close-icon

چوونەژوورەوە

١١ هۆكار بۆچی "ئۆڵتیمەیت ئەدیشن"ـی باتمان ڤی سوپەرمان بەدەیان جار لە ئەدیشنە بنەڕەتییەكە باشترە

2579 جار بینراوە

 

سێ مانگ تێپەڕبووە بەسەر نمایشكردنی فیلمی Batman V Superman: Dawn Of Justice لە سینەماكانی جیهاندا، كە لەوكاتەوە بۆتە هۆی بڵاوبوونەوەی هاواری چەندەها بینەر و ڕەخنەگر كە پێیان وابوو فیلمەكە پڕ هەڵە بوو هەروەها شایستەی ئەو چاوەڕوانییە نەبوو
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی فیلمەكە بە بڵووڕەی، كۆمپانیاكانی وارنەر برۆس ٣٠ خولەكیان بۆ فیلمەكە زیادكردووە، كە لە بنەڕەتدا دەرهێنەر زاك سنایدەر تۆماری كردبوون بەڵام كۆمپانیا بڵاوكەرەوەكە بە پێویستیان نەزانیبوو و لەو ڤێرژنە بڕی بوویان كە لە سینەماكان نمایشكرا، لەو ٣٠ خولەكەدا كۆمەڵێك دیمەنی تێدایە كە ژمارەیەكی زۆر لەو پرسیارە وەڵام دەداتەوە كە خەڵكی دەربارەی فیلمەكە هەیان بوو، ئەویش بەهۆی ئەوەی كە زۆر لە ڕووداوەكان بەشێوەیەكی وا خێرا پێشكەش كرابوون كە بووە هۆی سەرلێشێوانی زۆر لە بینەران
بۆ ئەوانەی كە ڕقییان لە فیلمەكە بوو بەشێوە بنەڕەتییەكەی، ئەوە زۆر زەحمەتە بەم ڤێرژنە نوێیەش ڕازی ببن (بەو پێیەی كە سێیەكی كۆتایی فیلمەكە گۆڕانێكی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە)، بەڵام ئەوانەی كە پێیان وابووە فیلمەكە تاڕادەیەك باش بووە ئەم ڤێرژنە بەڕاستی ئاستی فیلمەكەیان لا بەرز دەكاتەوە
لێخۆشبوونی تەواو لە زاك سنایدەر هەرگیز ڕوونادات بەهۆی ئەو شێوازە خراپەی كە بینەران و ڕەخنەگران پێشوازییان لە فیلمەكە كرد، بەڵام، "ئۆڵتیمەیت ئەدیشن"ـەكە بەڕاستی ڤێرژنەكەی ئەو زۆر ڕوونتر دەكاتەوە، و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە وارنەر برۆ دەبێت پشت بە هەموو ئەو دیمەنانە ببەستێت كە دەرهێنەرەكە پێشكەشیان دەكات (بەتایبەتیش لە فیلمی Justice League ـی ساڵی داهاتوو)
ئەمەش ١١ هۆكار بۆچی "ئۆڵتیمەیت ئەدیشن"ـی باتمان ڤی سوپەرمان بەدەیان جار لە ئەدیشنە بنەڕەتییەكە باشترە تێبینی: ئەگەر فیلمەكەت نەبینیوە واباشترە ئەم بابەتە نەخوێنیتەوە چونكە پڕە لە سپۆیڵەر
1) (جیمی ئۆڵسن) بەشێوازێكی ڕێكوپێك پێشكەش دەكرێت

 

زۆربەی خەڵك سەرییان لێشێوا بوو كە هۆی چی بوو كارەكتەرەكەی ئاكتەر (مایكڵ كاسیدی) بەناوی كارەكتەری مێژوویی كۆمیكەكان و وێنەگری ڕۆژنامەی "دەیڵی پڵانێت" تۆمار كرابوو، بەو پێیەی لە ڤێرژنە سینەماییەكە هەرگیز ناوی نەهێنرا و بەخێرایی كوژرا. لەم ڤێرژنەدا، دوای ئەوەی (ڵۆوێس ڵەین) بە تاكسی دەگاتە "نایرۆمی" دەبینین (جیمی) دێتە پێشەوە و بەناوی (جیمی ئۆڵسن) و پیشەی وێنەگر خۆی پێ دەناسێنێت، بەڵام سەڕەڕای ئەوەش چارەنووسی هاوڕێ مێژووییەكەی سوپەرمان لە كۆمیكەكاندا لەم ڤێرژنەش هەر وەكو خۆیەتی و بەخێرایی دەكوژرێت

