close-icon

چوونەژوورەوە

گفتوگۆ لەگەڵ بێلا تار، لەبارەی کۆتای فیلمی دەرهێنەرەکەوە - بەشی یەکەم

1336 جار بینراوە

کوردسینەما- بەڕێز بێلا تار، فیلمە نوێکەتان بە چەند وشەیەک لە بارەی ڕووداوێکەوە دەست پێدەکات کە لە ساڵی ١٨٩٩ لە ئیتاڵیا بۆ (فرێدریک نیتچە) هاتە پێش: ئەو کاتێک خەریکبوو بەتەنیشت گالیسکەی ئەسپێکدا تێدەپەڕی، دەبینێت گالیسکەسوارەکان حەوسەڵەیان نامێنێت و دەست دەکەن بە شەلاق لێدان و کوتەککاری ئەسپە بێ گوێ و سەرەڕۆکەیان. نیتچە خۆی دەخاتە نێوان گالیسکەسواران و ئەسپەکەوە و دواتر بێهۆش دەبێت. پاش ئەم ڕووداوە، بیماری نیتچە سەختتر دەبێت و دواتر دەستبەرداری نووسین دەبێت. ئەسپی تۆرین دەربارەی چییە؟ چ پەیوەندییەکی بە نیتچەوە هەیە؟ بێلا تار: واتای گشتی فیلمەکە سادەیە. ئیمە گەرەکمانبوو لەسەر ئەم پرسە ڕاوەستین؛ ئاخۆ دوای ئەو ڕووداوە چی بەسەر ئەو ئەسپەدا هات. خۆ ئەگەرچی خودی فیلمەکە دەربارەی (فرێدریک نیتچە) نییە بەڵام هەلومەرجی ئەم ڕووداوە وەک سێبەرێک، فیلمەکە لە تاریکیدا قەرار دەدات. فیلمەکانی ئێوە پتر لە زەمەنی ئێستادا گوزەر دەکەن. چ وێنایەک لە پشتی کارکردن لە زەمەنێکی جیاوازدا بوونی هەبوو؟ ئایا ئێمە لە تەک فیلمێکی مێژووییدا سەروکارمان هەیە؟ بێلا تار: هیچ کات فیلمەکانی من زەمەنێکی دیاریکراویان نییە. ئەم فیلمەش بە هەمان شێوە، زەمەنی نییە، و فرێدریک نیتچەش تەنها پنتی پەیوەندی ئەو بە ساڵی ١٨٩٩وەیە. ئەمە بەشێکە لە کاری من، و لەبەر ئەو ڕاستییەی کە فیلمەکەی من لە زەمەنی هەنووکەدا ناگوزەرێت، بە پێویستم نەزانیوە گوڕانکاری بکەم یان شتێک بگۆڕم. جوانیناسی و هونەر پێگەیەکی زۆر گرنگیان هەیە لە بەرهەمەکانی نیتچەدا، ئەو لە نووسینەکانیدا هونەر وەک جۆریک یان فۆڕمێكی ڕەسەنی جوانیناسی پێناس دەکات. ئایا ئێوە لەگەڵ ئەم قسەی نیتچەدا کۆکن کە ئەگەر بە دوای پەیامدا بگەڕێین، هەڵوێستەیەکی هەڵەمان لەمەڕ هونەر هەڵگرتووەتەوە؟ بێلا تار: فیلمەکانی من پەیامێکی دیاریکراویان نییە. فیلمگر(cine-camera) بینەرێکە کە هەست و هەلومەرجی چرکەساتێک وێنەدەگرێت و کاردانەوەکان نیشانی ژیان دەدات. نامەوێت پەیامێکی دیاریکراو بۆ لێڕوانەر بگوازمەوە، گەرەکمە وێنەگرتنەکانی خۆم بۆ دونیا نیشانی لێڕوانەرەکانم بدەم. فیلمگر چەشنێکە لە دیدگای بینراو(visual)، من تەنها دەتوانم هەقیقەتتان بۆ بگوازمەوە و نیشانتان بدەم. سینەما هاوشێوەی ئەدەبیات نییە؛ تەنها ئەو شتانە نیشانی ئێوە دەدات کە دەکەوەنە بەردەم لێنزەکانی فیلمگرەکەوە، فریودانی تێدا نییە و فێڵی تێدا ناکرێت. بەڵام ئێوە دەتوانن