close-icon

چوونەژوورەوە

شانتاڵ ئاکەرمان و دووجار خۆکوشتن

1293 جار بینراوە

نووسینی: ژیر دانا

 

لە ساڵی ٢٠١٥ ڕۆژنامەی لۆبۆنی فەڕەنسی هەواڵێک بڵاو دەکاتەوە، کە گوایە شانتاڵ ئاکەرمانی دەرهێنەری بەلجیکی خۆی کوشتووە و لەناو شووقەکەیدا بە مردوویی دۆزراوەتەوە، شتە سەیرەکە لێرەدا ئەوەیە کە ٤٧ ساڵ پێش خۆکوشتنەکەی شانتاڵ لە ساڵی ١٩٦٨ هەمان شت ڕوویدابوو، واتە شانتاڵ لەناو شوقەکەی خۆیدا خۆی دەکوژێت، بەڵام خۆکوشتنەکەی ساڵی ١٩٦٨، لەناو فیلمێکدا بوو نەک لە ژیانی ڕاستەقینەدا، ئەو فیلمەش یەکەم فیلمی شانتاڵ بوو کە لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا دروستیکردبوو.
شارەکەم دەتەقێتەوە، کورتە فیلمێکی دوانزە خولەکیە، لەم فیلمەدا کچێکی گەنج کە شانتاڵ خۆی ڕۆڵی دەبینێت لەناو شارێکی قەرەباڵغ و جەنجاڵەوە دێتەوە بۆ ناو شوقەکەی خۆی، کچەکە دڵخۆش و پڕ وزەیە و بە دەم خۆیەوە گۆرانی دەڵێت، پاش گرتنی درزی دەرگا و پەنجەرەکان کچەکە ئاگرێک دەکاتەوە و دواییش غازی تەباخەکەی هەڵدەکات، فیلمەکە لەویادا تەواو دەبێت.

لە ئێستادا ئەگەر لە هەر سەرچاوەیەک شت لەسەر شانتاڵ بخوێنینەوە ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو دەرهێنەرێکی ئۆتۆبایۆگرافیست بووە، واتە فیلمەکانی دەرهاویشتەی ئەو ڕووداوانەن کە لە ژیانی خۆیدا ڕوویانداوە و هەر فیلمێکی دەگەڕێتەوە بۆ شتێک کە خۆی ئەزموونی کردووە و لە ژیاندا ڕووبەڕووی بۆتەوە. شارەکەم دەتەقێتەوە سەرەڕای ئەوەی کە دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو بۆ ئەو کاتەی شانتاڵ، بەڵام هیچ کەس چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد کە ئەم فیلمە خوێندنەوەیەک لە دەرەوەی فیلمەکە خۆی هەڵبگرێت، زۆر بە سادەیی شانتاڵ لەم فیلمەدا وەک کچێکی بێزار دەردەکەوت کە هەمیشە ڕادەکات لە خەڵک، لە شار و لە شتەکانی تر، هەر بۆیە کە تەنیا دەبوو دڵخۆش دەبوو، بەڵام هەرگیز نەیدەتوانی تەنیا بێت و لەناو شوقەکەشیدا هەمیشە دەنگی شار و کاریگەری شاری بەسەرەوە بوو، هەر بۆیە بڕیار دەدات کە چیتر بەردەوام نەبێت و کۆتایی بە ژیانی بهێنێت. ئەمانە هەمووی کۆمەڵێک فاکت یان حەقیقەت بوون لە ژیانی کچێکی ١٨ ساڵ کە دواتر دەبنە هۆکاری خۆکوشتنی، بۆ ئەو کەسانەی کە فیلمەکەیان بینی شارەکەم دەتەقێتەوە تەنها بینینی ئەم حەقیقەتانە بوو، بەڵام بۆ شانتاڵ ئەو فیلمە زۆر لەو حەقیقەتە بچووکانە زیاتر بووە و سەرەتایەک بوو بۆ دروستکردنی کۆمەڵێک پرسیار لەسەر نەک تەنها حەقیقەتەکانی ژیان، بەڵکو چەمکی حەقیقەت خۆیشی. 

"هەمووان خەریکن فیلم لەسەر حەقیقەتەکان دروست دەکەن، بەڵام من دەمەوێت فیلم لەسەر واقع دروست بکەم نەک حەقیقەت، واقع بۆ من ئەو شتەیە کە لێی تێناگەم، واتە من خەریکم فیلم لەسەر شتێک دروست دەکەم کە خۆیشم لێی تێناگەم".