 

2) هۆكاری كۆمەڵكوژییەكەی "نایرۆمی" ڕوون دەبێتەوە



 

یەكێك لە كێشە گەورەكانی ڤێرژنە بنەڕەتییەكە، ئەوەیە كە هیچ هۆكارێك نییە كە خەڵك وا باوەڕ بكەن سوپەرمان كۆمەڵكوژییەكەی ئەنجامداوە، لە كاتێكدا كە كوژراوەكان بە فیشەكی دروستكراو لەلایەن "ڵیكسكۆرپ"ـەوە كوژراون بەسەركردایەتی (ئاناتۆڵی كنایزێڤ)، دوای ئەوەش لەكەیەوە سوپەرمان فیشەك لەخەڵكی دەدات؟ لە "ئۆڵتیمەیت ئەدیشن"ـەكە، دەبینین (كنایزێڤ) لاشەی مردووەكان بە ئاگر وەشێنەرێك دەسووتێنێت كە لە بەشێكی تری فیلمەكەشدا دەیبینین بەكاری دێنێت، بۆ ئەوەی وا بڕوا بكرێت كە بەهۆی توانای بینایی گەرمیی (لێزەرەكانی چاوی) سوپەرمانەوە كوژراون

 

٣) سوپەرمان لێرەدا زیاتر ڕەفتارەكانی لە ڕەفتاری پاڵەوان دەچن


یەكەمجار، لەكاتی كۆمەڵكوژییەكەی "نایرۆمی" دەبینین، ژمارەیەك بریكاری CIA هەوڵ دەدەنە بگەن ناوچەكە و ڕۆژەكە ڕزگار بكەن دوای ئەوەی (جیمی) دەكوژرێت بەڵام ئەفسەرە پلە بەرزترەكان دوو فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان دەنێرن بۆ لەناوبردنی ناوچەكە بێ دەركردنی دانیشتووان، لێرەدا دەبینین سوپەرمان بەخێرایی فڕۆكەكان ڕادەگرێت و ناهێڵێت ناوچەكە لەناوبەرن پێش ئەوەی بچێتە لای (ڵۆوێس ڵەین) وەكو لە بنەڕەتییەكەدا بینیمان هەروەها لە دیمەنی دوای تەقینەوەی ناو بینای داداگاییەكە، دەبینین سوپەرمان ئافرەتێك لە بینا ڕماوەكە دەر دێنێت و دەیگەیەنێتە فریاگوزاران كە ئەویش لەلایەن خۆیەوە سوپاسی دەكات

 

4) كارەكتەرەكەی (جێنا مەڵۆون) لەكۆتاییدا ئاشكرا دەكرێت

لەو كاتەوەی كە ڕاگەیانرا خانمە ئاكتەر (جێنا مەڵۆون) بەشێك دەبێت لە ئۆڵتیمەیت ئەدیشنەكە، هەواداران چاوڕووانی ئەوەیان دەكرد كە رۆڵی كەسایەتی "ڕۆبن" یاخود (باربرا گۆردن) ناسراو بە "باتگێڕڵ" ببینێت لەفیلمەكەدا، بەڵام ئەوە ڕووی نەداوە. بەڵكو لێرەدا ئاكتەرەكە ڕۆڵی شارەزاییەكی دادگایی دەبینێت بەناوی (جێنێت كڵایبورن) كە یارمەتی (ڵۆوێس ڵەین) دەدات بۆ ئاشكراكردنی سەرچاوەی ئەو فیشەكەی كە لە "نایرۆمی" هەڵگرتبووەوە و دواتریش دڵنیاكردنەوەی كە لەلایەن (ڵیكس ڵوثەر)ـەوە بووە

 

5) دەركەوتنێكی زیاتر بۆ (كڵارك كێنت)

 

