close-icon

چوونەژوورەوە

فاشیزم و پرسی تریش

1109 جار بینراوە

نووسینی: ژیر دانا

 

فیلمەکە بەرهەمی ساڵی ١٩٨٨ـی وڵاتی فەڕەنسایە، زۆرجار و لە زۆر سەرچاوەش وەک فیلمێک پیشاندەدەرێت کە نموونەی ئاکتینگی ئێجگار نایابی تیادایە لەلایەن ئیزابێلا هەبێرتەوە و هەر ئەوەش هۆکاری ئەوە بووبێت کە فیلمەکە بە زیندوویی و نایابی مابێتەوە؛ بەڵام لەڕاستیدا ئەم فیلمە چەندین شتی دیکەشی لەخۆگرتووە کە وەک فیلمێکی باش بیهێڵنەوە، لە گرینگترین ئەو شتانەش پرسیارکردنە لەسەر دۆخێکی تایبەتی وڵاتی فەڕەنسا لە سەردەمەکانی جەنگی جیهانی دووەم، دۆخێک کە تیایدا ئەخلاق دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و تاکە فەڕەنسیەکان لەپێناو مانەوەیان ناچاردەبن دووبارە پێناسەی ئەخلاق بکەنەوە. لەپاڵ ئەم پرسەشدا فیلمەکە دەست بۆ چەند پرسێکی گرینگی دیکەش دەبات، بۆ نموونە کاریگەری جەنگ لەسەر دۆخی مرۆڤ و پیشاندانی کەموکورتی و بۆشاییەکانی، ڕەگەزپەرستی و سەپاندنی ڕەگەز، خێزان و مەترسییەکانی مۆدێرنە لەسەر خێزان. کۆتا شتیش پرسیارکردن لەسەر ئەوەی کە ئایا فاشیزم چۆن لەدایک دەبێت، هەموو ئەم شتانەش بەشێکن لە پڕۆسەیەکی درێژ کە لە سینەمای ئەوکاتی فەڕەنسادا لە کاردا بوو، شابرۆل لە ژێر کاریگەری کارەکانی هیچکەک لەسەر ئەخلاق و تاوان دواتریش کاریگەری ئەو وتارانەی کە لە گۆڤاری کایە دو سینەما لەسەر هەمان بابەت دەنووسران، چەند فیلمێکی یەک لەدوای یەکی دروست کرد، چیرۆکی ژنێک سێیەم فیلمی شابرۆلە لەسەر ئەم بابەتە.

جەنگ تازە دەستیپێکردووە، بە گشتی جەنگەکە بۆ هەموو کەسێک خراپە، بەڵام هەر کەسێک و کاریگەرییەکی جیاوازی لێوە وەردەگرێت، ژیان و دنیابینیان هەرچۆنێک بێت و زیاتر بەرەو چ لایەک بڕوات، جەنگەکەش لەو شوێنەوە کاریگەری خۆی پیشان دەدات. ماری کەسایەتی سەرەکییە، بەوپێیەشی کە ماری بە درێژایی تەمەنی ناڕازیبووە لە دۆخی خۆی وەکو ئافرەتێک، لە کاتی جەنگیشدا زیاتر لە هەر شتێک نالەباری دۆخی ئافرەتبوونی خۆی و ئافرەتەکانی دەوروبەری دەبینێت، هەموو ئەو شتانەی کە ئافرەت ئەنجامیان دەدات لە کاتی جەنگەکەدا لەلای ماری بە جۆرێکی خراپتر لە جاران دەردەکەون، جا شتەکان هەرچییەک بن؛ بۆ نموونە دایکایەتی، خزمەتی خێزان، منداڵبوون، سێکس، پەروەردەکردن، پارەپەیداکردن و چەندین شتی تریش؛ لەلای ماری ئافرەتبوون کڵێشەیەکی داخراوە و هەموو هەوڵێک بۆ دەرچوون لێی بریتیە لە ئافرەتنەبوون، هەرچەندە کلیشەکە ڕۆڵی گەورەی هەیە، لە مێژوو و یاسا و دیندا بە تایبەتی، بەڵام کە ماری وەکو مرۆڤێکی مۆدێرن سەیری ئەو کڵێشەیە دەکات بە بێمانا دەیبینێت. هەر بۆیە ئامادە دەبێت تەواوی کڵێشەکە پێچەوانە بکاتەوە؛ نەک تەنها بۆ خۆی، بەڵکو بۆ ئافرەتەکانی دەوروبەریشی. یاخیبوونی ماری یاخیبوونێکە لە ئافرەتبوونی.