ئەم قسەیەی شانتاڵ سەرەتایەکە بۆ ئەوەی کە گومانت بۆ دروست ببێت لەسەر تەواوی کارەکانی، بە تایبەتیش یەکەم فیلمی کە پێشتر باسمان کرد، ئەو گومانە وات لێ دەکات کە لە کاتی بینینی فیلمەکانیدا تەنها کۆمەڵێک حەقیقەتی یەک لە دوای یەک نەبینێت کە دواتر ببنە هۆی دروستبوونی شتێک؛ بەڵکو چاوەڕێی ئەوە بکەیت کە تەواوی شتەکان پێکەوە هەڵگری خوێندنەوەیەکی تر بن لە دەرەوەی حەقیقەت و ڕووداوە بچووکەکان، بێگومان ١٢ خولەکی شارەکەم دەتەوێتەوە بەس نییە بۆ هەستکردن بەم شتە؛ بەڵام بەبێ گومان ٣ کاتژمێر و ٢١ خولەکەکەی ژان دیلمان زۆر بە ڕوونی ئەم گومانەت لەلا دروست دەکات.
ژان دیلمان دووەم فیلمی درێژ و شاکارەکەی شانتاڵە، ئەم فیلمە باس لە سێ ڕۆژ لە ژیانی دایکێک دەکات بەناوی ژان دیلمان، کە لەگەڵ کوڕە تاقانەکەیدا بەتەنیا دەژی و بەڕۆژ کوڕەکەی دەنێرێت بۆ خوێندن و خۆیشی خەریکی لەشفرۆشیە. هەر چەندە فیلمەکە تەنها باسی سێ ڕۆژ دەکات لە ژیانی ژان، بەڵام ئەم سێ ڕۆژە ٣ کاتژمێر و ٢١ خولەک دەخایەنێت، تەواوی ئەو ماوە درێژەش تۆ کۆمەڵێک شتی ڕۆتین و دووبارەی ژیانی ژان دەبینیت کە نازانیت چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکەیت لەبەر سادەیی و دووبارەیی شتەکان، لەبەر ئەمەیشە کە تۆ بەردەوام چاوەڕێی گۆڕانێک دەکەیت لە ڕۆتینەکانی ژیانی ژان، بەو هیوایەی کە دواتر ئەنجامێک دروست بکات، شانتاڵیش زۆر بە زیرەکانە چەند گۆڕانێکی بچووکت دەخاتە بەردەست لە ڕۆژی دووەمدا واتە لە نیوەی فیلمەکەدا؛ بەڵام لەجیاتی ئەوەی شتەکان ڕوونتر ببنەوە لەلای تۆ ئەوەندەی تر ئاڵۆز دەبن. هەر بۆیە من پێم وایە شانتاڵ ئەو گۆڕان و لادانانەی تەنها بۆ سەرقاڵکردنی بینەر دروستکردووە و مەبەستە سەرەکیەکە هەرگیز ئەو گۆڕانانە نەبوون لە ژیانی ژاندا، بەڵکو لە کات و لەدوای گۆڕانەکانیش ئەوەی گرینگ بووە شتە زۆر زۆر دووبارە و نەگۆڕەکان بوون.


پاککردنەوەی پێڵاوەکانی کوڕەکەی و بەڕێکردنی، ڕێکخستنی ماڵەکە و چوونە دەرەوە بۆ میوە کڕین، هاتنەوە بۆ ماڵ و بەخێوکردنی منداڵی دراوسێکەی لە پێناو کەمێک پارەدا، بردنەوەی منداڵەکە و چاوەڕێکردنی موشتەریەک، هاتنی موشتەریەکە و سێکسێکی سارد و سڕ و وەرگرتنی پارە لە موشتەریەکە، هاتنەوەی کوڕەکەی و نانخواردن و کەمێک گوێگرتن لە ڕادیۆ، ئەمە ئەو شتانەیە کە لە ژیانی ژاندا دەیانبینیت؛ هیچ شتێک لە شتەکەی تر گرینگتر نییە و هەمووی بە یەک ئاست ڕوودەدەن و بە یەک ئاستیش ژان هەستی هەیە بۆیان، واتە تەنانەت لەشفرۆشیەکەش بە هێندی پەتاتە پاککردن و پێڵاو بۆیاخکردنەکە لە ژیانی ژاندا سەرنجی لەسەرە و هیچ کامیان لەوی تر گرینگتر نییە. ئەمانە دەکرێت هەمان ئەو حەقیقەتانە بن کە کچە گەنجەکەی شارەکەم دەتەقێتەوە دەیویست ڕزگاری ببێت لێیان، بەڵام خۆ لە هەردوو فیلمەکەدا تەواوی شتەکان هەمان ئەو شتانەن کە ئێمە ئەنجامیان دەدەین و ڕۆژانەی ژیانمانی پێ بەڕێ دەکەین، ئەی بۆ لە فیلمەکانی شانتاڵدا هەمان شت بوونەتە هۆی ئەوەی کە کچە گەنجەکە خۆی بکوژێت و ژان دیلمانیش لە کۆتاییدا کەسێک بکوژێت؟ ئەمە هەمان ئەو واقعەیە کە شانتاڵ باسی دەکرد، تەنها بینینی حەقیقەتەکان و هەوڵدانی بۆ بەستنەوەی ئەو حەقیقەتانە و دروستبوونی ئەنجامەکەی کۆتایی بەس نییە، بەڵکو پێویستە لەو واقعە تێبگەین کە حەقیقەتەکان و ئەنجامەکەش بەشێکن لەو. لە شوێنێکدا کوڕەکەی ژان بە ژان دەڵێت: "ئەگەر من ژن بوومایە هەرگیز سێکسم لەگەڵ کەسێک نەدەکرد کە خۆشم ناوێت" ژانیش لە وەڵامدا پێی دەڵێت: "مادەم ژن نیت قسە مەکە."
واقعی ژان دیلمان تەنها واقعی ڕۆتینەکان و حەقیقەتە بێزارکەرەکان نییە، بەڵکو ئەو واقعەیە کە بەبێ ئەوەی ئێمە پێی بزانین ژانی کردووە بە قوربانی، قوربانیەک کە تەنانەت کوڕەکەی خۆیشی ناتوانێت لێی تێبگات تەنها لەبەر ئەوەی کە ژن نییە، یاخود تەنها لەبەر ئەوەی کە ئەو نیە. ڕۆتینەکان سادە و بێزارکەرن، بەڵام هەموو پێکەوە لەوە دەردەچن کە تەنها سادە و بێزارکەربن، پێکەوە دەبن بەو چوارچێوەیەی کە ژیان تیایدا ئەگەر مانایەکیشی تیادا بمێنێتەوە مانای مەرگ و کوشتن دەبێت، مەرگی خۆت و کوشتنی ئەوانی تر، بە جۆرێک کە مرۆڤەکان شایەنی ئەوە نین لەم ژیانەدا بن و تاکە ڕێگای ڕزگاربوون دەرچوونە لە کۆی ژیان.


