close-icon

چوونەژوورەوە

خەڵاتی ئۆسکار چی یە؟ مێژووی ئۆسکار و زانیاری تەواو لەسەر خەڵاتی ئۆسکار

4213 جار بینراوە

خەڵاتی ئۆسکار چی یە؟ مێژووی ئۆسکار و زانیاری تەواو لەسەر خەڵاتی ئۆسکار:

خەڵاتی ئۆسکار خەڵاتێکی سینەمایی ساڵانەی ئەمەریکییە و لەلایەن ئەکادیمیای هونەر و زانستی وێنەی جوڵاوی ئەمریکیەوە دابیندەکرێت بۆ دەستنیشانکردنی باشترینەکانی پیشەسازی فیلم لە وڵاتی ئەمەریکا و لەلایەن ئەندامانی ئەکادیمیاکەوە دەنگیان لەسەر دەدرێت.

مێژووی خەڵاتی ئۆسکار:
یەکەمین ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتی ئۆسکار لە ١٦ ئایاری ساڵی ١٩٢٩دا بوو لە ئێوارەخوانێکدا لە هۆتێل هۆڵیوود ڕۆسڤێڵت لەگەڵ نزیکەی ٢٧٠ تەماشاکەردا. بەشێکی دیکەی ئاهەنگەکە لە هۆتێل مەیفێر سازدرا کە نرخی تکتی ئاهەنگەکە لەو ساڵەدا ٥ دۆلار بوو. ١٥ خەڵات دابەش کرا بەسەر هونەرمەند و دەرهێنەر و بەشداربووانی دیکەی پیشەسازیی فیلمدا بۆ ئەو فیلمانەی لە ماوەی ساڵانی ١٩٢٧-١٩٢٨دا درووستیان کردبوون. ئاهەنگەکە ١٥ خوولەکی خایاند. لە ساڵانی سەرەتادا براوەکان سێ مانگ پێشتر لەڕێی میدیاوە ڕادەگەیندرا. هەرچەندە ئەمە لە دواییدا گۆڕدرا و ڕاگەیاندنی خەڵاتەکان بە ڕۆژنامەکان سپێردران تا لە کاتژمێر ١١ی شەو بە کاتی ئەمەریکا ڕابگەیەندرێن.

یەکەمین خەڵاتی ئۆسکار بە کێ بەخشرا؟
یەکەمین خەڵاتی باشترین ئەکتەر درا بە (ئێمیل جانینگز) بۆ ڕۆڵی ئەو ئەکتەرە لە فیلمەکانی ''دوایین فەرمان'' و ''The Way of All Flesh'' جانینگز دەبوو بگەڕێتەوە بۆ ئەوروپا بەر لە دەستپێکردنی ئاهەنگی دابەشکردنی یەکەمین خەڵاتی ئۆسکار. هەر بۆیە ئەکادیمیاکە ڕازی بوون لەوەی پێشتر ڕۆشتنەکەی و بەر لە دەستپێکی دابەشکردنی خەڵاتەکان خەڵاتەکەی پێ ببەخشێ؛ ئەمەش جانینگزی کرد بە یەکەمین کەس لە مێژوودا کە خەڵاتی ئۆسکاری پێ بەخشرا.

نەریتەکانی دامەزراوەکە:
لە ساڵانی سەرەتادا براوەکان بە هەموو بەشداری و ڕۆڵەکانیان دەناسرانەوە، بۆ نموونە، جانینگز خەڵاتی ئۆسکاری بۆ دوو فیلم پێ بەخشرا و (جانێت گاینۆر) دواتر یەک ئۆسکاری بۆ ڕۆڵبینین لە سێ فیلمدا بردەوە. بەڵام لەگەڵ چوارەم جاری دابەشکردنی خەڵاتەکاندا، سیستەمەکە گۆڕدرا و براوەکان تەنها لە یەک ڕۆڵی تایبەت و بۆ یەک فیلم خەڵاتیان پێ دەبەخشرا.
 
لە بیست و نۆیەمین ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکاندا کە لە ٢٧ی ئازاری ١٩٥٧ ساز کرا، بەشی (باشترین فیلمی زمانی بیانی) بۆ خەڵاتی ئۆسکار زیاد کرا.

