close-icon

چوونەژوورەوە

دیزنی چاوی لەوەیە (هاری ستایلس) ڕۆڵ ببینێت لە فیلمی The Little Mermaid

2725 جار بینراوە

کوردسینەما- دیزنی دەیەوێت گۆرانیبێژ (هاری ستایلس) ڕۆڵی کارەکتەری شازادە "ئێریک" ببینێت لە فیلمی لایڤ ئاکشنی (The Little Mermaid) و لە ئێستادا هەردوو بەرە لە گفتوگۆی سەرەتاییدان. دیزنی تا ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی لێدوانی لەسەر ئەم بابەتە نەداوە بەڵام (ستایلس) بۆ ئەو ڕۆڵە زۆر دەگونجێت. هەواداران پێشتر بینیویانە کە (ستایلس) چۆن ڕۆڵ دەگێڕێت ئەویش بەهۆی دەرهێنەر (کریستۆفەر نۆلان)ـەوە کە بەشداری پێکرد لە فیلمی (Dunkirk) وەکو سەربازێکی جەنگی جیهانی دووەم، وە هەوادارانیش زۆر ستایشیان کرد بۆ ئەو نواندنەی پێشکەشی کرد.

لە ئێستادا، دیزنی خەریکی پێکهێنانی کاستی سەرەکیە بۆ فیلمی (The Little Mermaid) و تێیدا ئاشکرابووە کە کارەکتەری "ئاریەڵ" گۆرانیبێژ (هەیڵ بەیلی) ڕۆڵەکەی دەبینێت، (مێلیسا مکارثی)ـش وابڕیارە ڕۆڵی کارەکتەری "ئورسولا" ببینێت. لە ئێستاشدا (جەیکۆب ترێمبلەی) و (ئۆکوافینا) لە گفتوگۆدان بۆ بەشداری کردن لە (The Little Mermaid) وەکو هاوڕێکانی "ئاریەڵ"، "فلاوندەر" و "سکەتڵ".
تا ئێستا، هیچ قسەیەک لەسەر ئەوە نییە کە کێ ڕۆڵی کارەکتەرەکانی "پاشا تریتۆن" و "سێباستیانی قرژاڵ" دەگێڕێت کە دوو ڕۆڵی سەرەکی و گەورەن لە فیلمەکەدا. هەوادارانیش حەزیان کردووە کە (تێدی کروس) ڕۆڵی باوکی "ئاریەڵ" ببینێت. کە ئەو ئەکتەرە لە فیلمی (Brooklyn 99) و بەرنامەی (America's got talent) ملیۆنان هەواداری لەخۆی کۆکردەوە. بۆ (ستایلس)ـیش بەدەستهێنانی ئەو ڕۆڵە سەرکەوتنێکی گەورە دەبێت، سەرەڕای ئەوەی هەر دوێنێ بوو کە ئەکتەری ناوبراو دەرفەتی ڕۆڵی کارەکتەری (ئێلڤس)ـی لەدەستدا لە فیلمی داهاتووی (باز لوهەرمان)ـدا.