یەكێكە لە گۆڕانە هەر گەورەكانی ئەم ڤێرژنە زیاتر دەركەوتنی (كڵارك كێنت)ـە: لێرەدا چەندەها دیمەنی گرنگ بۆ كارەكتەرەكە زیادكراوە، كە زیاتر كەسایەتییەكەی ڕوون دەكەنەوە لەو دیمەنانەش كە لە بنەڕەتییەكەدا نەبوون، (كڵارك) تەماشای تەلەڤزیۆن دەكات و دەبینێت كە ئافرەتێكی ئەفریقی شایەتی لەدژی سوپەرمان دەدات و ئەم بوونەوەرە بە مەترسیدار لە قەڵەم دەدات، هەروەها لە دیمەنێكیشدا پەیوەندی بە دایكی -(مارثا)ـوە- دەكات لە هەمووشی گرنگتر دەبینین، (كڵارك) لە چەند دیمەنێكدا سەردانی شاری "گۆثەم" دەكات و دەبینێت كە خەڵكی ئەم شارە لە شەمشەمەكوێرەكە -باتمان" تۆقیون

٦) هەر وەكو زیادەیەكی سەرنجڕاكێش، بیژەری تەلەڤزیۆنی ناودار (جۆن ستیوارت) كامیۆیەكی لە فیلمەكەدا هەیە

٧) پاڵنەری كارەكتەرەكان لێرەدا زۆر ماقوڵترە

هەرە گەورەكانی ڤێرژنە بنەڕەتییەكە، ئەوە بوو پاڵنەری كارەكتەرەكان زۆر ڕوون نەبوو، چەندەها بازی گەورە بەسەر دیمەنەكاندا درابوو كە ئەمەش وای كردبوو سەرنجڕاكێشی فیلمەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی دوو پاڵەوانەكە كەمتر بێت. بەڵام لێرەدا ئەو هەڵانە بەباشی مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە لەگەڵ ئەوەی هێشتا ١٠٠٪ نییە یەكەمجار ڕوونی كردەوە كە (ڵێكس ڵوثەر) پارەی بە (كاهینا) -ئافرەتە ئەفریقییەكە- دابوو بۆ ئەوەی درۆ بكات دەربارەی زیانەكانی سوپەرمان لە ئەفریقا، لەلایەكی تریشەوە (ڵێكس) و (كنایزێڤ) وایان ڕێكخست كە ئەو پیاوە لە بەندیخانە بكوژرێت كە نیشانەی "شەمشەمەكوێرە"ـەكەی پێوە بوو بۆ ئەوەی بوترێت بەهۆی نیشانەكەوە بووە، هەر ئەمەش ئەو ڕوون دەكاتەوە كە بۆچی لە كۆتایی فیلمەكە باتمان نیشانەكە لە (ڵوثەر) نادات
چی دەربارەی سوپەرمانیش، لە دیمەنێكی تردا، سەردانی كڵارك بۆ لای هاوسەری ئەو زیندانییەی باتمان خستییە بەندینخانە زیاتر پاڵی پێوە دەنێت بۆ ئەو باوەڕەی كە باتمان پاسەوانێكی شەوانیی بێبەزەییە، هەر بۆیەش كاتێك لەدیمەنی دواتر پێش كە لە "باتمۆبیل"ـەكە دەگرێت ئێستا دەزانین هۆكاری چییە

 

٨) توندوتیژی و خوێنڕێژی زیاتر

بەو پێیەی ئەم ڤێرژنە ڕەیتد ئاڕ ـە -بۆ سەروو ١٨ ساڵ-، ئەوە كۆمەڵێك دیمەنی توندڕەوی بۆ زیادكراوە كە نەدەكرا لە ڤێرژنە بنەڕەتییەكە دابنرێت. بۆ نمونە، خوێن ڕشتنێكی زیاتر هەیە لە كۆمەڵكوژییەكەی "نایرۆمی"، دوای ئەوەش دیمەنی خەونەكەی (بروس) چەند كوشتنێكی دڕندانەتری باتمان نیشان دەدات لەكاتی هێرش كردنە سەر سەربازەكان، چەند ئێسكێكی شكاو، لێدانی زیاتر، گەڕانەوەی باتمان بۆ دووبارە ئازاردانی یەكێك لە پیاوەكان دوای ئەوەی بەچەقۆش لێیداوە، هەروەها زیادكردنی ڕوونی برینەكەی سوپەرمان كاتێك بڕبڕەكەی "دوومسدەی" بە سنگیدا تێدەپەڕێت

 

