close-icon

چوونەژوورەوە

ژیان و بەرهەمی کلینت ئیستوود

1294 جار بینراوە

ئامادەکردن و وەرگێڕان: شڤان نەوزاد


ناو: کلینتۆن ئیستود جەی.ئاڕ
لەدایکبوی: (۳۱ ــ ٥ ــ ۱۹۳۰)
شوێنی لەدایکبون: ئەمریکا/سان فرانسیسکۆ
ڕەگەز: ئەمریکی
پیشە: ئەکتەر، دەرهێنەر، بەرهەمهێنەر، دانەری مۆسیقای فیلم، سیناریست، سیاسی
دایک: مارگرێت روس رەنەر (۱۹۰۹ ـــ ۲۰۰٦)
باوک: کلینت ئیستود ئێس.ئاڕ (۱۹۰٦ـــ ۱۹۷۰) کوڕ و باوک هەڵگری هەمان ناون.
ئایین: مەسیحی کاسۆلیکی

ژیانی خێزانی کلینت ئیستود

ئیستود دووجار بەفەرمی هاوسەرگیری کردوە، خێزانی یەکەمی (ماگی جۆنسون) تا لەساڵانی (۱۹٥۳ـــ ۱۹٨٤) پێکەوەبوون و بوونە خاوەنی دوو کچ و کوڕێک، بەناوەکانی (لاوری موری ــ ۱۹٥٤)، (کایل ــ ۱۹٦٨)، (ئالیسۆن ــ ۱۹۷۲). بەڵام لەساڵی (۱۹۷٥) لەناو بازنەی هاوسەرێتی پەیوەندی سۆزداری هەبوو، لەگەڵ خانمە ئەکتەر (سۆندرا لوک)و ئەم پەیوەندیە لەساڵی (۱۹٨۹) کۆتای پێهات. دواتر پەیوەندی بەست لەگەڵ خانمێک بەناوی (رۆکسان تونس) و بوونە خاوەنی کچێک بەناوی (کیمبەرلین ــ ۱۹٦٤). پاشان پەیوەندی سوزداری بەست لەگەڵ (کاسلین ریڤیز) و بونە خاوەنی کوڕ و کچێ بەناوەکانی(سکوت ـــ ۱۹٨٦)،(کاسرین ــ ۱۹٨٨). پاشان لەگەڵ خانمە ئەکتەر(فرانسیس فیشەر) کەوتنە خۆشەویستیەوە و بوونە خاوەنی کچێک بەناوی (فرانسیشکا ــ ۱۹۹۳). بەڵام لەتەمەنی پەنجاوشەش ساڵی و لەساڵی (۱۹۹٦)دووبارە ژیانی هاوبەشی لەگەڵ خانمە بێژەری تەلەفزیۆن ( دینا رویز) کەئەوکات تەمەنی سی ساڵ بوو بونە خاوەنی کچێک بەناوی(مۆرگان ــ ۱۹۹٦)و ساڵی(۲۰۱٤) لێکجوودا بوونەوە.

