close-icon

چوونەژوورەوە

لەبارەی فیلمی سوکەڵەی لە تاقەتبەدەر

675 جار بینراوە

کوردسینەما- لە فیلمی سوکەڵەی لە تاقەتبەدەر، کە بە هەمان ناونیشان لە ڕۆمانەکەی میلان کۆندێرا وەرگیراوە، ژنێک گومانی ئەوەی لە مێردەکەیەتی لە دەرەوەی ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ ژنی دیکە لە پەیوەندی خۆشەویستیدا بێ و سێکس بکات. ئەم گومانکردنە لەسەر بنەمای چەند هۆکارێک بۆ نمونە، زۆر سەرقاڵی و چونەوەناوخۆی مێردەکەی، درەنگهاتنەوە ماڵ، بۆنلێهاتن و ئەم جۆرە ئاماژانەوە دروست دەبێت. لێرەدا ئەگەرچی بەکارهێنانی لۆژیک ڕێیەک بێ بۆ دۆزینەوەی ڕاستی، ئەوا هۆکار و ئاماژەکان نەک دەبن بە بنەمای گومانەکە، بەڵکو لە ڕوانگەی ژنەکەوە دەگاتە ئەو ئەنجامگیرییەش مێردەکەی خیانەتکارە، بە مانای ئەوەی گومان لە دۆخی گومانی تێپەڕ دەبێ و یەکسان دەبێتەوە بە ڕاستەقینەیەکی بڕواپێکراوی یەکلایەنە، ئەوەندەیە پێویستی بە دانپێدانان و سەلماندنی ئەویتری گومانلێکراوە. کەواتە لۆژیک لە ڕاستەقینە جیاوازە و دەکرێ بە بنەمای هەڵە ئەنجامگیری هەڵەش دروست ببێت. واتا لە دژوەستانەوەی ئەویتردا، بە بڕوا و لۆژیکێکی تر ئەنجامگیرییەکی تریش بکەوێتەوە. بۆیە ژنەکە لەپێناو داپێداناندانی مێردەکەیدا، سەرەتا بە پرسیارکردنی ئاسایی لەبارەی پەیوەندی تری خۆشەویستی و سێکسی تر ڕوبەڕوی دەبێتەوە، کاتێکیش مێردەکە دان بەو ئەنجامگیرییەی ژنەهاوسەرەکەی پێیگەیشتوە نانێ و نکوڵی لێ دەکات، ئەم نکوڵیکردنە لەو ئەنجامگیرییەی ژنەهاوسەرەکەی بە ڕاستەقینە لێی تێگەیشتوە، کونپشکنی زیاتر و لێپیچینەوەی زۆرتر لە مێردەکە بەدوای خۆیدا دێنیت. لەبەرئەوەی نکوڵی لەو بڕوا و ئەنجامگیرییەی ژنەکە بە بنەمایەکی هەڵەش پێی گەیشتبێ، بە ئەنجامگیرییەکی تر وەڵامنەدرێتەوە، بەو مانایەی مێردەکە بە ڕاگرتنی لۆژیکێکی تر لە بەرانبەر لۆژیکی هاوسەرەکەیدا زۆر سەرقاڵی و چونەوەناوخۆ و درەنگهاتنەوە ماڵ و بۆنلێهاتنەکانی بە دابڕاندنێکی مەعریفی پاساویان نەدا و هۆکاریان بۆ پەیدا نەکات، بە نکوڵی و نەخێرێکی بێبنەما، ئەم گومانەی لە ژنەکە بوە بە ڕاستەقینەیەک ناڕەوێتەوە و دەرونیشی دەخاتە دۆخێکی شڵەژاوتری پڕ مەترسی. هەروەها لەئەگەری پاساودان و بەرانبەرکردنەوەی لۆژیکێکی دیکەش لەلایەن مێردەکەیەوە، هێشتا گومانی ژنەهاوسەرەکەی تەواو نابێ، تەنیا لەکاتێکدا نەبێ، ئەویش ئەوکاتەی ئۆدیب دەمرێ، ئەخلاق دەگۆڕێ، ئیتر جگە لە بەرانبەربونەوەی ئەنجامگیرییەکان هیچ هەڵە و ڕاستەقینەیەک بونی نامێنێ، وەک لە کۆتایی ململانێی نێوان ئەم دو دەرونە ژێردەستە و باڵادەستە دەبینرێ، ژنەکە مازۆخییانە، بە ملکەچبونێکی ئارەزومەندانە، بە مێردەکەی دەڵێ: ئەگەر لە پەیوەندی سێکسی تری، هەتا بەچێژتر بێ، منیش بەشدار پێبکە! ئەم ڕێخۆشکردنە لە گۆڕانی ئەخلاقەوە نەبێ، بە پێچەوانەوە وەک خۆمەڵاسدانێکی ژنەکە لە مێردەکەی، بەو مەبەستەی ئەنجامگیرییەکەی پێ بسەلمێنێ، دواتر بە تۆڵەکردنەوەیەکی سادییانە پەلاماری بدات. وەکچۆن لە شانۆگەری ئۆتێلۆی شکسپیردا، ئۆتێلۆ دور لە مردنی ئۆدیب و گۆڕانی ئەخلاق، بە بنەما هەڵەکانی دەگاتە ئەنجامگیرییەکی هەڵە و پێیوایە ژنەکەیی و هاوڕییەکەی لە پەیوەندییەکی ژێربەژێری خۆشەویستیدان، دواجار لەسەر ئەم ئەنجامگیرییە هەڵەیە، ئۆتێلۆ ژنەکەی خۆی دەکوژێت. چونکە ئەم سەرکوتی و پڕبونەی دەرون، لەم دۆخە مازۆخی و ژێردەستەییە وەک درێژەدانێک بە شەڕی لۆژیکەکان نەچێتە دۆخی بەتاڵبونەوە و باڵادەستی، هاوشێوەی دەرونی ژنەهاوسەرەکەی سوکەڵەی لە تاقەتبەدەر، لەبەر ئەوەندە نکوڵییەکانی مێردەکە، ئەمجارەیان لەبری پەلامار، بە گریان و ئازارخواردنەوە دەکەوێتە سەرچۆک و تێکدەشکێت. گشت ئەم کوشتن و تۆڵە و تێکشکان و گومان و بنەما و ئەنجامگیرییانەش، بە بیانوی ڕێکخستنی هەست و چێژ و ڕێکەوتە کوێرەکان بە لۆژیک، شەڕی دەرونەکانە لەسەر ژێردەستەکردن و باڵادەستبون، ئەوەیە چەمکی ئیرەیی و خیانەتی کارا کردوە و ئەم ئەویتر بە خاوەندارییەتی تایبەت و ژێردەستەی خۆی دەبینێت.