٩) تەقینەوەكەی پەرلەمان زیاتر ڕوون و ماقووڵە

یەكێك لە سەرسوڕهێنەرترین و گەورەترین گۆڕانەكانی ئەم ڤێرژنە، ئەوەیە كە گەیشتن بە تەقینەوەكەی پەرلەمان چەنێك لە بنەرەتەوە جیاوازە، پێش تەقینەوەكە ئاشكرا دەكرێت كە (ڵێكس ڵوثەر) جیهانی هەڵگەڕاندۆتەوە لەدژی سوپەرمان، كاتێك (كاهینا) دان بەوەدا دەنێت كە درۆی كردووە دەربارەی سوپەرمان بۆ خانمی سیناتۆر (فینچ) هەروەها (ڵۆوێس) لەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ جەنەڕاڵ (سوانویك) بۆی دەردەكەوێت كە (ڵێكس) پلانێكی هەیە بۆ داداگاییەكە
)كاهینا) فڕێ دەدرێتە بەردەم شەمەندەفەرێك لەلایەن (كنایزێڤ)ـەوە دوای دانپیانانی و پێش تەقینەوەی بۆمبەكە. (ڵۆوێس) لە لێكۆڵینەوەكانیدا بۆی دەردەكەوێت كە ساردكەرەوەكەی (واڵس كیف) -ئەو پیاوەی قاچەكانی لەدەستدا- پڕە لە خۆراكی نوێ بەو مانایەی كە ئەو نەیزانیوە تەقینەوەكە لەژێر ئەودایە. (جێنێت) بە (ڵۆوێس) ڕادەگەیەنێت كە بۆمبەكە لەناو كورسییە پێچكەدارەكەدا بووە بۆیە سوپەرمان نەیبینیوە، و هەمووی بەشێك بووە لە پلانەكانی (ڵێكس). ئەمەش زۆر لەوە گونجاوتر و سەرنجڕاكێشترە كە لە ڤێرژنە سینەماییەكە بینیمان

 

١٠) كامیۆیەكی "ستێپنوۆڵف" پیشان دەدرێت

هەرچەنێكە دوای ماوەیەكی كەم لە نمایشكردنی لە سینەما ئەم دیمەنە بڵاوكرایەوە لە ئینتەرنێت كە تیایدا (ڵێكس) لەگەڵ بونەوەرێكدا وەستاوە كە ئێستا بۆمان دەركەوت كەسایەتی شەڕانگێزی ناوداری كۆمیكەكان "ستێپنوۆڵف"ـە، لەم ڤێرژنەدا كراوە بەبەشێك لە فیلمەكە و پێش دەستگیركردنی (ڵێكس) ئەوە دەبینین
شایەنی باسە "ستێپنوۆڵف" كەسایەتی شەڕانگێزی سەرەكی دەبێت لە فیلمی Justice League ـی ساڵی داهاتوو

 

١١) (ڵێكس ڵوثەر) دەگوازرێتەوە بۆ پەناگەی "ئاركەم"

هەردوو ڤێرژنەكە ڕووبەڕووبوونەوەی باتمان و (ڵێكس)ـی لە كۆتایی فیلمەكەدا نیشان دا، بەڵام لێرەدا ناوی یەكێك لە ناودارترین شوێنەكانی كۆمیكەكانی DC دێتە باسەكەوە
دوای ئەوەی كە (ڵێكس) سەرزەنشتی باتمان دەكات و پێی دەڵێت كە ئەو شێتە و ناتوانرێت داداگایی بكرێت، باتمان پێی دەڵێت "گواستنەوەی تۆم ڕێكخستووە بۆ پەناگەی "ئاركەم" لە گۆثەم، هێشتا چەن هاوڕێیەكم لەوێدا هەیە كە چاوەڕێت دەكەن"
ئەمەش ئاماژەیەكی جوانە بەو پێیەی ئەو پەناگەیە دەبێتە بەشێكی گەورە لە چیرۆكی فیلمەكانی داهاتووی كۆمپانیاكە. شایەنی باسە، بەدرێژایی مێژوو چەندەها تاوانباری مێژووی كۆمیكەكانی DC خراونەتە پەناگەی "ئاركەم"ـەوە، لەوانەش (ذەجۆكەر، ڕیدڵەر، توو فەیس، سكێركرۆ، بەین، كیڵەر كرۆك، مستەر فریز، و هاڕڵی كوێن

ئایا تەماشای ئۆڵتیمەیت ئەدیشن ـی باتمان ڤی سوپەرمان ـت كردووە؟ پێت وایە لە ڤێرژنە سینەماییەكە باشتر بوو؟
ئامادەكردنی: چێنەر چالاك