close-icon

چوونەژوورەوە

خۆشەویستی لە یادەوەری پاریسدا

1140 جار بینراوە

نووسینی: شڤان نەوزاد

قەدەرێکی بەدە کە عەشق هەمیشە پاشماوەی جەنگاکانە/عاشقان هەمیشە دواهەمین میوانن دەگەنە سەر ئەم سفرەیە، لەبەرئەوە هەمیشە بەسەر وێرانەی یەکتردا دێن.
بەختیار عەلی ــ قەسیدەی(عەشق)

کازابلانکا بەتەنها یەک فیلم نییە بەڵکو کۆمەڵێک فیلمی کۆکراوەیە. (ئیمبرتۆ ئیکۆ)

ناساندن:
فیلمی(کازابلانکا ـــ Casablanca)فیلمێکی(سیاسی/ ڕۆمانسی)ە، لەساڵی(۱۹٤۲)لە نیویۆڕک دروستکراوە و لەلایەک(مایکڵ کورتیز)کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و ولەلایەن(هال بی. واڵس)کاری بەرهەمهێنانی بۆ کراوە و هەریەک لە سێ پاڵەوان(هەمفری بۆگات " رێک بڵاینی")و(ئینگرید بێرگمان " ئیڵسا لەند")و(پاوڵ هێنرید "ڤیکتۆر لازلۆ")ڕۆڵی سەرەکیان تێدا گێڕاوە. ئەم فیلمە لە شانۆیی پێشکەش نەکراوی(هەموان دێن بۆ قاوەخانەی ریک)ی هەردو نوسەر(موری بیرنیت)و(جوان ئالیسۆن)ە وەرگێراوە و لەلایەن سیناریۆی هاوبەشی هەریەک لە(خولیوس جەی. ئیپستین/فیلیپ جی. ئیپستین/هوارد کوک/کاسی رۆبینسون)ە نوسراوە.لەلایەن کۆمپانیای(Warner Bros. – First National Pictures)بڵاوکراوەتەوە و رەیتینی:(8.5)وەرگرتوە.

چیرۆکی فیلمەکە:
فیلمەکە بەناوی شاری(کازابلانکا)لە وڵاتی(مەغریب)ە ناونراوە، ئەم شارە شوێن و پەناگەی ئەوروپییەکان بو لەترسی کوشتن و ڕاوەدونان لەماوەی جەنگی دوەمی جیهانیدا بەڵام شارێک بو وەک گەراج و ڕاگوزەرگەرا کە هەرکەس بهاتایە ئەم شارە بەهەر ڕێگایەک هەوڵیدەدا بلیتی کۆچ و ڤیزای هەڵاتن دەستبخات، بەڵام تەرکیز و کامێرای فیلمەکە لەسەر ئەمریکییەکی هەڵاتوە بەناوی(رێک بڵاینی) کە خاوەن و سەرپەرشتیاری قاوەخانەیەکی ناسراوی گەورەیە لەکازابلانکا بەناوی(قاوەخانەی رێک)، فیلمەکە باس لە چیرۆکی خۆشەویستی رێک و خانمێکە بەناوی(ئیڵسا)لەفەڕەنسا بەڵام کە دواتر ئیڵسا ڕازی ژیانی خۆی بۆ رێک ئاشکرا دەکات کە هاوسەردارە و مێردەکەی(ڤیکتۆر لازلۆ)کە شۆڕشگێڕیکی چیکییە و لەلایەن نازییەکانەوە دەستبەسەرکراوە و ئیڵساش لە گەڕانەوەی بێئومێد بوە، لەبەرئەوە رێک بەم نهێنییە زۆر دڵگران دەبێت و پێش هاتنی ئەڵمانەکان بۆ فەڕانسا شارەکە جێدەهێڵێت و ڕودەکاتە کازابلانکا.بەڵام پاش دوساڵ و هەڵاتنی(ڤیکتۆر لازلۆ)لە زیندان، ئیڵسا و مێردەکەی کۆچدەکەن بۆ کازابلانکا و دوبارە لە قاوەخانەکەی رێک یەک دەبیننەوە، بەڵام هاتنی ئیڵسا و مێردەکەی بۆ ئەوەیە ڤیزای کۆچ دەستبخەون لە کازابلانکاوە وەک هەمو کوچبەرەکانی دیکەی ئەوشارە بچن بۆ لشبۆنە کە ئەوکات شوێنێکی پارێزاوبوە لەچەنگ نازییەکان، رێک بە مەردایەتی و چاونەترسی زۆرەوە ژیانی دەخاتە مەرترسییەوە و بلیتی فرۆکە و ڤیزای هەڵاتن بۆ ئیڵسا و ڤیکتۆر دەستەبەردەکات و بەیەکجاری کازابلانکا جیدەهێڵن بۆ ڕودەکەنە لشبۆنە.

