close-icon

چوونەژوورەوە

لە نێوان سێکس و خۆشەویستیدا

4270 جار بینراوە

نووسینی: بڵند عیرفان

 

کورتەفیلمێک لەبارەی خۆشەویستییەوە، فیلمێکە لەبارەی مەتەڵە سەیرەکانی خۆشەویستی، سێکس، سوبێکتیڤیتی و حەقیقەتەوە. ئەم فیلمە یەکێکە لە گرنگترین فیلمەکانی کیشڵۆڤسکی، کە تێیدا بەتەواوی هێڵی ناسینەوەی کیشڵۆڤسکی دەبینرێت، فیلمەکە سەرەتا ئیپیسۆدی شەشەمی زنجیرەکەی کیشلۆڤسکی خۆی بووە، بەناوی (دێکالۆگ). پاشان خۆی کردوویەتی بە فیلمێکی سەربەخۆ، بەزیادکردنی هەندێک وردەکارییەوە. لەسەرەتای ڕێڕەوی بینەربوونم بەسینەما، تەماشای ئەم فیلمەم کرد، لەو کاتەدا بەڕادەیەکی زۆر ترسناک بوو. ترسناک بەو مانایەی کە پرسیاری شؤکئامێزی درووستدەکرد. پرسیارگەلێک، کە مرۆڤی مۆدێرن ڕادەچڵەکێنن. خۆشەویستی چییە، سێکس چییە، ئەی پەیوەندی نێوانیان چییە؟ خۆشەویستی چۆن درووستدەبێت، وە پاڵنەرەکانی چین، ئایا سێکس خۆشەویستی ئاڕاستە دەکات، یان ئەوەتا خۆشەویستی خۆی درۆیەکی گەورەیە و ئەوەی هەیە سێکسە، سێکس و هیچی دی، ئایا سێکس وادەکات لە نەستی هەمووماندا، لەنێو کۆمەڵدا خۆشەویستی بکەین بە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە سێکس. یانیش بەمانا فرۆیدییەکەی، وەڵامی مەسەلەکە، جگە لە سێکس هیچی دیکە نییە؟
ئەمانە ئەو پرسیارە ڕاچڵەکێنانەن، کە ڕەنگە هەر بینەرێک لەکاتی تەمشاکردنی فیلمەکەدا، بەئاوەزیدا بێت.

(من نازانم خۆشەویستیی چؤن درووستدەبێت. دۆستۆیڤسکی)
لەنێو کۆمەڵگەدا، کاتێک سێکس وەک بوونێکی نامۆ، قێزلێنراو، ترسناک و بێئابڕووانە تەماشا بکرێت، ئەوکات پانتاییەکەی، هەمان ڕێڕەو وەردەگرێت کە خۆشەویستی دەیبێت... لەنێو نەستی کۆمەڵدا، خۆشەویستیی و سێکس دەبنە یەکدیی. ئەمەش بەجۆرێک لەجۆرەکان، ترس تووشی سوبێکت دەکات و لەنێو نامۆبوونێکی سایکۆلۆجی، دەیکاتە مرۆڤێکێکی تێکشكاو و ترساو لە سێکس_خۆشەویستی. ئەمە کارەکتەری سەرەکی فیلمەکەیە، بەناوی تۆمیک. تۆمیک کوڕێکی نۆزدەساڵانە، کە شەوانە لە باڵەخانەکەی بەرامبەرییەوە، بەتێلیسکۆپ دەڕوانێتە ئافرەتێکی پێگەیشتووی بەنزیک ٣٥ ساڵە. دیمەنەکان لەم ساتەدا، لەوساتەی تۆمیک تەماشای خانمەکە دەکات، زۆر هەستیار و ئیرۆتیکیین. لێزانانە کیشڵؤڤسکی، بینەر دەخاتە نێو ئەو کێشمەکێشمە سایکۆلۆجییەوە، کە ڕەنگە هەموومان هەستی پێبکەین. تەنانەت لەهەندێک دیمەنی نێووفیلمەکەدا، ئێمە دەگەینە ترۆپکی هەستکردنمان بە تۆمیک. بۆیە کەلەبەرخۆمەوە بیر لە کێشڵۆڤسکی دەکەمەوە، دەڵێم: سینەمای کیشلۆڤسکی، سینەمایەکی هەستەکییە و ناعيقڵانییە. پانتایی سینەمای کیشڵۆڤسکی، پانتاییەکی ناعەقڵانییە. پانتاییەکە ئەوەی تێیدا مامەڵە دەکات، هەستە نەوەک عەقڵ.
کاتێک سێکس لەم سەدانەی کۆتاییدا، ڕووبەڕی خۆشەویستی ناهێلێت، ئەوکات کیشڵۆڤسکی دێت و سێکس وەک ئایدۆلۆجیا بەنەفرەت دەکات، لەڕێی پشاندانی خۆشەویستییەوە.


