close-icon

چوونەژوورەوە

فیلمی مۆری حەوتەم ١٩٥٧: گوزەرێک بەناو هونەر و باوەڕداری لەسەردەمی تاعووندا

619 جار بینراوە

نووسینی: کاردۆس مشیر


مۆری حەوتەم دەکەوێتە کۆتاییەکانی نیوەی یەکەمی ژیانی سینەمایی ئینگمار بێرگمانی سویدی و ١٧ەهەمین فیلمیەتی و سیناریۆکەی لە شانۆگەریەکی بێرگمان خۆیەوە وەرگیراوە بە ناوی "ود پەینتینگ"، یەکەم کلاسیک فیلمی ئەم پیاوەیە کە شایەنی باس بێت، کاریگەری مۆری حەوتەم بەسەر سینەمای دونیاوە زیاترە لە ڕەشۆمۆنی کۆرساوا و ڕۆما، شاری کراوەی ڕۆسێلینی و فیلمەکانی شەپۆلی فەڕەنسی (ئەمە بەڕای من)، ئەمەش بەسە بۆ سەلماندنی ئەوەی ئەم پیاوە چەندی ویستووە تا بیر بکاتەوە و فەلسەفەکەی بخاتە کار و بە ڕوئیا سینەماییەکەی سەرساممان بکات پێش ئەوەی دواتر چەندین کلاسیکی قەشەنگ بەرهەم بهێنێت.، ئەمە جیا لەو کاریگەرە ڕۆشنبیریەی بەسەر بونیادی هونەری سینەمایەکی جیاواز جێی هێشت و بە جیهانیتری کرد و ئازاد بوو لەدەستی گەورە هۆڵیودی سەردەم.