لە حەفتاوچوارەمین ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکاردا کە لە ساڵی ٢٠٠٢ ساز کرا، خەڵاتی باشترین فیلمی ئەنیمەیشن زیاد کرا و بەخشرا.

لە ساڵی ١٩٧٢ەوە هەمیشە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتی ئۆسکار بە ئاشکراکردن و بەخشینی خەڵات بۆ باشترین فیلم کۆتایی دێت.

ناوی خەڵاتی ئۆسکار لە چییەوە هاتووە؟
بنەچەی ناوی ئۆسکار گفتوگۆی لەسەرە. بێتی دەیڤس کە سەرۆکی ئەکادیمیاکە بوو دەڵێت ئەو ئۆسکاری بە ناوی مێردی یەکەمییەوە (ئۆسکار نێڵسن)ـەوە ناو ناوە. سەرەڕای سێ چوار ڕای جیاوازی تر بەڵام وەک دەوترێت لەساڵی ١٩٢٨ ژنێک کە لە ئەکادیمیاکەدا ئیشی کردووە، وەختێک بۆ یەکەم جار ئەو خەڵاتەی بینیووە وتویەتی لە مامە ئۆسکارم دەچێ. بەڵام تا ئێستا قسەی کۆتایی و یەکلاکەرەوە لەو بارەیەوە نییە.

دەنگدەران:
ئەکادیمیای هونەر و زانستی وێنەی جووڵاو ڕێکخراوێکی پرۆفیشناڵە و لە ساڵی ٢٠١٢ پێنج هەزار و حەوتسەد و هەشتاو سێ ئەندامی هەبوو کە دەتوانن دەنگ بدەن.
ئەندامانی ئەکادیمیاکە دابەشکراون بەسەر چەند لقێکدا، ئەکتەرەکان گەورەترین بلۆک پێ دێنن کە ژمارەیان ١٣١١ کەسە (لە سەدا ٢٢)

یاساکان:
بەگوێرەی یاسای ژمارە ٢ و ٣، هەر فیلمێکی بەشدار لە ڤێستیڤاڵەکە دەبێت لە ماوەی ساڵێک پێشتردا نمایش کرا بێت.

یاسای ژمارە ٢ ئاماژەی بەوە کردووە کە فیلمی درێژ نابێت لە لانی کەم ٤٠ خوولەک کەمتر بێت دەبێت بە کامێرای ٣٥ ملیم یان ٧٥ ملیم وێنە گیرابێت. 

یاسایەکی دیکەی ئەکادیمیاکە بەو جۆرەیە کە ئەندامانی هەر لقێک تەنها دەتوانن دەنگ بەوانە بدەن کە سەر بەو لقەن. بۆ نموونە (دەرهێنەرەکان تەنها بۆ دەرهێنەرەکان و ئەکترەکانیش تەنها بۆ ئەکتەرەکان دەتوانن دەنگ بدەن. بەڵام ئەم یاسایە بۆ خەڵاتەکانی وەک باشترین فیلمی بیانی و باشترین فیلمی ئەنیمەیشن و دۆکیومێنتاری جێ بەجێ نابێ.


ئەو فیلمانەی زۆرترین خەڵاتی ئۆسکاریان بردۆتەوە:
هەریەک لەم فیلمانە خاوەنی زۆرترین خەڵاتی ئۆسکارن کە ١١ جارە  
- Titanic 1997
- Ben-Hur 1959
- The Lord of the Rings: The Return of the King 2003

ئەو ئەکتەرانەی کە زۆرترین خەڵاتی ئۆسکاریان بەدەست هێناوە:
 Katharine Hepburn ٤ جار

هەر یەک لەم ئەکتەرانەش خاوەنی ٣ خەڵاتی ئۆسکارن
Daniel Day-Lewis
Meryl Streep
Jack Nicholson
Ingrid Bergman
Walter Brennan

ئەو دەرهێنەرانەی کە زۆرترین خەڵاتی ئۆسکاریان بردۆتەوە: 
Walt Disney ٢٢ جار 
Cedric Gibbons ١١ جار
Alfred Newman ٩ جار

ئامادەکردنی : محمد عارف