close-icon

چوونەژوورەوە

خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی (in time)

1511 جار بینراوە

نووسینی: شڤان نەوزاد

 

 

ئەو ڕۆژگارانە بەسەرچوو، کە ژیانمان بەدەست خوا بوو، ژیانمان ئێستاکێ بەدەست سەرکردە و دەوڵەمەند و سۆزانییەکانە. بەختیار عەلی ــ قەسیدەی (ئای لەو ڕۆژگارە خۆشانە)

 ناساندن: فیلمی ( لەکاتی خۆی ــ In Time)، فیلمێکی  (ئاکشن، خەیاڵی زانستی)ە،و لەساڵی (۲۰۱۱)لەلایەن(ئاندریۆ نیکۆل)کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و هەریەک لە دوو پالەونی سەرەکی (جەستن تیمبرلەیک ــ وێڵ ساڵاس) و (ئاماندا سێیفرید ــ سیلڤیا ویز) ڕۆڵیان تێدا گێراوە. 

چیرۆکی فیلمەکە: لە شارێکی هەژارنشیندا کە دەناڵێنن بەدەست کەمی (کات ــ تەمەن)دا و گرووپێک لە مافیا و بازرگانە زەبەلاحەکانی (کات) دەستیانگرتوە بەسەر کاتی خەڵکدا، بەپێ سیستمێکی دیاریکراوی سەرمایەدری (کات) لەبەرامبەر (کار) بە هاوڵاتیانی ناوچەکە دەبەخشن و بەپێی ئەم سیستمە سەخت و دژوارە ڕۆژانە چەندین هاونیشتیمانی بەبەرچاوی هەمووانە لەبەر نەبونی (کار) و کەمی (کات) دەبنە قوربانی و مەرگێکی کوشندە دەمرن، لەم نێوەندەدا کەسێک کە دانیشتوی ئەم شارەیە و پاڵەوانی ئەم فیلمەیە بەناوی (وێڵ ساڵاس) ئەم سیستمەی پێقبوڵ ناکرێت و لەگەڵ کچێک کە پاڵەوانی دوەمی فیلمەکەیە و کچی یەکێکە لە گەورەترین بازرگانەکانی (کات) لە ناوچەی زەنگین نیشینەکان نیشتەجێیە، پێکەوە دژی مافیاو دز وبازرگانەکان و هاوکات کە بۆخۆشیان حکومەتن دەوەستنەوە بۆ ئەوەی کات لە دەستی ئەم مافیایانە دەربهێنن و دابەشیبکەنەسەر تەواوی وڵات و هەموان سودمەندبن لێی و لەم کارەشیاندا بەهۆی لێهاتویی وێڵ ساڵاسەوە بەسەرکەوتویی ئەنجامی دەدەن.

"نەمری بۆ مافیاکان"

