close-icon

چوونەژوورەوە

دۆلان لە نێوان ڕابردوو و داهاتوودا

701 جار بینراوە

نووسینی: ژیر دانا


قسەکردن لەسەر دایکمم کوشت، کە یەکەم فیلمی دۆلانە، قسەکردنێکە کە پێویستی بە چوونە داهاتووە، واتا جیاواز لە زۆربەی فیلمەکانی تر کە لە کاتی قسەکردن لەسەریان پێویستت بە زانینی شتەکانی ڕابردووی ئەو دەرهێنەرە دەبێت، لەم فیلمەدا تۆ ناچاریت کە پەنا بۆ داهاتوو ببەیت؛ چونکە دۆلان لە پێش نووسین و دەرهێنانی ئەم فیلمەوە هیچ نەبووە جگە لە گەنجێکی تازە پێگەیشتوو بە دنیایەک خەونی سەیر و نامۆوە، نە ڕابردوویەکی هێندە ئالۆز و جیاوازی هەبووە کە ببنە هۆی دروستبوونی هونەرێکی جیاواز، نە هیچ فیچەرفیلمێکی تریشی دروست کردووە، بەڵام کە سەیری دوای فیلمەکە دەکەیت، ئەو کاتە دەزانیت دۆلان لە داهاتوو و ئێستادا دەژی نەک لە ڕابردوو، ناوی ئەو زیاتر لە هەر ناوێکی تر دووبارە دەبێتەوە، فیلمە یەک لەدوای یەکەکانی لەو فیلمانەن کە زۆرترین چاوەڕوانیان لەسەرە و دوای بڵاوبوونەوەشیان زۆرترین قسەیان لەسەر دەکرێت، هەر بۆیە ئەگەر لە ئێستادا بتەوێت سەیری یەکەم فیلمی بکەیت کە لە ساڵی ٢٠٠٩ بڵاوبووەتەوە، ئەوا بە سەیرکردنی دۆلان لەدوای فیلمەکە، زۆر بە ئاسانی دەتوانیت بیبینیت کە دایکمم کوشت چییە.
 
بەڵام من پێش بینینی ئەو فیلمە هیچم لەسەر فیلمەکانی تری دۆلان نەدەزانی، جگە لە ناوە گەورەکەشی نەمدەزانی دۆلان بەڕاستی کێیە و چ جۆرە فیلمێکیش دروست دەکات، لەبەر ئەوەشی کە دۆلانی پێش فیلمەکە ئەو دۆلانە نەبووە کە بتوانێت هۆکار و مانای ئەم فیلمەی لە ڕێگەوە بدۆزیتەوە، بۆیە بە کورتی تۆ لەکاتی دایکمم کوشتدا نازانیت چۆن سەیری فیلمەکە بکەیت و هیچ شتێکت نییە کە بیکەی بە دەروازەی چوونە ناو فیلمەکە، جگە لە فیلمەکە خۆی.
لە ڕاستیدا لە پێش فیلمەکە ناوی فیلمەکە هەیە،، کە خۆی لە خۆیدا بە هێندەی فیلمێکی تەواو بیرکردنەوە و خەیاڵت بۆ دروست دەکات؛ دایکمم کوشت ڕستەیەکە لە دەرەوەی ژیانی ڕۆژانەی ئێمە، تەنانەت وەکو ڕۆتینیش ئێمە ئەم ڕستەیە بەکارناهێنین، کە لە فیلمەکەی دۆلان یان هەر شوێنێکی تر بەر ئەم ناوە دەکەوین دنیایەک حوکمی دەدەینە پاڵ و هیچ دەرفەتێک بۆ بوونی ناهێڵینەوە، وەک بڵێی کە هەموو ژیان و ئەزموونی و مەعریفەی پێشوەختمان پێشتر کاریان لەسەر ئەم ڕستەیە کردووە و خۆنەویستانە بۆ ئێمەیان ڕوونکردووەتەوە کە ئەم ڕستەیە چییە، دۆلان هاتووە ڕێک کاری لەسەر ئەمە کردووە، ئەو شتە پێشوەختانەی کە خۆیان هەن، بەبێ ئەوەی ئێمە خۆویستانە دروستمان کردبێتن.
هوبێرت کارەکتەری سەرەکی فیلمەکەیە، کوڕێکی شانزە ساڵی هۆمۆسێکسوالە کە لەگەڵ دایکیدا دەژی، لە یەکەم بەرکەوتنی بینەر و هوبێرتدا ئەوە دەردەکەوێت کە هوبێرت دایکی خۆشناوێت، خۆشنەویستن بە مانای ڕقلێبوون و نەویستن، تا ئەوەی بگاتە بیرکردنەوە لە کوشتن، ئیتر کوشتنی خۆی بێت یان دایکی، دایک لێرەدا مێتافۆری هەموو ئەو شتانەیە کە خۆنەویستانە خاوەنیانین، ئەوانەی کە بەبێ هەڵبژاردنی خۆمان هی ئێمەن، کام یەک لە ئێمە پێشتر لێمان پرسراوە کە دەتەوێت دایکت کێ بێت، لە چ خێزانێک بیت، هەڵسوکەوتت چۆن بێت و شێوەت چۆن بێت. ئەم شتانە بە هێندێک سەپێنراون، کە هیچ دەرفەتێکی ڕزگاربوون لێیان نەماوەتەوە، هەر بۆیە مرۆڤەکان ڕێک پەنایان بردووەتە بەر پێچەوانەکەی، واتە لەوەی کە نامانەوێت بۆ ئەوەی کە بمانەوێت، لەوەی کە ڕقمانلێیبێت بۆ ئەوەی کە خۆشمانبوێت.
هوبێرت نەک ئەمە ڕەتدەکاتەوە، بەڵکو دەیەوێت بیکوژێت و لەناویبەرێت، دەیەوێت هەموو ئەوانە بکوژێت کە دەیکەین بە هوبێرتێک لە دەرەوەی ویستی خۆی، تەنانەت ئەگەر دایکیشی بێت، دایک لای هوبێرت گەورەترین نەویستراوە، ئەو نەویستراوەی کە هەمیشە هەیە، لە هەموو شتێکدا قسە دەکات و پێویستیشە بۆ هەموو شتێک ویستی ئەو بخرێتە پێش، لە کاتێکدا کە دایکی هوبێرت بە هیچ جۆرێک نازانێت هوبێرت کێیە و پێویستە چۆن بژی.
 
