close-icon

چوونەژوورەوە

سالۆمی، پیاوێک لەناو لەشی ژندا!

1152 جار بینراوە

نووسینی: هیوا سەعید


نیچە یەکێکە لە یەکەمین دەرونشیکارەکان، جێی سەرسوڕمانە هەتا چ ڕادەیەک قوڵبینییەکەی باڵی بەسەر دۆزینەوەکانی ئێمەدا کێشاوە، هیچ کەس لەو قوڵتر لە پاڵنەرەکانی پشت ڕەفتاری مرۆڤ تێنەگەیشتوە. "فرۆید"

سالۆمی بەو بیرکردنەوە فەلسەفییانە گەیشتوە، نیچە پێی گەیشت. "پۆل ڕی"

سالۆمی هاوشێوەی نیچە سادۆمازۆخییەکی ناوەکییە، بە ویستی هێز (هەست/ئاگایی) لە پانتایی خەیاڵیدا دەستبەسەر نەست و لایەنە مازۆخییە (مێ)کەیدا دەگرێت. بە مانای بەهۆی فەنتازیاوە ژنبونی خۆی (جوڵە و دەربڕینی ژنانەی) لە پانتایی واقیع ڕەتدەکاتەوە.

ئەم ڕەتکردنەوەیە پەیوەستە بەو ڕق و ئیرەییەی کچ لە دایکییەتی، کە ئەویشی بە ژنی بەرهەمهێناوە، بۆیە لە تۆڵەی نایەوێ ژن بێ، لە ناوەوە حەزی بەزاندنی تابوی هەیە، دەیەوێ ببێ بە شوێنگرەوە و خەسێنەری دایکی لە بەرانبەر باوکدا (ئەویتری گەورە/خوا/شکۆ). لێرەوەیە ئەم ڕقەی حەزیشە لە دایک، لەبەرئەوەی خاوەنی زەکەری دایکە. دواجار بەم هۆیەوەیە لە پانتایی واقیعدا بۆ هاوشوناسی سەرسام بە پیاوی بە شکۆی وەک نیچەیە.

هەروەها پێزانینەکانی سالۆمی بەوەیە بە هەمان تەکنیکی نیچەیی لەبری بەشێوەیەکی عاریفانە هەستی لەبەردەم نەستی (خوا) بخەسێنێ و ببێتە کەسێکی سۆزەکی و واقیعەکەی (ژنە) بە خەساوی پەسەندی بکات، بە پێچەوانەوە بە هەست و ئاگایی نەستی دەخەسێنێت (کوشتنی خوا/ وەستانەوە دژی نەریتی باو) و دەبێ بە هۆشەکی. واتا بە فەنتازیا ڕوبەڕوی واقیع دەبێتەوە و بە چونە ئەودیوی شێتی (بازدان بەسەر هیستریا) دەست بۆ شێواندنی پێکهاتە ژنانە واقیعییەکەی دەبات. بەو مانایەی بە چونێکی فەنتازیایی لەپێناو بەزاندنی تابو (چێژپێدان بە ئارەزو) دەگەڕێتەوە ناو ویژدانی ناخودئاگای، دواتر وەک ئاشکراکەرێک دەخزێتە ئەوانیتریشەوە.

ئەوەیە کاتێک ئەندامە ئایدیالییەکەی سالۆمی فالیک (نێر)ە و لە واقیعیشدا ژنە، بەم دوکەرتبونە ناچونیەکەی خەیاڵ و واقیع و ئاڕاستەکردنی دەرونی لەم نێوانەدا (خەساندنی ژنبون/کوشتنی خوای نەست) دەشڵەژێ وەک ترسانێک.

کەواتە جارێکی تر سەرسامبونی بە نیچەیەکی تاکگەرا لەسەر بنەمای زانینی ئەم تەکنیکە (خۆشڵەژاندن) و ناسینی فەلسەفەکەیەتی، کە سالۆمی (ئەویش وەک تاکگەرایەک/مێردم ناوێ. سالۆمی) خەیاڵی دەنوێنێتەوە و لەگەڵیدا هاوشوناس دەبێت. بەوەدا یەکسانی دەکاتەوە بەخۆی، چونکە هاوشوناسبون بە خۆسڕینەوە و تواندنەوە لە ئەویتر ڕودەدات. ئەم ئەویترە بۆ ژن باوک و بۆ پیاو دایکە، لە کۆتایی ئەم باوک و دایکە سیمبولێکن، ئامانج لە هەردوکییان خوایە (ئەویتری گەورە). لە کاتێکدا سالۆمی نیچەییانە (خەسێنەرانە) بکوژی ئەویتری گەورەیە (کوشتنی خواباوک/خەساندنی دایک). وەکچۆن لە بنەما فەلسەفییەکانی نیچەشدا بە کوشتنی خواباوک (مازۆخییەکەی ناوخۆی) دەست پێدەکا، بە تێکشکاندنی نەریتە پیرۆزەکان و ویستی هێز تێپەڕ دەبێ، بەڵکو مرۆڤی باڵا لەدایک بێت.

بەڵام نیچە لەبارەی خۆشەویستی لەگەڵ ئەم جۆرە ژنبونە، لە زانستی شاد و لە نامەیەکیشدا بە سالۆمی دەڵێ: خۆشویستن لە ڕوانگەی ژن و پیاوەوە جیاوازە، سەرەڕای ئامادەم بۆ تاکەکەسیک لە هاوسەرگیری تەنازولی پێشوەختە پێشکەش بکەم، بڕوام بە یەکسانی ژن (فالۆس/ناهۆشەکی) و پیاو (فالیک/خاوەن هۆش و مۆڕاڵ/بە شکۆ) نییە. لەئاوابونی بتەکانیش ئەم تێگەیشتنە بە ڕونتری دەڵێت: خۆتان لە ژنێک لادەن نێرانە بجوڵێتەوە (داوای دایکباوکایەتی-بۆ منداڵکردنەوە و ژێردەستەیی بەسەر پیاو دەکات)، ئەگەر لانەچن (بەپیاوبونێکی باوکانە نەمێننەوە) بۆخۆی دەڕوات. لێرەدا تەواوی مەبەستەکەی لە هاوسەرایەتی خاوەندارییەتییە، لەبەر گرێی ئۆدیب و ئەلێکتراش پیاوەکان دایکییان و ژنەکان باوکییان لە یەکتر دەوێتەوە، پێویستە پیاو قوربانی بە نەویستنی ئەم چێژە (مازۆخیزمی دەرەکی/دایکی ئۆدیبی) لە خۆیدا بدا و گرێیەکەی هەڵوەشێنێتەوە، ببێ بەو باوکەی ژن دەیەوێت. بەپێچەوانەوە پیاو بە منداڵبونەوە ببێ بە ژێردەستە، ژنەکەی لە خاوەندارییەتی دەکەوێت و دەبێ بە هی هەموان، پیاویش (مرۆڤی باڵا) ئەوە پەسەند ناکات.