close-icon

چوونەژوورەوە

یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی کۆ - ئۆنلاین کۆتایی بەکارەکانی هێنا

586 جار بینراوە

     یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی کۆ - ئۆنلاین، فێستیڤاڵێکی ئۆنلاین بوو تایبەت بە وێبسایتی (کوردسینەما) لە ڕۆژی ٢٠٢٠/٤/٢٣ دەستکرا بە یەکەم هەنگاوی, ئەم فێستیڤاڵە بە هاوبەشی لە لایەن (سەرکەش محمد و ماڵپەری کوردسینەما) ئەنجام درا.

     پاش ئامادەکاریەکان ماوەی ٢٠ ڕۆژ دانرا بۆ ئەوەی سینەماکاران و دەرهێنەران فیلمەکانیان بنێرن و بەردەوام لە پەیجی کوردسینەما بە شێوەی ڕاستەوخۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ چەندین ئەکتەر و سینەماکار کرا و هەروەها لەو ماوەیەدا چالاکیەکای فێستیڤاڵ بڵاوئەکرایەوە. 

     لە ڕۆژی ٢٠٢٠/٥/٢٠ کۆتایی بە وەرگرتنی فیلم هات و دواتر فیلمەکان لە لایەن لیژنەی دەوەرانەوە هەڵسەنگاندن و پلەبەندی پێدرا و لە ٢٠٢٠/٦/٣ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە لایەن لیژنەی داوەرانەوە ئەنجامی کۆتایی فیلمە براوەکان و فێستیڤاڵ ڕاگەیەنرا.

     لە پێشەکیدا سەرۆکی فیستیڤاڵ (سەرکەش محمد) پاش بەخێرهاتن و سوپاسی لیژنەی دەواران، سوپاسی سەرجەم ئەندامان و رێکخەرانی فێستیڤاڵی کرد و ڕایگەیاند کە لەم کاتی ڤایرۆسی کۆرۆنایە و ناخۆشیانەی بەسەر میللەتەکەمان دێت توانیومان فێستیڤاڵێکی ئۆنلاین ئەنجام بدەین و وە یەکەمین فێستیڤاڵی ئۆنلاینە لە هەرێمی کوردستاندا.

     دواتر (عەدنان عوسمان) سەرۆکی لیژنەی داوەران سوپاسی دەستەی بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵ و وێبسایتی کوردسینەمای کرد، کە لەم کاتە ناهەموار و کاتی ناخۆشی و نەخۆشیەدا توانرا فێستیڤاڵ بکرێت و وەک ئاماژەی پێکرد زۆر دڵخۆش بووە و توشی شۆک بووە سەبارەت بە بیرۆکەی ئەم فێستیڤاڵە و هیوای خواست ئەو هەڵە و کەموکوڕیانەی هەبووە لە خولەکانی داهاتوو نەمێنن.

