close-icon

چوونەژوورەوە

گەڕانەوەی ئاندرێ زڤیانگێنتسیڤ

1095 جار بینراوە

نووسینی: ژیر دانا

 

سەیرکردنی هەر فیلمێک، هەمیشە جۆرێکە لە سەرکێشی، سەرکێشی ئەوەی کە تۆ وەک کەسێک چ کاردانەوە و چ تێگەیشتنێکت ئەبێت بەرامبەر بە کارێکی هونەری؛ ئەم سەرکێشییە زۆربەی کات چێژبەخشە، بەڵام هەندێک کات لەگەڵ چێژبەخشیەکەیدا سەخت و بگرە تۆقێنەریشە، بە تایبەت لەو کاتانەی کە تۆ سەیری فیلمی دەرهێنەرێک ئەکەیت کە پێشتر هیچ فیلمێکیت نەبینیووە، وە بە گشتیش ئاگاداری فیلمەکانی ئەو کات و شوێنە نیت کە ئەو دەرهێنەرە فیلمی تیا دروست ئەکات، هەر ئەمەشە نامۆبوونی خۆتت پیشان ئەدات بەرامبەر بە بەشێکی ژیان، بۆیە سەیرکردنی فیلمێک لەم بارودۆخەدا ئەکرێت بەهێندی چێژبەخشیەکەی بتترسێنێت و لەدوای تەواوبوونی فیلمەکە خۆت وەک کەسێکی بەتاڵتر ببینی وەک لە پێش فیلمەکە، گەڕانەوە نموونەیەکی باش بوو بۆ من کە ئەزموونی ئەم جۆرە هەستانەی لەبینینیەوە بکەم، چوونکە لەپاڵ ئەوەی کە ئەمە یەکەم فیلمی زڤانگێنتسیڤ بوو من بیبینم فیلمەکە خۆیشی بە تووندی لەناو نامۆبوونێکی ترسناکدا گیری خواردبوو؛ نامۆبوونی هەموو شتەکانی لەگەڵ هەموو شتەکانی تری.
 
سەرکێشیەکە لەوەوە دەست پێ ئەکات کە تۆ سەرەتا کۆمەڵێک پرسیار ئەکەیت و بەخۆت ئەڵێیت: من چۆن سەیری ئەم فیلمە بکەم، سەرنجم زیاتر بۆ چ بەشێکی تەرخان بکەم، بیرکردنەوەم لەگەڵ کام لایەنەی فیلمەکەدا بێت و کام لایەن ئەکرێت گرینگی کەمتری پێبەم، بێگومان ئەگەر لەکاتی سەیرکردنی فیلمەکە و بگرە تەواوبوونیشیدا وەڵامی ئەم پرسیارانەت هیچی بەڕوونی دەست نەکەوێت ئاساییە، چونکە ئاشکرایە فیلمی هونەری بە هیچ جۆرێک بەڵێنی هیچ وەڵامێکی پێ نەداوین، نە بۆ ئەو پرسیارانەی کە فیلمەکە خۆی دروستی ئەکات، نە بۆ پرسیارە گشتییەکانیش، ئەمەش بەشێکی سەرکێشییەکەیە، بەڵام شتە ترسناکەکە لێرەدا ئەوەیە کە نەک لەکاتی بینینی فیلمەکە بەڵکو لەپێش بینینی فیلمەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەم وەڵامەنەت لابێت، ئەمیش بەهۆی ئەوەی کە پێشتر بیستووتە دەرهێنەری فیلمی گەڕانەوە بە میراتگری تارکۆڤسکی ناسراوە، تەنها ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی کە تۆ هەر لە دیمەنی سەرەتاوە تا کۆتا دیمەن تارکۆڤسکیانە سەیری ئەم فیلمە بکەیت و وابزانیت کە هەموو بابەتە گرینگەکانی تارکۆڤسکی لەناو ئەم فیلمەدا هەن و گرینگن و تۆ پێویستە بەردەوام سەرنجت لەسەریان بێت، ئەمە نەک هەر زیانە، بەڵکو لێدانێکی گەورەشە بۆ سەر فیلمەکە، مانایەکی ئەداتێ کە خۆی دروستکەری نییە و لە پێشتردا و بەهۆی کەسێکی تر و چەند فیلمێکی ترەوە ئەم مانایە دروست بووە. هەر بۆیە گرینگە بۆ هەر کەسێک کە سەیری گەڕانەوە بکات پێشتر هیچ جۆرە بڕیارێکی لەسەر نەدابێت و بە هیچ جۆرێکیش بە تارکۆڤسکیەوە نەیبەستێتەوە، ئەمە لەبەر ئەوە نا کە لێکچوون نیە لە نێوانیاندا، چونکە لێکچوون هەیە، بەڵکو ئەمە لەبەر زڤاگێنتسیڤ و ڕێزی ئەو وەک دەرهێنەرێک و داهێنەرێکی سینەمایی کە تەنها دوای بینین و ناسینی خۆی لێکچواندن و خوێندنەوەی یەکجارەکی بۆ سینەماکەی بکرێت نەک لەپێش بینینی.