چیرۆکی فیلمەکە بەم پەرەگرافە کوشندەیە دەستپێدەکات (کاتم نییە، ئێمە لە بنەڕەتەوە(۲٥)ساڵ دەژین، کێشە ئەوەیە تا کاتمان زیاتر دەستکەوێت ساڵێک زیاتر دەژین، کات ئێستا وەک پارە بوایە دەستماندەکەوێت و خەرجی دەکەین،دەوڵەمەندەکان هەتاهەتایە دەژین ئەی ئەوانی تر؟کاتێ هەڵدەستم دەمەوێ کاتەکانم لەکاتی ڕۆژێکی ئاسایی زیاتر بێت) ئەم پەرەگرافە پێماندەڵێت کاتێک ژیان و مردن لە چەنگی گروپێک لە مافیا و سەرمایەدا و بارزگانەکانی(کات)دا قۆرغدەکرێت، کاتێک تەمەنێکی درێژ بەسانایی بۆ گروپێک و سەرمایەدارێک بە واجیب دەدانرێت و تەمەنێکی دیاری کراو بۆ ئەوانی دیکە بە پێویست دەزانرێت، ئیدی ژیان و نەژیان لەوە دەکەوێت بەدەست هێزێکی بان مرۆیی و باڵا بێت، بەڵکو بەدەبێتە گەمەیەکی ڕێکخراو بەدەستی گروپێک لە مافیا و بازرگانەکانی  (کات)، لەم فیمەدا ژیان تا دواسنورەکانی کۆنتڕۆڵکراوە لەلایەن ئەوانی دیکەوە، ژیان لەم فیلمەدا لەو جەنگە دەچێت کە دەزانیت دۆڕاویت بەڵام ناچاری تا دوا گوللە بەرگری شەرەفمەندانە بکەیت،ژیان لەو ئومێدی ڕزگارییە دەچێت کەتاوانبارێک چەند خولەکێک بەر لە لەسێدارەدانی خۆزگەی پێدەخوازێت،کات ئەو هیوایەیە وەک بەختیار عەلی دەڵێت دەبێت دەستی پێوەبگریت. تەمەنی مرۆڤەکان دیاری کراوە و پێویستە لەو تەمەنەی بۆیان نوسراوە زیاتر نەژین، مەگەر نا بەدەستهێنانی کاتی زیاتر بۆ ژیانێکی درێژتر یاساغ وقاچاغە و تێکشکاندنی سیستمە، تۆ ناتوانیت زیاتر بژیت و کاتی پترت هەبێت چونکە ژیانت بەدەستی خۆت نیە، بەڵکو کۆیلەی کۆمپانیاکانی دابەشکردنی کاتی، دیلی ئەو بازرگانانەی کە دەتوانن هەر چرکەساتێک بیانەوێت چارەنوست بدەنە دەست مەرگێکی کوشندە و مۆمی تمەنت بکۆژێننەوە، ئەوەی جێی سەرنجە ئەوانەی دەمرن هەرگیزمەرگێکی ئاسایی یاخود شایستە نامرن، بەڵکو تەواوی هاونیشتیمانیان دوای ئەوەی خولەکەکانی ژیانیان خامۆش دەبێت و چیتر ناگونجێت کاتت پێببەخشرێت ئەوا مردنێکی دڵتەزێن دەمریت و هێدمەیەکی قورس بۆ ئەبەد دڵت ڕادەوەستێنێت.لەم فیلمەدا تەواوی هاوڵاتیانی هەژارنشینی ناوچەکە دەستوپەنجە لەتەک مەردندا نەرمدەکەن، بەجۆرێک دەزانن دوا وادەی ژیان ودواهەناسە و دوا چرکەساتی زیندەگیان کەیە و چۆنە، و بەڵام لەوەش کوشندەتر تەواوی خەڵکەکە تەسلیمی ئیرادەی بازرگانەکان بون و بۆ مەرگی پێشبینیکراویان کڕ کەوتون. مافیا و سەرمایەدارەکانی(کات)دەتوانین چەند بیانەوێت بژین و چەند بخوازن بمێننەوە و چەند ئارەزوو بکەن بەردەوامبن،دەبێت ئەوان تەمەندرێژ بن بۆئەوەی زیاتر و زیاتر کۆنتڕۆڵبکەن بۆئەوەی پتر و پتر بەدەستبهێنن،بەڵام ئەو توێژەش کە دەبێت بمرێت و ببێتە قوربانی بۆ ئەوسیاسەتەیە کە سیستمی سەرمایەداری کێشاویەتی، بۆنمونە (فیلیپ ویز)کە گەورەرین بازرگانی کات و خاوەنی (یەک ملیۆن)ساڵی یەدەگه دەڵێت (بۆئەوەی چەند کەسێک نەمر بن، دەبێت چەندەها بمرن)، لەم ڕستە ژەهراوییەوە بەڕونی ئەمە دەبینین سەرمایەداری ئەم سیاسەتەی بەواقیعی و بەئەمانەتەوە جێبەجێکردوە.