خۆشەوستی لەسەردەمی باروتدا:

سەدەی بیستەم سەدەی جەنگە گەورەکان و سەدەی پێکدادانە یەک لەدوای یەکی سیاسیانەی وڵاتانی دونیایە بوو، سەدەی بە باروتبونی ژینگە و بەدوکەڵاویکردنی ژیان بوو، ئەو سەردەمە بو کە سیاسەت هەموو هێلکەکانی لەنێو سەبەتەی جەنگدا پیسکرد، وەک چۆن لە هەمان کاتدا چاخی بە سیاسی بونی تەواوی تاکەکان بوو لەوسەردەمەدا، بەئێستاکێشەوە سیاسەت پڕەبوە لەئەگەرە جدییەکانی هەڵگیرساندنی جەنگی ماڵوێرانکەر و لێوانلێو بوە لەترسی وێرانبونی یەکجارەکی ژیان و سیخناخە بە نائومێدی قوڵ لە بەرامبەر هەموو دیارە و ڕوداو و دەرکەوتەیەک، لەسەدەی بیستدا سیاسەت پێیگوتین کە هیچ کات لەسەر ئومێدی ژیانێکی ڕێک و ئاسۆری ڕون کڕنەکەوین و خەونی گەورە و خواستی مەزن لەسەر هیچ شتێک هەڵنەچنین، بەتەرزێک ئەو وانەیەی پێگوتین کە فۆبیا لەژیان و ترس لە خۆمان و تۆقین لە دەوروبەر مۆتەکەیەکی ئەبەدی بن و لەناوەوە بمانجنن،هەڵبەت لەناوەراستی سەدەی بیستەم و لەناوەڕاستی جەنگی دوەمی جیهانیدا و لەساڵی(۱۹٤۲)دا فیلمێکی رۆمانسی قەشەنگ بەناوی(کازابلانکا ــ Casablanca)لەدایک دەبێت، ئەگەر چی ئەم فیلمە لە گشتی لە ناواخندا ژانری ڕۆمانسییە بەڵام بەوردی باسی دوانەی(جەنگ/ئەڤین)دەکات،ئەتمۆسفیری فیلمەکە بەگشتی تارمایی جەنگ و دوکەڵ و ترس و مەرگ زاڵە بەسەریدا بەڵام لە هەناویدا سکپڕە لە خۆشەویستییەکی ناکام و ئەڤینێکی پێکنەگەیشتوی نێوان دوکەسایەتی بەناوەکانی(ریک)و(ئیڵسا)کە سیاسەتی نازیزم و پاڵنەرە تریکەکانی دەبنە مۆتیڤی سەرەکی و هۆکاری یەکەمی نوسینەوەی چیرۆکی هەزاران خۆشەویستی ناکام و عەشقی تراجیدی. کازابلانکا تەنیا بەسینەماییکردنی چیرۆکی غەمناکی دوو عاشق نییە، بەڵکو نمایندەی هەزاران فرمێسکی خۆشەویستی و هەزاران عاشقی خۆڵەمێشی و قیبلەنمای هەزاران ئومێدی سەربڕاوە و خەونی پەژمودەیە.لەدایک بونی کازابلانکا روداوە و یەکێکیشە لە روداوە سینەماییە گەورەکانی دونیا وساڵی(۲۰۱۲)ئەمریکا یادی (۷۰)ساڵەی ئەوفیلمەی کردوە و لەقەدر و هەیبەتی سینەمادا لە پاڵ فیلمی(The Godfather ــ۱۹۷۲)ناویدەبرێت،کازابلانکا بریتییه لە کۆمەڵیک وانەی سیاسی و ڕۆمانسی و ئەخلاقی، بەتەرزێک دەبێته ئیحا و هێز و بیرۆکە بۆ سینەمای هۆڵیود و دونیای دوای جەنگ و تەنانەت گاریگەری و جێکەوتەکەشی بەسەر فیلمی مۆدێرندا بەڕونی دیارە، وەک چۆن دیستۆی ڤیسکی دەربارەی گۆگۆڵی ئەدیبی گەورەی روسیا دەڵێت(هەمومان لە ژێر پاڵتۆکەی گۆگۆڵەوە هاویتەدەر)منیش ئەم تێرمە قەرزدەکەم و دەڵێم( هەمو سیناریت و دەرهێنەران و خۆدی هۆڵیۆد لە شریتی فیلمی کازابلانکاوە هاتونەتەدەر).