شوێنی ڕووداو گوندێکی سویدە و کاتیش سەدەکانی ناوەڕاست، سەدەی ١٤ کە ئەوروپا تاکو باکوری سوید بە نەخۆشی تاعوون باڵاپۆش کرابوو کە ئەو کات بە مردنی ڕەش ناسرابوو، هەروەها ناونیشانی فیلم دەلالەتە لە ماوەیەک لە "ڕوئیای یوحەنا" کە کۆتا کتێبی ئینجیلی مەسیحیەکانە و تێیدا فیلمەکە بە ماوەیەک دەست پێدەکات و کۆتایی دێت: "کاتێک مۆری حەوتەم کراوەیە بێدەنگییەک بۆ ماوەی نیو کاتژمێر لە ئاسمان ڕوویدا". بەڵام سەر زەوی شوێنی ڕوودانی وڕووداوەکانە کە نیشاندانی ئەمەیە: ئاڵانی مردن و خەڵک بەیەکەوە، ئەو نیو کاتژمێرەش وون بوونی خودا و دەرکەوتنی خراپە و شەڕە، کە لێرەدا بە بەری مردنی دا کردووە و مردنیش شوێنی خەڵک دەکەوێت تا گیانیان بکێشێت، لەبەر ئەمەشە بە تاریکترین و خەفەتبارترین فیلم دادەنرێت، فیلمێک بە تارمایی مردن دەست پێدەکات و هەر بەویش کۆتایی دێت.
گرنگترین خاڵ کە فیلمەکە جەختی دەکاتە سەر ئازادی پرسیار کردنە، تێیدا مەودایەکی فراوانی بۆ تەرخان دەکرێت چ لەلایەن کاستی فیلم و بینەریشەوە، بە جۆرێک لە زۆر ساتی فیلمەکە بە سەرسوڕمانەوە لەخۆمان دەپرسین بۆچی؟ وەکو لەم نموونەیەی خوارەوە: "لەو کاتەی ئەنتۆنیۆس مێشکی بەدەست چەندین پرسەوە هەراسان دەبێت، دەچێت بۆ دانپیانان لە کڵێسا (بەپێی بیروباوەڕی خۆی) هەوڵ دەدات بپرسێت و وەڵام وەربگرێت بەڵام بێ ئەوەی وەڵامێکی تەواو و ڕوون وەربگرێت، لە لایەکی تر هاوڕێکەی (جۆنس) لە دەرەوە چاوەڕێی دەکات و لەگەڵ خزمەتکاری کڵێساکە قسە دەکات و لێی دەپرسێت:
- ئەم وێنە ترسناکانە چین؟
- سەمای مردنن
- ئەی ئەم هەمووە نەقش و نیگارەی بۆچیە؟
- تاکو خەڵکی مردنیان لەیاد بێت
- هەر ئەمەشە وایان لێدەکات هەرگیز ئاسوودە نەبن
مۆری حەوتەم خاڵێکی وەرچەرخانی گەورە بوو لە ژیانی بێرگمان کە بە بەرهەمهێنەرە سادەکە ناسرابوو و فیلمەکانی بە داهاتێکی کەم و بە ٣٥ ڕۆژ وێنە دەگرت تەنانەت بۆ دیمەنی سەمای مردنەکە ناچاربوو تیمی دەرهێنان و هاوکارەکانی خۆی بەکاربهێنێت دوای شەکەتی و ماندووبوونی نواندکارەکانی لەو ڕۆژەدا. لەم قۆناغەش گرنگی دا بە تێکەڵکردنی واقیع بە خەیاڵ و مەجاز و ئەسپی خۆی تاودا لە پەیوەندی نێوان ویست و لەدەستدان و تاوان و گوناه کردن و بە ڕاشکاویش بابەتەکانی مردن و ڕۆح و نەمری وروژاند بە تۆنێکی گاڵتەئامێزانە و جارجاریش دەربارەی بێباوەڕی خۆی کە تووشی ترسی دەکرد و لای ئەو ژیانکردن لە چاوەڕوانی مردن زۆر لە مردن خۆی ترسناکترە.
یاری شەتڕەنجەکە مێتافۆڕێکی زیرەکانەیە بۆ هەوڵدانی پیاوێک کە دەیەوێت بەرەنگاری مردن ببێتەوە لەڕێگەی کارامەیی خۆیەوە، لەوانەشە ڕوونترین بیرۆکەی ئەم هونەرمەندە بلیمەتە بێت، دیمەنەکانی شەتڕەنج کردنەکە دەکرێت بەلای زۆرێکەوە فیلمەکە بکەن بە فیلمێکی سوریاڵ، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ئەمە درووست نییە، سوریالیزم دەکرێت فۆڕمێک لە فۆڕمەکانی واقیع بکات و چێژێکی هەستیار و تێکدەر بدۆزێتەوە تێیدا، بەڵام کارەکەی بێرگمان ڕاستخوازانەیە، بەتووندی خۆی دەبەستێتەوە بە ئازاری باوەڕهێنان، باوەڕ‌هێنان بە خودا کە بە بێدەنگی و بزری دەمێنێتەوە،
