close-icon

چوونەژوورەوە

واکین فینێکس خەڵاتی بافتا وەردەگرێت و رەخنەی توندیش لە خەڵاتەکە دەگرێت

2014 جار بینراوە

لە بەڕێوەچونی مەراسیمی خەڵاتی ئۆسکاری بریتانیا (بافتا)، واکین فینێکس، خەڵاتی باشترین ئەکتەری لە رۆڵی پێشەنگ، وەرگرت، رەخنەی توندیشی لە مەراسیمەکە گرت، وتی جیاوازی لە نێوان رەش پێست وسپی پێست کراوە.

شەوی رابردو، 73مین مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتی بافتا بەڕێوەچو، واکین فینێکس، پاڵەوانی فیلمی جۆکەر، دوای وەرگرتنی خەڵاتی باشترین ئەکتەر بۆ رۆڵی پێشەنگ، رەخنەی لە مەراسیمەکە گرت و وتی "زۆرن ئەو ئەکتەرانەی شایەنی ئەم خەڵاتەن، بەڵام پێیان رەوانەبو بانگهێشتیان بکەن، ئەمەش پەیامێکی رونە بۆ ئەو کەسانەی رەش پێستن، بۆ ئەوەی پێیان بڵێن شێوە شایەنی ئێرە نین".

وتیشی "بڕوا ناکەم تا ئێستا هیچ کەسێک ویستبێتی چارەسەری ئەمە بکات، چونکە خەڵکی تەنیا دەیانەوێت کارەکانی خۆیان بەرز بنرخێنن و رێزیان بگیرێت، بیر لە کەسانی دیکە ناکەنەوە".

"من هەست بە شەرمەزاری دەکەم کە منیش بەشێکم لەم کێشەیە، چونکە ئەو کارانەی کردومە بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەم دیاردەیە، گشتگیر نەبوە و دیارە کاریگەریەکی بەهێزی نەبوە"، واکین وتی.

ئەوەشی خستەڕو "پێویستە بە جدی کاربکەیت بۆ ئەوەی بەرەنگاری سیستمی رەگەزپەرستی ببینەوە، ئەم سیستمە چەوساندنەوەیە لەناوبەرین کە سەپێندراوە لە پێناو بەژەوەندی چەند کەسێدا".

ئەمە دوای ئەوە هات کە لە 7ی مانگی رابردو، لیستی پاڵێوراوانی خەڵاتی بافتا دەستنیشانکرا و بڵاوکرایەوە، تەنیا ئەو کەسانە پاڵێورابون کە سپی پێستن و هیچ رەش پێستێک بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە نەپاڵێورا، ئەمەش نارەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام واکین فینیکس تاکە ئەستێرە بو کە لە مەراسمەکە دەربارەی ئەم بابەتە دوا.