کازابلانکا مانیفێسی شکستی عیشقی نێوان (رێک و ئیڵسا)یە بەڵام مۆمی ئەم ئەڤینە دوای چەند ساڵ دابڕان و دوری نەک هەر ناکوژێتەوە بەڵکو بەپێچەوانەوە لەگەنجینەی سینەیاندا دەیپارێزن،هاوڕێ لەگەڵ ئەوەی لەلای(ریک)ئەڤین تێکەڵ بە ئەخلاقی بەرز دەبێت لەبری ئەوەی بارگاوی بە ڕق و تۆڵە بێت، بۆنمونە کاتێک ئیڵسا و ڤیکتۆری مێردی دەیانەوێت بەهەرنرخێک بێت کازابلانکا جێبهێڵن و بە نهێنی لەدەست نازییەکان هەڵبێن(ریک)تاکە کەسەی باوەڕ پێکراوە کە دەتوانێت کۆمەکیان بکات ڤیزای ڕاکردنیان بۆ مسۆگەر بکات،لەهەمان کاتێشدا ژیانی بخاتە نێو ئاگرو مەترسی، بەڵام رێک خاوەنی وەفا و ویقارە و گوێ بەمێژوی پەیوەندی ئەڤینی ناکامی خۆی و ئیڵسا نادات و ناگۆڕێتە سەر کینەی ناوەکی بەڵکو سەلامەتی ژیانی خانمو ئاغای ڤیکتۆری لا مەبەستە و بۆشایی لاوازی سیاسیانەی ڤیکتۆر کە حەتمەن دەتوانێت لای حەسحەسەکانی نازی ژیانی نابوت بکات بەڵام لێرەدا لۆجیک و ویژدان سەرحاڵن و (ریک)مامەڵەیەکی ئەخلاقیانەیان لەگەڵ دەکات.وانەیەکی دیکەی کازابلانکا ئەوەیە کە پێماندەڵێت عەشق لەگەڵ وێرانەکاندا دەمرێت،لەگەڵ روخاندا دەبێته گەرد، عەشق بەتەرزێک ناسکە گەر تێکەڵی جەنگ و سیاسەت بێت هەرزو دەبێتە تۆز،دەبێته غوبار،عاشقانیش هەمیشە دەدۆڕێن وەک بەختیار عەلی لە قەسیدەی عەشق دەڵێت(عەشق شەڕێکی بێکۆتایە لەگەڵ خوا و لەگەڵ سروشت و لەگەڵ موعجیزەکادا و عاشق هەمیشە دەدۆڕێت)لەم نیگایەوە ئەم فیلمە پێماندەڵیت هەمیشە هێزی سەربازەکان لە هێزی عاشقەکان نەبەردترە، ئیرادەی جەنگ لەئیرادەی ئەڤین بەهێزترە،خواستی مرۆڤ بۆ خاپورکردن و لەوپەتکردن لەخواستی پێکگەیشتن و دڵنشینی مەزنترە. خاڵێکی دیکەی گرنگی کازابلانکا ئەوەیە پێماندەڵێت جەنگ و سیاسەت دەتوانن مرۆڤ بچوک و ناچیزە و گرگرن بکەن و لەبۆتەی ناوەکی خۆیاندا لێوانلێویان بکەن لە ترسی گەورە و تۆقینی هەمیشەیی،بۆ نمونە لەسەرەتای دەستپێکی فیلمەکەدا قەرەباڵغی و جموجۆڵ و هاتوچۆیەکی گەرمی دانیشتوانی شارەکە دەبینین هەڵبەت بۆ ئەوەی بەهەر ڕێگایەکە پارە پەیدابکەن و بە نهێنی و یاساغ ڤیزای پێبکڕن و هەڵبێن، واتە شارەکە لەگەراجێکی گەورە دەچێت و کە هەموان دەیانەوێت بەجێیبهێڵن، دەرهێنەر زیرەکانە دیمەنی ئەم شارەی کردۆتە نمونەی ترسناکی ئەوشارانەی کە لە ساتەوەختی جەنگدا هاونیشتیمانیان هەزاران قاچ قەرزدەکەن بۆیی لێیڕابکەن، بەڵام مەخابن دانیشتوانی کازابلانکا دەبنە دوو بەشەوە،هەندێک بۆ ماوەیەکی کەم و کورتخایەن دەمێننەوە و دتوانن ڤیزا دەستبخەن بەڵام کۆچ و سەفەر بۆ ئەوانی دیکە تەنیا خەونێکی ئەرخەوانییە و بێئاکامە،لەدیمەنێکدا فرۆکەیەکی نازی کە فەرماندەیەکی نازی دەهێنێتە شارەکە و بەئاسمانی شارەکەدا و لەپێشچاوی خەڵکانێکی زۆر تێدەپەڕێت یەکێک لەوانەی لەدورەو دیمەنی فڕۆکەکە دەبینێت و دەڵێت(ڕۆژێک منیش بەفڕۆکەیەکی لەوجۆرە کۆچ دەکەم).