فیلمەکە بەردەوام دژیەکی دایک و کوڕەکەت پیشان دەدات، ئەو کاتەی کە پێکەوەن شەڕوهەرا و نەگونجان هەیە، ئەو کاتەشی کە پێکەوە نین دڵخۆشی و سەما و مۆسیقا هەیە، فیلمەکە زۆر ناگەڕێتەوە بۆ هۆمۆسێکسوالبوونی هوبێرت، بەڵام قورس نییە کە بیبینین ئەو هۆمۆسێکسوالبوونە چۆن دەکرێت پەرچەکردارێک بووبێت بۆ ڕقلێبوون لە دایکی، واتە ڕقەکە هێندە بەهێزبووبێت کە گرێ ئۆدیپیەکەی ناخی هوبێرتی بە تەواوی کوشتبێت، حەز و خۆشەویستی لە ئافرەت جیاکردبێتەوە، تا ئاستێک کە لە هیچ شوێنێکدا ئافرەت و خۆشەویستی یەک نەگرنەوە، هەر بۆیەش هوبێرت لە هەوڵی بەردەوامدایە تا کەمترین بەرکەوتنی هەبێت لەگەڵ ئافرەتی تردا و ڕێگە بگرێت لە دروستبوونی هیچ پەیوەندیەک، تەنانەت ئەگەر ئەو پەیوەندییە هاوڕێیەتیش بێت.
کۆتایی فیلمەکە کۆتایی چیرۆکی هوبێرتە و بەردەوامبوونی ژیانە بەو جۆرەی کە هەیە، بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکاریەکی تیا دروست ببێت، دۆلان بەو لەحزە تراژیدیە کۆتایی بە فیلمەکە دەهێنێت کە مرۆڤەکان دان بە شکستی خۆیاندا دەنێن بەرامبەر بەو شتانەی کە خۆنەویستانە خاوەنین، هوبێرت کە لە سەرەتاوە وەک مرۆڤێکی یاخی دەردەکەوت کە دژی شتێکی گەورەتر لە خۆی یاخی بووە، لە کۆتاییدا شکستیخوارد.
بەم کۆتاییە دۆلان توانی فیلمێکەی بگەیەنێتە ئاستێکی ئێجگار نایاب، فیلمێک کە لە شانزە ساڵیدا نووسیویەتی و لە نۆزدە ساڵیدا دەریهێناوە، وە خۆیشی ڕۆڵی تیاگێڕاوە و ڕۆڵی هوبێرتی بینیوە، فیلمەکە لای هەمووان بە فیلمێکی زۆر زۆر باش دانرا و لە کانی ئەو ساڵەدا تەواوی ئامادەبووان چەند خولەکێکی بەردەوام وەستان و چەپڵەی ڕێزیان بۆ لێدەدا، دۆلان لەدوای یەکەم کاریەوە و لە تەمەنی بیست ساڵیدا توانی خۆی بگەیەنێتە ئاستێکی بەرز لە سینەمادا.
بەڵام شتەکان هێشتا تەواونەبوون، نە بۆ دۆلان و نە بۆ دایکمم کوشت، کە وامدەزانی بەو کۆتاییە فیلمەکە تەواوبووە، چونکە لەگەڵ هەر بەرکەوتەیکی تری دۆلاندا جا لە ڕێگای قسەکردن و لێدوانەکانی بووبێت یان کارەکانی تری، ئەوا ڕاستەوخۆ ئەوەم بۆ دەردەکەوت کە دایکمم کوشت هێشتا تەواو نەبووە و دۆلان لەدوای تەواوبوونی فیلمەکەش هێشتا کاری لەسەر دەکات.


