close-icon

چوونەژوورەوە

فیلمی ئەنتۆنیا، ئافرەتێکی بەهێز لە دەستی چارەنووسدا

870 جار بینراوە

نووسینی: کاردۆس مشیر

فیلمی ئەنتۆنیا گوزەرێکە بە ژیانی ئەنتۆنیای بێوەژن و کچ و نەوەکانی، گوزارشتێکە لە جووڵە و ڕێبازی فێمینیزمی بەڵام بە شێوەیەکی دادوەرانەی هەڵقووڵاو لە ناخی مارلین گۆریسی دەرهێنەر کە خاوەن یەکەم ئۆسکارە  وەکو خانمێک لە مێژوودا، سەرەنج خستنە سەر کۆمەڵە بابەتێک و ورووژاندنیانە لە مردنەوە بۆ ئاین بۆ سێکس و هاوڕەگەزخوازی و هاوڕێیەتی و خۆشەویستی. گووڵێکی سینەمایی وڵاتی گووڵە کە وا ناسراوە بەڵام ئەوەتا لە سینەماشدا گووڵی خۆی چاندووە مەگەر تەنیا بەم فیلمەش بێت.

فیلمەکە بە گەڕانەوەی ئەنتۆنیا و دانیالی کچی دەستپێدەکات بۆ شارۆچکەکەیان کە تێیدا دایکی ئەنتۆنیا دەمرێت، تێیدا ئەنتۆنیا بە هاوڕێ کۆنەکانی شاد دەبێتەوە لە نێوانیاندا کڕۆکد فینگەر کە پیرە پیاوێکی گۆشەگیرە و بەهیچ جۆرێک ماڵەکەی جێناهێڵێت وژیانی تەرخانکردووە بۆ خوێندنەوە، هەروەها سەرنج دەخاتە سەر دیدی، ئەو کچە شێتەی لەلایەن براکەیەوە دەست درێژی دەکرێتە سەر و لەگەڵ لوونی شێتەپیاو دا دەکەونە خۆشەویستییەوە، ئەنتۆنیاش لە لایەن باس ی جووتیارەوە داوای هاوسەرگیری لێ دەکرێت، دانیالیش هونەرمەندە و مێشکێکی نائاسایی هەیە، حەز بە هێنانە دوونیای منداڵێک دەکات بەڵام بێ ئەوەی هاوسەرگیری بکات، کە دواتر لەگەڵ دایکی سەردانی شار دەکەن تا پیاوێکی بۆ بدۆزنەوە سکپڕی بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی لە دایکبوونی تێریزا، دواتر دانیال دەکەوێتە خۆشەویستی مامۆستاکەی تێریزا، لارا، تێریزاش هۆگری کڕۆکد فینگەر دەبێت و کاتێکی زۆر بەیەکەوە بەسەر دەبەن لە خوێندن و باسکردنی فەلسەفە و بیرکاری و مردن. پاشان پێتی دەگەڕێتەوە بۆ شارۆچکەکە و دەست درێژی دەکاتە سەر تێریزا، ئەنتۆنیاش لە بری کووشتنی دەیخاتە بەر نەفرەتی خۆی و لە شارۆچکەکە دەربەدەری دەکات، پاشان تێریزا لەگەڵ هاوڕێیەکی منداڵی هاوسەرگیری دەکات و کچێکی دەبێت بە ناوی سارا کە چیرۆکبێژی ئەم فیلمە درامیەی ئێمەیە، هەروەها مردنی زۆرێک لە خۆشەویستانی و کەسە نزیکەکانی دەبینێت.

ئەمتۆنیا بەجوانی نیشاندانی هاوڕێیەتیە، بەرزنرخاندنی خۆشەویستییە، دەرخستنی بێمانایی ژیانە لەلایەن کڕۆکد فینگەر کە لە یەکێک لە دیالۆگەکاندا کاتێک تێریزا دووگیانە و دوودڵە لەوەی منداڵەکە بهێنێتە دوونیاوە یان نا، پێی دەڵێت: چۆن دەتوانی تاوانی هێنانە دوونیای بخەیتە ئەستۆ، یاخود لە دیالۆگێکی تر: "من باوەڕم بە خودا و ڕۆژیی دوایی نییە، گەر باوەڕم پێیان هەبووایە ئەوا دڵشاد دەبووم بەوەی ئەم ژیانە بەڵێنی خۆشبەختی دەدات، ئەم ژیانە دۆزەخە". ئەنتۆنیا بەردەوام دەبێت لە زیادکردنی ئەندام بۆ خێزانەکەی، لە نێویاندا قەشەیەک کە کڵێسا جێدەهێڵێت و لێتا کە براکەی قایل دەکات دانیال دووگیان بکات بێ هاوسەرگیری کردن، لە کۆتاییدا کە مردنی ئەنتۆنیا نزیک دەبێتەوە دەبینین بە هاوڕێ و کەسە نزیک و خۆشەویستەکانی دەورە دەدرێت، مردن و کۆچی ئەو بە ڕێز و جوانی و کەڕامەتەوە دەبێت، مردنێک پاش ژیانێکی شایستە بە بیری ئەنتۆنیا بە پێچەوانەی زۆرێک لە خەڵکەوە کە پێی وایە ژیانێکی تەواو ژیاوە و ئیتر بەسە و کاتی مردنە و ئەو قایلە پێی.
مارلین گۆریس بە شێوازێکی هاوچەرخانە بیرۆکەی فیلمەکە دەسازێنێت، کۆمێدیایەکی دڕندانە و تڕاژیدیایەکی دڵهەژێنانە، جگە لەوانەی باسکران، ئەنتۆنیا نموونە و ئایدیاڵێکی نایابە بۆ ئەو ئافرەتانەی لە کۆمەڵگادا ڕۆحێکی میواندارییان هەیە دوور لە هیچ بووغزێک، دڵنیا لەوەی هەر کەسێک یەک ژیان دەژیت جا با ئەو ژیانە بێت کە دەیەوێت، ئەوەی لەسەر منیشە زەمینە ساز کردنە بۆیان، تێپەڕینی ساڵ بە ساڵ و وەرز بە وەرزە لە ژیانی کارەکتەر بە کارەکتەر و بەستنەوەیان بە ئەنتۆنیاوە کە هەندێکیان سەرنجڕاکێشترن لەوی تریان و هەندێکیشیان پێنەگەشتوون.
بە ڕوونی دیارە ئەنتۆنیا فیلمێکی کەسیە، فێمینیزمێکی قووڵ و بەخەیاڵکراو و هەستیارانەیە، دیالۆگەکانی سەرەڕای کورتی و پچڕپچریێتیان هەڵگری واتان و چیرۆکبێژییەکەی لە میلۆدراماوە دەچێت بۆ تڕاژیدیا و پووچێتی و دەگەڕێتەوە تا ببێتە هاوشێوەی شانۆگەرییەکی مەهزەلی کە ئەمەش دەیکات بە هاوشێوەی زەوییەکی چاڵ و چۆڵ و ناتەخت.

