close-icon

چوونەژوورەوە

«تەنهایی یان مردنێکی شکۆمەندانە»

1239 جار بینراوە

نووسینی: ئەمیر محمد

 

تراڤس کە سەربازێکی دەریایی بووە لە شەڕی ڤێتنام - ئەمریکادا، بەهۆی بریندار بوونی ئێستا گەڕێندراوەتەوە، دوای چارەسەریش لە نیۆڕک نیشتەجێ بووە و لەهەوڵی ئەوەدایە ئازار و دیمەنەکانی جەنگ لە زیهنیدا بسڕێتەوە؛ هەوڵدەدات پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی ڕێکبخاتەوە بۆ ئەوەی نەجاتی بێت لەو تەنهایی و فشارە دەروونی و کەم خەویەی هەیەتی، بۆیە دەستدەکات بە کارکردن، هەرچەندە پێویستیشی پێی نیە، بەڵام دەیەوێ لە ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی وردبێتەوە و سەرقاڵ بێت بە شتێکەوە، بۆیە بڕیار دەدات ببێتە شۆفێری تاکسی تاوەکو بتوانێ گفتوگۆ لەگەڵ خەڵکی بکات، هەست بە بوونی خۆی بکات و کەمێکیش لەو تەنهایە تاقەت پڕوکێنەی دووربکەوێتەوە.
تراڤس لە ئەزەلەوە حەزی بە تەنهایی نییە، شتێک نیە خۆی خستبێتە ناوی، باردوخێک نییە بۆخۆی خولقاندبێتی؛ بەڵکو ئەو حەزی بە تێکەڵبوون و دروستکردنی پەیوەندییە لەگەڵ خەڵکی. لەزۆربەی شوێنەکان هەوڵدەدات گفتوگۆی دۆستانە لەگەڵ ئەوکەسانەدا بکات کە بەرکەوتنی لەگەڵیان دەبێت، هەوڵدەدات پەیوەندییەکی سۆزداری دروست بکات لەگەڵ کچێک بەناوی بێتسی. لەیەکێک لە دیمەنەکان کە ژوانێکیان هەیە و دەچن بۆ سەیرکردنی فیلم، تراڤس دەیبات بۆ سەیرکردنی فیلمێکی دیکۆمێنتاری کە باسی دەستدرێژی و هەوەسبازیەکانی مرۆڤ دەکات، کەچی بێتسی بەهەڵە لێی تێدەگات و دەسبەرداری دەبێت، کە ئەگەری ئەوەی هەیە ئەم پەیوەندیە بەکۆتا نەهاتبا، ڕێرەوی ڕووداوەکانی ژیانی بەتەواوی دەگۆڕی.

تراڤس لە میانەی شەوگەڕیەکانی بەناو شاردا، بۆی دەردەکەوێ زۆر شت هەن لەجێی خۆی نین، کەموکوڕی لە زۆر شوێن هەیە؛ نایەکسانی، بازرگانی کردن بە جەستەی ئافرەتان، درۆیە سواوەکانی دەسەڵات و خەڵکێکی ڕاهاتوو و وون بوو لەناو پیسیەکاندا...
لە ڕوانگەی تراڤسەوە جەنگ هێشتا کۆتایی نەهاتووە، ئەسڵەن ئێستا دەستپێدەکات و ئەوانە دەبێتە پرسیاری گەورە بۆ ئەوەی لەخۆی بپرسێ بۆچی من جەنگام لە ڤێتنام؟ بۆچی خەڵکی لەناو ئەو هەموو گەندەڵییەدا، ناجەنگن بۆ باشتر کردنی ژیانی یەکتری؟ بۆچی کەسانی باڵادەست هەوڵی چاکسازی ناوخۆی نادەن؟ کێیە خولقێنەری ئەم دۆخە؟
وە هەست دەکات لە نەبوونی ئەو وەڵامانە، کەمتەرخەمی خەڵکی لە ئاستیاندا بەرجەستەی بوون و ژیانێکی بێ مانا بکات، کە ئەوەش پێچەوانەی ژیانی ئەوە، ئەو جەنگاوە بۆ بەرقەرارکردنی ژیانێکی باشتر بۆ هەمووان، هەروها دەکەوێتە ململانێیەکی سەخت لەگەڵ خۆی و ڕابردووی، چیدی جێگەی بایەخ و گرنگی نامێنێ، بۆی دەردەکەوێ ئەم پێویست نەبووە ئەوەندە سنور ببڕێ، هەست دەکات لەپێناوی هیچدا جەنگاوە و تەنها خۆی بە ئاگایە و خەڵکی لەخەوێکی قوڵدان، کوێرانە بەدوای ژیانێکی بێ مانا کەوتوون.