     پاشان وتاری دەستەی داوەری خوێندەوە "لیژنەی دەوەران کە پێکهاتبوون لە سینەماکار (عەدنان عوسمان شاناز) سەرۆکی لیژنە و خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە دەرهێنانی سینەمایی، هەروەها سینەماکار (ئیبراهیم ڕەمەزان) ئەندامی لیژنە و خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە سینەما،  سینەماکار (جاسۆ ئۆسمانۆڤ) ئەندامی لیژنە و خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا لە سیناریۆ و نوسین، لە لایەن ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەوە ٢١ فیلمی فیکشن و دۆکیومێنتاری و یەک پرۆمۆمان بە دەست گەیشت، بۆ ئەوەی پێشبڕکێی خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ بکەن، لە سەرەتادا لەبەر ئەوەی یەک پرۆمۆمان بە دەست گەیشتبوو هیچ ڤیدیۆیەکی هاوشێوەی ئەو ڤیدیۆیە نەبوو تا مافی پێشبڕکێی هەبێت  و مافی پێشێل نەکرێت، بۆیە بە ناچاری ئەو تاکە پرۆمۆیەی کە بە دەستمان گەیشتبوو لە پێشبڕکێ دەرمانکرد، وە ئەو ٢١ فیلمە دابەش ببوون بە سەر دوو جۆری فیلمدا، (فیکشن و دۆکیۆمێنتاری)، بەداخەوە کە هەندێک فیلم نەدەبوایە بێنە بەردەستی لیژنەی داوەران، دەبوایە بە فلتەرێکی سەرەتایی تێپەڕن، چونکە زۆر لاواز بوون و هێزی پیشبڕکێیان نەبوو، لە ئەنجامدا باشترین فیلمەکانی ئەو کۆمەڵە فیلمەی کە بە دەستمان گەیشتبوون خەڵاتکران، وە ئێمە دڵنیاین کە فیلمی زۆرتر و ئاست بەرز هەبوون، بێگومان کۆمەڵێک فیلمیش لە فێستیڤاڵەکە ئاستیان زۆر بەرز بوو کە خەڵاتیان بەردەکەوێ، ئەم لیژنەی ئێمە کەسانی پسپۆڕ و شارەزان لە سینەما و خاوەن بڕوانامەی زانکۆیین بۆیە هەوڵماندا بە شێوەیەکی ئەکادیمی کارەکان ئەندام بدەین، لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کارەکانی خۆمان ئەنجام دەداو گفتوگۆی چڕمان لەسەر هەموو فیلمەکان ئەکرد، وە ئەوەی ئێمەی دڵخۆش کرد کۆمەڵێک فیلمسازی نوێمان ناسی و کۆمەڵێک فیلمی نوێمان بینی کە بۆ ئێمە مایەی خۆشحاڵی بوو، کۆی گشتی فیلمەکان ئاستێکی باشیان هەبوو، توانیان کێبڕکێی سەخت لە نێوان خۆیاندا ساز بکەن وە هەموو فیلمەکان پۆینتیان وەردەگرت و لە کۆتایدا پۆینتەکان کۆدەکرانەوە،  بە پێی یاسای فێستیڤاڵ ئەبوایە ١٦ خەڵات دابەش بکرانایە، بەڵام بە خۆشحاڵیەوە هیچ دەستوەردانێک نەبوو لە لایەن ڕێکخەرانی فێستیڤاڵ و ئەوپەڕی ئازادیان بە لیژنەکە بەخشی بوو، بۆیە ئەو ژمارەی خەڵاتانەمان کرد بو ١٤ خەڵات کە هەر خەڵاتێک لە بەشێکی جیاواز ببەخشین بەو بەشانەی کە شایستەی خەڵاتن، وە گومان لەوەشدا نیە کە ئەو فیلمانەی نەگەشتنە بەدەستهێنانی خەڵات هەندێکیان جیاوازی پۆینی زۆر کەم بوو، بۆیە ئێمە هەموو فیلمە باشەکان بە براوەی فێستیڤاڵ دەزانین و هەموویان سەرکەوتون و پیرۆزبایی لە هەموویان ئەکەین"، وە دواتر لە لایەن سەرۆکی لیژنەی داوەرانەوە چەندین پێشنیار کرا بۆ باشتر ئەنجامدانی فێستیڤاڵی خولی داهاتوو. 

     دواتر (ئیبراهیم ڕەمەزان) ئەندامی لیژنەی داوەران وتەی خۆی پیشکەش کرد و لە سەرەتای قسەکانیدا سوپاسی ئەندامانی فێستیڤاڵ و وێبسایتی کوردسینەمای کرد وە ئەم جۆرە فێستیڤاڵەی بە ئەزمونێکی نوێ ناساند لە نێو کورددا و ڕایگەیاند پاڵپشتی تەواوی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە ئەکات و باسێکی سەرەتای دروستبوونی فێستیڤاڵەکانی لە جیهاندا کرد.

     لە کۆتاییدا بە خوێندنەوەی فیلمە براوەکان لە لایەن لیژنەی داوەرانەوە کۆتایی بە یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کۆ - ئۆنلاین هێنرا.