دیمەنەکانی سەرەتای فیلمەکە زۆر کراوە و سەرنجڕاکێشن، زۆر بە زوویی ئەتوانیت جوانیەکانی ببینیت و ناوەڕۆکەکەشیت لەلا ڕوون بێت، سادەیی دیمەنەکان و فراوانی مەودای بینینت یارمەتیت ئەدات چیرۆک و مانای چیرۆکیشت بەباشی لەلا دروست ببێت، منداڵ ڕۆڵی سەرەکی ئەبینێت و تۆ ئەتوانیت جگە لە قسەکردنیان هەستەکانیان بە ئاسانی ببینیت، ترس و دڵەڕواکێ و حەزکردن بە سەرکێشی و گەورەبوونیان وەک هەموو شتە بینراوەکان لەلای تۆ ڕوونن، لەدوای هەموو ئەمانە تۆ دایک ئەبینیت وەک کەسی دووەم، وەک ئەوی ترێک ژیانی منداڵەکان،کە بە هەمان شێوە ئەویش وەک تۆ هەستی منداڵەکان بەباشی ئەبینێت و ئەشزانێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، دواجار هارمۆنیەک دروست ئەبێت لەنێوان دایک و منداڵ یان ئەتوانین بڵێین مرۆڤ و ئەو ئەوی ترەی کە لێوەی نزیکە و لێی تێدەگات لەناو هەمان واقعدا لەگەڵیدا دەژی، کە کۆتایی بەم چەند دیمەنەی سەرەتا دێت وەک ئەوە وایە کورتە فیلمێکت بینیبێت کە هەموو لایەنەکانی کورتە فیلمێک و چیرۆکێکی تەواوی لەخۆگرتبێت، بەڵام لە دیمەنەکانی دواتردا بۆت ئاشکرا ئەبێت کە هەموو ئەو شتانەی بینیت لە پێش گەڕانەوەدا بوون، چونکە هەر ئەونەی کە گەڕانەوە ڕوودەدات فیلمێکی تر بە چیرۆکێکی ترەوە دەست پێ ئەکات.