دابەشبونی شاقوڵی ڕاها:

لەم فیلمەدا دەرکەوتە و ڕوداو کەسایەتییەکان شاقوڵی ڕاها دابەشبون بەڕەنگێک هولیود کەم یاخود فیلمی دیکەی لەم جۆرەی بەرهەم نەهێناوەتەوە بەچەند نمونەیەک ئەم ئەم خەڵە ڕوندەکەمەوە،نمونەی یەکەم:(ریک)کە خاوەن و سەرپەرشتیاری ڕاقیترین و بەناوبانگترین قاوەخانەی شارەکەیە بەناوی(قاوەخانەی ریک)کە ماڵی پارەدارەکانی شار و شوێنی سەردانیکەرانی سیاسی و میوانانی سیخوڕ و زیارەتکەرانی پلەبەرزی سوپای حکومەتی نازییە، وادەردەکەوێت کە جێگەیەکە پڕ لە هەوای ئازادی و لێوانلێوە لە کەشی سەربەستی پێکرای میوانان بەتەواوی توێژەکانەوە و دورە و پەرێزە لە سیخوڕ و کارمەندانی دەزگای هەواڵگری لەبەرئەوە وادێتەپێش چاو کە هەموان دەتوانن بەوپەڕی ئازادی و ئیرادەی بێباکی پۆڵاینییەوە بەدەنگی بەرز پێبکەنن و جامی مەی لێکبدەن و چرودی کوبی بکێشن یاخود ماڵێکی سەلامەت پارێزراوە لەدەست هەڕەشەی پەناهەندە چەکدارەکان و بکوژان و جەلادەکانی دەوڵەت بەڵام لەڕاستیدا قاوەخانەیەکی لێوانلێو لەترس لەدەستدانی متمانە بەدەوڵەت بەهۆی بونی کەسایەتییە هەواڵگرییەکان لێی ، یاخود ترس لە تیرۆر کردن یاخود پڕ لە تۆقین بەهۆی ئەگەری بوونی ژهر لەبادەی مەی، واتە ترسێکی بێسنور زاڵە بەسەر میوانەکاند
کە بەئاشکرا دەبینرێت بەڵام بەهۆی خۆنمایشکردنی درۆزنانەوە ئەم بیمە دەرشردرێتەوە جەوەکە ساف وڕێک تەکان دەدات، لێرەوە پێماندەلێت نا قاوەخانەکەی ریک شوێنێک نیە بۆ خۆدەرخستنی سەربەستانە و هەڵوێست پیشاندانی بێ ترس، بەڵکو لەهەمان ساتەوەختیشدا نمایشی ڕیایی تەواوی دەستوتاقمی فەرمی حکومەتە، بونی ترسێکی گەورەیە بەوەی ئەگەری هەیە لەچرکەساتێکدا هەموو شتێک پێچەوانە بگەڕێتەوە و پلانەکان خراپ بئاڵۆزکێن.