ژان دیلمان لە دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆیەکی ئێجگار زۆری لەسەر دروست بوو، بە تایبەت لەلای فێمێنیستەکانی ئەو کاتە، بە تایبەت کە لە هەمان سەردەمی دروستبوونی شەپۆلێکی نوێی فێمێنیزم فیلمەکە دروستکرا، لە ئەنجامدا ژان دیلمان بە شاکاری سینەمای فێمێنیزم ناسرا و تەواوی کارەکانی تری شانتاڵیش بە هەمان شێوەی چوونە قاڵبی فێمێنیزمەوە، بەڵام شانتاڵ هیچ کات ئەمەی پێخۆش نەبووە، لە چەند شوێنێکدا وتوویەتی کە فیلمەکانی من فێمێنیزمی نین و شانتاڵین.
شتێکی زۆر قورسە کە تۆ ژن نەبیت و سەیری ژان دیلمان بکەیت، وە بتەوێت لە ژیانی ژان تێبگەیت و بزانیت کە ژیانکردنی ئاسایی و ڕۆتینە سادەکانی ژیان چ مانایەکیان هەیە بۆ ژنێک، کە دەکرێت قوربانیەک بێت بەبێ ئەوەی خۆیشی بزانێت کە قوربانییە، هەر چەندە فیلمەکە لەو شوێنەدا واتە بۆ ژن کاری خۆی کردووە و کاریگەری گەورەشی جێهێشتووە، بەڵام هێشتا بەشێک لە ژان دیلمان تایبەتە بە شانتاڵ خۆی کە تەنانەت ژنبوونیشت بەس نابێت تا تۆ ئەو بەشە ببینیت، لە شوێنێکدا شانتاڵ دەڵێت کە ژان دیلمان سەرەتا لە بیرکردنەوە لە دایکمە دروستبووە، کەواتە ژان پێش ئەوەی ژن بێت شانتاڵ خۆیەتی، وە پێش ئەوەشی شانتاڵ بێت دایکی شانتاڵە، لەوانەشە لە چەند شوێنێکدا لە دایکی شانتاڵیش دەربچێت و ببێتەوە بە مرۆڤە پەتیەکە کە هێشتا نە شانتاڵە و نە دایکی شانتاڵە و نە ژنیشە؛ بەڵکو هەموومانین. لەوانەیە مرۆڤبوونی ژان لەو کاتەدا بێت کە ژان کەسێک دەکوژێت، واتە واقعە گشتیەکەی لەلای شانتاڵ بۆ مرۆڤ لە کۆتاییدا کوشتنێک بێت بە هەڵبژاردنی مرۆڤەکە یاخود قوربانیەکە خۆی.
شانتاڵ ئاکەرمان لە ساڵی ٢٠١٥ ـدا خۆی دەکوژێت، هەرچەندە ئەو لە سینەمادا پێشتر خۆی کوشتبوو؛ بەڵام لەدوای ئەوەی کە لە واقعدا خۆی دەکوژێت بازنەکە بە تەواوی دادەخات و مانایەکی تەواو دەدات بە تەواوی کارەکانی. لە ئێستادا ژان دیلمان بە شاکاری سینەمای فێمێنیزم دادەنرێت و شانتاڵ خۆیشی ئەگەر گرینگترینیش نەبێت ئەوا یەکێکە لە گرینگترین دەرهێنەرە ژنەکانی ناو مێژووی سینەما.