مەبەست لە گەڕانەوە گەڕانەوەی باوکێکە کە دوانزە ساڵە دوو منداڵەکەی جێهێشتووە، منداڵەکان باوکەکە ناناسن و بیریان نایەت کە هەرگیز بینیبێتیان، نازانن لەکوێ بووە و کەسیش پێیان ناڵێت کە لەکوێوە هاتووەتەوە، لێرەدا باوکەکە بە هەمان شێوەی دایکەکە ئەوی تری ژیانی ئەم دوو منداڵەیە، بەڵام بە پێچەوانەی دایکەکە ئەم باوکە وا دەرناکەوێت کە لە منداڵەکان تێبگات بتوانێت و هەستەکانیان بە ئاسانی ببینێت، لەوانەشە لێیان تێبگات بەڵام بۆی گرینگ نەبێت کە تێگەیشتنەکەی دەرببڕێت یان مەبەستی نەبێت، ئەمە لەلای ئێمە ڕوون نییە و ڕوونیش نابێتەوە، دایکەکە ئەوی تری نزیک بوو بۆیان ئەکرێت باوکەکە ئەوی تری دوور بێت، ئەوی ترێک کە هەمیشە هەبووە و هەمیشەش ئەبێت بەڵام دوور بووە لێت و نە تۆ ئەو ئەناسیت و نە ئەویش وا خۆی دەرەخات کە تۆ بناسێت.

لەدوای گەڕانەوە یەکەم شت کە ئەکرێت هەوڵی تێگەیشتنی بۆ بدەیت ناسینی ئەم باوکەیە، کە کێیە و چۆن ڕۆیشتووە و بۆ ڕۆیشتووە و ئێستاش دوای ئەو هەموو کاتە بۆچی هاتووەتەوە، لە هەمووشی گرینگتر کاردانەوەی دایکی منداڵەکانە کە بۆچی وەک ئەوە خۆی دەرەخات کە باوکەکە هەمیشە لەگەڵیاندا بووبێت و هیچ ڕۆیشتن و گەڕانەوەیەک ڕووی نەدابێت، بەڵام نەک لە سەرەتای گەڕانەوەکەدا بەڵکو لەدوای کۆتایی هاتنی فیلمەکەش تۆ هێشتا ناتوانیت ئەم باوکە و هۆکاری کردارە سەیرەکانی بزانیت، بەڵام لە سەرەتاکانەوە چەند ئاماژەیەکی بچووک هەن بۆ ئەوەی کە ئەم باوکە زیاترە لە باوکێک، هەر ئەو ئاماژەیەی کە منداڵەکان وێنەی باوکەکەیان لەناو کتێبێکدا دۆزیەوە کە پڕ بوو لە وێنەی خوداوەندی ناو چیرۆک و ئەفسانەکان ئەکرێت ئاڕاستەمان بکات بۆ ئەوەی کە ئەم باوکە جیا لەوەی کە باوکە لە هەمان کاتدا خودا و دەسەڵاتیشە، ئەفسانەیەکە کە سەرەڕای بوونی ناڕاستەوخۆی لەژیانی تۆدا هێشتا کاریگەرییەکانی ڕاستەوخۆن و زیاتر لە هەر شتێکی تر ژیانی تۆ ئاڕاستە ئەکەن، ئەمە کێشەیەکی تەواو وجوودیە بۆ مرۆڤ، وە قسەکردن لەسەریشی ئاسان نییە، بەڵام دەربڕینی لەڕێگای گەڕانەوەی باوکێک بۆ لای منداڵەکانی داهێنانێکی تەواو هونەرییە بۆ دەربڕینی ئەم پرسە وجوودییە، هەر بۆیە لەکاتی بینینی گەڕانەوەدا تۆ بۆت دەردەکەوێت کە مامەڵە لەگەڵ فیلمێکی ئاسایی ئەکەیت بە چیرۆکێکی ئاساییەوە کە هەڵگری پرسێکی تەواو وجوودییە.