بۆ تراڤس جەنگ بێدارکردنەوەی بوو لەو خەوە قوڵانە، لەیەکێکی تر لە دیمەنەکان هەوڵدەدات کەسێکی باڵادەست لەم هەموو پیسیە ئاگادار بکاتەوە، بەڵام هەوڵەکانی بێ سوود دەبن. بۆیە تراڤس لە دیتنی ئەم هەموو کەسە بێبەرپرسیارانە، نا ئەومێد دەبێت و هەستی خۆبەپاڵەوان کردنی زیاد دەکات؛ خۆی دەبینێت وەک فریادڕەس و هەست دەکات دەبێ ئیدی خۆی هەنگاو بنێ بۆ ڕاستکردنەوەی شتەکان، بۆ ئەوەی بتوانێ هەر هیچ نەبێ ویژدانێکی ئاسودە بۆخۆی فەراهەم بکات. 


تراڤس ئاشنا دەبێت بە سۆزانیەکی بچوک کە تەمەنی لە خواروی تەمەنی یاساییە، واتا کەسێک نییە بتوانێت خاوەن بڕیار و هەلوێستی خۆی بێت، کەسێک نییە بیربکاتەوە لە دەرەوەی ئەو دنیایەی بۆی دروستکراوە، تراڤس هەوڵدەدات دووریبخاتەوە و یارمەتی بدات، پێی بڵێت: ئەوانە بەکارت دەهێنن بۆ مەرامە پیسەکانی خۆیان، بازرگانیت پێوە دەکەن. بەڵام لەوەشیاندا شکست دەهێنێت، بەهۆی ئەوەی تراڤس کەسێکی فیکری نییە، کەسێک نیە بتوانێت بە ئارگۆمێنت هەست و بیرکردنەوەکانی تەرح بکات، بۆیە تا دێت ووشە نەوتراوەکان کاریگەری زیاتری لەسەر دادەنێن، بە بینینی ئەوەش کە ناتوانێت ئەو منداڵە لە بەرژەوەندیەکانی ئاگادار بکاتەوە، ئیدی بەرگە ناگرێت و تواناکانی خۆی یەکدەخات بۆ ئەوەی هیچ نەبێ بتوانێت کارێکی چاک بکات.
بەهۆی ئەوەی تراڤس کەسێکی کرداریە ڕێگە چارەیەکی چاکتر شک نابات جگە لە توندوتیژی، چونکە بەڕاستی ئەوە شتێکە لەتوانای ئەودا، بۆیە خۆی کۆدەکاتەوە و دەست دەکات بە کڕینی چەک بۆ ئەوەی لە ئۆپراسیۆنێکی شکۆمەندانەدا، ئەو کەسە باڵادەستە لەناو ببات کە بەڕاستی کەمتەرخمە دەربارەی ئەو هەموو پیسیەی لەشارەکەدا هەیە؛ بەڵام شکست دەهێنێت و دەستی پێی ناگات، بە حوکمی ئەوەی ئەم سەربازە و شکستێکی لەم جۆرە قبوڵناکات و هەر دەبێ شتێک بکات.