ژیانی هونەری کلینت ئیستود
سەرەتاکانی ژیانی کلینت لەچوونە قوتابخانەی ناوەندی (بیدمۆند)وە دەسپێدەکات و پاشان دەچێتە قوتابخانەی ناوەندی هونەری لە شاری ئۆکلاند و ساڵی(۱۹٤۹)تەواویدەکات. پاش تەواوکردنی خوێندن و لەسەردەمی جەنگی کۆریا ولەساڵی(۱۹٥۰)دەچێتە رێزی سوپای ئەمریکاوە لەنیمچە دورگەی مۆنتری وەک ڕاهێنەری مەلەوانی لەوێ کاریکردوە، ساڵی (۱۹٥۳)پاش تەواوکردنی ماوەی یاسایی لەسوپادا کۆچدەکات بۆ لۆس ئانجلس و دەچێتە زانکۆی(سیاتڵ) و لەبەنزینخانە دەسبەکار دەبێت، بەڵام لەو ماوەیەی لە نیمچە دورگەی مۆنتری دەمێنێتەوە کەسێک دەناسێک و هاوکاری دەکات و بەهۆی ئەوەی خاوەنی باڵایەکی بەرزبوە(۱٫۹۳)سم بوە دەچێتە ڕاهێنان و مەشق بۆ نواندن لە کۆمپانیای(Universal)بۆ بەرهەمهێنانی فیلم.سەرتای کارکردنی سینەمای کلینت دەگەڕێتەوە بۆساڵی(۱۹٥٥)لەهەردوو فیلمی(Revenge of the creature)،و (Franeis in the Navy)، بەڵام لەساڵی(۱۹٥٨)هەلێکی گەورەی بۆ هاتەپێش بۆ ڕۆڵگێڕان لەزنجیرە فیلمە (Rawhide)خۆرئاوایی کاوبۆییەکان، کە هەتا ساڵانی‌(۱۹٦٥)درێژەی کێشا،پاشان دەروازەیەکی دیکەی گرنگی سینەمایی لێکرایەوە بەوەی ساڵانی شەست کۆچ دەکات بۆ ئیتاڵیاو بۆڕۆڵگێران لە زنجیرە فیلمی خۆرئاوایی پیاوێک بەبێ ناو کە پێک دێت لە(تریلۆگی) هەرسێ فیلمی خۆرئاوایی(A Fistful of Dollars ــ ۱۹٦٤)، و (For a Few more Dollars ــ ۱۹٦٥)،و (The Good, The Bad and The Ugly ــ ۱۹٦٦)ی دەرهێنەری بەناوبانگی ئیتاڵی (سێرجێۆ لێۆن)، ئەم سێ فیلمە بونەهۆی تەقاندنەوەی ناوبانگی سینەمایی کلینت بە هەمو جیهان.ساڵانی شەست و حەفتاکان بۆ کلینت زێڕین بون ئەگەر چی فیلمەکانی لەدەوری خۆرئاوایی و ئاشکندا دەسوڕانەوە، بەڵام لەساڵانی نەوەدەکاندا رودەکاتە ستایلی فیلمە درامییەکان و لێرەوە دەست دەکات چنینەوەی خەڵاتە گەورەکانی وەک ئۆسکار و گۆڵدن گڵۆب،بەڵام خەونی کلینت لەوە زیاتر بوو تەنیا ئەکتەر بێت بەڵکو حەزی بۆ کاری دەرهێنان لە سەرەتای حەفتاکانەو دەستپێدەکات و یەکەمین فیلمی لەساڵی(۱۹۷۱)بەناوی(Play Misty For Me)کەهەم ئاکتەر و هەم دەرهێنەری فیلمەکەیە، پاشان لەساڵی(۱۹۷۳)کاری دەرهێنان بۆ دوەمین فیلمی دەکات کە هەرخۆشی وەک ئەکتەر بەژدارە بەناوی(High Plains Drifter)،ئیتر بەمجۆرە کاروانی سینەمایی کلینت لە نواند و دەرهێنانەوە دەستپێدەکات تا ساڵی(۲۰۱۹) بەردەوام دەبێت، ئەگەرچی کلینت هەرگیز چانسی بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکاری نەبوە بۆ باشترین ئەکتەر بەڵام لەکاری دەرهێناندان توانیویەتی قەرەبوی ئەم چانسە بکاتەوە و لەساڵی(۱۹۹۲) کاری دەرهێنان و لەهەمان کاتدا نواندن دەکات بۆ فیلمی( Unforgiven)و توانی ببێتە خاوەنی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین فیلم و باشترین دەرهێنان.بەم جۆرە کلینت بەهرەمەندانە و لێهاتوانە جگە لە نواندن لە دەرهێنانیشدا ببێتە یەکێک لەباشترینەکانی سینەمای ئەمریکا، بۆیە دوبارە لەساڵی(۲۰۰٤)هەستا بە دەرهێنان و نواندن لە فیلمی(Milion Dollar Baby)و کە ڕۆڵی ڕاهێنەرێکی پیری مشتەوانی(Boxing)دەگێرا و ئەم فیلمە بوە براوەی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین فیلم و باشترین دەرهێنان و دوبارە کلینت ناوی خۆی لەباشترینەکانی دەرهێنان و نواندن نوسیوە و بوە براوەی (٤)خەڵاتی ئۆسکار، واتە دو ئۆسکار بۆ باشترین دەرهێنان و دو ئۆسکار بۆباشترین فیلم، ئەمەش لەخۆیدا میژویەکی قەشەنگی دونیای سینەمایە. هەڵبەت ئەوەی بەوردی بینەری فیلمەکانی کلینت ئیستود بێت بۆی دەرەکەوێت پتر ژانری(خۆرئاوایی، ئاکشن،ژیاننامە)بەسەر بەرهەمەکانیدا زاڵە بەتایبەت لەساڵانی حەفتاوە تا دواهەمین کاری ژانری ژیاننامە و لەڕوداوی ڕاستییەوە وەرگیراون بەزەقی بەرچاو دەکەوێت لەوانە فیلمی(1979ــEscape from Alcatraz)،وفیلمی(2008ــChangeling)،و فیلمی(2014ــAmerican Sniper)،و فیلمی(2018ــThe 15:17 to Paris)و فیلمی( 2019ــRichard Jewell)...هتد. کلینت هەتا ئێستا بۆ(۱۷۳)خەڵات پاڵیوراوە و براوەی(۱٤۹)خەڵات بوە و بەیەکێک لە دەوڵەمەندترین ئەکتەر دادەنرێت و سامانەکەی بە(۳۷٥)ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

خەڵاتەکانی ئەکتەر
٭ خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین دەرهێنان بۆ فیلمی( Unforgiven)ساڵی(۱۹۹۳).
٭خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین فیلم بۆفیلمی(Unforgiven)ساڵی(۱۹۹۳).
٭ خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین دەهێنان بۆ فیلمی(Milion Dollar Baby)ساڵی(۲۰۰٥).
٭ خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین فیلم بۆفیلمی( Milion Dollar Baby)ساڵی(۲۰۰٥).
٭ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بۆ باشترین دەرهێنان بۆ فیلمی(Unforgiven)ساڵی(۱۹۹۳).
٭ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بۆ باشترین دەرهێنان بۆ فیلمی(Milion Dollar Baby)ساڵی(۲۰۰٥).
٭ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بۆ باشترین دەرهێنان بۆ فیلمی(Bird)ساڵی(۱۹٨۹).
٭ خەڵاتی مەدالیای نیشتیمانی بۆ هونەر ساڵی(۲۰۱۰).
٭ خەڵاتی ڕاهێنەری ئاڵتونی ساڵی(۲۰۰۳).
٭ خەڵاتی شێری ئاڵتونی ساڵی(۲۰۰۰).
٭ خەڵاتی ناوەندی کینیدی کلتوری ساڵی(۲۰۰۰).
٭ خەڵاتی سیزار ساڵی(۱۹۹٨).
٭ خەڵاتی دەستکەوتی تەمەن لەلایەن پەیمانگای فیلمی ئەمریکی ساڵی(۱۹۹٦).
٭ خەڵاتی هونەر و ئەدەب بە پلەی پێشەوا ساڵی(۱۹۹٤)