دوەم: کەسایەتی رێک کەسایەتییەکی هێمن و بەویقارە و ئاگاداری وەسەتی سیاسەتە لەناوچەکەدا و بۆیە نایەوێت بچێتە ناو مەعمەعەی سیاسەت و بەهەمو شێوەیەک خۆی و قاوەخانەکەی لە بەندوباری سیاسەت بەدوردەگرێت بە چاکەتێکی سپی کەنیشانەی سەربەخۆیی و تێوەنەگلانە لە ململانێی بەرەکان و بەروخسارێکی جدیی و ڕونەوە دەچێتە قاوەخانەکەی سەرنجی گومانی هیچ دەستەو لایەنێک بۆخۆی کۆناکاتەوە، بەڵام ئەم هەڵسوکەوتانەی بەم جۆرە نامێننەوە و لەنیوەی فیلمەکەدا روداوەکان ئاڕاستەیەکی دیکە وەردەگرن،کاتێک بۆ دوەمین جار ئیڵسای خۆشەویستە لەدەستچوە کۆنەکەی دەبینێتەوە لەگەڵ ڤیکتۆری مێردی کە پلانی هەڵاتنیان هەیە کاتێک (رێک)بەم حاڵەتە دەزانێت بەتەواوی دەگۆڕێت و دەچێتە پێستی پیاوێکی دیکەوە شاقوڵی دابەشدەبێت، بەوەی بەخواستێکی بەرزەوە بازدەداتە ناو ئاگری سیخۆڕەکان و قاچاغچییەکانی بلیتی ڕاکردن و لەناوەڕاستی ترسی مەرگدا خۆی دەبینێتەوە بەڵام(ریک)بێ گوێدانە هیچ ترس و بێمێک ئەوەی لێداواکراوە لەکۆمەکی جێبەجێی دەکات بەکورتی ڕیک دەبێتە دو کەسایەتی تەواو دژبەک و ناکۆک بەڵام دەرهێنەر توانیویەتی بەجوانی تەوزیفی ئەم کەسایەتییە بکات.سێیەم:شاری کازابلانکا شوێنێکە بۆ ژیانکردن وەک هەموو شارەکانی دیکە و شاری بەڕونی تێدا دەردەکەوێت و دیمەنی قەراباڵغی قاوەخانەکەی رێک و دیمەنی جەنجاڵی کوچە و شوێنە گشتییەکان کە وادەردەکەوێت هەموان بۆ ژیانێکی شاد و ئەبەدی و بێکێشە و گرێ لیرەن لەڵام لەناوەوەڕا تەواو پێچەوانەی ئەو خواستەیە و هەمیشە ئەگەری مردن و تیرۆرکردن و دەستگیرکردن ئەگەرێکی کراوەیەو بەهۆ یا بێهۆ دیواری چارەنوسی ڕەشی خەڵکانی کازابلانکایە واتە بەوردی بەر دوو دیمەن دەکەوێت لەهەمانکاتدا هەم ژیانکردن و هەم لەدەستدانی ژیان، هەم مانەوە هەم هەڵاتن، هەم سخوڕبون لەسەر دەوروبەر هەم سیخوڕی کردن لەسەر خۆت و هەڵسوکەوتن و پەیوەندییە نزیکەکانت... هتد، چونکە سەرلەبەری ژیان و گوزاران لەم شارەدا لەسەر شێوازی هەڵە و نادروست بیناکراوە لێرەدا قسەیەکی ئەدۆرنۆی فەیلەسوفی ئەڵمانی کۆمەکم دەکات دەڵێت(مرۆڤ ناتوانێ لەژیانێکی هەڵەدا بەشێوازێکی ڕاست و دروست بژی) لەبەر ئەوە زۆر ئاساییە فیلمەکە هەڵگری دیمەنی دورلەیەک و ناکۆک بێت.