 سەرمایەداری و بانکی مەرگ

لەچەند دەیەی ڕابردوا کتێبگەل و بەدەیان سیمینار و کۆنفرانس لەسەر سیستمی سەرمایەداری وەک سیستمێکی بەد بۆ ژیان و کوشندە بۆ مرۆڤ و سیستمێکی تەواو نائەخلاقی و تەقەتپروکێک نوسراوە و ئەنجامدراوە و بەدەردەوامیش تا هەنوکە ڕەخنەی توندی لێدەگرێت، سیستمێک مرۆڤ وەکو ئامێرێکی بێهەست و ماشێنی بەرهەمهێنان تەماشادەکات، سیستمێک هەمیشە لەڕوی بەرهەمەوە زیاتر و زیاتر دەکات بەڵام مروڤ و مرۆڤایەتی وێران وێرانتر دەکات، ئەوەی لەم فیلمەدا پێشچاومان دەکەوێت کە گەورە بازرگانێکی مافیای بەناوی(فیلیپ ویز)کۆمپانیەیەکی گەورەی کردۆتەوە بەناوی(ویز) بۆ ئەوەی چاودێری کاتە بەدەستهاتوو و ڕۆیشتوەکان بکات و لەناوچەیەکی هەژارنشین بنکەیەکی دامەزراندەوە بەناوی( share time) بۆ بەخشین و وەرگرتنی(کات) و بۆ چاوەدێریکردنی خولەک بەخولەکی هاوڵاتیان، بەکورتی بەنکی مەرگ، بانکی مژینی تەمەنی مرۆڤەکان.لەیادماننەچێت سەرمایەداری چرنوکی ناوەتە بینەقاقای هەموو کایەکان لە هەموو ئاستەکاندا، چونکە سیستمەکە(شوێن،کات،نیشتیمان،نەتەوە،ڕەگەز،ئایین) ناناسێت بەڵکو وەکو دێوێکی کوێر پەلامار دەدات.لەم فیلمەدا وڵات دراوێکی تایبەتی نیە بۆ وەرگرتن یا کڕین یا فرۆشتن یا بەخشنی هیچ شتێک بەڵکو تەنیا بەخشینی تەمەن هەیە بۆ کڕین یا بەدەستهێنانی هەر شتێک بۆ نمونە خورنەوەی قاوە پێدانی چورخولەکە لەتەمەنت یاخود کرێی پاس پێداتی دوو سەعاتە لەتەمەنت ...هتد هەڵبەت حکومەت کە بۆخۆی مافیای دزینی کاتەکانە ئامێرێکی دروستکروە بۆ وەرگرتنی کات. لەم فیلمەدا سەرمایەداری ژیان دەپێوێت و مردن دیاریدەکات،نەمری بۆ کۆمەڵێک و مەرگی حەتمی بۆ زۆرینە. ✮ ئایا لەسیستم یاخی دەبین؟! من پێموایە وەک چۆن هیچ قوناغێک نیە لەژیانی مرۆڤ بەدرێژایی مێژوو بەبێ یاخیبون هەرواش هیچ سیستمێکی نیە بەبێ باخیگەر، یاخیگەری ڕاستەقینە لە هەموو ناوچەو پنتێکی سەرمایەداریدا هەیە بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە تێپەڕاندنی سیستم، هێشتا پلەی کوڵانی تەواوی ماوە بۆ سوتاندنی سیستم، قۆناغی یەکەمی یاخیگەریش بریتییە لە تاقاندنەوەی هۆشیاری (نــا)گوتن.پاڵەوانی یەکەمی فیلمەکە(وێڵ ساڵاس)یاخیگەرە و قورسایی و دژواری و نائەخلاقی سیستم تەواو ڕۆحپەژمۆدەی دەکات یەکەمین قوربانیە لە کەسە نزیکەکانی کە مردنی دایکیەتی کە دەبێتە مۆتیڤی لەدایکبونی کەسایەتێکی توڕە لەسیستم، وێڵ هاوڕێ لەگەڵ سیلڤیا ئەو دوو یاخیگەرەن دەخوازن شەیرتایم تێکبشکێنن و کات بە هەموو پێوانەیەک ببیخشنەوە بە مرۆڤەکان، وێل و سیلڤیا بڕیار دەدەن ئەوەنیش بەهەمان رێتۆرێکی مافیایی کاتەکان بچنەسەر کۆمپانیای کات و کاتەکان لەچنگی حکومەت و مافیاکان دەربهێنن هەڵبەت ئەم کارە ئەگەرچی ریسکی گەورەیە بە ژیان بەڵام ئومێدێکی گەورەشی لەپشتە بۆ سەرکەوتن، بێگومان وێڵ و هاوڕێ کچەکەی سیلڤیا زۆر زیرەکانە و بەپلان کارەکان ئەنجام دەدەن و هەڵدەکوتنە سەر بەرێوەری کۆمپانیای ویز و و یەدەگی (یەک ملیۆن)ساڵ لەبانکی تایبەتی پاراستنی کات لەچنگ بەرێوەبەری کۆمپانیاکە دەردەهێنن و بەسەر ناوچە هەژارنیشنەکەدا دابەشی دەکەن. تێبینی: لەم فیلمەدا کات بەمانای تەمەن مامەڵەی لەتەکدا کراوە.