بڕیاربدەن کە دەبێت چ شتێک نیشان بدرێت. بێلا تار: بەڵێ بێگوما! چونکە ئێمە فیلمی دۆکیۆمێنتاری بەرهەمناهێنین. ئێمە جۆرێک لە چیرۆک دەئافرێنین. بەڵام سەرەڕای ئەوەش ‌ئەم چیرۆکە ‌هێشتا ئاوێنەیەکە لە بەرەمبەر ژیان. فرێدریک نیتچە لەو باوەڕەدابوو کە لە کۆتاییدا، هونەر ئاوێتەیەکە لە هەڵبژاردەی ڕەها و ئەگەری گشتی. ئایا فیلمەکانی ئێوە وابەستەگی بە ھەڵکەوتەوە هەیە؟ بێلا تار: هیچ شتێک لە فیلمەکانی مندا بە هەڵکەوت ڕوونادات. من ڕقم لە ئەگەرەکانە، بە گشتی سەرتاپای فیلمەکە لە سەرەتاوە تا کۆتایی دەزانم. کە چاوەکانم دادەخەم، سەرلەبەری فیلمەکە لە مێشکمدا وێنەدەگرم. دەزانم سیناریۆ(فیلمنامە) چییە، دەزانم تەختەی نمایش چۆنە و دەزانم هونەرمەندەکان(ئەکتەر) کێن. خۆ ئەگەر شتێک بگۆڕم، تەنها بە خاتری ئەوەیە کە دەمەوێت هونەرمەندەکان سروشتی و سەرنجڕاکێش بن. من چاودێرێکی تووندم بەسەر جوڵەکانی بەردەم فیلمگرەوە. ئەگەر ئێوە دەقیقەن دەزانن چیتان دەوێت، کەواتە مۆنتاژ(Montage) چ ڕۆڵێک لە فیلمەکانی ئێوەدا وازیدەکات؟ بێلا تار: ڕۆڵێکی زۆر گرنگی نییە. مۆنتاژکار لە هەموو قۆناغەکانی فیلمگرتندا ئامادەگی هەیە و چاودێرە بەسەر فیلمەکەوە. فیلمنامە چۆنە؟ ئێوە چەند جارێکی دیکەش بە ‌هاوبەشی لەگەڵ لاسلۆ کراسناهۆرکای فیلمنامەتان نووسیوە، لە فیلەمەکانی پێشتریش کارتان لەگەڵ ئەو کردبوو. ئایا جەنابی کراسناهۆرکای لە دیمەنە بینراوەکانی فیلمدا ڕۆڵی هەیە؟ بێلا تار: لاسلۆ کراسناهۆرکای بەرپرسی وشەکانە(Text)، و منیش بەرپرسی وێنەگرتن. ئەوەی ئەو ڕایدەپەڕێنێت کاری ئەدەبییە و منیش دەبێت ئەو کارە ئەدەبییە لە زمانی سینەماییدا بەرجەستە بکەمەوە. ئەوەی گرنگە زمانی سینەمایی منە، بەڵام فیلمنامە لە لایەنی سۆزدارییەوە (Emotion) هاریکاریم دەکات تاکوو وێنەگرتنێکی نایاب و پێرفێکت بەرهەم بھێنم. ئایدیای فیلمەکە چۆن چەکەرەی کرد؟ بێلا تار: سروشتی کاری ئێمە بەم شێوەیە؛ دادەنیشین و دەربارەی بیرۆکەیەک وتووێژ دەکەین. پاشان ئەو ئایدیاکە یاداشت دەکات و دەستدەکەین بە کارکردن لەسەر بیرۆکەی دەستنیشان کراو. بەڵام بۆ ((ئەسپەکەی تۆرین))، ئەوەی ئەو نووسی پتر هاوشێوەی ڕۆمانێک بوو تاکو فیلمنامە. بیرۆکەی بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە کەی لەدایکبوو؟ بێلا تار: لاسلۆ کراسناهۆرکای چیرۆکێکی کورتی دەربارەی ئەو ڕووداوە نووسیبوو کە بۆ (فرێدریک نیتچە) هاتە پێش. لەسەر ئەو پرسەی، پاش ئەو ڕووداوە چی بەسەر ئەسپەکەدا هات، و فیلمەكەش بە تەواوی لەبارەی هەمان بابەتەوەیە: وەڵامی ئایدیاڵی ئێمە بۆ ئەم بابەتە.