منداڵەکان ئەم شتە نازانن، ئەوەی ئەوان ئەیزانن تەنها ئەوەیە کە ئەو باوکەی هەمیشە لە مێشکیاندا بووە ئەوە نییە کە ئێستا هەیە، ئەمەش ئازارییان ئەیات و ئەیانخاتە دۆخێکی تەواو نائومێدانەوە، نائومێدی لەخۆیان پێش هەر شتێکی تر، کە ئەو بەشە گەورە و کاریگەرەی ژیانیان بە جۆرێکی هەڵە وێناکردبوو وەک لەوەی کە خۆی هەیە، لێرەشەوە ئەبن بە دوو بەرەوە، یەکێکیان ڕاستیەکە قبووڵ ئەکات و وێنایەکی نوێ بۆ باوکی دروست ئەکات، وێنای ئەوەی کە باوک پێویست ناکات ئەوە بێت کە تۆ ئەتەوێت بەڵکو ئەگەر پێچەوانەی هەموو ویستەکانی تۆش بێت هێشتا هەر باوکە و هێشتا هەر ئەوەیە کە پێویستە لە ژیانی تۆدا، بەڵام کوڕە بچووکەکە ئەمەی ناوێت، ئەو بێ باوکی و دۆخی پێشتری بەلاوە باشتر بوو وەک لەم دۆخە نوێیە، تەنانەت لە شوێنێکدا هاوار بەسەر باوکی ئەکات و ئەڵێت کە باوکی ناو خەیاڵەکانی زۆر لەم باشتر بووە و تەنها ئەتوانێت ئەو خەیاڵە وەک باوک قبووڵ بکات نەک شتێکی تر، جیاوازی نێوان ئەم دوو برایە چ شتێک دروست ئەکات؟ یان باشتر بڵێین جیاوازی دوو مرۆڤ کە یەکێکیان ئەوی تر وەک خۆی قبووڵ ئەکات و ڕێگای ئەدات ژیانی ئاڕاستە بکا لەگەڵ مرۆڤێکی تر کە بە جۆرێک ئەوی تر ڕەت ئەکاتەوە وەک ئەوەی کە هەر نەبێت؟ ئایا مرۆڤی یەکەم نوێنەری مرۆڤە ئیماندارەکانە و مرۆڤی دووەمیش نوێنەری بێ ئیمانەکانە؟ ئەگەر وابێت ئەتوانین بەشێکی زۆری فیلمەکە بۆ پرسێکی وجوودی تر ببەین کە ئیمانە، وەک بڵێیت کە گەڕانەوە فیلمێکە لەسەر لەحزەی پرسیارکردن لەسەر ئیمان و خستنە ژێر تاقیکردنەوەی، وە ئەگەر زیاتریش بڕۆین ئەتوانین بەجۆرێک بگەینەوە سەر بنەڕەتی ئیمان کە لەکەوێوە هاتووە، لە فیلمەکەدا زیاتر لە سێ جار مناڵە بچووکەکە ئەپرسێت کە باوکی لەکوێوە هاتووەتەوە، ئەمەش پرسیارێکی سەیرە و بۆ ئەو دۆخە، چونکە پرسیارەکەی کە لە مێشکی زۆربەماندایە ئەوەیە کە لە ئەسڵدا بۆکوێ چووبوو لە ڕابردوودا نەک ئەوەی کە دواجار لەکوێ بووە، هەر بۆیە هیچ کات وەڵامی منداڵەکە نادرێتەوە، دەرهێنەر لێرەدا زۆر بە زیرەکانە بێ بنەڕەتی باوکەکە دەرەخات، وەک بڵێیت کە منداڵەکە ئەزانێت ئەم لەو باوکەوە هاتووە بەڵام نازانێت باوکەکە خۆی لە چییەوە یان لە کوێوە هاتووە، باوکەکە تا ئەو شوێنە هەیە کە پرسیار لەسەر بنەڕەتەکەی نەکرێت، کە پرسیاری ئەوە نەکرێت ئەسڵی ئەم باوکە چییە وا ئێستا بووە بە هەموو شتێک!