سینەمای کێشڵۆڤسکی و تێگەیشتن لێی و مامەڵەکردن لەگەڵی، بەزەڕورەت هەستەکییە.
کارەکتەرەکانی کیشڵۆڤسکی، سوپەر نین (وەک لە فیلمە هۆڵیوودییەکاندا هەن.)، کۆمەڵێک مرۆڤی ئاسایین، چیرۆکی زۆر گەورەیان نییە، لەسووچێکی جیهانەوە، هەوڵدەدەن بژین، بەغەمگینییە بەردەوامەکەیانەوە، هەوڵدەدەن بژین. لەکۆی کاری ئەو فیلمسازانەی دیتوومن، کیشڵۆڤسکی باشتریینیان بووە، لەوەی کە چلۆن کارەکتەر بوونیاتبنێت. ئێجگار لەوەدا لێزانە. گۆڕینی جیهان و بوونی جۆرێک لە ئەفسانە، لەگۆڕێدا نییە، هیچ کارەکتەرێک دەستکاریی جیهان ناکات. کۆمەڵە کارەکتەرێکن، کە دەژین لەنێو دونیای مۆدێرندا. ئازارەکانی کارەکتەرەکانی کیشڵۆڤسکی، ئازارە وجوودییەکانی مرۆڤی مۆدێرنن. ئەو کارەکتەرەکانی (بەنموونە ئەم فیلمە) ئەو کارەکتەرانەن کە ژیانیان پڕە لەو ئازارانەی نامۆبوونی مرۆڤی مۆدێرن بەرۆکی گرتووە. ئەم فیلمە لە گرنگترین فیلمەکانی کیشڵۆڤسکییە. بەڕوونی کیشڵۆڤسکی دەناسینەوە لەم فیلمەدا، وە ڕێڕەوە سینەماییەکەی خۆشی هەروەها.
تا دونیادونیایە، ئەم دیمەنە یەکێکە لە جوانترین دیمەنەکانی مێژووی سینەما.

+ tell me... why do you watch me?
- because I love you
+ what do you want?
- I don't know
+ you want to kiss me?
- No!
+ you want to make love with me?
- No!
+ perhaps you want to go away with me... To Mazuria or Budapest?
- No!
+ then what do you want?
- Nothing!
+ Nothing?!
- Nothing.

بێدەنگی، لەنامۆترین دەنگەکانی جیهانە. کارەکتەرەکانی کیشڵۆڤسکی قسە نازانن، هەمیشە لەنێو کێشمەکێشمدان، هەمیشە بێدەنگییەکی قووڵیان هەیە، لەم شەوانەی پێشوودا، لەمیانەی تەماشاکردنی فیلمێکی دیکەی کیشڵۆڤسکی، بەناوی: three color blue، بیرم لە قسەیەکی فۆکۆ دەکردەوە لەبارەی بێدەنگییەوە، ئەو دەڵێت: (بێدەنگی نائامادەیی قسەیە، بەڵام نائامادەیی مانا نییە) لێرەوە دەگەینە ئەوەی راستە تۆمیک هەمیشە بێدەنگە، بەڵآم بێدەنگییەکەی نائامادەیی مانا نییە، مانایەک کە لەودیو تێگەیشتنی عەقڵانییەوەیە، وەدەبێت هەستی پێبکەین. هەست و هەست، هەستکردن، هەستەکان و گریان و ئارەزووەکان، گومان و بێدەنگییەکان، پرسیار و تێنەگەیشتنەکان، پانتاییەکن، کارەکتەری تۆمیک پێکیاندەهێنێت. دۆخی تۆمیک، دۆخی شۆکی حەقیقەتە، بەودیوەی ژیانە ئاساییەکەی تێکداوە. تۆمیک، هەژار و ترسنۆک بەرەوڕووی حەقیقەتێک دەبێتەوە، حەقیقەتێک کە ڕەنگە یەکجار رووبەڕوی بینەوە، لە زەمەن و شوێنێکی دیکەوە، مانا نادات و تەنها ئەوەیە کەهەیە. بەم تێگەیشتنە، نامۆبوونی تۆمیک بەرەنجامی تێنەگەیشتنە لەویدیکە، نامۆبوونێکە لەبەرامبەر ئەو حەقیقەتەی خۆشەویستییە. لەنیوەی فیلمەکەوە، پرسێک دێتەپێشەوە، ئایا مرۆڤ توانای ڕووبەڕوبوونەوەی ئەو حەقیقەتەی هەیە؟ نزیکبوونەوە لەوە، ئایا هەواڵێکی باشە، یان بەچەشنێک ئەوپەڕی ترسناکە؟

کورتەفیلمێک لەبارەی خۆشەویستییەوە، فیلمێکە لەبارەی مەترسیی ڕووبەرووبونەوەی حەقیقەتەوە.

کۆتا وتەم، پارچەیەک لە شیعرێکی هۆڵدەرلین دەبێت، کە سەروەتی سەیرکردنی فیلمەکە بەخەیاڵمدا گوزەری کرد:

خۆشمدەوێیت،
نازانم بۆ؛
ڕەنگە ئەوە شتێک بێت لەتۆدا.