لەودەمەدا، هیچ شتێک لە ڕزگارکردنی ئەو منداڵە بۆ ئەو گرنگتر نییە. لەمیانەی هێرشکردنە سەر ئەو کەسانەی کە بازرگانی بە جەستەی ئەو منداڵە دەکەن و هەڵیانخەڵەتاندوە، تراڤس گوللەی بەردەکەوێت و بریندار دەبێت، دیمەنەکانی دواتر وادەردەکەوێ ماوەیەک بەسەر ڕوداوەکە تێپەڕیوە ناوی تراڤس وەک پاڵەوانێک لەهەموو شوێنێک دەبیسترێ لە ڕادیۆ و لە هەموو کوچە و کۆڵانێک، ناوی تراڤس وەک پاڵەوان لەسەر بەرگی ڕۆژنامەکان دەبێت، بەناچاری وا لەخەڵکەکە دەکات ئیدی گوێی بۆ بگرن و هەست بە پیسیەکان بکەن و بە ئاگا بێنەوە، منداڵەکەش گەڕێندراوەتەوە بۆ خوێندن و خەڵکیش ستایش و پێزانینی زۆریان بۆ کارەکەی هەیە، تەنانەت کەسانی دەسەڵاتداریش بە کارەکەی سەربەرزن و ستایشی دەکەن.


لە کۆتا دیمەنیشدا بێتسی دەگەڕێتەوە لای، هەرچەندە دیالۆگێکی کەم لەنێوانیان هەیە؛ بەڵام بە ئاشکرا دەتوانی لە ڕوخساری بێتسیدا تێبینی هەستی شەرمەزاری بکەی، لە ڕوخساری تراڤسیشدا کە ئەستەمە بیناسیتەوە، هەست دەکەی کەسێکی ترە پڕە لە شادی و ووزە چیدی ئەو تراڤسەی پێشتر نەماوە؛ مەفهوم لەو پیشاندانەش لە لای دەرهێنەرەوە بە بڕوای من ئەوەیە مرۆڤ تا کارێکی ڕاست نەکات ژیانی مانایەکی تەواوی نییە، ئێستا تراڤس بە ویژدانێکی ئاسودە و پڕ ئینێرجی کۆمەڵێک کەس هەن لە پێشوازیدا و گرنگی پێدەدەن بەهۆی ئەوەی ئەو گرنگی بەهەمووان و چاکەی گشتی دەدات و کەسێکی خودپەرست نییە.
فیلمی شۆفێری تەکسی کە لەلاین مارتین سکۆرسێزی دەرهێنانی بۆ کراوە. بە بڕوای من بازدانێکە بەسەر نیهلیزمدا نەوەک نیهلیزم بەرەو پوچێتییەکی بێمانا مانەوە تیایدا، گەڕانە بەدوای مانای ژیان؛ پێمان دەڵێت: هەموومان بەرپرسیارین بەرامبەر هەرشتێک کە دەگوزەرێت، خستنەلاوەی تاکڕەویە هەنگاونانە بۆ خزمەتی بەرژەوەندیەکانی دەرەوەی خود. وە لێدانێکە لە بەرەوپێشچونی مرۆڤ کە بەها و مۆڕاڵە جوانەکانی بیربردوونەوە، بە ئاگا هاتنەوەیە لەناو هەموو ئەو پیسیانەی چواردەوری تەنیوین و لێمان بووە بە ڕۆتین و هەرچی خراپی و ناڕێکی هەیە ئاسایی بوونەوە بەهۆی دوبارە و دوبارە بوونەوەیان. مارتین سکۆرسێزی هەوڵیداوە لەو فەزا ئاڵۆزکاوەی بۆ تراڤسی دروست کردوە لەناو ئەو سیاسیە دیماگۆکانە و وڵاتێکی مۆبۆکراسیدا، لەگەڵ ئەوەی هێشتا تراڤس کەسێکی پاتریۆتە، ڕوداوەکان بەو لایەنەدا دەبات دەبێت کەسێک یاخود سەربازێک هەبێ لەپێناوی ڕاستکردنەوەی شتەکاندا بجەنگێت؛ هەرچەندە پێویستی بە قوربانیدانیش بێت بە بەهای ژیان، گرنگ ئەوەیە هەرکەس لای خۆیەوە سەربازێکی جوانی و ڕاستی بێت، وە بنبڕی خراپەکاری بکات. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا مانفێست و خاڵێک بۆ پراکتیزە کردنی پلانێکی بێ بەرنامەی وەک هێرشکردنە سەر ئەوکەسانەی بازرگانیان بەجەستەی ئەو مناڵەوە دەکرد دابنێ و کۆتایەکیش بۆ ساتی پڕ بوون و بەکۆتاهاتنی ئارامیەکانی تراڤس.