close-icon

چوونەژوورەوە

ڕاشۆمۆن؛ گەشـتی مرۆڤ بەرەو حەقیقــەت

1306 جار بینراوە

نووسینی: سەرکار سەلام

 

ڕاشۆمۆن حوکمدانە لەسەر کوشتنی کەسێک، لە دەمی چەند گێڕەرەوەیەک چیرۆکەکە دەگێڕدرێتەوە، بەڵام هەریەکەیان لە ئەوی دی جیاوازە. هەریەک لە گێڕەرەوەکان خۆی پاکدەکاتەوە لە تاوان، یاخـوود نموونەی کەسێکی زۆر باشمان دەخاتە بەردەست. 
بەڵام ئەوەی کە لێی ڕادەکەن، بەقەولی ئەلبێر کامۆ (ترسە لە مەحکومبوون)، ترسە لە حوکمدانیان لەلایەن ئەوانی دیکەوە "مرۆڤەکان هەمیشە لە حومکداندا پەلەدەکەن، بۆئەوەی لەلایەن ئەوانی دیکەوە حوکم نەدرێن"


ئـەوەی لەیەکەم دیمەنی فیلمی ڕاشۆمۆنی کورۆساوا؛ بینەر بەریدەکەوێت بارانە، بارانێکی بەلێزمە و زۆر بەهێز. بەومانایەی کورۆساوا بە دایالۆگ نامانخاتە ناو پلۆتی فیلمەکەوە، بەڵکو بە پیشاندانی بارانێکی وەها بەهێز کە بینەر دەخاتە گـومانەوە. 
ڕۆبێرت ئاڵتمان دەڵێت: باران وروژێنەرێکی عاتفییە لە فیلمەکاندا. حەزم لە نیشاندانی وەرزەکان، باران، ڕەشەبا، بەفر یان گەرمییەکی بەتینە، هەرشتێک لەڕادەبەدەربێت، چونکە ئەم دیمەنە مەجالێکت دەداتێ بۆ قسەکردن. لێرەدا ئاڵتمان قسەکردن لەڕێگەی دیمەنەکانەوە، نەک وشەکان بەکاردەهێنێت بۆ گێڕانەوە. هیچکۆکیش دەڵێ: بۆ درووستکردنی فیلمێکی باش، پێویستیت بەسێ شتە (سیناریۆ سیناریۆ سیناریۆ). زۆربەمان ئەم قسە بەناوبانگەی هیچکۆکمان بیستووە کە دەڵێ: کە لە نووسینی سیناریۆ تەواودەبین، دواتر دایالۆگی بۆ زیاد دەکەین، ئەوجا ئامادەدەبێت بۆ وێنەگرتن. 
ئەوەی لێرە و لەوێ دەربارەی کورۆساوا خوێندومەتەوە دەوترێ گوایە مەیلی بۆ باران هەبووە، کاتێک جۆن فۆرد دەبینێت پێی دەڵێت: هەربەڕاستی تۆ زۆر بە باران دەچیت!
گێڕانەوەی چیرۆکەکەش هەر لەنێو ئەوکەشەدایە، کەشێکی وەها کە مرۆڤ تێیدا ون دەبێت، هەروەک چۆن چیرۆکەکان ون دەبن، حەقیقەت ون دەبێت. 
ڕۆیشتنی داربڕەکە بۆ ناو دارستانەکـە (ئەو شوێنەی ڕووداوەکەی تێدا ڕوودەدات)، مێتافۆڕە بۆ گەشتکردنی مرۆڤ بەرەو جیهانی حەقیقەت. دەکرا ئەم فیلمە لەژێر ئاسمانێکی ساماڵدا بەرهەمبهێندرایە، بەڵام ئەوکات تەواو جیاوازدەبوو. ئەوکاتەی کورۆساوا دەمانخاتە نێو ئەم جەنگەڵەوە، ون دەبین. نازانین لەکوێی ئەم جیهانەداین. 
دارستان زۆر چڕ و پڕ کەند و لەندە، مرۆڤ زۆر بە ئاسانی تێیدا ون دەبێت. لەنێو دارستاندا ڕێگر و چەتە هەن، هەروەک ئەوەی لە گەیشتن بە حەقیقەت چەنـدان بەربەست و ڕێگرمان تووشدەبێت. هەڵبژاردنی دارستانێکی ئاوا چڕ و پڕ بۆ تۆمارکردنی فیلمەکە زیرەکی کورۆساوایە. لەنێو گێڕانەوەکانی چیرۆکەکاندا، یان باشتر بڵێم: لەنێو گێڕانەوەکانی ڕووداوی ناو دارستانەکەدا (حەقیقەتدا)، هیچ گێڕانەوەیەک لەوی دی ناچێت. 

بەبڕوای ڕۆبێرت ئاڵمتان "سینەما وەک خوێندنەوەی کتێب نییە، کە بتوانیت خەیاڵ بکەیت. بەڵکو لەسینەمادا شتانی دیاریکراو دەبینیت، وەک درەخت یان شمشێر، ئەم شتانەش وەک حەقیقەتێک (وەردەگریت). پێتناوترێت کامە حەقیقەتە و کامەیان مەجاز، بەڵکو ئەوەی ڕێنیشاندەریت دەکات بەرەو دەرئەنجامێکی گونجاو ئەوەیە کە (هەموویان حەقیقەتن و هەموویشیان مەجازن)". 
لێرەوە تێدەگەین سینەما ڕادیکاڵبوونی لەخۆیدا هەڵگرتووە، وەک شیعرێکی لێدێت و ئەو وێنە مەجازییانە تێکدەشکێنێت کە لەمێشکماندایە و پێمان دەڵێت ئەمە حەقیقەتە. بەڵام لە کاتی خوێندنەوەدا یان گوێگرتن لە ڕادیۆ، ئەم وێنە دیاریکراوەت لەبەردەستدا نییە، بەڵکو مێشکت درووستیان دەکات. بۆیە ئەو وێنەیەی مێشکی من دروستیدەکات، لەگەڵ ئەوەی مێشکی تۆ دروستی دەکات، هەرگیز لەیەک ناچن.

لە کاتی شایەتیدانەکەدا، هیچ حاکمێک نابینین. کەسی گێڕەرەوە قسە بۆ بینەر دەکات، ئەوە بینەرە کە دەبێتە حاکم. لە مێشکی هەر یەکێکیاندا وێنەیەکی جیاواز دروستدەبێت بۆ ڕووداوەکە. ئەگەر پرسیار لە هەر بینەرێکی فیلمەکە بکەیت، هەرگیز هەمان وەڵامت دەستناکەوێتەوە. ڕۆبێرت ئاڵتمان دەڵێت: ئەمەیە هونەر!
ئەمە هونەرە چونکە کاتێک تۆ لە ئەزموونەکانی خودی خۆتەوە لێی دەڕوانیت، هەموو بیرکردنەوە و ئەزموونەکانت تێدەپەڕێنێت لەگەڵ بەرکەوتنی ئەم دیمەنەدا. پێم وایە هەر ئەمەیە کە ئەو هێزە نەمرەی بەخشیوە بەم فیلمە.