ئەم یاخیبوونە، وا دەکات ماری ئاکتی بەرەنگارانە ئەنجامبدات لەپێناو گۆڕینی ژیانی خۆی و ژنەکانی تریش. ئاکتەکانی زۆرن و بەردەوامیش هەن، بەڵام دەتوانین یەکێک لە ئاکتەکان وەک نموونەی سەرەکی یاخیبوونەکەی دابنێین، ئەویش ئەوەی کە دەست دەکات بە کاری لەباربردنی منداڵ بۆ ژنە دووگیانەکان بە شێوەیەکی نایاسایی، ئەم ئاکتە لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووبوونەوەی خێزان و یاسا و ئەخلاقیشە؛ بە تایبەتیش لەو دۆخەی فەڕەنسا کە تەواوی وڵاتەکە لەژێر مەترسی لەناوچوون و پووکانەوەدا بوو، ئەم مەترسیە وایکردبوو کە ژنەکان لە هەموو کات زیاتر ئەرکی منداڵدرووستکردنیان لەسەرشانبێت، بەو هیوایەی کە تاکی زیاتر دروست بێت و فەزیلەتەکانی وەک خێزان و پەروەردە و یاسا بە هەمان جۆری خۆیان بمێننەوە و جەنگەکە بەرەو لەناوچوونیان نەبات. ماری زۆر بە توندی دژی ئەمە ئەوەستێتەوە و هانی ژنەکان دەدات کە منداڵەکانیان لەبارببەن، ئەو دەڵێت "ئەگەر حکومەت هاوسەرەکانمان بەزۆر بنێرێت بۆ بەرەکانی جەنگ و مەترسی ئەوەیان لەسەر دروست بکات کە هەرگیز نەگەڕێنەوە ئێمەی ژن بۆچی ژیانی خۆمان بکەین بە قوربانی، ژنبوون و مرۆڤبوونمان زۆر لەپێش فەڕەنسیبوونمانەوەیە". ئەمە تا شوێنێکی دیاریکراو کاری خۆی دەکات، کاریگەری خۆیشی دادەنێت، بەڵام لە درێژماوەدا دەردەکەوێت کە ئەو بانگەشەیەی ماری دەیکرد بێبەشبووە لە بیرکردنەوەیەکی قووڵ خوێندنەوەی دۆخی هەموو شتەکانی دەوروبەری، تەنانەت لە کۆتاییەکانیشدا ئەوە دەردەکەوێت کە ماری خۆی و قازانجی خۆی لەلا سەنتەر بووە بۆ هەموو بیرکردنەوەکانی نەک ژنبوون یان مرۆڤبوون، لێرە بەدواوە ئاکتە بەرەنگارییەکان وەک ئاکتی خۆویستی دەردەکەون، وە کاریگەرییە زۆر خراپەکانیشی بە ئاسانی دەبینرێن.

ئەمە ئەو کاتە ڕوودەدات کە دۆخەکان بۆ ماری دەگۆڕدرێن و دۆخی تازە دروست دەبێت، لەم کاتانەدا هەمان خوێندنەوەکانی پێشووی ماری بۆ ژنبوون و مرۆڤبوون کار ناکەن و تەنها یەک شت کاردەکات ئەویش خوودی ماری خۆیەتی، بە تایبەت ئەو کاتەی کە پارە و چێژ دێتە ناو باسەکەوە زۆر بە زوویی ماری ئەوەت بۆ دەردەخات کە تەواوی ئاڕاستەی ئیشکردنەکانی لەپێناو ئەم دوو شتەدایە و ژنبوون و مرۆڤبوونەکەشی تەنها ئامڕازی گەیشتن بوون نەک ئامانج. پارە ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە پووچکردنەوەی هەموو ئەو دنیابینیەی ماری کە دەکرا لە شوێنێک دۆخێکی تەواو تازە بۆ هەموو ژنەکان بخولقێنێت، وە چێژی کاتی و کورتخایەنیش ئەوەی سەلماند کە ئەسڵەن ماری لەناو ئێستادا گیری خواردووە و نە کردارەکانی و نە بیرکردنەوەکانیشی توانای گەیشتنیان نییە بە داهاتوویەکی دوور، بەهۆی ئەمەشەوە ماری دەگات بە کۆتاییەکی تەواو ناشرین و زیانێکی گەورە بە خۆی و خێزانەکەی و کۆمەڵێک کەسی تریش دەگەیەنێت، ئەوەی لێرەدا شایەنی باسکردنە کوڕەکەی ماریە کە چ کاریگەرییەکی ماری لەسەر جێماوە دوای کۆتاییهاتنی ماری.