لە مۆری حەوتەمدا ئێمە لە بەردەم ڕەفتارێکی مرۆیداین کە ڕووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە وەکو نوێنەرێکی خراپەکاری و شەڕ بەبێ بوونی هیچ هێزێکی چاکە، هێزی فریشتە یاخود خودا وەکو ئەوەی مرۆڤ بە تەنیا بێت لە جەنگەکەیدا دژی شەڕ و هیچ جیهانێکی تر و مێتافیزیکایەک بوونیان نەبێت. مردنیش بە ڕووێکی تر و بە شەتڕەنج دێت، بەو واتایەی هەموو جیهانەکان ماددین، هەستپێکراون، چاکە بە هۆکاری ڕوون چاکەیە، بەهەمان شێوە شەڕیش هۆکارەکەی ڕوونە بۆ شەڕە، ئەمەش ئەو مردنە دەگرێتەوە کە بەشوێنی خەڵک دەکەوێت تا "بیانکووژێت".
لە فیلمەکەدا ڕووبەڕووبوونەوەیەک هەیە لەنێوان ئەنتۆنیۆس بلۆک و مردن، لە یاری شەتڕەنجەکەدا مردن ڕەنگی ڕەشی بۆ دەردەچێت و دەڵێت بۆ ئەو گونجاوە، سوارچاکەکە ئاماژەیە لە چاکە کە مرۆڤە و مردنیش لایەنە خراپەکەیە، مرۆڤ وەکو ڕزگارکەرێک و مردنیش وەکو بکوژێک، لە نەبوونی تەواوەتی خودا، یان هەر هێزێکی تری چاکە لەم جیهانە، هەر ئەمەشە فیلمەکە پێکدێنێت و مەبەستی بێرگمان دەخاتە ڕوو، حوجەتی مادیەت و عەقڵانیەت بەرامبەر باوەڕداری و غەیب.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بێرگمان پرسیاری ئەوەی لێکرا بۆچی مردنی بە مرۆڤ و کارەکتەرێک نیشانداوە، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: "گەر بینەر مردن نەبینێت بڕوای پێ ناکات" لەبەر ئەوە بێرگمان مردن خۆی نیشان دەدات نەوەکو شوێنەواری، مردن لە بەرگی کارەکتەرێکدا کە دەجووڵێت و خەڵکی ئاڕاستە دەکات بەرەو کۆتا ساتەکانی ژیانیان و مردنیان، کە ئەمەش لە جوانترین دیمەنەکانی فیلمەکەیە کە دیمەنی کۆتاییە، کۆکردنەوەی خەڵک و بردنیان بۆ کۆتا کۆچی ژیانیان، بێرگمان – کە بەهۆی کورتهێنانی بودجەوە سیناریۆی فیلمەکەی بۆ چەندین ساڵ لای خۆی هێشتەوە- کاتێک دەبینێت ئاسمان هەوراویە لە کۆتایی ڕۆژدا، لە ساتێک بەردەست و نواندکارەکانی لە شوێنی تۆمارکردنی دیمەنەکان نەماون ئەمەی بە خەیاڵدا دێت کە تەواوکردنێکە بۆ ڕووداوەکانی پێشوو و کۆتا ڕووداویشە، بێرگمان نەیویست ئەمەی لە دەست بچێت و ئەوانەی لەوێ مابوونەوە و ئەوانەشی بەوێدا تێدەپەڕین کۆیکردنەوە و جلوبەرگێکی ڕەشی لەبەر کردن و ناردیانی بەرەو مردنی خۆیان و سەمایان دەکرد بێ ئەوەی بزانن چی دەکەن، هەروەها بە دیمەنی دوور و دوور لە ڕووخسار و ئاماژەکانی چاو و ڕوو تۆماری کرد بۆ تەنیا چەند چرکەیەک و کردیشی بە دیارترین دیمەنەکانی فیلمەکە.
هۆکاری مانەوەی مۆری حەوتەم وەکو یەکێک لە کلاسیکیە دیارەکانی سینەما گەلێک زۆرن سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە ٦٠ ساڵە پەخشکراوە، دیارترینیان پشت نەبەستبنیەتی بە کات سەرەڕای ئەوەی کاتی پەخشکردنی فیلمەکە پاش جەنگی جیهانی دووەم و سەرەتای جەنگی سارد و باس و خواسی بۆمبی ئەتۆمیە، بەڵام بەکارهێنانی مێتافۆڕێکی سادە و بەرهەمهێنانی فیلمەکە  بە شێوەیەکی فەلسەفیانە دەوڵەمەند وایان کرد تا ئەمڕۆ فیلمەکە بە زیندوویی بمێنێتەوە،  ئەمە جیا لەوەی فیلمەکە دووپاتکردنەوە و دەرخستنی ژیانە نەک هەر باسی مردن، ئەوەتا جۆف و میا و میکایل کە فیلمەکە بەوان کۆتایی دێت، سەلمێنەری ئەوەن ڕووناکی ژیان هەمیشە لە تاریکترین ڕۆژەکانیشدا دەربازی دەبێت.

هەروەها نواندنە نایابەکانی سەرجەم نواندکارەکان، گونار بۆڕنشتراند و ئاکێ فڕیدل و گونێل لیندبڵۆم و بیبی ئەندرسن، لەسەروو هەمووشیانەوە ماکس ڤۆن سیدۆی پاڵەوان و هاوڕێ و هاوکاری هەمیشەیی بێرگمان، و گرتە سینەمایی و سینەماتۆگرافیەکەی سینەماتۆگرافەر گونار فیشەر کە خوێندکارێکی سادەی کاڕڵ تیۆدۆر درێیەری گەورە فیلمسازی دانیمارکیە، وێنەگرتنێکی ڕەش و سپی کارامە بۆ فیلمێک کە کەلێنێک بوو لەنێوان تاریکی و ڕووناکی.