دواجار ئەوەی ئەمێنێتەوە تەنها دوو کوڕەکەن بەبێ باوکیان، بەڵام نەبوونی باوک لە ئێستادا و لەدوای گەڕانەوەکە زۆر جیاوازە وەک لە نەبوونی پێش گەڕانەوەکە، ڕاستە کە هێشتا نە کوڕەکان و نە ئێمەش لە باوکەکە تێنەگیشتووین و ناشزانین چییە، بەڵام خۆ ئێستا کوڕەکان خۆیان ئەناسن، وە ئەشزانن کە ڕۆڵی ئەمان چییە و لە بوون یان نەبوونی ئەوی تر، بە چەند دیمەنێکی کەم دەرهێنەر دەرئەنجامی ئەمەت زۆر بە خێرایی پیشان ئەدات، کوڕە گەورەکە، یان مرۆڤە ئیماندارەکە، لەدوای گەڕانەوە ئەبێت باوک، ئەبێت بەو خاوەن دەسەڵاتەی کە فەرمان ئەکات و پێت ئەڵێت کە چی بکەیت بەبێ ئەوەی پێت بڵێت کە بۆچی بیکەیت، کوڕە بچووکەکەش یان مرۆڤە بێ ئیمانەکە لە هەمان دۆخی خۆیدا ئەبێت، دیمەنەکانی کۆتایی ئەو هەمان دیمەنەکانی سەرەتایەتی، ترس و دڵەڕاوکێ و ڕاکردن لە زۆر شت، بەڵام ئەمجارە دایکی لێ نییە تا دەستی یارمەتی بۆ درێژ بکات و ئارامی بکاتەوە، ئەمجارە بەس خۆیەتی بە تەنها، ئەو باش لەوە تێگەیشتووە کە ئەگەر دەستێکی یارمەتی هەبێت تەنها ئەوەیە کە لە واقعدا هەیە وەکو دایکی کە لە پێشتردا یارمەتیدا نەک ئەوەی کە واتزانیوە هەیە و توانای هەیە و هێزی هەیە وەکو باوکی، ئەو وەک هەمیشە بێ باوک ئەبێت و هیچ هیوایەکی بە هێزێکی دەرەوەی خۆی و واقعی خۆی نامێنێت کە لەکاتی پێویستا لەگەڵیدا بێت، جیاواز لە براکەی، بۆیە پرسەکە هەرگیز باوکەکە نەبووە، باوکەکە هەرچۆنێک بێت و هەر مانایەک هەڵبگرێت گرینگ نییە، گرینگ مرۆڤەکان خۆیانن، کە چی لەناو مێشکیاندا دروست ئەکەن و باوەڕ بە چی ئەهێنن، مرۆڤەکان بەبێ ئەوەی خۆیان بیانەوێت و واقعی تایبەت بەخۆیان دروست ئەکەن، واقعێک لەسەر حوکمی هەموو شتەکانی ژیان جگە لە خوودی خۆیان.

لەکۆتاییدا هەموو ئەم قسانە تێگەیشتنێکی تەواو شەخسی بوون بۆ فیلمەکە، هەروەک چۆن فیلمەکە خۆی فیلمێکی شەخسی بووە، زڤیاگێنتسیڤ بۆ دەربڕین و پیشاندانی پرسیارە وجوودیەکان نەچووەتە دەرەوە بەڵکو لە ناخ و دەروونی خۆیەوە ئەم پرسیارانەی دەرهێناوە، تارکۆڤسکیش هەمان کاری ئەکرد، بەڵام جیاوازی ڕاستەقینەی هەموو مرۆڤێک لەناو دەروونیاندایە نەک لە دەرەوە، ڕێچکەی هاوبەش و تەکنیکی هاوبەش ئەم دوو دەرهێنەرە زۆر لەیەک نزیک ئەکاتەوە بەڵام هیچکات دەروونیان نابێت بە یەک دەروون، بینەریش هەمان کاری لەسەرە بیکات، واتە بە چاوێکی شەخسیەوە سەیری بکات بەو مانایەی کە دەروونی چی ئەڵێت بەرامبەر بەو شتانەی کە لە فیلمەکەدا ئەیبینێت.