کام پاڵەوان؟!
لەمێژوی ئەدەبیاتدا دروستکردنی پاڵەوان و خوڵقاندنی پاڵەوانێکی فریادڕەسی و خوداڕەنگ و کاپتنی کەشتی ڕزگاری کارێکی جدی بوە و ئەدەب میراتێکی بەرچاوی لەم تەزرە ئەدەبە بۆ جێهێشتوین، هەر لە ئەدەبیاتی کلاسیکی ئینگلیزی و روسی بونی پاڵەوانی مێژوویی ڕزگارکەر بەتایبەتی ئەدەبیاتی سیاسی چونکە قارەمانی ئازادی تەنیا لە ژانری ئەدەبیاتی سیاسیدا سەری دەجوقاند تەنانەت تا هاتنی مۆدێرنەش ئەدەبیاتی سیاسی بەدیوە بەرگرییەکەی هێشتا تارمایی ڕزگارکەر و شوێنپەنجەی سەرفرازیهێنەری بەسەرەوە بوو، هەڵبەت بەو پێیەی سینەما قەرزاری ئەدەبە و کومەکێکاری ئیجگار گەورەی سینەمایە بەتایبەتی تەرزی ڕۆمان و چیرۆک لەبەر ئەوە ئەم ئەخلاقیاتە شۆڕدەبێتەوە بۆ ناو سینەمای سەدەی بیست و تا هەنوکەش ئەم ئۆڵۆمپیادە بەردەوامە لە گۆڕەپانی هۆڵیود کە لێوانلێوە لەفیلمی پاڵەوانئاسا و قارەمانگەرا، بەڵام ئەوەی جێیسەرنجە دەرهێنەری کازابلانکا لە ناوەڕاستی جەنگی قارەمانە زەبەلاحەکانی مێژوو و شەڕی پاڵەوانە وەحشییه ترسناکەکاندا دێت و فیلمێکی ڕۆمانسی و خاڵی لە پاڵەوانی سیاسی دروستدەکات، بەهیچ شێوەیەک قارەمانێکی ئەفسانەیی هەڵنەداوەوە چوارچێوەی فیلمەکەوە ئەمە لەکاتێکدا خودی فیلمەکە تۆز و خۆری سیاسەت و جەنگی لێنیشتوە،قارەمانی ئەم فیلمە کەسێکی تەنهایە بەدڵێکی شکا و عەشقێکی ناکامەوە و دورە لەشار و زێدی خۆی، کەسایەتییەکی دور لە ململانێی سیاسی بەڵام هاوکار و دەستودڵباز لەکۆمەکی ئەوانی دیکەدا، پاڵەوانێکە لە ناوەوەڕا بریندار و غەمگین بەڵام بە روکەش دڵشاد و سەرحاڵ، ئەگەرچی(ریک)ڕزگارکەری(ئیڵسا و ڤیکتۆرە)بەڵام ئەم هەڵوێستەی نایکاتە پاڵەوانێکی و سیاسی و بەڵکو چاوی کامێرا لەسەر ئەوەیە کە(ریک) پەناهەندەی تەنهای شارێکی دورە و لەقاەخانەکەیدا بێئومێد ڕۆژەکان دەنێت بەدەم بەیەکەوە ئەمەش وادەکات فیلمەکە واقیعییەتێکی تاریک و کوشندە بەڵام بەتەکنیکێکی ورد و هونەرێکی قەشەنگ بخاتە پێش چاوی بینەران.لەبەر ئەوە ئەم فیلمە دەبێته ڕێبەری فیلمە ڕۆمانسییەکانی پاش خۆی و وانەی پاڵەوانی ناشاد و ناسەرکەوتو و بەسینەمای هاوچەرخ دەڵێتەوە.

عەشق، سیاسەت، قوربانی:

وەک چۆن سیاسەت لەخوێنەکەی پاک نابێتەوە، وەک چۆن سیاسەت توند بەڕێشەی مەرگەوە نوساوە،هەمانشێوە عەشق لە قوربانییەکانی،لە تراجیدیاکانی،لە دابڕان و دڵشکانەکانی جیانابێتەوە و لە تارماییە کۆشندەکانی ناتەکێت،چارەنوسی غەمیگینی عاشق قوڵ پەیوەندی بە خودی عەشقەوە هەیە،چونکە خودی عەشق لەناوەڕۆکدا هەڵگری وێرانەیە، پڕە لەچرکەساتی ناشاد و بێئومێدی کوشندە،کازابلانکا مانیفێستی دیوە تاریک و ڕوە ناچیزەکەی خۆشەویستییه،ئەم فیلمە دوبارە ماهییەتی عەشق سینەمایی دەکات و(ریک و ئیڵسا)دەکاتە نمونەی ئەڤین لە ساتەوەخەتەکانی جەنگدا، عەشق لەم فیلمەدا پەیوەستە بە سێ ڕەهەندی ترسناک و غەمگینەوە(دابڕان، خیانەت،گۆڕینی بون)،بەجۆرێکی دیکە بنوسم کازابلانکا بەسینەمایی کردنی مێژوی دابڕان و خیانەت و ڕەهەندە وەحشەتناکەکەی خۆشەویستییە لەپانتایی ئەدەبدا،ڕونتر بڵێم مێژوی ئەدەبیاتی خۆشەویستی سکپڕە لە لایەنە کوشندەکانی ئەم سێ ڕەهەندە، بەڵام ئەوەی شایەنی لەسەرنوسینە هەرسێ ڕەهەندەکە لەم فیلمەدا خۆیان پەخشدەکەن، بۆنمونە: کاتێک ڤیکتۆر لازلۆ بەهۆی هەڵویستی سیاسییەوە دەسبەسەردەکرێت و ئیڵسای هاوسەری بێئومید دەبێت لەگەڕانەوەی یەکجارەکی بەڵام ئیڵسا پەیوەندی خۆشەویستی دەبەستێت لەگەڵ رێک دەبەستێت و بۆماوەیەکی درێژ ئەم زاڕە لە ریک دەشارێتەوە کە هاوسەری هەیە و هێشتا لێکدانەبڕاون واتە لەناو بازنەی هاوسەرداری فایلی خۆشەیستییەکی نوێ دەکاتەوە، دواتر ریک ئەم ڕازە دەزانێت و زۆر پێی بریندار دەبێت و بەخیانەتی لەقەڵەم دەدات، بەدیوە دابڕان ناکامەکەشیدا وەک لەسەرەوە ئاماژەم بۆکردوە کە عەشق لەدوری و دڵشاکان جیانابێتەوە و چارەنوسی (ریک و ئیڵسا)پاش ماوەیەک پەیوەندی سۆزداری و دواتر دابڕان و دوبارە یەک بینینەوە و پاشان دابڕانی هەمیشەیی پێماندەڵێت هەموو ڕێگاکانی ئەڤین دەچنەوە سەر دڵشکان و لەبنەمادا عەشق لەکانی پێکنەگەیشتنەوە هەڵدەقۆڵێت نمونەیەکی دیکەی کەمتر سەنجلەسەرکراو لە میراتی ئەدەب و سینەمادا ئەوەیە کە خۆشەویستی خاوەنی ئەوهێزە باڵایەیە کەدەتوانێت لەڕیشەوە ئینسان بگۆڕێتە و گەمە بە بنەما و بەها جێگیرەکانی تاک بکات لەکەمترین چرکەسات و لە کەمخایەنترین مەودادا سیحری ئەوەی لەبندەستە کە مرۆڤ لە بونەوەرێکی هۆشمەند و خاوەن پرەنسیپ و فریشتەئاساوە بگۆڕێته سەر جانەوەرێکی ترسناک و بێباک و جەلاد وەک بەختیار عەلی لەقەسیدەی(عەشق)دەڵێت(سەیرکە پاش عەشق چ کافرێکم لێدەرچو)دوا دیمەنی تراجیدی کوشتنی ئەفسەرێکی پلەبەرزی نازییە لەلایەن(ریک)وە بەو پێیەی بلیتی کۆچی ڤیکتۆر و خێزانی لەلایەن ریک دەستخراوە بەڵام حەسحەسێکی نازی ئەم کارە دەزانێت و دەیەوێت ڕێگری بکات بەڵام بەهۆی وەفای خۆشەویستی و ویژدانی زیندوی ریک ڕێگا لە ئاشکربونی کارەکە دەگرێت و ئەفسەرەکە دەکوژێت.ئەوەی دەیبینین دەستی سیحراوی عەشقە لە گۆرینی مرۆڤدا،(ریک) کەسایەتییەکی دور لەسیاسەت و بەویقار دەگۆڕیتە سەر جەلاد و پیاوکوژ، لەبەرئەوە هەمیشە پێموایە عەشق هەروەک کایەکانی دیکەی دەسەڵات و سیاسەت و ئابوری کایەیەکی پاک و مۆقەدەس نییە و لێوانلێوە لە جەلادییەت و خوێن لەپەنجەکانی دەتکێ، ئەمەش ئەو تابلۆ سورەیە کە کازابلانکا دوربارە دەیخاتەوە پێش چاومان.