دووەم بەرکەوتنی من لەگەڵ دۆلاندا، لە فیلمی دایکەدا بوو کە لە ساڵی ٢٠١٤ و ٥ ساڵ دوای دایکمم کوشت دەریهێناوە، ئەم فیلمەیانی کاردانەوەیەکی باشتر و زۆرتری لێکەوتەوە و لە کانیش لەجیاتی ئەوەی تەنها چەپڵە و وەستانی ڕێزلێنانی بۆ ئەنجامبدرێت، دووەم گەورەترین خەڵاتی فێستیڤاڵەکەی پێ بەخشرا کە خەڵاتی گڕاند جیوری پرایزە، چیرۆکی فیلمەکەش لەگەڵ ئەوەشی کە تەواو جیاوازە لە دایکمم کوشت بەڵام بە جۆرێک هەمان فیلم و هەمان چیرۆکە، واتا چۆن دایکمم کوشت چیرۆکی کوڕێکە کە بەدەست شتە خۆنەویستەکانی ژیانیەوە دەناڵێنێت، فیلمی دایکە چیرۆکی دایکێکە کە بەدەست شتە خۆنەویستەکانی ژیانیەوە دەناڵێنێت، هەمان چیرۆک بە دوو تێڕوانینی تەواو جیاواز کە بۆ هەر یەکێکیان ئەوی تر دژی خۆیەتی.
 
لە کە کاتی بینینی دایکەدا، تۆ بیرت دەکەوێتەوە کە هوبێرت لە فیلمەکەی پێشتردا چۆن بووە، لە هەمان کاتیشدا دایک دەبینیت کە لەم فیلمەدا چۆنە، لە ئەنجامدا بۆت دەردەکەوێت کە کێشەکەی هوبێرت کێشەی دایکیشیەتی، واتا چۆن دایکی هوبێرت بۆ هوبێرت شتێکی خۆنەویستانە بووە و هوبێرتیش بۆ دایکی بە هەمان شێوە بووە، لە کۆتایی هەردوو فیلمەکەشدا، دوور لە هەموو بابەتەکانی تر ڕاستیەکی هاوبەش دەبینیت، ئەو ڕاستیەی کە پێت دەڵێت خۆشەویستی هیچ نییە جگە لە داننان بە شکستی خۆتدا و ژیانکردن لەگەڵیدا.
دایکمم کوشت فیلمێکی تەواو بوو، بەڵام دۆلان سەرەڕای ئەمە ویستی لە دوای تەواوبوونیشەوە کاری لەسەر بکات، زیاتر ببینێت و پیشان بدات، لەو کارەشیدا زۆر زۆر سەرکەوتووبووە؛ ئەمەیش دەکرێت سەلمێنەری قسەکەی سەرەتامان بێت کە چۆن دۆلان لە داهاتوودا دەژی نەک لە ڕابردوودا، وە ئەگەر لە ڕابردووا پرسیارێکی گرینگی ورووژاندبێت، ئەوا لە داهاتوودا هەمان پرسیار بە جۆرێکی تر و ناوەڕۆکێکی گرینگتر دەورووژێنێت.


ئەوەی ماوەتەوە باسی بکەم زمانی دۆلانە بۆ فیلم، دۆلان لە چەند شوێنێکدا بە گۆداری نوێی سینەما ناسراوە، واتا وەک چۆن گۆدار لە سەرەتا کارکردنیدا توانی سینەما لەو زمانە قەتیسخواردووە ئەدەبیە ڕزگاربکات و زمانی سینەمایی دروست بکات، دۆلانیش لە ئێستادا زمانی فیلمەکانی لە هەر قاڵبێک ڕزگارکردووە و زمانێکی تایبەت و نوێی دروست کردووە، لە کاتی بینینی فیلمەکانیدا تۆ هەست بە ناڕێکی زۆر دەکەیت و جوانیش دەیبینیت کە چۆن هەندێک پڕەنسیپی تەکنیکی هەن کە دۆلان پەیڕەوی نەکردوون، لە دواییدا بۆت دەردەکەوت کە ئەم لادانانە لە ئەنجامی نەزانینەوە نەهاتوون، بەڵکو دۆلان بە هەڵبژاردنی خۆی ئەم کارەی کردووە، ئەو لای گرینگ نییە کە پڕەنسیپەکان چۆنن و پێویستە چۆن دیمەنێک دروست بکات، بەڵکو ئەوەی لای ئەو گرینگە ئەوەیە کە ڕێک ئەوەت پیشان بدات کە خۆی باوەڕی پێیەتی، هەر ئەمەیشە وایکردووە کە دۆلان زمانێکی تایبەتی هەبێت و لادانەکانیشی پیشاندانی ڕاستگۆیی خۆی بن لەگەڵ فیلمەکەی، دواتریش لەگەڵ بینەرەکانیدا.