کارزان کاردۆزی

ژیاننامە

     دەرهێنەر (کارزان کاردۆزی) لە باشوری کوردستان لە سلێمانی لە دایکبووە، لە تەمەنی هەرزەکاریدا لەگەڵ خانەوادەکەی چوونەتە ئەمریکا، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە سینەماتۆگرافی و دەرهێناندا لە زانکۆی واتکینس کۆلیجی ئۆف ئاڕت ئاند دیزاین لە ناشڤڵ لە ئەمریکا، هەروەها خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بەرهەمهێنانی فیلم لە زانکۆی سێنترال لانکەشێر لە ئینگلتەرا.

     کاردۆزی دەڵێت "خۆشەویستیم بۆ سینەما گەشەی کرد یەکەم جار وەکو کەسێک کە کۆکەرەوەی دی.ڤی.دی فیلمە هونەریەکان و شاکارانی سینەما بووم، ئەم خۆشەویستیە وایلێکردم کە دەست بکەم بە خوێندن و کار لەو بوارەدا بکەم، لە دروستکردنی فیلمەوە بێت بۆ نووسینی ڕەخنەیی لەسەر سینەما لە بڵۆگ و ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا".

     دەرهێنەر بۆ ساڵێک گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و لەو ماوەیەدا وەکو یاردەدەری دەرهێنەر یارمەتی (تەها کەریم)داوە لە فیلمی "هەزار و یەک سێو"دا، هەروەها دروستکردنی فیلمی دۆکیۆمێنتەری “دەمەوێت بژیم” بۆ بڕوانامەی ماستەرەکەی بەرهەمهێناوە و چەندین کورتە فیلمی هەیە کە لە ئەمریکا و ئینگلتەرا بەرهەمی هێناوە. وە زنجیرە پەرتووکێکی نوسیوە بە ناوی “سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر”، کە لە چل پەرتووک پێکهاتووە و لە هەر پەرتووکێکدا شیکاری کراوە بۆ ژیان و فیلمەکانی چەند دەرهێنەرێک، لە کۆی پەرتوکی زنجیرەکەدا شیکاری دەکرێت بۆ ژیان و فیلمەکانی سەد دەرهێنەر. ئامانجی زنجیرەکە گێڕانەوەی چیرۆکی سینەمایە لە ساتی لە دایکبوونی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم بۆ سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم.