەمان فیلم.

ڕازی (Rambo):
ساڵی (۱۹٨۲) یەکەمین زنجیرە فیلمی رامبۆ پەخشکرا، لەژێر ناونیشانی (Rambo:First Blood) لە دەرهێنانی (تێد کۆجیف). چیرۆکی ئەم فیلمە لە نوسینی نوسەرێکی کەنەدی بەناوی (دیڤید مۆریڵ)، ساڵی(۱۹۷۲) کاتێک ناوی ڕامبۆ خستە سەر پاڵەوانی چیرۆکەکەی، کە هەڵبەت ناوی (Rambo) دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە نوسەر تا ئەوکات نەیتوانیوە ناوێک بۆ پاڵەوانی چیرۆکەکەی جێگیر بکات، بەڵام ڕۆژێک قەپێک لەسێوێک دەگرێت و زۆر چێژ لەسێوەکە وەردەگرت و دەپرسێت ئەم جۆری سێوە ناوی چیە؟خێزانەکەشی پێی دەڵێت بەوجۆرە سێوە دەوترێت (Rambo) کە لەسەدەی حەڤدەهەمدا پیاوێکی سویدی بەناوی ( پیتەر گۆرناسۆن ڕامبۆ) جۆری ئەم سێوە لێدەکاتەوە و بەناوی خۆیەوە ناوی دەنێت، چیرۆکەکەی مۆریل چیرۆکێکی ڕاسەقینەی سەربازێکی ئەمریکی جەنگی دووەمی جیهانیه کە توانی لەماوەی ئەوجەنگەدا نزیکەی(۲٥۰)سەربازی ئەڵمانی بکۆژێت سێ جاریش بریندار ببێت و ببێتە خاوەنی(۳۳)مەدالیای ڕێزلینان و پاشان بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگەوە دۆخی دەروونی دەشێوێت، لەساڵی(۱۹۷۱) بە ڕووداوی تەقینەوەی فرۆکە کۆچی دوایی دەکات، مۆریلیش هەستاوە بە زیندوکردنەوەی ژیاننامەی ئەم سەربازە لەڕیگای کەسایەتی (Rambo)، ئەوەشمان لە یادنەچێت ستالۆن دوای مشتومڕێکی زۆر ئەم ڕۆڵەی وەرگرت چونکە پێشتر ئەم ڕۆڵە درابوو بەهەریەک لە ئەکتەرە بەناوبانگەکانی (کلینت ئیستود، ئالپاچینۆ، ڕۆبێرت دی نیرۆ، جۆن تراڤۆڵتا،داستن هۆفمن،ستیڤ ماکوین) بەڵام ڕەتیان کردبووەوە.

خەڵاتەکانی سلڤستەر ستالۆن:
٭ پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین سیناریست و نوسەر ساڵی(۱۹۷۷) بۆ فیلمی (Rocky ـــ ۱۹۷٦).
٭ پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین ئەکتەر ساڵی(۱۹۷۷) بۆ فیلمی( Rocky ـــ ۱۹۷٦).
٭ پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین ئەکتەر پاڵپشت ساڵی(۲۰۱٦)بۆفیلمی(Creed ــ ۲۰۱٥).
٭ خەڵاتی گۆڵدن گلۆب بۆ ئەکتەری پاڵپشت ساڵی(۲۰۱٦)بۆفیلمی(Creed ــ ۲۰۱٥).
٭ پاڵێوراوی گۆڵدن گڵۆب بۆ باشترین ئەکتەری فیلم ساڵی(۱۹۷۷)بۆفیلمی(Rockyــ ۱۹۷٦).
٭ پاڵێوراوی گۆڵدن گڵۆب بۆ باشترین سیناریست ساڵی(۱۹۷۷)بۆ فیلمی(Rockyــ ۱۹۷٦).
٭ (۲) پاڵێوراوی خەڵاتی بافتابوە بۆ باشترین ئەکتەر و باشترین سیناریت ساڵی(۱۹۷٨)بۆ فیلمی(Rockyــ ۱۹۷٦).
٭ خەڵاتی سیزار.
٭ خەڵاتی(Lifetime Achievement)(۱۹۹۷).
٭ خەڵاتی(CinamaCon)بۆ ئەکتەری پیشەگەر(۲۰۱۲).
٭ خەڵاتی(Honorary Cesar)(۱۹۹۲).
٭ خڵاتی(Golden Apple)بۆ ئەستێرەی پیاوی ساڵ(۱۹۹۷).
٭ خەڵاتی(Sour Apple)(۱۹٨٥).
٭ خەڵاتی(Golden Camera)بۆباشترین ئەکتەری نێودەوڵەتی(۲۰۰٤).
٭ خەڵاتی(Golden Schmoes)بۆ باشترین ئەکتەری پاڵپشتی پیاو(۲۰۱٥).
٭ خەڵاتی(Critics Choice)و(DFCS)بۆ باشترین ئەکتەری پاڵپشت ساڵی(۲۰۱٦)بۆفیلمی(Creedــ ۲۰۱٥).
٭ خەڵاتی(Man of Year)(۱۹٨٦).
٭ خەڵاتی(Redeemer)(۲۰۱٦).
٭ خەڵاتی(Special)(۱۹۷۹).
٭ خەڵاتی(Jupiter)بۆ باشترین ئەکتەری نێودەوڵەتی ساڵی(۱۹٨۲)بۆ هەردو فیلمی(Rockyــ ۱۹٨۲)و(First Bloodــ ۱۹٨۲).
٭ خەڵاتی(Bravo Otto Germany)بۆباشترین ئەکتەر(۱۹٨٥).
٭ خەڵاتی(BFCC)و(BOFCA)و(AFCA) بۆ باشترین ئەکتەری پاڵپشت ساڵی(۲۰۱٥)بۆفیلمی(Creed ــ ۲۰۱٥).
٭‌ خەڵاتی(Lifetime Achievement)(۲۰۱۰)و(۲۰۱٦).
٭ خەڵاتی(Razzie)بۆ خراپترین ئەکتەر(٤)جار.
٭ خەڵاتی(Stinker)بۆ خراپترین ئەکتەر(۲)جار