ئەجێندەیەکی تری فیلمی ئەنتۆنیا لایەنی ڕەخنەگریەتی، ڕەخنەگرتن لە ئاین بە گشتی و کڵێسای کاسۆلیکی بە تایبەتی، لێرەشدا گۆریس خۆی وەکو وانەبێژێک و ڕێنماییکارێک دەبینێت و تۆنی خۆی لە فیلمەکەدا دەسازێنێت و جێدەستی خۆی جێدەهێڵێت، سەرەڕای ئەوەش گۆریس بەو ڕادەیە تۆنی دەنگی بەرز نییە و خۆی ناسەپێنێت، بەڵکو چەندین ساتی فیلمەکەی بۆ بینەر تەرخان دەکات بۆ ئاواتخواستن.

فیلمەکە پۆڵێنی (ئاڕ) کراوە بەهۆی بوونی تووندوتیژی و سێکس و دەستدرێژی لەپاڵ وێنەی ئیرۆیتیکی و ڕووت و پیسێتی و چەپەڵی لەمەڕ شتە پیرۆزەکان.

مارلین گۆریس دەڵێت: "من فێمینیستم، هەم بە هۆش و هەم بە مەزاج و هەوەسیش، فیلمەکانیشم وێنەدانەوەی تێڕوانینی منن بۆ ژیان".

لێرەدا دەرهێنەر ئازادانە دەدوێت لەبارەی باوەڕی خۆیەوە، بێ هیچ ترس و فشارێک ئەوەی دەیهەوێت دەیکات بە فیلم و دەیسازێنێت، کە فیلمەکەش دەبینیت هەست بەمە دەکەیت و بۆت ڕوون دەبێتەوە بۆچی ئۆسکاری باشترین فیلمی بیانی پێدراوە، گۆریس دەستپێکی ژیانی فیلمسازی بە نووسینی سیناریۆیەک دەست پێدەکات بۆ خانمە دەرهێنەری دیاری وڵاتی بەلجیکا (شانتال ئاکەرمان)، شانتال پاڵپشتێکی گەورەی گۆریس بووە و قایلی کردووە سیناریۆ و نووسینەکانی بکات بە فیلم و پێی گوتووە : "درووستکردنی فیلم بەو جۆرەش قورس نییە"، بەم جۆرەش ئەو سیناریۆیەی گۆریس پێشکەشی ئاکەرمانی کرد بوو بە فیلمی "پرسیارێک لە بێدەنگی ١٩٨٢"، لایەنی قێزەون لە فیلمەکەدا بەڕای من هاوڕەگەزخوازی و پەیوەندی خێزانی و دەستدرێژی و پەیدۆفیلیای سەروو ئاساییە، ئەمە جگە لە کپ کردن و نادادوەری بەرامبەر پڕۆسەی هاوسەرگیری.

دەکرێت تۆی بینەر "ڕق، خۆشەویستی، حەز و بەدڵبوون، قێزکردنەوە"ت هەبێت بەرامبەر فیلمی ئەنتۆنیا وەکو هەر بەرهەمێکی تری سینەمایی، بەڵام بێگومان بە لەوەی ژەمێکیه سینەمایی جیاواز دەچێژیت و بە بیرکردنەوەیەکی سادە و تێڕوانینێکی سانا بۆی و گەشتن بە دوا ساتی فیلمەکە و خوێندنەوەی دوا دیالۆگی دەبنە هۆی مانەوەی فیلمەکە لە هزرت...
باسەکەم بە دیالۆگێکی نێو فیلمەکە بەکۆتا دێنم، " ئەو پەندە هەڵەیە، کات هەموو برینەکان ساڕێژ ناکات، تەنیا ئازار کپ دەکاتەوە و یادەوەرییەکان لێڵ دەکات".