close-icon

چوونەژوورەوە

کتێبی کڵاسەکانی عەباس کیا ڕۆستەمی

1013 جار بینراوە

    کچێکی بەشدار بوو، کورتە فیلمێکی دروست کرد کە هەموومان چێژمان لێ بینی، یەکێک لە قوتابیەکان پرسیاری پیشەی کچەکەی کرد: ( لە مارکێتەکەی ئەو بەرەوە کار دەکەم )
دەرهێنەرە بە ئەزموونەکان لە سەر کورسیەکانیان دانیشتبوون کاتێک ئەم کچە بە کامێرەکەیەوە لە سەر جادە فیلمی دروست دەکرد.
من چاوەڕوانی ئەوەم نییە فیلمی زۆر تایبەت و بێ کێشە دروست بکەن و هەموو هێز و زانینی خۆتان بخەنە گەڕ، ڕاشکاوانە دەیڵێم، چاوەڕوانی شاکارێکی هونەری و تایبەت لە ئێوە ناکەم، ئەوەێ لێرە ئەنجامی دەدەن پێویستی بە پلان و بەرنامەیەکی ورد نییە، لەو جۆرە کارانە نییە کە بۆ نامەی دەرچوونتان لە زانکۆ دروستی دەکەن، نابێ لە بیری بکەن، هیچ شتێک نییە بە ناوی ڕیک و پێکی، هەموو کارێک نوقسانی و عەیبی تایبەت بە خۆی هەیە، فیلمی بێ عەیب بوونی نییە. ئێمە بۆیە لێرەین هەتاکوو بیر لەوە بکەینەوە نوقسانیەکانی پێشوو نەهێڵین و بیرۆکەکانی خۆمان پەروەردە بکەین و لە رێی کامێرەوە بیرۆکەکەمان بکەین بە فیلم، دەتوانن لە گەڵ کەسێک یان گروپێک پێکەوە کار بکەن، غروور و لوتبەرزی وەلا بنێن، دەستی یارمەتی درێژ کردن لە غروورت نادات، بیرۆکەکانی خەڵک وەک خۆیان وەربگرن، باشترە بیرۆکەکان و ئەزموونەکانی خۆمان لە گەڵ هاوڕێکانمان دابەش بکەین، دەستەوەستان مەبن، رۆژەکان بە خێرایی تیشک تێدەپەڕن، بزانن بەڕەی خۆتان چەندە، خۆتان بناسن و لە هەڵەکانی خۆتانەوە فێر ببن، ئەگەر فیلمێکتان دروست کرد و خراپ دەرچوو بۆ یەک چرکەش نیگەران مەبن، وازی لێ بێنن و سەر لە نوێ دەست پێ بکەنەوە، پیویستمان بە جۆرێک فیلم هەیە ئەگەر بە دڵمان نەبوو وەک لاپەڕەی نووسین گرمۆڵەی بکەین و هەڵیدەینە تەنەکەی خۆڵەکە، پرۆژەی بچووک دەستی ئێمە گەرم دەکات بۆ پرۆژەی گەورە، فیلمێکی کورت دەکرێت حازر بە دەست بێت، بەڵام لە بەر دەستە.
بە تەنیا گوێ لە قسەکانی من مەگرن، بەڵکو گوێ لە قسەکانی دەوروبەرتان بگرن، پێکەوە دەتوانین رێگایەک بۆ دروست کردنی هەندێک لە فیلمەکانی ئێوە پەیدا بکەین، شتێک نییە بە ناوی چاک نەکردنەوە، ئێوە خۆتان دەتوانن وڵامی پرسیارەکانی خۆتان بدەنەوە، مەبەستم ئەوە نییە وەک دەرهێنەرێک و ڕاهێنەرێک لەم کلاسە خۆم لە وڵام دانەوە بدزمەوە، هەر کام لە ئێوە بە حوکمی بوونی کامیرای دیجیتاڵ توانایی ئەوەتان هەیە کە کار بکەن، من وەک خۆم بە ڕەسمی فیلمسازی فێر نەبووم، ئەمە هەم باشە هەم خراپ، کاتێک دەستم کرد بە فیلم دروست کردن نەمدەزانی ئەم پیشە چۆن چۆنییە، هەر بۆیە زۆر نەترس و بوێر بووم.
ڕوو لەوانە دەکەم کە دەرچووی سینەمان: زۆر شانازی بە زانیاریەکانتانەوە مەکەن، زانکۆ شوێنی فێر بوون و زانست نییە، پیویست ناکات کەسێک بە ئێوە بڵێت ئەم کتێبە بخوێنە و ئەمە مەخوێنە بەم جۆرە بیر بکەرەوە، زۆربەی زانکۆکان چوار ساڵ تەمەنت بۆ فیڕۆ دەدات، ئەوەی زانکۆ بە چوار ساڵ فێرت دەکات دەتوانی بە چوار حەفتە فێری بیت.
لای من باشترین زانکۆی فیلمسازی ئەو فیلمانەیە کە خۆتان دروستی دەکەن، بە پیویستی و وزە و بیرۆکەی خۆتەوە، خۆتان وانە بە خۆتان بڵێنەوە: چۆن سەیری فیلم بکەن، چاوی خۆتان ڕابێنن و زۆر بە ئاسانی دەست بکەن بە کار کردن و فیلم دروست بکەن، ئاسانە یارمەتی کەسێک بدەین کە بە دەس مایەی کەم دەیەوێ فیلم دروست بکات، بەڵام کاری گران و پرۆدەکشنی گەورە، ئاڵۆزە و هیچ پەیوەندی بە زانکۆی فیلمسازییەوە نییە، دەبێ دەروونی خۆت بکێڵی، بەرهەمی تۆ ئەوەیە کە لە دەروونی خۆتدایە و ناتوانی لە دەستی هەڵبێیت.

وەرگێڕانی: ئاڵا هۆشیار