ماری کوڕ و کچێکی هەیە، لە سەرەتادا هەردووکیان تەنها وەک دوو منداڵی ئاسایی دەردەکەون و ڕۆڵێکی گەورەیان بۆ پیشان نادرێت لە چیرۆکەکەدا، بەڵام دوای ئاکتەکانی ماری بینەر دەتوانێت هەست بە پەراوێزبوونی کوڕەکە بکات. لە سادەترین دۆخدا ماری گرینگی زیاتر بە کچەکەی دەدات و کوڕەکەی فەرامۆش دەکات، بەو بیانووەی کە ئەویش دواجار دەبێت بە پیاوێک و پێویستە گرینگی زیاتر بە کچەکەی بدرێت چونکە دواتر دەبێت بە ژنێک. شابرۆل زۆر بە وریایی و بە کەمی ئەم کوڕەت پیشان دەدات، پیشاندانەکان کورتن و لەپاڵ دیمەنی زۆر گرینگتر دادەنرێن، بەڵام هەر ئەوەندەی سەرنج چووە سەر کوڕەکە لەو چەند خولەکە کەمەدا ئەوا هەست بەوە دەکەیت کە چۆن کوڕەکە بەرکەوتەی ڕاستەوخۆی هەموو ئاکتەکانی مارییە و گەورەترین کاریگەریشی لەسەرە. هەموو ئەمەش لە دیمەنێکدا ڕوون دەبێتەوە ئەو کاتەی کە باوکی کوڕەکە لە کوڕەکە دەپرسێت لە داهاتوودا دەتەوێت ببیت بەچی؟ ئەویش دەڵێت: دەمەوێت ببم بە جەللاد. چونکە شتێکیان بەسەرەوەیە و کەس نازانێت کێن. ڕەتکردنەوەی شووناسی خۆی و گەڕان بەدوای شووناسێکی دەستکرد و بەهێز لەم قۆناغە منداڵیەدا، ئاماژەی ترسناکن بۆ لەدایکبوونی فاشیزم. لە دیمەنێکی تردا کوڕەکە چەند وشەیەکی ئەڵمانی لەگەڵ سەربازێکی ئەڵمانیدا دەڵێت، بەبێ ئەوەی کەس بزانێت کە ئەم کوڕە ئەم وشە ئەڵمانیانە دەزانێت؛ لەو کاتەدا دەردەکەوێت کە بە درێژایی ژیانی کوڕەکە لە هەوڵی خۆنزیککردنەوەدا بووە لە ئەڵمانەکان، کە دەکرێت سەلمێنەری نزیکبوونی کوڕەکە بن لە فاشیزم.

هەرچەندە بەشێکی زۆر کەم لە فیلمەکە تەرخانکرابوو بۆ پیشاندانی کوڕەکەی ماری، بەڵام بۆ من خاڵی هەرە بەهێزی فیلمەکە ئەو کوڕە بوو، ئەوەی کە ماری ناتوانێت بە باشی مامەڵە لەگەڵ ئەو دەرفەتانە بکات کە مۆدێرنە بۆ تاکەکانی دروستکردووە و زۆر بە خراپی و بەوپەڕی تێنەگەیشتنەوە بەکارییان دەهێنێت. دەکرێت ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بێت بە دۆخی وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەتی فەڕەنسا و ئەڵمانیا، ماری بە شێوەیەکی خراپ خوێندنەوەی بۆ دۆخی ژیانکرد سەرەڕای بەکارهێنانی ئامڕازە ڕاستەکان، دواجار کوڕەکەی بوو بە قوربانی و فاشیستێکی لێدەرچوو، وەک بڵێیت کە ئەڵمانیا و فەڕەنساش بە هەمان شێوەی ماری نەیانتوانیوە لە هەموو ڕوویەکەوە بەباشی مامەڵە لەگەڵ مۆدێرنەدا بکەن و دواجار هەردووکیان ناچاربوون قوربانی بدەن. قوربانییەکەی ئەڵمانیا وەک دروستکردنی نازیسم و فەڕەنساش وەک گومانکردن لە ئەخلاق و هەوڵدان بۆ پێناسکردنەوەی ئەخلاق، ئاکامی جەنگەکە شکست دەبێت بۆ نازیەکانی ئەڵمانیا و چەندین گۆڕانکاری زۆریش دەبێت لە کلتوور و یاسای فەڕەنسا. لە کۆتایی فیلمەکەدا دادگاییکردنی ماری پیشان دەدرێت، دادگاییکردنەکە لە کاتێکدایە کە هێشتا جەنگەکە تەواو نەبووە، بەڵام فەڕەنسا گۆڕانکاری لە یاساکانی کردووە و سزایەکی زۆر قورسی بۆ ئەو کەسانە داناوە کە لەکاتی جەنگدا ئاکتی نائەخلاقیان کردووە، بەوپێیەشی کە منداڵ لەباربردن وەک یەکێک نائەخلاقیترین ئاکتەکان دانراوە هەم لە یاسا و هەم لە دینیشدا بۆیە ماری سزای مەرگی بەسەردا دەدرێت، فیلمەکە بە مەرگی ماری کۆتایی دێت.